چاکسازی پڕۆلیتاریی و چاکسازی بورژوازی!

Tuesday, 09.15.2020, 13:31

556 بینراوە


سەرەتا دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت کە هیچ بزوتنەوەیەکی بورژوازی لەم قۆناغەدا، چاکسازی ناکات بە قازانجی پرۆلیتاریا- کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت وبێکار-. ئەمە وەک بەڵگە نەویست وایە لەم قۆناغەدا. مەسەلەکە ئەوەیە کە بزوتنەوەی سۆشیالیزمی کرێکاران، کە خۆی بەشێکە لە بزوتنەوەی پرۆلیتاریا، بێدەنگ و لاوازە. ئاگایی سۆشیالیستی لە نێو چینی پرۆلیتاریادا هێجگار لاوازە. لە کوردستان وعێراق ئاگایی چینایەتی هێجگار لاوازە و تەنانەت لە جیاتی ئەوە، هۆشمەندی تائیفی و نەتەوەیی و ئایینی و تاکگەرایی لیبڕاڵی و خێڵەکی جێگای گرتۆتەوە. ئەمە واقعیەتی ئەمرۆی چینی پرۆلیتاریا و بزوتنەوەکەیەتی لە عێراق و کوردستاندا.
بەم پێشەکیەوە، سەرەتا باسێک دەکەین بەگشتی لە ڕوانگەی مێژووییەوە، سەرنجێک لەسەر ڕیفۆرم-چاکسازی- دەدەین. پاشان باسی چاکسازییەک دەکەین لە عێراق و کوردستاندا، کە نەک هیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییە مێژووییەکەوە نیە، کە پرۆلیتاریا بە خەبات بەدەستی هێناوە، بەڵکو پڕاوپڕ دژی دەوەستێتەوە لە ژێر هەمان ناوی ڕێفۆرمخوازیدا. چاکسازی پێشوو، کە ناوی دەنێم چاکسازی کلاسیک، بە زۆر و خەباتی بزوتنەوەی کرێکاریی سەپێندرابوو بەسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەیدا لە ئەوروپا و ئەمریکاو زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهاندا، بەقازنجی پرۆلیتاریا و فەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە بوو بەگشتی و بەشێکی بەرچاوی لە قازانجی سەرمایە کەمدەکردەوە. بەشێکی ڕاستەوخۆ دەچووە گیرفانی پرۆلیتاریاوە لە ڕێگای موچە و بیمەی بێکاری یەوە، وە بەشێکی دیکەی لە خزمەتگوزایە گشتیەکاندا خەرج دەکرا.
بەڵام چاکسازییەک کە ئێستا لە ئاستی جیهانی و عێراق و کوردستان باس دەکرێت، چاکسازی چینی بورژوازی خۆیەتی، و بۆ خۆشیەتی. چاکسازییە بۆ زیاتر کەڵەکەی سەرمایە، چاکسازییە، بۆ زیاتر کرانەوەی بازاڕ و هەڵگرتنی تەواوی باج و گومرگ و موڵکانە لەسەر سەرمایە گەورەکان و کۆمپانیا جیهانیەکان. چاکسازییەکە لە پێناو لێوەرگرتنەوەی تەواوی بەرپرسیاریەتیەک کە دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی سەرمایە بەرپرس بوون لێی. ئەم چاکسازییەی بورژوازی، پێمان دەڵیت کە تەواوی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، دەبێت کەرتی تایبەت بیبات بەڕێوە. وە بەم شێوەیە دەوڵەت و دەسەڵاتی سەرمایە هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نیە، لە دابینکردنی کارەبا و ئاوی پاک وئاوەڕۆ و خوێندن و زانکۆ و دامەزراندنی دەرچوان و دابینکردنی تەندروستی و دەرمان و نەخۆشخانەکان و ئەمنیەتی هاووڵاتیاندا. بەڵکو ئەو خزمەەتگوزاریانە دەبێت کەرتی تایبەت دابینیان بکات و بە پارە بیفڕۆشێتەوە بە هاووڵاتیان، وەک هەر کاڵایەکی دیکە. ئەم چاکسازییە، چاکسازی گەورە سەرمایەی جیهانە بۆ خواردنی سەرمایە بچوکەکان، چاکسازی بانک و سندوقی دراوی جیهانیە، چاکسازیەکە لە ڕوانگەی بورژوازیەوە، چاکسازی ئاڕاستەی لیڕالیزمی نوێیە، کە لە باری مێژوویەوە و لەماوەی ٤٠ سالێ ڕابوردوودا دەستپێکردوەو لە ئاستی جیهانی و لە ناوچەکەدا بە کردەوە، فەشەلی هێناوە. سەرەتا باسی چاکسازییەک دەکەین کە بەزۆر و خەباتی پرۆلیتاری بەدەستهاتووە. دواتر، دەچینە سەر مۆدێلی چاکسازییەک کە ئێستا باس دەکرێت و بورژوازی دەسەڵاتداری عێراق و کوردستان و میدیای بن دەستیان وای نیشان دەدەن کە بە قازانجی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مامۆستایان و فەرمانبەرانی پلە نزمە، بەڵام لە ڕاستیدا دژی بەرژەوەندی ئەوانە.

چاکسازی کلاسیک

پێویستە کەمێک باس لە پەیوەندیەکانی نێوان چاکسازی کلاسیک و شۆڕش لە دیگای سۆشیالیزمی کرێکارانەوە بکەم. هەر بۆیە هەمیشە پرسیارگەلێک خۆیان دێننە پێشەوە وەک ئەوەی کە ئایا چاکسازی و شۆڕش لە ڕێڕەوی خەباتی چینی پرۆلیتاریا دا دژ بەیەکن؟ ئایا چاکسازی وەک ڕتوشکردن و پینەوپەڕۆکردنی سیستەمی سەرمایەداری سەیردەکەین و قەبڵاندنی بەوەی کە هەر ئەمە موممکنە و هیچی تر ناتوانێت ببێت؟ یان وەک باشکردنی بارودۆخی چینی پرۆلیتاریا و فەراهەمکردنی بارودۆخێکی لەبارتر و گونجاوتر بۆ کۆتاییهێنان بە نیزامی سەرمایەداری و گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە سەیردەکەین؟ ئایا مارکسیستەکان دژی چاکسازین؟ ئایا چاکسازی ناکۆکی هەیە لەگەڵ شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردا؟ ئایا ئەم دوانە تەواکەری یەکترن؟
ڕۆزا لۆکسمبۆرغ لە پێشەکی کتێبەکەی بە ناونیشانی "چاکسازی کۆمەڵایەتی یان شۆڕش" دا دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئێمە نەخێرە. خەباتی ڕۆژانە بۆ بەدەستهێنانی چاکسازی، و لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی کرێکاراندا لە چوارچێوەی نیزامی کۆمەڵایەتی مەوجوددا، و لە پێناو بەدەستهێنانی دامودەزگا دیموکراتیەکاندا تەنها ڕێگای سۆشیال دیموکراتیە بۆ چوونە مەیدانی شەڕی چینایەتی پڕۆلیتاریا بەرەو ئامانجی کۆتایی خۆی کە گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و کۆتاییهێنان بە کارێ بەکرێ یە. بۆیە سۆشیال دیموکراتی پێی وایە کە پەیوەندیەکی لێکدانەبڕاو چاکسازی و شۆڕش پێکەوە گرێدەدات. بۆیە خەبات بۆ چاکسازی ئامرازی دەستی سۆشیال دیموکراتیە و شۆڕشی کۆمەڵایەتیش ئامانجی کۆتاییەتی. " ل. ٨
لەو بڕگەیەی سەروەی ڕۆزادا ڕۆشنە کە چاکسازی کلاسیک، سازکردنی زەمینەیە بۆ شۆڕشی پرۆلیتاریا. لەوەش زیاتر لە ڕوانگەی ڕۆزاوە وەک ئامرازێک باسکراوە بۆ شۆڕش. باسەکە ئەوەیە کە پرۆلیتاریا لە خەباتیدا لە پێناو گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتیدا، پێویستیی بەوە هەیە کە ژیان و گوزەرانی خۆی باشتربکات، موچەی بەرێتەسەرو سەعاتی کارەکانی کەمبکاتەوە و تەمەنی خانە نشینی دابەزێنێت و بیمەی بێکاری مسۆگەربکات و مافە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان دابین بکات. بۆ ئەوەی لەسەر ئەم زەمینە بابەتی و کۆمەڵایەتی یە هەلومەرجی خەباتکارانەی باشتر و باشتر بکات و ئاگایی چینایەتی بەرێتە سەرەوە و زیاتر خۆی ڕێکخراو و ئامادە بکات. ئەو سەردەمە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و شۆڕشی ئەڵمانیا و ڕاپەڕینە پرۆلیتاریەکان، و بە کاریگەری ئەوانە لە ئاستی جیهانیدا، هەروەها بەهۆی ئامادەبوونی ئاگایی چینایەتی و کۆمۆنیستی لە ئاستی جیهاندا و بەتایبەت ڕۆژئاوایی و ئەمریکیدا، هەموو ئەوانە پێکەوە، کاریگەری گەورەی کردە سەر کاری بورژوازی وەک چینێکی دەسەڵاتدار لە هەموو جیهاندا. کاریگەری ئەم هێزە پرۆلیتەریە جیهانییە، هێز هاوسەنگی نێوان پرۆلیتاریا و بورژوازی لە ئاستێکدا ڕاگرت، کە بورژوازی ناچار بێت چاکسازی بکات-چاکسازی کلاسیک- و لە نێو خۆی ئەم چینە بزوتنەوەی ڕیفۆرمیزم سەر هەڵبدات و گەشە بکات لە پێناو ڕزگارکردنی دەسەڵاتی بورژوازیدا و لە کەمێک قازانج و کەڵەکەی سەرمایەکەی خۆش بێت. لێرەوە ئێمە دەتوانین لە ئابوری کینزی و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی ڕۆژئاوا تێبگەین. ئەو سەردەمە سەردەمی هێرش و پەلاماری پرۆلیتاریا بوو بۆسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەی.
هەروەها لینین لەم بارەوە لە نووسراوەی "مارکسیزم یان چاکسازی" دا دەڵێت: "چاکسازی هەڵخەلەتاندنی کرێکارانە لە لایەن بورژوازیە وە کە وێرای هەندێ باشبوون لە باریاندا هەمیشە وەک کۆیلەی کاری بەکرێ دەیانهێڵێتەوە، تا ئەو کاتەی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە" ل. ١
لینین سەرەتا دەیەوێت پێناسەیەکی چاکسازی وەک بزووتنەوە بکات و لێرەوە دەتوانین ئەوە تێبگەین کە ئایا ئێمە دەتوانین بە هەندێک چاکسازی ڕازیبین کە بورژوازی بەم دەست دەیدات بە کرێکاران و بەو دەست لێێان دەستێنێتەوە؟ ئەگەر سەرنج لە ئاڵوگۆڕەکانی جیهانیش بدەین و تەنانەت هەموو ئەو چاکسازیانەی کە بورژوازی جیهانی ناچارکردووە بۆ هێشتنەوەی سیستەمی زاڵمانەی خۆی لە بەشێک لە قازانج و سوود و زێدەبایی خۆی بێتە خوارەوە و بیدات بە چینی کرێکار لەژێر فشاری شۆڕشی ئۆکتۆبەر و شۆڕشەکانی تر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی چینی کرێکاردا بووە. واتە خێر و سەدەقەیەک نەبووە کە بورژوازی چاوچنۆک دڵی نەرمبووبێت و بەزەیی بە کرێکاراندا هاتبێتەوە وەک ئەوەی لەمڕۆی دنیادا وێنا دەکرێت، بەڵکو ئەو چاکسازیە کەمانەشی کە لەڕووی مێژوویی یەوە بەدەستهاتوون بەرهەمی خەبات و ناڕەزایەتی چینی کرێکار بوون. هەر بۆیە بورژوازی چەندە ناچار بووە ئەم چاکسازیانە بکات، چەند ئەوەندە کاری بۆ ئەوە کردووە کە بە هۆی ئەم چاکسازیانەوە ڕیزەکانی چینی کرێکار پەرشوبڵاو و پەرتەوازە بکات و هەمیشە هەوڵی داوە لەبەرامبەر یەکتردا ڕایانبگرێت.
لینین لە هەمان سەرچاوەدا و لە هەمان نووسیندا دەڵێت:
"ئەگەر کاتێک کرێکاران لە بیروباوەڕی مارکس تێگەیشتن و وەریانگرت، واتە هەر کاتێک لەوە گەیشتن کە کۆیلایەتی کاری بەکرێ حەتمیە تا ئەو کاتەی کە نیزامی سەرمایەداری لەسەر تەختی دەسەڵاتە، ئەوا بە پێچەوانەوە بانگەشە بۆ چاکسازیەکانی بورژوازی ناکەن و هەرچیەک بێت پێیهەڵناخەڵەتێن. کرێکاران لە پێناو باشترکردندا خەباتدەکەن لەگەڵ بە ئاگابوونیان لەوەی کە ئەم چاکسازیانە نەدەتوانێت بڕاوەبێت و نە بەهەندیش وەربگیرێت تا ئەو کاتەی کە نیزامی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە، ئەوان تەنها ئەم باشتربوونە دەقۆزنەوە لە پێناو درێژەدانی سەرسەختانەتر لەبەرامبەرکۆیلایەتی بەکرێ دا. ڕیفۆرمیستەکان هەوڵدەدەن کە کرێکاران بەش بەش بکەن و هەڵیانخەڵەتێنن بە خێر و سەدەقە و لە خەباتی چینایەتیان دووریان بخەنەوە. بەڵام کرێکارانێک کە ئاشنان بە درۆودەلەسەکانی ڕیفۆرمیستەکان، چاکسازی دەقۆزنەوە بۆ گەشەدان و فراوانکردنەوەی خەباتی چینایەتیان." هەمان سەرچاوە.ل١.
کەواتە بزوتنەوەی ئێمە، سۆشیالیزمی کرێکاران، سەرەڕای ئەوەی کە چاکسازی سەپاندووە بەسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەیدا، لە هەمانکاتدا بە ئاگابووە لەوەی کە پێویستە تاسەر بڕوات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی بە ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری بەسەرکەوتن بگەیەنێت. چاوخشاندنێکی زۆر سادە بە مێژووی سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپا و قەتیسکردنی خەباتی کرێکاران لە نێو چوارچێوەی نەقابە و ئیتیحادیە کرێکاریە ڕیفۆرمیستخوازەکان و خۆ گونجاندیان لەگەڵ سەرمایەداری و پێخشاندنیان لە مافەکانی چینی کرێکار و چوونە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی وا لە چینی کرێکار بگەیەنن کە بە دەستهێنانی ئاوات و ئامانجەکانیان بە ڕێگای ئاشتیانە و لە ڕێگای ئەو چاکسازیانەوە مومکنە و پێویست بە شۆڕش ناکات. هاوکات برەودان بە بزووتنەوە ڕیفۆرمیستخواز و ووردەبورژوازیەکان و قەبڵاندنی ئەوە بە پڕۆلیتاریا کە شۆڕش پێویست نیە، تا ئەو کاتەی هەندێک لە مافەکانیان لە ڕێگای ئەم چاکسازیەوە دەستەبەردەبێت، هیچ نیە جگە لە بەلاڕێدابردنی خەباتی ئەم چینە و درێژەدان بە کۆیلایەتی کاری بەکرێ و هێشتنەوەی پایەکانی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی بەسەر پڕۆلیتاریاوە.
بۆیە هەر چاکسازی و بانگەشەیەک بۆ چاکسازی لە نیزامی مەوجودی سەرمایەداریدا، ئەگەر ڕاستەوخۆ لەلایەن بزوتنەوەی کرێکارییەوە بەڕابەری سۆشیالیزمی کرێکاران نەچێتە پێشەوە، ئەوا لەهەلومەرجی ئەمرۆدا، هیچ پەیوەندییەکی نیە بەو چاکسازییە کلاسیکیەی لە سەرەوە باسمان کردووە.
سەرمایەداری بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر جیهانداگرە و چوونە ناویەکی ئەم سەرمایانە لە ئاستی جیهانیدا و هەڵئاوسان و ئەزمەی قوڵی نیزامی سەرمایەداری و کێبەرکیی هاوکاتیشیان لەگەڵ یەکتردا هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە کە ئەوان یەکدەستن بەرامبەر لێسەندنەوەی بچووکترین چاکسازیەکی کلاسیکی کە چینی کرێکار بە مێژووی خەباتی سیاسی و چینایەتی خۆی بەدەستیهێناوە لە ڕاستای گەشتنی بە دەسەلاتی خۆیدا، هەروەک ئێستا دەیبینین لە ژێر ناوی چاکسازیدا. لەمڕۆدا کە چینی پرۆلیتاریا وەک هێزێکی سیاسی لە پێناو دەسەڵاتی سیاسی خۆیدا ئامادەنیە و بورژوازی ناچار نیە کە مل بدات بەو چاکسازییە کلاسیکیە، بۆیە هەوڵی ڕیفۆرمیستەکانیش بۆ گەڕاندنەوەی کەرتی گشتی و دەسەڵاتداریەتی زیاتری دەوڵەت بەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان دا، کە بۆ خۆی ئیمکانی نیە لەمڕۆی دنیای سەرمایەداریدا، ناتوانێت جگە لە بەلاڕێدابردنی چینی کرێکار و گومڕاکردنی هەنگاوەکانیان بۆ باشبوونی ژیان خۆیان و لە پێناو شۆڕشەکەیاندا، شتێکی تر بێت. ئەوان دەیانەوێت کە پایەکانی ئەم نیزامە زاڵمانەیە بهێڵنەوە و بە ئەبەدی لە قەڵەم بدەن. ئەمە جیاوازیەکی سەرەکی نێوان ڕیفۆرمی بورژوازی و بزووتنەوەکانیەتی لەگەڵ هەوڵی پڕۆلیتاریا بۆ باشبوونی ڕۆژانەی ژیانی لە ڕاستای شۆڕشەکەیدا.
بۆیە هەر باسێکیش لەسەر ڕەقابەی کۆمەڵایەتی و چاودێری دەوڵەت یان دەزگای تر بەسەر بەرهەمهێنانەوە دەکرێت هیچ شتێک نیە و نابێت جگە لە ڕەسمیەتدان و ڕێکخستنی ئەو بێمافیانەی بەرامبەر بە کرێکاران دەکرێت و هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان تیا نیە و ناتوانێت بە قازانجی چینی کرێکار بێت ئەگەر ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕی و ئۆبژێکتیڤە لە خۆ نەگرێت کە کۆتاییهێنان بە نیزامی سەرمایەیە. هەر بۆیە بەکارهێنانی هێز و سەرکوتکردن و بڕاندنەوەی هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکی چینی کرێکاریش بە شێوازی عەسکەری وەڵامدەدرێتەوە هەم بۆ وەستانەوە بەرامبەر ڕەقیبەکانیان لە هێزە بورژوازیەکانی تر کە بیەوێت جێیان پێلێژبکات و هەم بۆ توندکردنەوەی ئەحکامەکانی سەرمایە بەسەر چینی کرێکاردا و تەئمینکردنی ئەم دەسەڵاتداریەتە لە ڕێگای بەکارهێنانی توندوتیژیەوە ئەگەر پێویست بێت. گرنگ ئەوەیە کە قازانجی سەرمایە نەکەوێتە بەرامبەر هەڕەشەوە و چینی کرێکار لە خوارترین ئاستدا ڕابگیرێت.
کەوابوو دەتوانین چاکسازی و ڕیفۆرمێک کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو پڕۆلیتاریای سۆشیالیست ڕابەریدەکات و لە هەوڵی باشکردنی باری ئابووری و سیاسی خۆیدا دەبێت، وەک هێرشی پێشوەخت بۆ سەر دەسەڵاتی سەرمایە سەیربکەین و لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بێت بە نیزامی سەرمایەداریدا. ئەگەر لە ناو ئەو هاوکێشە جیهانیەی ئێستادا لە چاکسازی پڕۆلیتاری نەڕوانین و لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان و بورژوازی نەگەین و لەم پڕۆسە باوەی گەشەی سەرمایەداری ئەمڕۆدا خوێندنەوەی بۆ نەکەین و سیاسەتی دروست نەگرینە بەر، ئەوا ئەم چاکسازی و هەوڵانەش بە ئاکامێک ناگات.
پێش ئەوەی بچینە سەر باسی چاکسازی قۆناغی ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستاندا، پێویستە وەڵام بەو پرسیارە بدەمەوە کە دەڵێن ئەی خەباتی ڕۆژانەی پڕۆلیتەری کە ئەمڕۆ لەسەر تاسەری جیهاندا بەڕێوەدەچێت، مانای چیە یان بۆ چیە؟! وەڵامەکەی بەکورتی ئەوەیە؛ کە چینی پڕۆلیتاریا تەنانەت لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیادا، خەباتەکەی دیفاعیە و بەرگری لەوە دەکات کە هەیە، نەک خەباتێکی ‌هێرشبەرانە بۆ سەر بورژوازی کە خواستی بەرزکردنەوەی کرێ یان کەمکردنەوەی سەعاتی کار بسەپێنێت بەسەریدا، بەڵکو خەباتەکەی بۆ ئەوەیە کە کرێکەی کەم نەکرێتەوە یان تەمەنی خانشینیەکەی بەرزنەکرێتەوە، یان دەر نەکرێن لەسەر کار. واتە دیفاع لە خۆیان دەکەن لە بەرانبەر هێرشەکانی سەرمایەدا. ئەمە با هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و هاتنەخوارەوەی توانای کڕیاری لەولاوە بوەستێت. ئەم باسە فراوانە، بەڵام لیرەدا ئەوەندە کافیە.

چاکسازی بورژوای لەم قۆناغەدا

ئەم باسە جیهانیە، بەڵام باسەکە لێرەدا تایبەتە بە کوردستان و عێراق. ئەگەر لەم ڕوانینەوە سەیری ناڕەزایەتیەکانی کوردستان و عێراق بکەین و چینی پڕۆلیتاریا و سۆشیالیستە کرێکارییەکان خەبات بکەن و بخوازن چاکسازیەک لە ژیان و گوزەرانیاندا بکەن، مەسەلەی سەرەکیان ڕێکخراوبوون و ئاگایی چینایەتی و سۆشیالیستیە. بەڵام باسی ئێمە لێرەدا، باسی چاکسازی بورژوازییە کە هەموو هێزە بورژوازییە ئیسلامی و قەومی وتائیفیەکان لە عێرا ق و، لە کوردستان، هەموو ‌هێزە بورژوازییە کوردییەکان و ئیسلامیەکان و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و تەواوی میدیا حزبی و ئەهلیەکان و ڕۆشنبیرە بورژوازییەکان بۆی دەنوسن و پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، کە گوایا چاکسازی بە قازانجی خەڵک دەکەن!! کە گوایا بە قازنجی کەمدەرامەتەکانە!!.کەواتە با بزانین ئەم چاکسازییەی بورژوازی کوردی وعێراقی و دەسەڵاتەکەیان چیە و چۆن بەتەواوی دژ بە ویست و ئیرادەی چینی پڕۆلیتاریای عێراق و کوردستان وخەڵکی کەمدەستە.
خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە لەڕوانگەی سۆشیالیزمی کرێکارانەوە، بە شێوەیەکی گشتی و لە ناوەڕۆکدا، باسی سەرمایەداری دەوڵەتی و بازاڕی ئازاد نیە، بەڵکو لەم ڕوانگەیەوە هەردووکیان یەک ناوەرۆکن، مەگەر لە بواری تەکتیکی خەباتی ڕۆژانەدا، جیاوازییەکان هەبێت بۆ چینی کریکار. بەم مانایە چاکسازییەک کە پرۆلیتاریا دەیسەپێنێت بەسەر بورژوازیدا، بۆ ئێمە گرنگە. جا ئەوە بورژوازی خۆیەتی کە چ فۆرمێک دەدات بەخۆی و چۆن دەردەکەویت، لە سەرمایەداری دەوڵەتیدا دەردەکەویت یان لە لیبرالیزمی ئەمرۆدا. ئێمە خەباتی خۆمان ڕوو لە دەسەڵاتی سەرمایە دەکەین وەک سیستمێکی ئابوری سیاسی.
هەموو ئەو بانگەشانەی کە هێزە بورژوازیەکان بۆ چاکسازی دەیکەن، بانگەشەی ڕاست و دروستی بورژوازیە بۆ چاکسازی بە قازانجی چینەکەیان و بە دژی پڕۆلیتاریا. بورژوازی چاکسازیەک دەکات کە ئاڕاستەی سەرمایە و مەرامەکانی سندوق و بانکی نێودەوڵەتی پێویستی پێییەتی و دەیەوێت بیباتە بەرەوە. چاکسازیەکانی بورژوازی لە پێناو کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەدایە و بۆ لێسەندنەوەی هەموو بەرپرسیارێتیەکە لە دەوڵەت و تەسلیمکردنیەتی بە کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازاد. بۆیە بورژوازی درۆ ناکات کە دەڵێت چاکسازی دەکات. ئەوان وەک چینێک دەیانەوێت خۆیان و دەوڵەتەکانیان لەژێر باری هەموو بەرپرسیاریەتێکدا بێننە دەرەوە بەرامبەر بە چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگا. پیادەکردنی سیاسەتە چاکسازیەکانی ئەوانە بە قازانجی چینەکەی خۆیان کە بووەتە هۆی بێکاری ملیۆنی و کەمبوونەوەی هەلی کار و زیادبوونی سەعاتکاری کرێکاران و نەمانی بیمەی بێکاری و کەمکردنەوە و نەهێشتنی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان و تەنانەت وەک لە سەرەوەش ئاماژەم پێدا لێسەندنەوەی هەموو ئەو ڕیفۆرمانەش کە چینی کرێکار لە ڕاستای خەباتی مێژوویی خۆیدا بەدەستیهێناوە. ئەوان چاکسازی دەکەن بەوەی کە نەک ئەوانەی ئامادەبەکارن بیانخەنە سەر کار، بەڵکو لەسەر کارەکانیش دەردەکەن. ئەوان باشترین چاکسازی بە قازانجی چینەکەیان دەکەن کاتێک هەموو کەرتە خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاو ئاوەڕۆ و تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت و تەنانەت هەموو خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانیش دەفڕۆشن بە کەرتی تایبەت. ئەوان چاکسازی دەکەن بۆ سیستەمەکەی خۆیان کاتێک لە مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان کەمدەکەنەوە و وادار بە کاری زیاتریان دەکەن. لێسەندنەوەی هەموو ئەو مافانە لە چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای جیهانی چاکسازیەکە کە نزیک بە چوار دەیەیە بورژوازی لە ئاستی جیهاندا دەستی بۆ بردووە و سیاستی بۆ دادەڕێژێت و بانگەشەی بۆ دەکات و دەیەوێت بە چاکسازی لە ژیانی خەڵکدا بە کۆمەڵگای بفڕۆشێت.
ئەم سیاستە لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژئاوادا لە لایەن ڕێگان و تارچەر و سەرانی ئەو کاتی ئەو ووڵاتانەوە نەخشەی بۆ داڕێژرا و پیادەکرا کە چەسپاندنی تەواوی بازاڕی ئازاد و لیبڕالیزمی نوێ بوو. ئەوان دەستیانکرد بە هیرشێکی فروان بۆ سەر چینی کرێکار و دەستیان بە چاکسازی خۆیانکرد و کەوتنە دەستکردن بە لێسەندنەوەی ئەو ماف و بیمە و خزمەتگوازاریانەی کە چینی کرێکار بە نەبەردی چینایەتی بە دەستی هێنابوون. ئەوەی ئەحزابی ڕاستی ئەوروپا و نوێنەرانی تارچەریەکان و ڕێگانیەکان نەیانتوانی پیادەیبکەن، ئەحزابی سۆشیال دیمکراتی ئەوروپا بە سەرکردایەتی شیراک و هۆڵاند هۆڵمەت شمید و شرۆیدەر و تۆنی بلێر و ..... بۆیان تەواوکردن. پاشماوەکانی ئەحزابی سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپادا ئەم سیاسەتانەیان چەسپاند و توانیان بە بەکارهێنانی ناویان و مێژوویان چینی کرێکار هەم لە خەباتی ڕۆژانەیان دووربخەنەوە و هەم رۆژ بە ڕۆژ ئەم چاکسازیانەی بانکی نێودەوڵەتی بە قازانجی سەرمایە بچەسپێنن.
ئەگەر بێینە سەر کوردستان و عێراقیش، ئەحزابی بورژوازی و میلیشیا و هێزەکانیان ڕێکاوڕێک خەریکی ئەم چاکسازیەن و ئەوان ڕاستدەکەن کە دەڵێن چاکسازیدەکەن. ئەوان لەگەڵ خۆیان و چینەکەیان ڕاستگۆن و ناتوانن کارێک بکەن بەدەربێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و زلهێزەکانی جیهان لەم پڕۆسەی چاکسازی و تەقەشوفەی چینی بورژوازیدا. ئەوان دەقاودەق هەمان سیاسەت پیادە دەکەن لە محەللدا. ئەوان دەیانەوێت هەموو کەرتی نەوت ڕادەستی کۆمپانیا تایبەتەکان بکەن. ئەوان تەنانەت خەریکی فرۆشتنی چاڵە نەوتەکانیشن بە کۆمپانیا جیهانی و بازرگانیەکان. ئەگەر ئەم سیاسەتە بۆ بورژوازی بچێتە سەر ئەوا دەبێتە مایەی بێکاربوونی زیاتر لە نیوەی ئەو کرێکارانەشی کە ئێستا لەسەر کارن. ئەوان لە بڕینی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و کەمکردنەوە و لێبڕینی مووچەکانیان هەمان سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکەن کە لە لایەن سەرانی بورژوازی جیهانەوە دەستخۆشیان لێدەکرێت و بە پێشرەو و سوارچاک لەم مەیدانەدا لە قەڵەمیان دەدەن. ئەوان پڕاوپڕ خەریکی ئەو چاکسازیانەن کە بورژوازی و چینەکەیان پێویستی پێیەتی. ئاواڵەکردنی کوردستان و عێراق بە ڕووی ئەو هەموو کۆمپانیا جیهانیانە ئەگەر مانایەکی هەبێت هەر ئەمەیە بە هاوکاری کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئاسیا سێڵ و کۆڕەک و سەنکۆد و نۆکان و هەڵەبجە و قەیوان و نالیا و دابین و ستێر و کار و هتد. ئەم کارە تەنانەت لە لایەن حکومەتی بەناو هەرێمی کوردستانەوە چەندین یاسای ئاسانکاری بۆ دەرکراوە وەکو یاسای وەبەرهێنان و یاسای نەوت و گاز و چەندین یاسای تر کە هەموویان ڕێگا بۆ کەرتی تایبەت خۆشدەکەن کە ئەم چاکاسازیەی بورژوازی بەسەرئەنجام بگەیەنێت. هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کەسەر بە دەسەڵاتی ئەم دوو حزبەن لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرددا خۆیان لە نزیکەی ٥٠٠ کۆمپانیا دەدەن و هەموویان پشکی ئەم دوو حزبەیان تیادایە و هەمان ئەو سیاسەتانە دەبەنە ڕێوە کە بورژوازی پێویستی پێیەتی. دوور نیە لە دوور یان نزیک ماوەدا ئەم هێزانەی بورژوازی تەنانەت بەشێک لەم خاک و چاڵە نەوتانەش بە خاکەکەوە نەفڕۆشن و ئەوکات تەنانەت قسەیەکیش لەسەر ئابووری ڕەیعی نامێنێت و بە تەواوەتی شانیان خاڵیدەکەنەوە لە دابینکردنی سەرەتاییتریین پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک. بورژوازی عێراقی بە "کورد و عەرەبیەوە" خەریکی ئەم چاکسازیەن بە قازانجی خۆیان و هەر ئێستا باس لە فڕۆشتنی هێڵەکانی ئاسن و هەموو کەرتی تەندروستی و هەموو ئەو کۆمپنایا دەوڵەتیانەشدان کە ماونەتەوە، بۆ ئەوەی چاکسازیەکەیان بەسەرەنجام بگەیەنن.
هەر بۆیە چاکسازی ئەوان و ئێمە، چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان، تەواو جیاوز و دژ بەیەکە و لەو کێشمەکێشە چینایەتیەوە سەرچاوەدەگرێت. چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت چاکسازی بکات دەبێت بتوانێت وەک چینێکی ڕێکخراو بە قەدوقامەی خۆیەوە و بە بوونی ئاگایی سۆشیالیستی خۆیەوە دەرکەوێت و بێتە مەیدان. بەهەر ڕادەیەک چینی کرێکار بتوانێت هەنگاو هەڵهێنێت بەرەوباشترکردنی باری گوزەران و ژیانی خۆی و بتوانێت لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا بووەستێتەوە بە هەمان ڕادە دەتوانێت هەنگاوێک لە خەباتی خۆی نزیکبێتەوە بە قازانجی چینەکەی خۆی و زۆرینەی کۆمەڵگا. ئەم کارەش بە بێ بوونی تێگەیشتن و ئاگاییەکی چینایەتی و بە بێ پڕوپاگاندەی کۆمۆنیستی بەردەوام و ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا لە شێوازە جیاوازەکانی ڕێکخستنی خۆیدا، ناتوانێت بە مەیسەر بگات. چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان ناتوانن شوێن ئەو چاکسازیانە بکەون کە بورژوازی بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە بانگەشەی بۆ دەکەن چونکە دژ بە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیانە. بۆیە پێویستە سیاسەتی سۆشیالیستیانەی خۆمان وەک چەکێکی فکری و سیاسی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فەراهەم بکەین و چاکسازی خۆمان وەک بەشێک لەو سیاسەتە سۆشیالیستیە بخەینەڕوو بۆ کۆمەڵگا کە خۆی لە وەستانەوە لە بەرامبەر چاکسازیەکانی ئەواندا بنوێنێت. یەکەم هەنگاوی ئەم نەبەردە چینایەتیەش ئێستا دەبێت پێداگری بێت لەسەر دانی مووچەی تەواو بە هەموو کرێکاران و کارمەندان و دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ بێکارەکان. بەدەستهێنانی ئەم خواستە دەتوانێت هەنگاوێک و ئەڵقەیەک بێت لە ڕێگای دەرکەوتنی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا وەک ‌هێزیکی چینایەتی سەربەخۆ و سەکۆیەک بێت بۆ نزیکبوونەوە لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. لە هەمانکاتدا توانایی و ووزەی ئەوە بە چینەکەمان دەبەخشێت کە هەموو سیاسەتە قێزەون و چاوچنۆکەکانی ئەوان تووڕرهەڵدەین و لە گۆڕی نێین.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4.5/5)