خوێندنەوەی (بە رێگاوە) رۆمانی (دڵشاد کاوانی)

Monday, 14/09/2020, 20:44

3953 بینراوە


(١)
منم نارسیس
نارسیس رۆمانی (بە رێگاوە) دەنووسێتەوە و دەڵێت دوای تەواوکردنی، خۆم دەکوژم. هەروەها لەو پێشەکییەدا ئەوە ئاشکرا دەکات، کە چەندین کەسی تر ئەم رۆمانەیان نووسیوەتەوە و خۆیان کوشتووە، وەک چۆن منی خوێنەریش وەک نووسەرەکان رەنگە خۆم بکوژم؟! کەواتە بە رێگاوە رۆمانی هەموو نووسەر و خوێنەرەکانە، هەمووان دەستییان لە نووسین و خوێندنەوەیدا هەیە، بە شێوەیەک هەموو (نارسیس)ن، هەموو هەڵگری گیانی عاشقەخۆبوون و خۆپەرستی و گرێیەکی دەروونی و دەماغی و رۆحین!
دڵشاد بە ناراستەوخۆیی، هەمووان دەهاوێتە نێو جغزی ئەو رێگەیەی نارسیسانە دەیبڕین. نارسیسانە رێبواری کاروانی ژیانێکین کە شایانی مردن و خۆکوشتنە، خۆکوشتنێک کە هیچی تێناچێت!
بە شێوازێکی تر، ئێمەی مرۆڤین سێ سێ و چوار چوار و بە ژمارەی تر، لە حەنچەی ئەم ژیانەدا سواربووین و بەرەو ناشوێن و دوورترین شار و ئاییندەیەکی نادیار دەڕۆین، بەرەو جیهانێک کە ئاسۆی مەدلوولاتە ئەخلاقییەکانی دیار نین و نازانین بەرەو کوێ و چ رێگەیەکمان گرتووە؟!
هەڵدێین لە مێژووێک، کە بە بەردەوامی لە نێوان وەچەکانەوە خۆی دووپات دەکاتەوە. مێژووی عەبەس و عەدەمی مرۆڤ. هەر لە باپیرانی سەرەتای بوونەوە تا نەوەکانی جیهانی ئێستا.
(٢)
نارسیس، کە خەسڵەت و سیفەت و خاسییەتەکانی ئاژەڵانی گرتووە، گوێدرێژانە، نەخۆشانە، شێتانە، مایەپووچانە، یاخییانە لە هەموو شتێک، بۆگەنانە و رزیوانە دوای کۆمەڵێ کەس دەکەوێت و دەیەویت ئەم ناوانە: (ئانو بانی نی، ئەلیکترا، میخۆ، ئۆدیب، عەفلەق و شێمراز) بدۆزێتەوە. لە پێناو ئاشکراکردن و روونکردنەوەی نهێنی و راستییەکان، دەیەوێت هەموو کەس بزانێت لەودیوی ژیانەوە چی هەیە؟ ئەودیوی ژیان دەکەوێتە پشت پەنچەرە داخراوەکان، زیندانەکان، خانەقا و تەکییەکان، مەیخانە و مەیتخانەکان، کە هەر ئێرەیە!
ئێرەیەک کە بۆ ماوەی هەفت ساڵ بێدەنگ دەکرێت، وشە و زمان دەبڕدرێت، کەس واژەیەکی لەزار دەرنایەت، دنیای ئێرە، دنیای بێدەنگی و گۆنەکردنە، زمانەکان گیراون، خامۆشن، کەس ورتەیەکی لێوە نایەت، سرووشت بێ جریوە و هاوارو دەنگدانەوەیە. نارسیس یەکەم کەسە ئەم بێدەنگی و قەرەقۆپییە دەشکێنێت!
بێدەنگی وەک ئاسۆیەکی دەلالی، کەوتنی وشە و زمان و ئاماژە ومەدلوولاتی ئەخلاقی و واتاکانە. واتای ژیان و جیهان و ئیمان و بزاوی کۆمەڵە کەسانێک لە نێو کۆمەڵگەیەکی نگووم بوو لە نێو گەلێ دین و بیرو باوەڕ و فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و تێگەیشتندا. کە دوو لایەن و دووتاقمی جیا و هاوشێوە پەیدا دەکات، تاقمێک قوربانی و تاقـمێک جەلاد، بەڵام لە کۆتاییدا تێدەگەین هەموو کەسەکان قوربانی ئەو بێدەنگییەن، کە دەستەڵاتێک بە هێز و کوتەک دەیسەپێنێت.
