مەملەکەتی جوانکاریی لوتی ئۆپۆزیسیۆنەکان

Friday, 09.18.2020, 0:55

1547 بینراوە


ئەرنێست هەمێنگوای: کەمێک ئارام بگرە پێویست ناکات مرۆڤەکان تاقی بکەیتەوە، ئەوان خۆیان تاقیکردنەوەکە دەکەن 

وانزیکی سی ساڵە کۆمەڵێک چەتەی شاخ، دەسەڵاتێکیان لە پارچەیەکی باشوور دروست کردووە لە ناو هەرێمێکی داماودا، هەرچی سوکایەتی هەیە بە هەموو خەڵکی دەکەن، نەوەی نەوەکانیشیان ئامادە دەکرێن تا بەحاکمی بمێنەوە، لە هەمبەر ئەم دەسەڵاتەدا ئۆپۆزیسیۆنێک لە دەسەڵات قەشمەرتر، سەنگەری گرتوە، لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئەو تەکنەلۆژیا هەرزانەی کە جیهانی کردۆتە گوندێکی کۆنترۆڵکراو ئەو ئۆپۆسیۆنیانە سەنگەریان گرتوەو شەوڕۆژ خەریکی ووتار و شیکارین لەسەر ڕووداوەکان و قسە دەکەن لەسەر، نان، ئاو، قوڕ، خەستەخانە، دەرۆزەکەر، باڵەخانەی بەرز، جلوبەرگی بەرگی بەرپسان، نەوت، کارەبا، ژینگە، چەکدار، تەنانەت باسی قەل و قازیش دەکەن لە ناو تۆڕە جەنجاڵەکەی ئەنتەرنێتدا، لەهەمووی قەشمەرتر ئەوەیە دەسەڵات هەر ڕۆژەی هیچ و پوچێک نمایش دەکات و ئۆپۆزیسۆنە قەشمەرەکەش دەکەونە چەکوشکاری و بابەت هەڵڕشتن بەو شێوەیەی دەسەڵات پلان و نەخشەی بۆ دادەڕێژێت. تەنانەت ڕەخنە لە نەشتەرگەری جوانکاری ژنان و کچانیشیان دەگرن، دەڵێن ئەو دەسەڵاتە هەر لەخەمی خۆیدایە و بۆ هەڵامەتێک دەیان ووڵات بۆ گەشت و گوزارەکانیان دەکەن و خەستەخانە و ڤێلاو ئۆتۆمۆبێل و فڕۆکەی تایبەت بەخۆیان هەیە. ئۆپۆسیسیۆنی پشتی کۆمپیوتەرەکان لەپڕ دەگەڕێنەوە نیشتمان و دەڵێن: ئێمە بە تەحداوە نە کەس دیوینی نە کەسمان دیوە، ئێمە ئیلهامان لە کاسپەرەوە وەرگرتوە، سواری پشتی هەور بووین و لە دیوارو پەنجەرەکانەوە چووینەتە ژوورەوە بۆ ووڵات، لەوێ لەباتی کۆڕ و کۆبونەوە بۆ جوانکردن و نەشتەرگەری سەر و قأ و پێست و دەموچاویان، بە چەپک سەر دەچێنن و لوتی نەعلەتیان تەشوێتاش دەکەن. دوای گۆڕان بەسەر جەستەی داماویاندا، کە وون بوون و خۆیان نەدۆزیوەتەوە، تاساڕێژی برینەکانیان قسە ناکەن، دوای دێنەوە دەڵێن : ئەو دەسەڵاتە خراپە ڕەخنە دەگرن، بەڵام ناڵێن ئەو دەسەڵاتە باشترین ستافی تورکی و ئێرانی هێناوە بەچەپک سەرمان ئەڕوێنێت و لوت و گوپەکانمان بەرز دەکەنەوە و بۆنیتمان دەکەنەوە بەهەرزە و گەنجمان دەکەنەوە، خۆزگە دەسەڵات ستافێکیشی دەهێنا تا عەقڵیشمان فۆڕماتکاتەوە و عەقڵی ڕووتاوەشمان بۆ بگەڕێنێتەوە جێی خۆی ئەگەر هەمان بووبێت.
بەبەر چاوی هەموومانەوە نیشتمانێک لەبار دەچێت، ئێمە هەموومان بوینەتە کۆیلەی چارەنووس، هەنگاوەکانمان بەرەو مەترسییەکان دەنێین، بەڵام هیچ ناکەین و شەوانە گوێ لەو ئۆپۆزیسیۆنە دەگرین کە هێندەی لەبەر ئاوێنەدا لە چڕوچاویان دەڕوانن لە ئازاری کەسمان ناڕوانن و نازانن ئێمە لەسەر لێواری مەرگین. 

ئەم ئۆپۆزیسۆنانە چۆن ئەم ئیلهامی تەعدیلکردنەیان بۆ هاتووە؟ 

ئەمە جەوهەری نووسینەکەمانە. . . ! لەپشتی کۆمیوتەراکانەوە قارەمانانی ئۆپۆزیسیۆن لەناو نزاکانی خەڵکدا بەدوای خۆیاندا دەگەڕێن، ئەوان خەونەکانیان لە وێنە و پێشبینی گوێگرەکانیانەوە بۆ دروست دەبێت و لایان وایە ئەوانی قسەزان دەبێت بۆنیتێکی جوان و لوتێکی قنج و قژێکی وەک پاڵەوانی فیلمەکانیان هەبێت، ئەوساکە قسەکانیان کاریگەری باشتر لەسەر خەڵکی دادەنێت.
دەڵێن هیچ شتێک لەخۆیەوە ڕوونادات، هەرشتە و بەشتێکی ترەوە پەیوەستە و هۆکاری ڕوودانەکەیەتی، یەکەمین وەزیر کە لەگوێرەکەی دابەستراو دەچوو، لەپڕ هاتە سەرشاشەی تێڤێکەمان خۆی تەشوێتاش کردبوو، نەهەناسە بڕکێ بوو نە غەبغەبەکانی ڕێگری درۆکانی دەکرد، دوهەمین وەزیر کە لوتێکی زلی هەبوو لە پڕ هاتو دەتگوت لوتی باڕبی قەرز کردوە، بۆ ئەوەی بەخەڵکی بڵێت ئەمە لوتی خۆمە و باپیرەم و داپیرەم بەمیرات بۆیان جێهێشتووم، لوتی بەدەستەسڕێکی ئاوریشمی سڕی، قژە خورماییە لولەکەی هەڵدایەوە، وەزیرێکی تر کە سنگێکی قوپاوی هەبوو لەدەرکەوتنیدا دوو پرتەقاڵی باخەکانی "خالص"یان لەسەر قوتببۆوە، چونکە ئەو لە بەغداد بەو نەشتەرگەرییە هەستابوو، ئیتر گۆرانی بێژ و شایەر و شاعیر و خەڵکی بەرنامەی بێتام و فەسادەکان هەر جارێک دەر دەکەوتن لەش و دەم وچاویان گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو، تەنانەت وەی خڕپاشاش خاڵەکانی سەر دەم وچاوی لابرد لەداخی ئەوەی ڕێگربوو لەخەندە ناشرینەکەی و دانە زەردباوەکانی دزێو نیشان دەدا ئێستا وەیخر پاشا ئەمری کردوە وێنە کۆنەکانیشی بە فۆتۆ شۆپ بۆچاک بکەن هەر خۆی وەیخر پاشا ووتی: دەبێ شتێک بکەم نەناسرێمەوە خاڵەکانی لابرد کە میراتی باوکی بوو لە پرمەی بەزیندا بەخشیبووی پێی ئاسەواری نەهێشت. جێگری سەرۆک وەزیران پەڵە سوتاویەکەی کە دایکی پێی دەناسێوە، دایکی ووتوبووی کوڕم گەر وونیش بووی بەو سوتاویە ی دەموچاوتدا دەتناسمەوە، هەموو ئەو میراتیانە ئاسەواریان نەما، کاتێکیش کە دەسەڵات و پارە هات گشتی بونە هەڵم. واز لە لچ و لێو بۆتۆکس و قونی بەڕازیلی و لوتی ئێرانیش بێنە، چونکە ئێستا ئەوەی نانی نییە بۆ ئەوەی سکی تێربکات، لە سەرەی ئەوەدایە جێگەیەکی چەکوشکاری بکات. لەهەمووی قەشمەرتر ئەو لێکۆڵەرە سیاسیەن، کە درۆ بەدەم سەرۆک و ماڵەباتی مافیاکانەوە دەکەن، هەموویان قژ و سمێڵ و برژانگ و برۆیان قەترانییە، جارێک لە پرسەیەکدا بووم هاوڕیەکم لاوەبوو "ئارام " قسەخۆش نوکتەی بۆ دەکردم لە پڕ مرۆڤێکی تێکسمڕاو دەرکەوت و هاتە لای ئارامەوە دانیشێت، ئارام پێی ووت "مەکینەکە چۆنە " کارەکانی باش دەکات ؟ لای منیش وایە ئۆتۆمبێلی پێفرۆشتوە ؟ ووتم کامە مەکینە؟ ووتی نای بینی چۆن سەر و چاوی لە وسمە ناوە کەڵتە کۆنە ؟ دەڵێێ لە بۆردێلەکانی بەغداد و دیمەشق کاری دەستکەوتوە.
هەر بەڕاستی کە سەیرم کرد نەمتوانی پێنەکەنم، بەو مرۆڤە کۆمێدیەی کەوا خۆی کردۆتە پەند چرچی لاملی و دەم و چاوی زۆر داماوی کردبوو، بەڵام کەوچکێک ڕۆنی حلەی لە سەر ڕومەتە قوپاوەکانی دابوو، ئەویش ڕەخنەگرێکی سەرسەختی دەسەڵاتە، بەڵام قسە ناکات ڕۆژی دوودەمژمێری ژیانی بەسەر و گوێلاکییەوە خەریک دەکات. ئەمە ئۆپۆزیسوێنێکە کە لەحوسنی موبارەک دەچێت لەش ولاری هەر بەڕاستی دەڵێ سێوێکن کراون بەدوو کەرتەوە. 
ئەگەر ئێنیشتاین نەشتەرگەری  لوت و دەموچاوی بکردایە، تۆ چ قسەیەکت لەسەری دەبوو؟

ئێستا تێدەگەن بۆچی دەسەڵات حساب بۆ ئۆپۆزیسیۆنەکانی پشتی کۆمپیوتەرەکان ناکات ؟ چونکە هەر خەریکی لوت و لێو قژی داماویانن، نەک هزریان، هەموو بە ئۆنلاین دەیانەوێت پارە پەیداکەن و ڕژێمیش هەر بەئۆنلاین بڕوخێنن. دواجار دوای نەشتەرگەرییەکانیان ئیتر دەکەونە فەوتانی وێنەکۆنەکانیان و ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانیان وا دەزانن شێوە داماوەکەیان لە هزری خەڵکدا دەسڕێتەوە. دەسەڵات لە ئۆپۆزیسیۆن قەشمەرتر ە ئۆپۆزیسیۆن لە دەسەڵات قەشمەرتر، جا وەرە چۆن لەم جەنگەڵستانە ڕزگارمان دەبێت!؟-




(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 4/5)