کێ تاوانبار بوو؟

Thursday, 24/09/2020, 18:38

2792 بینراوە


یەکێک لە هەرە نەریتە قێزەونە باوەکانی ناو کۆڕی سیاسی کوردی ڕێزنەگرتن لە بیروڕای جیاواز بووە. هەر تاکێک بیر و ڕای لەگەڵ زۆرینەی سەردەستەدا جیابوبێت، لە بری گفتووگۆ و سەلماندن پەنا بۆ دەستەواژەی وەک تاوانبار، خائین.....هتد براوە. ئەم نەریتە بەدرێژایی ژیانی شاخ لە ناو زۆربەی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکاندا ئاسایی بووە، و بێ ڕێزی زۆر بەرامبەر بەو تاکانە کراوە.
ئەوەی لە مێژوی کۆمەڵە(لە سەرتادا لە ژێر ناوی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان و پاشان ناوەکە گۆڕا بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) ئاگادار بوبێت ، هەر لەسەرەتاوە پەی بە دوو بۆچونی جیاواز دەبرا، ئەم دوو بۆچونە هەر یەک بە جیا لە سەردەمی شاخدا پەرەی سەند. جیاوازیەکەیش لە ستراتیژی کاری ڕێکخراوەکە و ناوەکەیشی کە بۆ ستراتیژیەکە ئاماژەیەکی ڕوونبێت. هەردووباڵەکە لە سەر ناوی کۆمەڵە بە:
١- کۆمەڵەی ڕۆنجدەرانی کوردستان، وەک ئاماژەیەک بۆ خەبات بۆ کوردستانی گەورە کردن بوو. ئەم باڵە لەلایەن نەوشیروان مستەفا/جەلال تاڵەبانی ڕابەرایەتی دەکرا و تا ساڵی ١٩٧٩ لە لایەن کەمینەیەکی کەمی پێشمەرگە و کادیرە سیاسیەکانی ناوچەکانی کوردستان پشتیوانی دەکرا. پاش لێبوردنە گشتییەکەی سەدام لە ١٩٧٩ و هاتنە دەرەوەی ئازاد کراوەکانی کۆمەڵە، کەهەڵگری هەمان بۆچون بوون ترازووی هێزەکان گۆڕا.
٢-کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان-عێراق. ڕابەرانی ئەم باڵە بریتی بوون لە مالابەختیار، سالار عەزیز، شەهید ئازاد هەورامی، ملازم عومەر، مامۆستا جەعفەر، شێخ عەلی......هتد، ئە باڵە کە خۆیان بە پەیڕەوی ڕێبازەکەی شەهید ئارام دادەنا، زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەی پێشمەرگەوکادرەکانی ناو کۆمەڵەیان لە گەڵ بوو،و چەقی کاری خۆیان لە چوارچێوەی عێراقدا ئەبینی و چارەسەری پرسی کوردییان لەناو بازنەی پرسە دیموکراتیەکانی عێراقدا دەبینی
بەربەرەکانی نێوان دووباڵەکە تا دەهات سەختتر و نائاساییتر دەبوو. وای لێهات کاتی هاتنی پێشمەرگە بۆ ناوزەنگ لە بری سەردانی م س ینک و ناوەندی کۆمەڵە بۆ بنکەی مەرجەعەکەی خۆێ دەچوو و لەوێوە ڕێنمایی دەکرا. تا کۆنفرانسی یەک و دوویش ئەم باڵە لە ناوچە گرنگەکاندا زۆرینە بوون، بەڵام نە شارەزایی و باوەڕ بەخۆنە بوونی ڕێبەرانی ئەم باڵە و نا تەبایی نێوان خۆیان هۆکاری کاڵبوونەوە و کەمبوونی ڕؤڵیان بوو.
کولتووری دژایەتی و بەکار هێنانی پێگە دژ بە نەیارەکانی لە هەردووباڵەکە شتێکی شاراوە نەبوو. ئەم کولتوورەیش لە ناو هێزی پێشمەرگەو ڕێکخستندا بە ئاشکرا ڕەنگی دابووەوە. زۆر دەستە واژەی وەک جاش عێراق، تاوانبار، گێل و دوای کڵاوی بابردوو کەوتوو......هتد لە لایەنگیرانی هەردوو باڵەکە بەسەر یەکدا دەڕژێنرا.