(٣)
لە سێیەم پارچەی ئەم رۆمانەدا، سەرەتای رژێمێکی تۆتالیتار و سەراپاگیر دەبینینەوە، کە لەسەر توندوتیژی، بێدەنگکردن، ئازار و ئەشکەنجەدان خۆی رادەگرێت. رۆحی مرۆڤبوون لە کەسەکان وەردەگرێتەوە و دەیانکات بە شتێکی بێ گیان و پارچەی ئامێرێکی زەبەلاحی کوشتن و لەناوبردن. چیرۆک و نامەکانی خۆشەویستی لە کەسەکان دەستێنێتەوە، سۆزی دایکایەتی، جوانی کوڕبوون، عیشق و وشە گەرمەکانی نامەگەلی سۆزدار دەداتە دەست قەدەرێکی نادیار و چارەنووسێکی ترسناک.
ئەم رژێمانە، مرۆڤ لە جەستە و گیان و بەهایەکانی ژیانێکی بەختەوەر و شەڕافەتمەندانەی شایستە بە مرۆڤ لە جیهان دەستێننەوە، خەڵک بە نەخۆش و شێت دەزانن، کە پێویستییان بە چارەسەرە و هەمووان دەخەنە قاوشێکەوە کە یەک رەنگ دەگرێت و وەک مێگەلێکی گێژ و وێژ سەودایان لەگەڵ دەکرێت.
لە ژێر سایەی ئەم رژێمە تۆتالیتارەدا، دەم و شوێن واتایەکی دیکە وەردەگرن، ژیان دەبێتە ئاسۆیەک بۆ کۆمەڵێ دەلالاتی ئەخلاقی نوێ کە تەنیا دەستەڵاتێکی بێ ویژدان و بێ رەوشت بەسەر جیهاندا دەیسەپێنێت. کۆڵان، شار، هەرێم و وڵات دەبێتە پەڕگەیەکی داپچڕاو لە زەمین و ئاسمانی دەرەوە. لێرەدا کەسەکان وەک سیل و شێرپەنچەگرتوو، گەڕ و گڕو و گێڕ، وەک ئەوەی پەسیوی بەراز و سەگ و کەریان گرتبێت ئاوا تەماشا دەکرێن. مرۆڤ دەبێتە نەخۆشێکی پیس و گڵاو!
زیندوبوون دەبێتە مۆتەکە. کابووسێک سواری سەر سینگ و دڵ دەبێت. ئازار، هەناسە تەنگبوون، دەنگ دەرنەهاتن، خوێنمەیین، کەوتنە بن بەردێکی قورس، نەجووڵانەوە و هەڵنەستانەوە. وەک ئەوەی ئیزرائیل بەسەرسەرتەوەیە و ئێستا روحت لە کەپووت دەردێت!
ژیانی مرۆڤەکان دەبێتە تەنیایی، غەمگینی، هەناوگوشران، وەستانی کات، ئیفلیجبوون، سڕبوون و تاوەسووتبوون. تا رادەی ئەوەی ژیانی مێشێک لە ژیانی کەسێک ئازادتر و خۆشتر و بە بەهاتر دەبێت!
لە نێو دنیایەکی ناهەقدا، یەک هەست دەمێنێت، کە ئارەزووی رزگاربوون دەکات. سەرەتای رزگاربوونیش یاخیبوونە!
(٤)
دوای ئەو سەرەتایە جیهانێک لەم رۆمانەدا پەیدا دەبێت، کە لەسەرەتاوە ئاوسە بە منداڵییەکی ئیفلیجبوو، نەخۆش و گۆج و لەڕو لاواز. کە بەخوێنبەخشین نەبێت خۆی راناگرێت. لێرەوە نووسەر وەک ئەوەی بە ئاماژە پێمان دەڵێت، خوێن لەسەرەتاوە تا کۆتایی، سەرەکیترین وشەی ئەم رێگایەیە، ئاسۆییەکە بەردەوام واتای نوێ بە ژیان دەبەخشێت. بێ خوێنڕشتن هیچ شتێک ناچێتە پێشەوە، وەک ئەوەی جووڵە لەم جیهانەدا بەسترابێتەوە بە جووڵەی خوێنەوە، خوێن رووناکی و تاریکی پەیدا دەکات، خوێن واتا بە بوون دەدات! لە نێو ئەو خوێنەدا چاوەڕوانی کەسێک و زەمەنێک و شتێک دەبێتە وشەیەکی تری سەرەکی بۆ جووڵەی جیهانێکی وەستاو لە نێو خوێندا! جیهانی کۆڵانێکی تاریک و تەنگەبەر، پەناگەی کۆمەڵێ مرۆڤی ماندوو و کەساسی شارێکی کۆن کە ئێستا سیمای ئازار و نەهامەتی و خەمی گرتووە.
لێرەدا نووسەرر بە دوو وێنە ئەو جیهانە ورد دەکاتەوە، یەکەمیان لە قوڕ چەقینی (جیقۆ فشە)و ونبوونیێتی دوای ئەوەی ئاو دەیبات، دوەەمیشیان گیرخواردنی (بێزۆی سیناوخۆر)ە لە نێو زێرابدا و بزربوونیێتی. ئەم دوو رووداوە هەم هێزی سرووشت و هەم هێزی مرۆڤ لەم جیهانەدا دەداتە بەر باس، یەکەمیان وا دەکات مرۆڤ رقی لە هێزی ئەم سرووشتە ببێتەوە، واتا پێوەندی سرووشتی نێوان سرووشت و مرۆڤ تێکدەشکێ، دووەمیش کە شارەوانی سەری زێرابێک دەگرێت و یارییەکی منداڵانە دەکاتە کارەسات.
ئاو، لای بەشێک لە فەیلەسوفانی یۆنانی کۆن و لە بیردۆزی پەیدابوونی قورئانیشدا، پەیداکاری ژیانە. لەم رێگەیەدا، دەبینین ئاو، مەدلوولێکی تر وەردەگرێت، چونکە ئاو لە وێنەی (لافاو)دا، دەبێتە هۆی دزینی گیانی منداڵی و هاوڕێیەتی و پاکی و سۆزی پێکەوەبوون و پێکەوە ژین و مردن. هەروەها لە وێنەی (سیاناو)دا دەبێتە هۆی سەرداپۆشین و بنئاخکردنی روانینێکی سادە و ساکارانە و منداڵانە بۆ ژیان. ئەو ئیمکانە هێزەکییەی بۆ لەناوچوون لە نێو سرووشتدا هەیە، لە سەرەتای رۆمانەکەی دڵشاد کاوانیدا دەبێتە ئیمکانێکی کردەکی و لە وێنەکانی لافاو و بارانی توند و بەخوڕ منداڵخۆرەدا بە بەرچاوی هەموواندا دەتەقێتەوە. هەروەها لە بەشەکانی تردا هەندێ ئاماژەی تری لەو بارەیەوە دەبینینەوە، کە هەر بۆ نموونە لە هەرێمی نێرگزاندا کەسایەتییەکی کاریگەر پەیدا دەبێ بە ناوی (مێکاو).
بە گشتی دڵشاد کاوانی لەم رۆمانەدا، لە زۆربەی بەشەکاندا سەودایەکی پڕ ئاکشن و ڤیکشنی لەگەڵ ئەم هێزەدا کردووە و تا ئەوپەڕی توانای لە وێنەگەلی جۆراوجۆردا دەریخستووە.
بۆیەشە لە کەشێکی ئاوادا، کە ئاو رەمزی ژیانە و لێرەدا دەبێتە هێمای مردن، گریانیش دێت و وێنەی ئەم جیهانە خەماوی و خەمۆکیهێنە تەواو دەکات لە وێنەی کارئەکتەری (عەدە گرینۆکدا). کە دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی لە جیهانێکی گێژو وێژدا، بە هۆی بۆنکردنی سیکۆتین و جگارەکێشاندا. تا ئەویش رۆژێکیان پەستێک وەسەر سەری دەکەوێت و دەپلیشێتەوە.
ونبوونی ئەو سێ کارئەکتەرە، (جیقۆ فشە، بێزۆسیناوخۆر و عەدە گرینۆک)، سەرەتایەکی دیکەیە بۆ ئەو رێگەیەی هەموو کەس و شتێک ون دەکات و لە نێو دەبات.
هەروەها لە بەشەکانی دواتریشدا دەبینین، لە شەڕێکی منداڵانەدا (میخۆ و شێمراز و قۆیتاس) کوریژگەیەک لە نێو ئاودا دەخنکێت.
(٥)
توندوتیژیی لە لاهووتی ئیبراهیمیدا، (جوو و مەسیحی و ئیسلام) لەم جیهانەدا، لە وێنەیەکی سوریالیدا زۆر بە توندی، سەمەرەیی، گاڵتەجاڕانە، سەرسەختانە و هونەرییانە وێنەی کێشراوە، لاپەڕەکانی (٦٣-٧٨) ئەوەندە سوریالین، کە هێزێکی گەورەی ئەندێشە و وەهمکردنی تێدا بەکارهاتووە، وەهمکردن بەو واتایەی وێنەی نوێ لەم کەرەستانە بەرهەم بهێندرێت و وەک هێزێکی داهێنەر بتەقێتەوە. کۆمەڵێ دیمەنی تێدایە کە زۆر هونەرین و هێزێکی زۆر بە گێرانەوە و رۆمانەکە دەدەن و دەبنە جێی لەسەر وەستان و قووڵبوونەوە لە کەس و کارئەکتەرەکان و ئەو جیهانەی منداڵەکان لێی پەیدا دەبن و ئەو جیهانەی ئەم جۆرە رووداوانە پەیدا دەکات!
رووداوەکانی ئەو بەشە زۆر توند و شەڕخۆرن، دیرۆکێکی دینی و نەریتێکی کۆنی دینییانەی لە پشت وەستاوە. هەم لە ناوی کارئەکتەرەکان و هەم دینەکەیان، جوو و مەسیحی و مووسڵمان لە گوندێکدا دەژین، کە ناتوانن یەکدی قبووڵ بکەن و هەر لە منداڵەوە تا گەورەکەیان دەبنە قوربانی و جەلادی دەستی ئەم تێگەیشتنانەی لە هەناوی خۆیاندا، وزەیەکی گەورە بۆ کوشتن و سووککردن و ریسواکردنی مرۆڤ هەڵدەگرن. مێژووی دینەکان بەشێکی زۆری مێژووی بێرێزییە بە مرۆڤ لە رێی قبووڵنەکردنی جیاوازی عەقیدە و باوەڕ و نەریتەکاندا. ئەم لاپەڕانە وێنەی ئەم بێڕێزییە دەگەیەنێتە سەرتۆپی خۆی. جیهانێکی شێواو، زمانێک تێیدا پەیدا دەبێت کە هەموو هێزی شەرمەزاری و ریسوابوونی مرۆڤ و ژیان و لەنێو خۆیدا بە بەهێزترین شێوە دەتەقێنێتەوە! وشە لەم زمانەدا لە هەموو بەهایەکی مرۆڤانە و عاشقانە و ژیاندۆستانە رووت دەکرێتەوە. وشە دەبێتە قەپێلکی هێزیکی تێکدەر، کە ئەرکی ئەوەیە جیهان ریسوا بکات!
بۆیە دوای ئەم ریسوابوونە حەنچەیەک بەرەو (هیچ)دەکەوێتە رێ و سرووشتی ئەو هەرێمە بەجێدێڵێت. ئەو روو لە هیچکردنە، ئاماژەیەکی هونەری جوانە بۆ ئەو مێژووەی لە سەرەتاوە بە توندوتیژی دێت و بێڕێزی بەرابەر بە مرۆڤ و مێژووەکەی دەگەیەنێتە ترۆپکی خۆی، لە پەیداکردنی رووداو و جووڵە و گەورەکردنی منداڵەکان بەردەوامە. ئەمڕۆ بە سبەینێیەک دەبەستێتەوە، کە وردە وردە دەبینین، نگوومە لە دەیان وێنەی وەهمی لە هەرێمێکی سوریالیدا!
(٦)
لە بەشێکی دیکەی سوریالی و هونەریدا، نووسەر هەرێمی (نێرگزان) دەکاتە هێمایەک بۆ جیهانێکی تایبەت، کە لە جیهانی کۆمۆنەی سەرەتایی و جۆرە رژێمێک دەچێت کە کۆمەڵە بەهایەکی تایبەتی تێدا بێت کە بە نۆرم و بەهاکانی مرۆڤەوە، بە تایبەتی هی ئێستا نامۆ و غەریبن. جیهانێکە زانست و ناسین و بیرکردنەوە لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی ماددیدا نییە. بەڵکو لە پێناو راگرتنی ژیانە لە سەر هەندێ بنەمای تایبەت کە ئەو بنەمایانە وا دەکەن ژیان بێ تەرازووی باشی و خراپی و ئەخلاقێکی دینی یان سیاسی یا کۆمەڵایەتی باو بێت. ژیان لەوێدا وەک گۆمێکی مەنگ وەستاوە، کات و دینیان نییە، سستەمی پەروەردەیی و بازاڕ و شەڕ و شۆڕیی رۆژانەیان نییە. (میخۆ) ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە و وەک کەسێکی بێ (یادەوەری) و هەقایەت و گێڕانەوە و زمان و وشە دەژیەت. تا کەسێک بە ناوی (میکاو) دێت و ئەو جیهانە وەستاوە تێکدەدات!
مرۆڤ بێ بیرهاتنەوە و یادەوەری، بێ کارەسات و خەمۆکیشە، بەڵام کە مرۆڤ ژیان و رووداوەکانی جیهانی خۆی بیر دێتەوە، هەموو شتەکان بە ئاراستەیەکی شەڕانگێزانە دەگۆڕێن.
هەرێم دەکەوێتە خۆ ئامادەکردن، بۆ گرتن و کوشتن و سووتاندندن، سووپا دروست دەکەن، چەک ساز دەکەن، شەڕ و فەرتەنە و کوشتن و بڕین دێتە ئاراوە و مێژووی مرۆڤایەتی بە خوێن سوور دەبێتەوە.
لێرەدا رۆماننووس دەمانباتەوە نێو هەرێمی چوار رەنگی (زەرد و سپی و سوور و سەوز) رەنگەکانی ئاڵای کوردستان و هەرێمی نێرگز و خوێن و گوڵ و پارچەی جیاواز و فەرماڕەوایی جیاواز. سنوور دەکێشرێن، پەڕینەوە قەدەغە دەکرێت. کوشتن دەبێتە سزای ئەو هاونێرگزانەی هەوڵی سنوور بەزاندن دەدەن. ژمارە (چوار) وەک هێمایەک لە شوێنی دیکەی نێو رۆمانەکەش دووبارە دەبێتەوە، وەک (چوار هاوسەرەکەی میر ئەمبێز). هەروەها ژمارەی تریش وەک (سێ) لەم رۆمانەدا دووبارە دەبنەوە. وەک برادەرەکان (میخۆ، شێمراز، قۆیتاس)، یان ( نارسیس، جیقۆ، بێزۆ) دواتریش (عەدۆ) جێی بێزۆ دەگرێتەوە، تا هەر بە سێ کەسی بمێننەوە. ئەمە جگە لە ژمارەی سەرنشینەکانی نێو (حەنچە) کەش کە یەکەمجار دوو پیاو و کچێکی هەڵگرتووە، سێ کەسن) جاری دووەم (مەلا خدر و شێمراز و میخۆ و زین، واتا چوار کەس) دواتریش (مێکاو و میخۆ، دوو کەس)بەڵام لەگەڵ هەموو ژمارەکاندا شوفێرێک هەیە و حەنچەکە بەردەوامە لە رۆیشتن و جێهێشتنی شوێنەکان.
ئەمجارەیان مرۆڤەکان، لەگەڵ شوفێرێکدا سەر دەکەون، بەرەو دوورترین (شار) رێگە دەگرن، وەک ئەوەی دڵشاد کاوانی پێمان بڵێت، ماندوو بووین لەم هەموو شەڕ و خوێنڕشتنی بەربەرییانە، لەم ژیانە سەرەتایە وەحشیگەرییە و با بەرەو (شارستانی) و جیهانێکی ئازاد و سەرفەراز بچین، هەر چەند دووریش بێت، ئەم بێڕێزییە بەجێبێڵین و روو بەرەو بەهاکانی شار و شارستانی بڕۆین. بەڵام تۆ بڵێی لەم شارستانییەدا چی چاوەڕێی مرۆڤەکان بکات؟!
(٧)
رۆماننووس دوای ئەو رووداو و رەمز و هێما و هەموو ئەو دەلالەتە ئەخلاقییانەی بە درێژایی سەد لاپەڕەی سەرەتای رۆمانەکەی باسیان دەکات، دەمانگوێزێتەوە بۆ ئاستێکی تری مێژوویی، کە تێیدا مێژووی موقەدەس و مێژووی ماددیی تێکەڵی یەکدی دەبن، مێژووی دین و مرۆڤ، وشەی پاک و وشەی پیس، فەرمایشتەکانی پێغەمبەران و فەرمایشتەکانی میران. ئاسمان و زەمین ئاوێتەی یەکدی دەبن و جیهانێکی سەیر و سەمەرەی لێپەیدا دەبێت، میرێک و چوار ژن و هەر ژنەی لەسەر دینێک و کۆمەڵە منداڵێک و وەچەیەک لە جیاوازی و فرەرەنگی و دەنگی و ئارەزووی ئەم دنیایە پەیدا دەبن.
میری میران (رەوشەنی کچی میرێکی موسڵمان، لویزەی کچی شەماشە زیای مەسیحی، نازاوی کچی سیمۆنی جوولەکە، ئاوەڕەنگی کچی کریکۆری زەردەشتی) مارە دەکات و لە هەر یەکێکیان منداڵێکی دەبێت، سێ کوڕ و کچێک: (خدر و قریاقۆس و ماخە و ئەلیکترا). کە ئەمانە دەبنە منداڵانی بنەماڵەی میران. لەوانیشدا نەوە و وەچەیەکی بێ بن پەیدادەبن.
رۆماننووس لەم بەشەدا، سوودێکی زۆری لە ناوی کەس و شوێنەکانی شەقڵاوە وەرگرتووە و وەک رەمز بۆ هونەرکاریی و ناوەڕۆکی رۆمانەکەی بەکاریان دێنێتەوە، رەمزەکان لە هێمایەکی ناوەخۆیی دەکاتە هێمایەکی دینی گەورە و دەیانگێڕێتەوە بۆ ئەو رەگە مێژووییەی دین، لە ناو و زاراوەکاندا پەیدای کردووە، هەروەها کەسەکان و کارئەکتەرەکان بە رەمزە دینیی و و دیرۆکییەکان دەبەستێتەوە. بەمەش رەگ و ریشەی توندوتیژی و ململانێی نێوان مرۆڤەکان بۆ خاڵێکی جەوهەری و سەرەکی دەگێڕێتەوە کە ئەویش دین و دەستەڵاتی سیاسی و سەردەستەکانی کۆمەڵگەیە.
دوای دامەزراندنی ئەم بنەماڵەیە بەم فرە دینی و رەنگی و دەنگییەوە، کە هەر منداڵە و لەسەر دینی دایکی خۆی دەمێنێتەوە و میری میرانیش وەک کەسێکی بێدین، (ئاسۆییەکی کراوە) بۆ تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی کەس و رووداو و مێژووی خوێنی مرۆڤ بە یەکدییەوە.
ئێرەش دەبێتە سەرەتا و گەڕانەوەیەک بۆ ئەو ململانێیەی لە بەشەکانی پێشووتری رۆمانەکە دەیبینین. (کوشتنی باوک) میری میران بەدەستی کوڕەکانی، دەبێتە سەرەتای شەڕێکی نەپساوە لە نێو دینەکاندا، مزگەوت و پەرستگە و کڵێسا و ئاتەشگەکان دەسووتێندرێن. هەموو دینەکان هەم لە یەکدی و هەم لەخەڵکی ئاوارە و غەریب و نامۆ دەبن!
(٨)
(مەلا خدر، ماخە، قریاقۆس و ئەلیکترا)، ئەو چوار کەسانە کە هەر یەکەیان رەمزی دینێکن و لە یەک بنەماڵەن. هەر یەکەیان غەریبانە تووشی جۆرە ژیانێک دەبێت. مەلا خدر کوڕەکەی کە (شێمرازە) لە شاری فومەن بەجێدێڵێت، شێمراز رێگەی (عیرفان) دەگرێت و لە ئاییندەدا دەبێتە خاوەن تەریقەت و موریدی تایبەت بە خۆی دەبێت. (میخۆی کوڕی ماخەیش) دەگاتە شاری فومەن و شێمراز دەبینێتەوە. میخۆ دەبێتە رەمزێک بۆ مرۆگەلی یاخی و خۆپیشاندەر و دواتریش ون دەبێت. (ئۆدیب) وەک وەچەی (ئەلیکترا) و (تۆماسی عەفلەق) وەک وەچەی (قریاقۆس) دەکەونەوە. ململانێی وەچەکانی پێشوو و پێشووتریش لەگەڵ ئەمانیشدا درێژ دەبێتەوە. وەک میخۆ دەڵێت: (مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە). تا دەگاتە (نارسیس و بێزەواڵ و مێناز).
تا ئێرە ئەمانە رووداوگەلی گرنگی بەشی یەکەمی ئەم رۆمانەن و لە ژێر ناوی پەتای دەنگ نووسراون. لێرەوە رۆمانەکە بۆ ئاستێکی تر بە ناوی (چێژی خوێن) دەگوازرێتەوە.
تا ئێرە کۆمەڵێ ناو و رووداوی توند و وڕووژێنەر بۆ هەست و بیرکردنەوە روودەدەن، کە وادەکات رۆمانەکە لە رێی رووداوگەلێکەوە بەردەوام خۆی تازە و درێژ بکاتەوە، دەرفەتی وەستان بە خوێنەر نادات. ئەم رۆمانە لەو جۆرانەیە کە دەچێتە خانەی ریتمێکی خێرا و پشتئەستوور بە روودان. نەوەک رامانکردن و رووچوونە نێو بیرکردنەوە. مەبەستم لێرە تەکنیکی رۆمانەکەیە، نەوەک ناوەڕۆکەکەی کە وا دەخوازێت تۆ بەردەوام لەگەڵ رووداوەکان بڕۆیت و نەوەستیت و بیر لە پشت رووداوەکان نەکەیتەوە، ئەوەی لە رووداوەکانەوە دیارە، رووە ماددییەکەیەتی کە زۆر زەق و ئاشکرایە، دواتر کە کتێبەکە دادەخەیت دەتوانیت بە شێوەیەکی دیکە تەماشای رووداوەکان بکەیت و لە پشتەوەی زمانی کەس و کارئەکتەرەکان ورد ببیتەوە و بە دیرۆک و رەوشی مرۆڤ لێرە و لەهەر شوێنێکی تری ئەم جیهانەی ببەستییەوە و لە چارەنووس و قەدەری میللەتان و مرۆڤەکان رابمێنیت. پرسیاریش بکەیت و بڵێیت بۆ؟ هۆکارەکان چین و لە پێناو چی مرۆڤ وا تڕۆ دەکرێت؟!
(٩)
لە بەشی دووەمی رۆمانەکەدا، مێژووی دوور نزیکتر دەبێتەوە و ئەو خوێنەی لە کۆشکی میری میران و هەرێمەکانی نێرگز و شاری فومەن و شوێنەکانی تر رژاوە، لێرەدا چێژبینینی کارئەکتەرەکان لەو خوێنە نزیکتر دەبیندرێت. ئەو پیاوەی (ئۆدیبی مەزن) بەخێو دەکات، وێنەیەکی زۆر سوریالی بۆ ژیان و پەیدابوون و ژیانی شاری فومەن دەکێشێت. لەم شارەدا تێگەیشتنەکانی خواوەندەکانی یۆنانی کۆن بە میلیشیاکانی حیزب و مەفرەزەگەلی دز و حیزانی شەو تێکەڵ دەبن. عەدەمی و هیچییەکی گەورە و سەیر گەمارۆی جیهان دەدات. هێزەکانی ئەندێشە و هێزەکانی واقیع ئاوێتەی یەکدی دەبن و ژیانێکی پڕ لە راز و نهێنی پەیدا دەکەن. بوون لەم شارەدا، دەبێتە گرێکۆرە و نهێنی و پەنهانییەکی خواوەندانە. ژیان هەمووی راپێچی بەندیخانە دەکات.
ئۆدیبی وەچەی ئەلیکترا بە وێنەیەکی نوێی ئەوپەڕی هیچی و عەبەسیبوونی ژیانێکی تاڵ، لە (بەندیخانە)دا، بە (میخۆ) لە وێنەی (خاوەکێش)دا دەگاتەوە، کە ئەویش دیسان وێنەیەکی سوریالییە بۆ مێژووییەکی هیچ و پووچ و عەدەمییەکی وێرانکار. ئەم سوریالییەتییە لە ناوچەی (سوڕەش) بەردەوام دەبێت و خوێنەر دەکەوێتە نێو بازنەیەکی شەڕ و تاریکی و نائارامی، جیهانی مافیا و بکوژان و مرۆڤخۆران، جیهانی بێهۆشی و مەستی و زۆرزایەندی و چەقۆوەشاندن و کوشتن و تەرمی بۆگەنکردوو، جیهانی تاوان، مێشکی وڕو کاس، لە سوڕەشدا نێو چاوانی مرۆڤ و جیهان ژانی گرتووە.
وێنەی ئەم جیهانە وەچەی قریاقۆس (تۆماس عەفلەق) لە وێنەی گروپ و باند و دەستەکانی بکوژان و تاوانکاران کورتی دەکاتەوە. ئەم جیهانە بارگاویکراوە بە رەمزەکانی سێگۆشەی مەزن و مانگ و ئەستێرە، وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵایی هزریی دینی لە کێشە و ململانێکاندا. نۆهەت و نۆ گروپ، واتا ژمارەیان بە قەد ناوەکانی خودایە، لە شەڕ و کوشت و کوشتاردان لە ناوچەیەکی بچووکی وەک (سوڕەش)دا.
(١٠)
مرۆڤ بێ ماڵ و مەئوا دەبێت، جیهان لە بێدەنگیدا ختم دەبێت، مزگەوت و کلێسا و قوتابخانە و بازاڕ و میوانخانە و چێشتخانە و نەخۆشخانە و تەواوی شوێن و کەسەکان لە بێدەنگییەکی گەورەدا دەخنکێن. کەس قسە ناکات، کەس دەنگ هەڵنابڕێت و وشە و زمان نامێنن، بە نەمانی وشە روحی بوون و مرۆڤ ون دەبێت. ئەگەر زمان ماڵ یا روحی بوون بێت، ئەوا جیهانی ئەم رۆمانە دەکەوێتە نێو بۆشاییەکی گەورەی روحییەوە. ئەوەی نارسیس لەم بێدەنگی و بێ روحییە دەرباز دەکات، یەک شتە، کە ئەویش (کتێب)ە. لێرەدا (کتێب) دەبێتە گرێیەکی سەرەکی لە رۆمانەکەدا، وەک پێشتریش بینیمان کە نامە و نووسین و وشە رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە گێڕانی رووداو و پێشهاتەکان و ئەنجامەکان، لێرەشدا کتێب و وشەگەلێکی کاریگەرتر دەبینن لە بەڕێوەبردنی ژیان و جیهاندا.
نارسیس روو لە کتێبخانە دەکات و لەوێدا دەست بە خوێندنەوە دەکات و کتێب دەبێتە دەرچەیەک بەرەو راستی. کە ئەمەش خەمی سەرەکی ئەو رۆمانەیە، گەیشتنە راستی رووداو و هەقیقەتی کارئەکتەرەکان. پەیبردن بە راز و ئاشکراکردنی نهێنییەکان.
رێگەی راستی، رێگەیەکی سەخت و دژوارە، جەنگەڵستانە، رێگەی گرتن و خنکاندنە، پڕە لە بۆمب و ژەهر و بەردەباز. نارسیس دەبێتە موریدی حەقیقەت و دەروێشی رازەکان. رێگەکان دەگرێت تا لە هەرێمی نێرگزان راستی بدۆزێتەوە. لێرەدا دەبینین رۆماننووس، لە رێی (شێمراز)ەوە، گێڕانەوەی دینی دەکاتە رێنوێن و رێبەری ئەو رێگەیە، وەک ئەوەی دین تاکە سەرچاوەی راستی و زانین بێت. هەروەها لە هەرێمی نێرگزاندا بۆ جاری دووەم دووپاتی تاقیگە و زانست دەکاتەوە وەک رێگەیەک بۆ راستی و زانین و ناسینەوەی کەس و چیرۆکەکان. نووسەر دوو پێشبەریمان دەداتێ بۆ پەیبردن بە راستی بەڵام هەردووکیشیان سەرناگرن، هەردوو رێگەکە مرۆڤ لە قوڕ دەچەقێنن! هەموو زانا و دانا و پیر و شێخەکان دەستەوەستانن!
دواتر ئەوەی کۆدی نهینییەکان دەکاتەوە، کتێبە، وشەیە، نووسینە کە رێ لە خۆکوشتن دەگرێت!
(١١)
بە رێگاوە، رێگەی راستی و هەقیقەتە، کارئەکتەرەکان بە شێوەیەکی بازنەیی لە نێو کۆمەڵێ گێڕانەوەی دینی و سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتیدا دووبارە دەبنەوە، دووبارە بوونەوە هەر لە دووبارەبوونەوەیەکی فەلسەفی و عیرفانی دەچێت، وەک گەڕانەوە و دووبارەبوونەوەی وەرزەکان، کە بۆ نموونە (پاییز) هەموو ساڵێ دووبارە دەبێتەوە، بەڵام پاییزی هیچ ساڵێک وەک پاییزی ساڵی پێشووتر نییە و پاییزی داهاتووش وەک پاییزی ئەم ساڵ نابێت!
رووداوەکان، کارئەکتەرەکان و موریدانی راستی بە نێو توندوتیژی و عەدەم و عەبەسێکی گەورەدا تێدەپەڕن، ژیان وەک تابلۆیەکی سوریالی، شێواو و ماندوو بێزارکەر، کە تێیدا هەم شوێن و هەم زەمەن تێکشکاوە. جووڵەی جیهان لە جووڵەیەکی خوێناویی و کوشتن و لە نێوبردن و وەحشیگەرییەکی بێ وێنەدا دەسووڕێتەوە. دەسووڕێتەوە و دووبارە دەبێتەوە!
تاکە شتێک لەم عەدەمەدا مرۆڤی سەرگەردان و شوانی راستی دەربێنێت، وشەیە!
بۆیە دەتوانین بڵێین (بە رێگاوە) بەرگری لە وشە دەکات، لە نووسین وەک هونەر، هونەرێک کە دەتوانێت مرۆڤ بەرەو راستی ببات.
(١٢)
لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا، دەستخۆشی لە رۆماننووس (دڵشاد کاوانی) دەکەم، پیرۆزبایی لە رۆشەنبیری کوردی دەکەم کە رۆماننووسێکی نوێی تێدا لە دایک بوو. بە رێگاوە، رۆمانێکی سەرکەوتووە، زمانەکەی زەنگین و بزۆز و چالاکە، کۆمەڵێ ناو و زاراوەی خۆماڵی و کرمانجی و ناوچە و شوێنەکانی تری کوردستانی بەکارهێناون و هەر هەمووشیان لە جێی خۆیان داندراون! رووداوەکان توندوتیژن، خوێناوین، سوریالین، عەدەمی و عەبەسین، بنەمایەکی فەلسەفی و دینی و سۆفیگەرییەکی تەنک لە گەڵ رووداوەکاندا خۆیان ئاوێزانی زمانەکە دەکەن. بە شێوەیەکی گشتی بنەماکانی رۆشەنبیری کوردی ئاشکرا دەکات. شێوازی بیرکردنەوە و رەفتار و سەودای چەندین وەچە، لە چەندین دەمی جیاواز و هاوشێوەدا. لە رووی تەکنیکەوە لەهەندێ شوێندا ئاکشن و ڤیکشنی سینەمایی، لەهەندێ شوێنی تردا گێڕانەوەی دینی، لەهەندێکی تردا کەشیی حەکایەت و گێڕانەوەی خۆماڵی، بوونەتە زمانگۆی بڕگە و بەشەکانی رۆمانەکە. پێکەوە بەستنەوەی کەس و رووداوەکان، دیققەتکردنی دەوێت لە ناوەکان و کەسیێتییەکان. ئەگەر نا بە سرکی لە بن دەستت دەردەپەڕن، بۆ خۆم ناچاربووم دووجار رۆمانەکە بخوێنمەوە تا مێژووی کەسایەتییەکان لێکهەڵاوێرد بکەم. چونکە ناوەڕۆک و شێوازی رووداوەکان پێکدەچن، کەسەکان هەمان کەسایەتین لە دیرۆک و دەم و شوێن و جێی جیاوازدا. بۆیە بێ دیققەتکردن هەندێ سەرەداوی کەس و رووداوەکان لەدەست دەردەچن.
بە کورتی، دڵخۆش بووم بە رۆمانی (بە رێگاوە)ی دڵشاد کاوانییەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە