کاتێك پیشمەرگە دەبێتە ئامرازی دەسەڵات!

Saturday, 09.26.2020, 16:54

1375 بینراوە


ساڵانی گەنجیم کاتیك ناوی پێشمەرگەم دەبیست هەستم دەکرد فریشتەیەکە کە لە ئاسمان هاتۆتە خوارێ تەنیا بۆ ئەوەی کورد رزگار بکا.وامدەزانێ هەر کەس باسی پێشمەرگە بکا دەبێ سەرەتا دەستنوێژ بگرێ وپاشآن ناوی پێشمەرگە بێنێتە سەرزاران.قەڵافەت وهەیبەتیی پێشمەرگەم بە بارتەقای دووری ئاسمان وعەرز بڵند دەشووبهاند.دەمگووت ئەوانە ئەو قارەمانەن کە بۆ رزگاریی نەتەوەیەکی بندەست دەستیان داوەتەچەک تا لە ژێر دەستەیی رزگارمان بکە.دەمگوت هیچ هێزودەوڵەتێک دەرەقەتی پێشمەرگەنایە.ئاواتم ئەوە بووکاتێک منداڵم ببێ ناوی بنێم پێشمەرگە.یانی: پێش ...مەرگی،خاکو نیشتمان.
حیزبایەتیو حیزبۆکەکان وخرم خردەی حیزبیی پێشمەرگەشی خستە ژێر پرسیار؟هەر گەجەرگۆجەرێک حیزبێکی راخست وچەند چەکداری لە دەوری خۆی کۆ کردوە ناوی دەنێ پێشمەرگە! لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە ئەو کوڕە هەژارانەی کە دەبنە تفنگچی بنەماڵەو سەرۆک خێڵ وسەرۆک دەرەبەگ وانیشآن دەدەن ئیللاوبیللا تەنیا کوردستانی سەربەخۆیان دەوێ بۆیە!
رەوشی هەری ئاڵؤز و جێگای مەترسیی لە باشووری کوردستان وداهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانە!ئەزموونی قڕێژی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی لەو ماوەیەدا دەرکەوتووە کە پێشمەرگە،پێش...مەرگی … نەتەوەو نیشتمانەکەی نییە.ئامرازێکە دەدەست تاقمێک مافیای خوێڕی وسەرشۆڕ کە بۆ پاراستن ومانەوەی خۆیان ورازی کردنی دەسەڵاتی تورک وفارس بە کار دەهێنرێن.


پێشمەرگە بۆ بۆتە جێگای گومان و پرسیار؟

ماوەی ٢٩ ساڵە ئەو دووبنەماڵەیە هیچ نەماوە بە پێشمەرگەی نەکەن.پاسەوانیی پێدەدەن،شەڕی دەسەڵاتداریی پێدەکەن،شەڕی ناوخۆیی هەر بە دەستوتفەنگیی ئەوان دەکرێ!برسی ورەشورووتیان رادەگرن!مافی رەخنەیان پێ نادەن،هەرچەکدارێكیش رەخنەی لێ گرتن خێڕا دەری دەکەن وئابڕوشی دەبەن.لە کوێ دونیادا بینراوە پێشمەرگە لە بەر هەژاریی خۆی بکوژێ؟یان سواڵ بکا؟لە کوێی دونیادا بینراوە تاکی بەرپرس وگەندەڵ لیوای تایبەتیی خۆی هەبێ؟لە باشووری کوردستان نێوان پێشمەرگەوکۆیلە هیچ جیاوازیەک بەدی ناکەم.
هەرمرۆڤێک خاوەنیی کەسایەتی خۆیەتی،مرۆڤەکان لە هەر پلەوپایەی دەسەڵاتدابن پێویستە کەسایەتی خۆیان زیاتر بپارێزن.زۆرینەی حیزبە کوردیەکان لە باشوورورۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر بنەمای چارەسەریی کێشەی کورد بونیاد نەنراون.ئاڵوگۆڕیی جیهانی وناوچەیی بۆتە دروست بونی حیزبێکی کوردستانی،ئەوحیزبانە پێش ئەوەی بەرنامەو ئەساسنامەی خۆیان بۆ ڕای گشتی ودونیای دەرەوە ئاشکرا بکەن،دەبنە خاوەنی سەرکردوە بەرپرس وکارگێڕی حیزبیی،کاتێکیش گەیشتنە سەر کورسیی دەسەڵات بە هیچ تۆفان وباوباۆزێک لاناچن.نموونەی هەری زیندوو بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانییە کە پاش مردنی باوکیان هەرکام بەشێوەیەک دەبنە خاوەن هیزوخاوەن سەروەتوسامانی حیزبیی..
ئێستێ پێشمەرگە بۆتە چەکداری بنەماڵە وپارێزەریی سەروەت وسامانی ئەو دزانە.لە هیچ کوێی ئەو دونیایەدا نەبینراوە سامانی وڵاتێک دەدەست چەند بەرپرسێک دابێ وبەرپرسی خاوەن چەکداریش لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا مافی خۆپاڵاوتنی هەبێ!داوا لە جیرەخۆرەکانی بکا کە دەنگیی بدەنێ!
جارجار تاقمێک بەرپرسیی حیزبیی باسی دێمۆکڕاسی وئازادی دەکەن لە باشوری کوردستان!وەک ئەوە وایە کە خێریان بە خەڵكی وەزاڵەهاتووکردبێ.منداڵی هەژارەکان گیانی خۆیان لە دەستداوە کەچی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی خۆیانی پێ هەڵدەکێشن.دێمۆکڕاسی لە باشوری کوردستان وەک پەڕۆشڕەیەکی لێهاتوە کە چەتەسیاسیەکانی سەردەم دە دەمووچاویای خۆیانی هەڵدەسوون.


گەجەر و گۆجەرەکان ناتوانن مێژوو بنووسنەوە:

ئەورۆژانە مەلابەختیاری گرینۆکیش بەسەرهاتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە وناوی ناوە لە بری بیرەوەری!مەلا دەخوازێ پێمان بڵێ،من مێژووم نووسیوەتەوە.یەکێک لەو دیاردەمەترسیدارانی کە لە نیوسەدەی رابوردوودا سەریهەڵداوە،نووسینەوەی بیرەوەریەکانی تاقمێک گەجەرگۆجەری سیاسییە کە بەرواڵەت باس لە تێکۆشان وخەباتی رابوردووی خۆیان دەهەن.تائیڕە چەند کتێبێکم لەو چەشنە هاتۆتە بەرچاو.مرۆڤ کاتێک سرنج دەداتە لاپەرەکانی ئەو کتێبانە،ماتمای دەمێنێ ولە خۆی دەپرسێ ئەوانە بڵاوکردنەوەی زەهرن یان پێناسەیەکن بۆ هزروڕآمانی نەوەکانی داهاتوومان.هەر میر منداڵێکی کورد یان هەرگەنجێکی کورد ئەو پەڕتووکانە بخونێتەوە دەمارەکانی مێشکی تژی دەبێ لە زەهرێک کە تامردن دەگەڵی دەژی!بەشێكی مەزن لەو زەهرە لە بەرچاوانە.ئەوەنییە هەزاران کەس لە سەر ناوی پێشمەرگە وپێش...مەرگی وڵات بە لە دەستدانی گیانی خۆیان وژن ومنداڵیان سەروەتوسامانی بەرپرسانی ئەو دووبنەماڵەیە دەپارێزن.!
دەڵێن،پێشمەرگە شەڕی داعشی کردوە،من ئینکەبەریی ئەو کارە نیم.بەڵام تەواوی شەڕەکانی سەرزەوی خاوەن بەرهەمن بۆ وڵات وپاراستنی وڵات وبۆ داهاتووی وڵات شەڕەکانی ئەو چەکدارانە دژی داعشیش هەر دەسەڵات بەرهەمەکەی خوارد!چەند منداڵی یەکێک لە بەرپرسانی هەیی لە شەڕی داعشدا فەوتان؟ لۆمپەنەکانی وەک شێخ جەعفەروکەماڵ کەرکوکی و... بۆ لەو شەڕانەشەدا بۆ جارێکیش بریندار نەبون یان نەکوژران؟تا بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی خاوەنی ەک وخاوەنی پارەی دزیەتی بن کورد لە کوردستان حەسانەوە بە خۆی نابینێ.قەراوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە عێڕاق کەسایەتی وحیزبی بەرواڵەت سیاسی نابێ میلیشیاو چەکداریان هەبێ چون مافی خۆپاڵاوتن وهەڵبژاردنیان لێ دەستێندرێتەوە.ئەوە پەیامێکی گرینگ وجێگای ئۆمێدە کە بۆ داهاتوو پەڕووپۆی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی هەڵدەپرووزێ و بەرەو لاوازیی خلۆردەبنەوە. بە هیوای ئەورۆژە با چاوەڕووان بین.

جەعفەرکەریمی
سندوقی کوردستانپۆست




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 4/5)