ئەم شێوە ڕەفتارە نا ئاساییە لە شاخدا، کاتێک تاکەکان لە هەموو ئامرازێکی پەیوەندی و ئاگاداربوون بێبەش بوون، کاتێک لوولەی تفەنگ بۆچوون و بەرپەرچدانەوەکانی دیاری دەکرد تاڕادەیەک ئاسایی بوو، بەڵام جێی نیگەرانییە ئێستا زۆربەی تاکەکان لە مێژوی کۆمەڵە بەئاگان یا ئەتوانن بیخوێننە وە، کەچی بە هەمان نەریتی قێزەونی کۆن ڕەفتاردەکەن و پەنجەی تاوانبارکردن نەک بۆ تاکێک بەڵکو بۆ هەموو ئاڵای شۆڕش ڕادەکێشن، سەرەڕای ئەوەی زۆر لە ئەندامانی ئاڵای شۆڕش لە ڕیزەکانی خۆیاندان، یا لە ناو ئەماندا بووە تا کۆچی دوایی کردن.
مەلا بەختیار بابەتێکی نووسیوە زۆر ووتوێژ و نووسین هەڵدەگرێت، بەندەیش هەر لە سەرەتاوە چەند سەرنجێکی خۆمم نووسیوە و لەداهاتویشدا دەنووسمەوە. هەر تاکێک لە نووسین یا دەربڕینی بۆچوونی خۆی بەرامبەر هەر کەسێک ئازادە. بەڵام بەرپەرچدانەوەی مەلا بەختیار بە چەواشەکردنی ڕای گشتی و کەمکردنەوەی بایەخی خەباتی ئەندامانی ئاڵای شۆڕش ناڕواتە سەر. مەلا تاکێکی ئاڵای شۆڕش بوو نەک بە پێچەوانەوە.
باڵی کۆمیتەی هەرێمەکان کە ڕەگی سەوزبوونی ئاڵا بوو لە ساڵی ١٩٨٤، بڕیاری سەرپێی تاکێک نەبوو وەک ئەوترێت، بەڵکو لەدایکبووی ئەو ناکۆکیە ئایدۆلۆژییەی ڕابوردووی ناو کۆمەڵەبووە.
هەر وەک بزوتنەوەی گۆڕانیش زادەی بڕیارێکی سەرپێی نەوشیروان مستەفا نەبوو، بەڵکو وەک باڵێکی جیا لە ناو کۆمەڵەی جاران و ینک دوای ڕاپەڕین هەمیشە چالاکبووە. ڕاستە وەک ئایدۆلۆژی لەگەڵ باڵی تاڵەبانیا هیچ جیاوازیەکیان نەبوو بەلکو لەسەر شێوەی ئیدارەکردنی کۆمەڵگا جیاوازبوون. لە کاتی جیابوونەوەیشدا هێزیکی زۆری پێشمەرگەو توانایی دارایی ینک یان برد. ینک لە بەرپەرچدانەوەی جیابوونەوەی گۆڕاندا موچەی لایەنگیرانی گۆڕانی بڕی. ینک تەنها ئەم بەرپەرچدانەوە قێزەوونەی بۆ گونجا دەنا هەمان ڕەفتاری کە دژ بە ئاڵای ئەنجامدا، دژ بە گۆڕانیش دەیکرد. گۆڕانەکان دژ بەمە ناڕەزایی زۆریان دەربڕی. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەمان گۆڕان کەدژ بە بڕینی موچەی خۆی لە بەرامبەر بە ئازادی ڕادەربڕینی خۆی هاتە دەنگ، ئێستا شانازی بە سوکایەتی کردن، کوشتن و ڕاونانی دوێنێی ینک دژ بە ڕا جیاوازەکان دەکەن.
تێبینی: هەڵگرانی بیری ئایدۆلۆژی کوردستانی گەورە پاش ڕوخانی سەدام ڕایانکردە بەغا، عێراقێکی داڕوخاویان دروستکردەوە و بە دەس قین لەدڵانی دژ بە کوردستانیان سپارد. لە هەمان کاتدا کوردستان لە بری پشتیوان بۆ تێکۆشەرانی پارچەکانی تری کوردستان بۆ گۆڕەپانی ڕاونانی ئەوانە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان گۆڕی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە