نامهی نهوشیروان مستهفا بۆ مەلابەختیار و هاوڕێكانی لە ئاڵای شۆڕش
Thursday, 17/09/2020, 11:09
3859 بینراوە
نامەی نەوشیروان مستەفا وەک بەڵگەی هەوڵی ئەو بۆ رزگارکردنی سەرکردەکانی ئاش لە حوکمی اعدام.
برایانی بەڕێز
کاک بەختیار
کاک پشکۆ
کاک شێخعەلی
سڵاوێکی گەرم
لەو دو جارەدا کە سەردانم کردن و لەو نامەیەدا کە بۆم نوسی بون بە راستی ویستم بە جۆرێک قسە بکەم کە ئێوە هەست بە برینداربونی شعور نەکەن و هەوڵمدا زۆر بە نەرمی و دیپلۆماسی هەمو مەسەلەکانی لە سەرتانە و ئەوەی ئێمەش ئەمانەوێ تێتان بگەیەنم، بەڵام پێئەچێ لە کارەکەمدا سەرکەوتو نەبوبم بۆیە بە پێویستم زانی لەم چەند نقطیە ئاگادارتان بکەم:
ئێوە لەلایەن پلینۆمەوە محاکەمە کراون و (تجریم) کراون
١. ئەم نامەیەتان پاشگەزبونەوەیە لە هەمو قسەکانی پێشو و ئاشتان لە ریزی یەکێتیدا داناوە و مەجالی ئەوەتان تێدا نەهێشتوەتەوە کە لە پاشەرۆژدا پێکەوە لەگەڵ ئەوان تێهەڵچنەوە و پیاو بۆی هەیە ئەمەشتان وەکو قسە و ئیشەکانی ترتان بەرامبەر کۆمەڵە و یەکێتی بۆ حساب بکا.
٢. ئێوە لەلایەن پلینۆمەوە محاکەمە کراون و (تجریم) کراون، ئەگەر بڵێن خۆتان لەوێ نەبون، بەیان و بڵاوکراوە و نامە و نوسینەکانتان لەوێ بون، کردەوە و شایەتەکان و مدعییەکان لەوێ بون و هیچ دیفاعێکی خۆتان دادی نەئەدان و دیفاعی هیچ محامییەکیش لە تاوانەکەی سوک نەئەکردن. جا لەبەرئەوەی رەنگە واتان زانیبێ هەڕەشە یا بۆ ئیبتیزاز ئەوەمان کردبێ، حەز ئەکەم بیرتان بخەمەوە کە ئێوە بە (خائین) حوکم دراون بەرامبەر کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە و شۆرش. ئەشزانن لەم قۆناغەدا یەکێک خائین بێ بەرامبەر بەو مفهومانە یعنی چی و رەئی خەڵک و تاریخ چی ئەبێ لەسەری، وا بە کورتیش (حیثیاتی) حوکمەکەتان بیر ئەخەمەوە کە هەر ٦٠ کادرە سیاسی و عسکرییە اساسیەکەی کۆمەڵە بە ناوی سەریحەوە ئیمزایان کردوە:
ئێوە وەکو خط مائل لە ناو کۆمەڵە و یەکێتیدا کارتان کردوە
١. ئێوە وەکو خط مائل لە ناو کۆمەڵە و یەکێتیدا کارتان کردوە، رێکخستنتان بە نیازی تێکدان و روخانی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە دروست کردوە لە ناو ریکخستنی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگەدا.
٢. ئێوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانی شۆڕشەوە کە بە حوکمی مەسئولیەتە قیادییەکانتان زانیوتانە جاسوسیتان بۆ دوژمن کردوە، ئەوەندی نهێنیتان زانیوە لە بڵاوکراوەکانتان دا بۆ ئێران و عێراق و جود و لایەنەکانی ترتان نوسیوە. جگە لەوەی ئەو ئەندام و لایەنگرانەی ئێوە، ئەوەی تەسلیمی عێراق و ئێران و جود بوە، هەرچی زانیوە وتویەتی مەگەر بۆ خۆی خراپ بوبێ.
٣. ئێوە بازرگانیتان کردوە بە ناوی شەهیدەکانەوە، سوێندی درۆتان بە گۆڕەکانیان خواردوە و مقابەلەی درۆتان بە ناوەوە دروست کردون، تەوھینتان پێکردون و تربیەتی ئەندام و لایەنگرەکانی خۆیشتان بەم ئسلوبە کردوە.
٤. دوڕویی و دوزمانی و لیبرالیزم و هەلپەرستی و پیلانگێڕان و لە خشتەبردنی تێکۆشەرانتان بڵاوکردۆتەوە و ئەوەتان کردۆتە (قیم)ی سیاسی و اخلاقی حیزبی خۆتان.
٥. پەیوەندیتان کردوە بە دەوڵەت و لایەن و حیزبی بێگانەوە بۆ وەرگرتنی یارمەتی و پشتیوانی بۆ انشقاق و یاخیکردنی پێشمەرگە و تێکدانی ریزەکانی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە و معلوماتەکانی ئێمەتان بۆ مەبەستی خۆتان داوە بەوانە.
٦. بون بەهۆی روخاندن و سارکردنەوە و دانیشتنی سەدان کادر و پێشمەرگە و تەسلیم بونەوەیان بە عیراق و ئێران و رۆیشتنیان بۆ دەرەوە.
من ئەوەی لەسەرم بو وەکو ویژدانی خۆم و وەفای برایەتی و جۆرێک لە التزام بەرامبەر هەندێ کەس کردم
جا براینە نامەوێ زیاتری لەسەر بڕۆم، من ویستم سەبارەت بە موقعی خۆم و برایەتی و دۆستایەتی و هاوڕێیەتی دەساڵی رابردو کارێک بکەم ئەو حوکمەتان لەسەر لاببەم بە جۆرێک لێی دەربچن کە نە ئێوە بەو دەردە بچن و نە منیش پرتە و بۆڵەم بێتەسەر.
خۆتان ئەزانن بۆ من لە ئەستۆگرتنی ئەو مەسئولیەتە واتە جێبەجێنەکردنی بڕیاری بەگشتی هەمو کادرەکان یەعنی چی، وە بۆ ئێوەش کە ئەو بڕیارەتان لەسەر لابچێ چی یەعنی چی و ئەبێ و چی بنوسن و چی بکەن و چی بڵێن.
من ئەوەی لەسەرم بو وەکو ویژدانی خۆم و وەفای برایەتی و جۆرێک لە التزام بەرامبەر هەندێ کەس کردم، ماوە ئێوەش بەشەکەی خۆتان بکەن، ئەگینا من لێ ی دەرچوم و هیچی تر قسەی هاوڕیکانم ناهێنمە سەر خۆم.
دوبارە سڵاو
نەوشیروان مستەفا
٥/٦ی ١ی ١٩٨٦
دەقی نامەکە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست