حەمەناشاد هونەرمەندێکی ناشاد و نەحەساوە و غەریب کەوتوو

Wednesday, 09.23.2020, 12:20

2773 بینراوە


لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵ دا و دوای چەند مانگ نەخۆشی و ڕزگاربوونم لە پەتای کڕۆنا، ویستم گەشتێک بکەم بۆ چەند وڵات و چەند ڕۆژێک پشوو وەرگرم.

لە وڵاتی فەڕانسەوە چوومە سووئیس و دواتریش ئیتالیا. لەوێندەریشەوە لە شاری ئانکۆنا بە کەشتی ڕێکەوتم بۆ شاری پاترا لە وڵاتی یوونان. کۆتایی گەشتەکەم پێنج ڕۆژ مانەوەم لە شاری ئاتن(ئاسینا) بوو.
دوای زیاتر لە دە ساڵ، بۆ جارێکی دیکە چاوم کەوتەوە بە وڵاتی یوونان و کۆمەڵێک دۆست و برادەری خۆشەویستی خۆمم بەسەر کردەوە و چەند شەوێک میوانداریان کردم.
خۆشبەختانە لەم سەفەرەدا، چاوم بە نگارکێشی بەناوبانگی گەلی کورد، بەڕێز مامۆستا حەمەناشاد کەوت.
مامۆستا حەمەناشاد، هونەرمەندیکی شێوەکاری شاری سلێمانییە و ساڵانێکی زۆرە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، سەرقاڵی کێشانی وێنەی جوان و ڕازاندنەوەی شەقامەکانی شاری سلێمانی و شوێنە گشتیەکان بووە.

مخابن، حەمەناشاد چەند ساڵ بە هۆی هەژاریی و سەرباری نەخۆشی، دوای جێهێشتنی خانوەکەی لە گوندی قزلەر، لە ژوورێک دا لە پشت بینای سەرای سلێمانی ژیانی بەسەر بردووە.

هەموو خەڵکی سلێمانی، دەزانن حەمەناشاد چلۆن چاخانە و چێشتخانە و شوێنە گشتییەکانی شارەکەی بە وێنە جوانەکانی خۆی ڕازاندووەتەوە.

ئێوارەیەک لە پێتەختی وڵاتی یوونان، چەند سەعاتێک لە خزمەت مامۆستا حەمەناشاد بووم و زۆر چیرۆکی کاریگەری بۆ گێڕامەوە و زۆر لاپەڕەی ژیانی خۆی بۆ هەڵدامەوە و زۆرم چێژ لە قسە خۆشەکانی وەرگرت و بەڕاستی ئەو هەموو وزەو و گڕوتینەی حەمەناشاد بە ئێستاشیەوە، جێی سەرنج بوون.

ئەگەرچی حکومەتی خێڵەکی کورد لە هەرێمی کوردستان، سەردەمێک لە شاری سلێمانی و لە یەکێک لە شوێنە گشتیەکان پەیکەریان بۆ حەمەناشاد درووست کردبوو، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا حەمەناشاد، زۆر غەریب کەوتووە و
وەک چۆن باسی چیرۆکی "درەختی عیشق"ی بۆ کردم، پێویستە بەرپرسێکی کوردیش بەهەمان شێوەی کچە ئاڵمانیەکە(ئێلینا)، ڕۆژێک هەست بکات حەمەناشاد چ هونەرمەندێکی دەست ڕەنگینە و هەرگیز وەک خۆی نەناسراوە و ئاوڕیی لێ نەدراوەتەوە.

مامۆستا حەمەناشاد چیرۆکی کچە ئاڵمانیەکە، وەک خۆی باسی دەکات و دەڵێت ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێک کە بەڕێزیان لە ئاڵمانیا ژیاون. چونکە حەمەناشاد نۆزدە ساڵ لە ئاڵمان پەنابەر بووە و لە شاری فرانکفۆرت ژیاوە.
حەمەناشاد چیرۆکی "درەختی عیشق" ئاوا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: " لەشوێنی نیشتەجێبوونم لە یەکێک لەگەڕەکەکانی شاری فرانکفۆرت، شوێنێکی خواردنەوەی لێ بوو، خاوەنی شوێنەکە ئاڵمانێکی ڕگەزپەرەست بوو. ڕۆژێکیان پێی گوتم چیدی ڕێگەت نادەم بێیتە ئێرە بۆ خواردنەوە. لەوەڵامدا پێمگوت بۆچی؟! خۆ من شتێکی خراپم نەکردووە و تەنانەت ئێمەش بەڕەگەز ئاریین وەک ئێوەی ئاڵمانی.
پاشان کابرای ئاڵمان گوتی، مەسەلەکە ئەوە نییە، بەڵکوو کچەکەم ئێلینا، حەز ناکات تۆ لێرە دانیشیت و بێیت بۆ خواردنەوە".

دواتر حەمەناشاد پێی دەڵێت زۆر باشە، بەڵام من تەنیا داوایەکم هەیە بۆ تۆ.
کابرای ئاڵمانی دەڵێت: داواکەت چییە؟
حەمە ناشاد، پێی دەڵێت ئەگەر من کارێک بکەم کەوا لە کچەکەت بکات، سەرسام بێت بەمن، تۆ دەڵێیت چی؟!
کابرای ئاڵمان لەوەڵامدا دەڵێت: بڕوا ناکەم ئێلینای کچم بەرامبەر بەتۆ ئاڵووگۆڕی بەسەردا بێت. چونکە ئێجگار زۆر ڕقی لە تۆیە، و ئەگەر بەکچەکەم بوایە، ئەوە گەنجانی ڕەگەزپەرەستی لە دژی تۆ هاندەدا و ئازاریان دەدایت و تەنیا من ڕێگریم لێ کردووە تا ئێستا.

پاشان حەمەناشاد پێی دەڵێت: تۆ گوێ بگرە بزانە من چیت پێ دەڵێم.
کابرای ئاڵمانی پێی دەڵێت: دواکارییەکەت باس بکە بۆم.
حەمەناشاد پێی دەڵێت: تۆ لە دەرەوەی شار شوێنی تایبەتت هەیە بۆ حەسانەوەتان لە هاوینان دا؟ کابرای ئاڵمان پێی دەڵێت، بەڵێ باخچەیەکمان هەیە و دواتر حەمەناشاد داواکەی خۆی بە وردی بۆ باس دەکات.
ڕۆژێک حەمەناشاد لەگەڵ کابرای ئاڵمانی دەچن بۆ ئەو باخچەیەی کە کابرای ئاڵمان و ماڵ و منداڵی، هاوینان ئیسراحەتی تێدا دەکەن.

دواتر حەمەناشاد پێی دەڵێت: بۆچی دیواری چواردەوری باخچەکەت بۆیاخ نەکراوە، و کون و کەلەبەری زۆرە و جوان نیە؟ ڕات چیە من بۆت بۆیاخ بکەمەوە، بۆ ئەوەی ڕێک و پێک تر و جوانتر بنوێنێت؟ کابرای ئاڵمانی دەڵێت: زۆر باشە.

حەمەناشاد، خەریکی جوانکاری دیواری باخچەی کابرا دەبێت و دوای دوو ڕۆژ وێنەی ئەو درەختە دەکێشێتەوە و پیاو ئاڵمانەکە ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت وەرە بۆ باخچەکەت، بەڵام کچەکەشت بهێنە بۆ ئێرە و پێی مەڵێ کەمن لەوێم.
کابراش، کچەکەی لەگەڵ خۆی دەبات و کاتێک هەردووکیان چاو لێدەکەن، ئەوە دەبینن کە حەمەناشاد سەرقاڵی وێنەی ئەو درەختەیە کە لە سەر دیوارێک دەکێشێتەوە. هێندە نزیکە لە حاڵەتی سرووشتی، حەمەناشاد دەڵێت، چۆلەکەیەک خۆی پێداکێشاوە، پێی وابووە درەختێکی سرووشتی و ڕاستەقینەیە.! (درەختی عیشق)
کچەکە تووشی سەرسووڕمانێکی گەورە دەبێت. لەهەمان کاتدا بە کامێراکەی وێنەی حەمەناشاد دەگرێت کە خەریکی کارکردن لەسەر وێنەکەیە و پڕ بەگەرووی هاوار دەکات و دەڵێت: "بابە گیان جوانترین دیاریت بۆ من هێناوە، بەراستی ئەو پیاوەت بەناخی من شاد کرد کە ناوی ناشادە..!!
دوای ئەمەش، حەمەناشاد وێنەی کچی کابرای ئاڵمان، کە بەدیاری بۆی درووست کردووە دەداتە کچەکە و کچەش بە خۆشحاڵیەوە باوەش بە حەمەناشاد دا دەکات و پێی دەڵێت: " ئێستا تۆ لە من زیاتر مافی هەموو ژیانێکت هەیە، چونکە تۆ کەسێکی ئاسایی نیت، بەڵکوو تۆ هونەرمەندێکی مەزنی". 


سەرچاوە و ڤیدیۆ و وێنەکان:

1-لینکی ڕاستەوخۆی فەیسبووک:
https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=3728744470526409&id=100001726772987
2- لاپەڕەی بۆ پێشەوە(Bopeshawa)




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 4.5/5)