هاتنی كازمی بۆ هه‌رێم و عوقده‌ی تائیفی

Friday, 09.18.2020, 0:32

853 بینراوە


گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێستای نێوماڵی كورد هه‌بوون و درێژه‌پێدانی ئه‌م ئایدۆلۆژیایه‌یه‌ كه‌ پارتی ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگای كوردی پێ ئاراسته‌ بكات بۆ دروستبوونی كێشه‌ی قه‌ومی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نیوماڵی شیعی دا ، پارتی ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر جۆریك بووه‌ ئه‌ندێشه‌ی تاكی كورد ناچار به‌ گوێرایه‌ڵی بۆ ئایدۆلۆژیاكه‌ی بكات ، پارتی توشی عوقده‌ی تائیفی بووه‌ ،ده‌ردی عوقده‌بوونی تائیفی به‌شێكه‌ له‌ فاشییه‌ت و ناسیزمی كوردی له‌ ناو بۆته‌ی حه‌ماقه‌تی قه‌ومیی دا، شاعیری به‌ناوبانگ المعڕی ده‌ڵێت :هه‌موو ده‌ردێ ده‌رمانی هه‌یه‌ مه‌گه‌ر حه‌ماقه‌ت نه‌بێت که‌ ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ چاره‌سه‌ری بکات خۆی تووشی ده‌رد ده‌بێت !

هاتنی كازمی بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ نمایشی سیاسی بێت یان خه‌مخۆری خه‌ڵك و گوێگرتن بێت له‌ داوا ڕه‌واكانیان پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا ،ئه‌و پیشوازییه‌ گه‌رمه‌ بۆخۆی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی وه‌كو حیزبی دایك كه‌ خۆی به‌ پێشڕه‌وی كوردایه‌تی ئه‌زانێت فه‌شه‌لی هێناوه‌ له‌ سیاسه‌ت و له‌ بانگه‌شه‌ی كوردایه‌تی ، پارتی له‌ بواری كوردایه‌تیدا خاوه‌ن هیچ تیۆریێكی سیاسی و فیكری نیه ، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ته‌نها دروشم و بانگه‌شه‌یه‌ بۆ كوردایه‌تی ، حه‌فتا ساڵی ته‌مه‌نی پارتی سوڕانه‌وه‌ بووه‌ له‌ بازنه‌ی (یاخیبوون – شكست- ته‌سلیمبوون) له ‌ئیستاشدا عوقده‌ی تائیفی قێزه‌ونترین ئاكتی سیاسی یه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا .

ره‌خنه‌ی من له‌ پارتی و له‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ به‌ درێژای زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵی ته‌مه‌نی نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌تی دۆزی كورد بكات و مافی هه‌موو كوردێكیشه‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژ‌وو هه‌ڵبداته‌وه‌و ئەو ڕابردووە بەقوڵی بخوێنێته‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكات ، په‌لاماردانی كازمی ده‌رخستنی زوخاوی حه‌ماقه‌تی قه‌ومییه‌ و عوقده‌ی تائیفی یه‌ ،ئه‌مه‌ كۆله‌واری فیكره‌ له‌ سیاسه‌تدا كه‌ سه‌دساڵه‌ كوردی له‌ سه‌رده‌م دابڕیوه‌ و هه‌میشه‌ له‌دوای ڕوداوه‌كان‌ ماوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌م مێنتاڵه‌تییه‌ به‌شێكه‌ له‌و سیسته‌مه‌ خێڵه‌كییه‌ی ناو پارتی كه‌ كوردایه‌تی كردووه‌ته‌ دروشم و كوردبونیشی له‌زه‌لكاوی خێڵه‌كایه‌تیدا خنكاندووه.

ده‌وڵه‌تبوون بۆ كورد برینێكی ساڕێژنه‌كراوه‌و كات و وزه‌ی زۆری ده‌وێت بۆ ساڕێژكردن ،ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ حه‌ماقه‌تی نه‌ژادپه‌رستانه‌ی كوردایه‌تی دانامه‌زرێت ، خۆشكردنی ئاگری شه‌ڕی قه‌ومی به‌تایبه‌ت له‌ نێوان (كوردو عه‌ره‌ب ) به‌شێكه‌ له‌ ئه‌جێندای توركیا و پارتی نه‌وتی پێدا ده‌كات ، پارتیش وه‌كو مالیكی و نوجێفی و عه‌بادی به‌شێكن له‌و گه‌مه‌ ئیقلیمییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئێران و توركیاوه‌ به‌نزین به‌سه‌ر ئاگری شه‌ڕی قه‌ومی و تائیفی و مه‌زهه‌بییدا ده‌كه‌ن ، به‌ڵام پارتی لایه‌نه‌ قه‌ومییه‌كه‌ی گرتووه‌ ، ئه‌وانه‌ی به‌ هاتنی كازمی ته‌نگه‌تاو بوون ، زۆر سه‌قه‌تن ! و كۆڵه‌واری فیكری و سیاسه‌ت و كوردایه‌تین .



(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 5/5)