قه‌برستانی خۆشی یا قه‌برستانی پاره‌وه‌رگرتن

Saturday, 09.12.2020, 23:48

358 بینراوە


هه‌رێمی كوردستان رۆژ به‌ رۆژ مۆدێلی جوانكاری ئه‌وروپامان بۆ ده‌گوازنه‌وه‌، ئه‌و مۆدێلانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ده‌ستیه‌وه‌ گیریان خواردوه‌، نه‌خاسمه‌ ده‌رهه‌ق به‌و كه‌سانه‌ی هه‌ژارو بێ نه‌وان.
هه‌موومان كه‌م تا زۆر ئاشناین به‌ یاساو رێسای زۆرێ له‌ شاره‌وانیه‌كان كه‌ له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی بودجه‌و داهات بۆ حكومه‌ت، باجیان خستۆته‌ سه‌ر زۆر شت وخه‌ڵكه‌كه‌یش ناچارن پابه‌ندیبن، یه‌ك له‌و شتانه‌، شاردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌ كه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات له‌هیچ وڵاتێكی ئیسلامی شتێكی له‌م چه‌شنه‌ بوونی نییه‌، وه‌لێ له‌م هه‌رێمه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا حزبیه‌كانه‌وه‌ بیر له‌ هه‌موو شتێك ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام شتێك كه‌ ده‌ستمایه‌و پاره‌و پوولێكی زۆری تێدا قازانج بكه‌ن.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، به‌ هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و حزبه‌ قۆرخكارو ئه‌وبه‌رپرسه‌ مشه‌خۆرانه‌ی به‌ تۆزقاڵ له‌ خه‌می داهاتووی ئه‌م میلله‌ته‌دا نین، سه‌رخان و ژێر خانی ئه‌م كوردستانه‌ له‌ چاوی پاره‌ ده‌بینن، وه‌ئه‌گینا هه‌موو هاونیشتمانیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌زانن كه‌س ناتوانێ هیچ به‌نزینخانه‌و نه‌خۆشخانه‌و كارگه‌و ئاپارتمان و یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێ بوون دانێ تا پشكیان لێی نه‌بێت.
له‌وه‌ سه‌یرتر چیه‌ كۆمپانیای تایبه‌ت له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو هه‌بێ، ئه‌وان جه‌ناحێك و كۆمپانیاكه‌ له‌ جه‌ناحێك و له‌ناو یه‌ك دایه‌ره‌ كۆ ببنه‌وه‌، حكومه‌ت پاره‌ی پێ كۆنه‌كرێته‌وه‌، چه‌ند كه‌سێكی ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی داهاتی ئاودا بگرن و به‌پێی گرێبه‌ستێك قازانجێكی خه‌یاڵی بۆ خۆیان ببه‌ن.
هه‌مان شت بۆ شته‌كانی تر راسته‌.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بابه‌ته‌كه‌ دوور نه‌كه‌وینه‌وه‌، له‌ سلێمانی كۆمپانیای قه‌برستان دامه‌زراوه‌ به‌پێی گرێبه‌ستێك كه‌ هه‌رچی داهاته‌ بۆ به‌رپرسێكه‌، كه‌ له‌ نۆژه‌ندا به‌ناوی پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌وی و زاری حكومه‌ت داگرتووه‌، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێ قه‌برستانێكی مۆدێرن بنیات بنێن، له‌كاتێكدا قه‌برستان له‌وه‌ته‌ی دنیایه‌ شوێنی بیركردنه‌وه‌وتێرامانی مرۆڤه‌ كه‌ بیر له‌و كه‌سانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ مردوون و رۆژێ له‌ رۆژان كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند یا هه‌ژاربوونه‌، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان كه‌ دوای خۆیان هیچیان نه‌برد، ئه‌مه‌ بیركردنه‌وه‌و تێڕامانه‌ تا له‌سه‌ردانیكردن بۆئه‌وشوێنه‌، نازونیعمه‌ته‌كانی ژیان مه‌غرورمان نه‌كات و هه‌میشه‌ به‌خشه‌رو چاكه‌خوازبین.
كه‌چی له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیایه‌ی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كردووه‌، له‌ رێی میدیاكانه‌وه‌ بێ شه‌رمانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان قه‌برستانێكی وا دروست ده‌كه‌ن خه‌ڵك بۆ خۆشی بچێ نه‌ك بۆ ناخۆشی.
ماناو مه‌دلوولی ئه‌م قسانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ درێژه‌ بكێشێ، خه‌ڵك له‌جیاتی بیركردنه‌وه‌ له‌م ژیانه‌ كورته‌ی هه‌یه‌، قه‌برستان بكه‌نه‌ شوێنی رابواردن و بۆ سه‌یران رووی تێ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ئاسانه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: كاره‌بای بیست و چوار سه‌عاتی و ئاوی به‌رده‌وام و بوونی جاده‌ی بیست مه‌تری و چی و چی.
ئه‌وقسانه‌ ده‌یكه‌ن گوایه‌ بارسووكیه‌، ئاسانكاری بۆ كه‌س وكاری مردوان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌پرسین: شاری سلێمانی ده‌یه‌ها گرفتی لابه‌لای خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بوونی سه‌یرانگاو ئاو و كاره‌باو. .. هتد، بۆچی ئه‌وانه‌ ناچن مشوورێ له‌وانه‌ بخۆن، دێن په‌لاماری مردوان ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر به‌په‌رۆشی ئه‌م خاكو وڵاته‌ن، فه‌رموو خۆبه‌خشانه‌ به‌وپڕۆژه‌یه‌ هه‌ڵسن، نه‌ك قوڵبڕین و رووتانه‌وه‌ی خه‌ڵكانێك كه‌ ره‌نگه‌ كه‌سێكی لێ بمرێ، وه‌ك ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كان پاره‌ی ناشتنی نه‌بێ و بۆشاره‌وانی جێ بێڵێ، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ وا بڕواتـ بیر له‌ ده‌زگای سووتانی مردوانیش بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پاره‌ی ناشتن و شاردنه‌وه‌یان نیه‌، دواجار ئه‌وانه‌ی ساڵانه‌ نه‌دات دوای چه‌ند ساڵێ، گۆڕه‌كه‌ی هه‌ڵبده‌نه‌وه‌و لاشه‌ی مردووه‌كه‌ی لێ ده‌ربێنن و به‌نرخێكی باش به‌وانه‌ بفرۆشنه‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو پاره‌دارن.
پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌جددی بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و رێ لو بێرێزیكردنه‌ بێنن و ئه‌و گرێبه‌سته‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.



(دەنگدراوە: 0)