داگیرکەر هەموو کات نەفرەت نییە!

Wednesday, 09.30.2020, 3:16

1711 بینراوە


ئیسماعیل بێشکچی گەورە کۆمەڵناسی تورک و دۆستی کورد دەڵێت: "خراپترین دەسەڵاتی کوردی لە باشترین دەسەڵاتی دوژمن باشترە".

داگیرکاری لە کورتترین پێناسەیدا واتە ئیتنۆساید و جینۆساید بە هەموو جۆرەکانییەوە. واتە ئینکاریکردنی بوون و ڕەگەز و نەژادی نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەی سوپا و دەسەڵاتە داگیرکەرەکە. داگیرکەر واتە جەنگ و خوێن و ماڵوێرانی مەملەکەتە داگیرکراوەکە. داگیرکاری واتە بەپلە یەک زانینی نەتەوەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکە و بە کۆیلە و پلە دوو زانینی نەتەوە داگیرکراوەکە. داگیرکاری بە مانای گەمارۆدان و ڕێگەگرتنی ئازادی نەتەوەیی و سیاسی و ئازادی ئاینی و ڕادەربڕین و مافە کەلتوری و ڕۆشنگەرییەکانی نەتەوەی داگیرکراوە. بەمانای لە ناوبردن و سێدارە و زیندانیکردنی شۆڕشگێڕە نەتەوەییەکانە کە لە پێناو ئازادیدا تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەن.

داگیرکاری هەندێکات پیلانگێڕی و گەلەکۆمەکێی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە دژی نەتەوە و ووڵاتێک کە جیۆگرافییەکەیان ستراتیجی و دەوڵەمەندی پڕ کانزایە و سەنتەر و مەڵبەندێکی گرنگی نێونەتەوەیی ئابوری و سیاسییە، و دواتر ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی درێژخایەنیشی بە سەردا دەسەپێنرێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا داگیرکاری بە مانای پاشخستنی نەتەوەیی داگیرکراوە لە ئاستی ڕووداوە مێژووییە گرنگەکانی جیهان.
بەڵام بابزانین جگە لەم هەموو ماڵوێرانی و تێکدانی سەرخان و ژێرخانە ئابورییە، ئایا داگیرکاری جگە لە نەفرەت هیچ خێرێکی هەیە؟ ئایا نەوەکانی داهاتووی نەتەوەی داگیرکراو دوای ئازاد بوون هیچ خێرێک لەو داگیرکارییە دەبینن؟ یان بە مانایەکی دیکە داگیرکەر هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجی و خزمەتگوزاری لە مەملەکەتە داگیرکراوەکەدا ئەنجامدەدەن؟ ئایا نەتەوەیی داگیرکراو قازانج لەو داگیرکارییە دەکات؟ ئایا گەر ئەو ووڵاتە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو دا داگیر نەکرایە دەبوو بە خاوەنی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی گەورە و گرنگ؟ یان بۆچی نەوەکانی نەتەوەی داگیرکراو بەقۆناغێک دەگەن خۆزگە بە زەمانی داگیرکاری بخوازن؟ ئایا داگیرکاری خێری تێدایە؟ یان تەنها نەفرەتە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندانی دیکەی تۆی خوێنەر باسێکی کورت لەو پڕۆژانە دەکەین کە لەم مەملەکەتەی خۆماندا لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوودا لە لایەن داگیرکەرانەوە دروستکراون و لە ئێستا دا بونەتە خێر بۆ میلەتێک کە چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینی و کۆڕەی ئەنجامدا لە پێناو وەدەرنانی داگیرکار و دامەزرندنی دەسەڵاتێکی خۆماڵی و ئاواکردنی حکومەتێکی یەکگرتووی خزمەتکاری گەلێکی جینۆسایدکراو، لە کاتێکدا ئێستا پێچەوانەکەی دەبینین، دەسەڵاتێکی گرێدراو و بنەماڵەچی و گەندەڵ و مافیایی و قاچاخچی خۆسەپێن، خەڵکیشیان بە ئاستێک گەیاند نەفرەت لە دەسەڵاتی خۆماڵی بکات.

کوردستان بە هۆی ئەوەی خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نەبووە کەوتۆتە بەر داگیرکاری فارس و عارەب و تورک و ئەوروپی (فەڕەنسا و بەریتانیا) و ڕووسی و ئەمریکییەوە، بەڵام بابزانین ئەم داگیرکەرانە جگە لە جینۆساید و ئیتنۆساید هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری و ستراتیجییان لە کوردستان دا ئەنجامداوە بە تایبەتی لە باشوری کوردستان.

لێرەدا باس لە گرنگترین دوو پڕۆژەی ستراتیجی دەکەین کە لە زەمەنی داگیرکاری بەریتانیا لە عێراق و لە سەردەمی حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق لە باشوری کوردستان دروستکراون، ئەوانیش بەنداوی (دوکان و دەربەندیخانە) لە سنوری پارێزگای سلێمانی. ئەم دوو بەنداوە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی شیرین و کارەبای سەنتەری شاری سلێمانی و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەریەتی، سەرەڕای بوونی ئەم دوو بەنداوە گەورەیە، بەڵام هەموو هاوینێک ئاو و کارەبا کێشەی گەورەی دانیشتوانن.
بیهێنە بەرچاوی خۆت گەر ئەم دوو بەنداوە نەبوایە تەواوی پارێزگای سلێمانی لە ڕووی ئاو و کارەباوە لە چی بارودۆخێکدا دەبوون لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی کوردی تەمەن بیست و هەشت ساڵ دا؟

باشە گەر بەریتانیای نەفرەتی، عێراق و باشوری کوردستانی داگیر نەکردایە و ئەم دوو بەنداوەی دروست نەکردایە، ئاو و کارەبای ئەم سنورە جیۆگرافیە فراوانە چۆن دابیندەکرا؟ لە کاتێکدا مێژووی بنیاتنانی ئەو شار و شارۆچکانە لە مێژووی تەمەنی ئەو دوو بەنداوە کۆنترە، واتە بەنداوەکان بۆ خاتری ئەو شار و شارۆچکانە دروستکراون، نەک ئەو شار و شارۆچکانە دوای دروستکردنی بەنداوەکان بنیادنرابن. ئەم بەنداوانە جگە لەوەی بەشێکی گەورەی ئاو و کارەبای پارێزگای سلێمانی دابین دەکات، بەهۆیەوە بە هەزاران دۆنمی زەوی کشتوکاڵی کردوە بە زەوی بەراو، بونەتە ناوچەیەکی گەشتیاری گەورە کە ساڵانە حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان بە ملیاران دینار لێ دەست دەکەوێت و یەکێکە لە سەرچاوەکانی داهات و بودجەی هەرێم، بەهۆی ئەوەی هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن. ئێستا دەتوانین بڵێین سوپاس بەریتانیای داگیرکەری نەفرەتی؟

ئەگەر سەیرێکی گەڕەک و شارۆچکە و قەزا و ناحێیەکان بکەیت، دەبینیت بەشێکی گەورەی قوتابخانە و بنکەکانی تەندروستی و نەخۆشخانە و ڕێگاکان لە سەردەمی حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراقی داگیرکەری نەفرەتی، بەتایبەتی لە زەمەنی بەعس و سەدام حسێن دا دروستکراون لە نێوان ساڵانی 1979 تا 1991، واتە لە ماوەی (11) ساڵدا، سەرەڕای جەنگی هەش ساڵەی لەگەڵ ئێران و شەڕە بەردەوامەکانی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی کورد دا. هەموو ڕێگە یەک ساید و دوو سایدەکانی نێوان شارۆچکە و شارە گەورەکانی باشوری کوردستان لە لایەنی عێراقی داگیرکەری نەفرەتییەوە دروستکراوە.

ئەگەر سەیرێکی نەخشەی کۆمەڵگا زۆرەملێکان و شارۆچکەکان بکەیت نەخشەی چەندین خوێندنگا و بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان و پڕۆژەی ئاو و مزگەوت و باخ و باخچە دەبینیت، گەر شەڕە بەردەوامەکانی ئێران و هێزە کوردییەکان لە کەرکوک و هەڵەبجە و شارباژێڕ و قەڵادزێ و پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ڕەواندوز دەرفەتی بدایە هەمووی جێبەجێ دەکردن. هەموو ئەو شەڕانەش هێزە کوردییەکان هۆکار بوون کە دەستی سوپا و پاسداری ئێرانییان ڕاکێشابوویە ئەو ناوچانە.

بیهێنە بەرچاوی خۆت گەر حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق ئەو هەموو مەڵبەندە تەندروستی و نەخۆشخانانەیان دروست نەکردایە بارودۆخی تەندروستی چەندە وێرانتر دەبوو؟ یان گەر ئەو هەموو ڕێگە یەک ساید و جود سایدانەی نێوان شار و شارۆچکەکان لەلایەن حکومەتە نەفرەتییەکانی عێراقەوە دروست نەکرایە ئێستا بارودۆخی هاتۆچۆ چەندە وێران دەبوو؟ ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ چەند زیاتر دەبوو؟ یان گەر ئەو هەموو خوێندنگایانە دروست نەکرایە بارودۆخی پەروەردا لە چی ئاستێکدا دەبوو؟ ئەمانە و چەندین ئەگەری دیکە...

لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێین هەر کاتێک هێزە چەکدارەکانی کورد ڕێگەیەکیان دەگرت، پردێکیان دەتەقاندە، پەلاماری نەخۆشخانە و خوێندنگا و کارگە و دام و دەزگایەکی میریان دەدا، ناویان دەنا چالاکی گیانبازی!

لەبەرامبەر دا دەسەڵاتی کوردی لە بری بنیادنانی خوێندنگا و نەخۆشخانەی پێشکەوتو و پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵی و پیشەسازی، چەندین مۆڵی گەورە و پێشەنگای گەورەی سەیارە، ئوتێل و میوانخانەی گەورەیان بنیادناوە، کە بە تێچووی هەریەک لەم پڕۆژانە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری دروست دەکرا. ئەگەر سەیرێکی هاوینەهەوارەکان بکەیت چەندین پڕۆژەی گەشتیاری دەبینیت کە یان هی بەرپرسێکە یان بەرپرسێکی لە پشتەوەیە. چەندین هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیاران لەلایەن بەرپرسانەوە تەلبەندکراوە. لە ناوەندی شارەکان دا چەندین کۆمەڵگە و گوند و شاری هاوچەرخ بنیادنراوە کە جگە لە فراوانکردنی پانتایی جیاوازی چینایەتی و کەڵکەکردنی سەرمایەی بەرپرسەکان کەڵکێکی گشتی نییە. دەیان پڕۆژەی گەورەی میدیای بنیاد نراوە بۆ مەبەستی شارچێتی و پیرۆزکردنی بنەماڵە. دەیان هێز میلیشیا و هێزی دەمامکدار دروستکراون بۆ پاراستنی شەخس و بنەماڵە و تۆخکردنەوەێ سنورەکانی دوو ئیدارەیی و دابەشکاری.

لە کۆتاییدا دەڵێن لە سایەی خراپترین دەسەڵاتی بێگانە و دوژمنی نەفرەتی دا ئەو هەموو پڕۆژە ستراتیجی و خزمەتگوزاریانە بنیادنراوان، بەڵام باشترین دەسەڵاتی کوردی ڕەنگ و ووشەکان و شارەکانی دابەشکرد، بەرهەمی باشترین دەسەڵاتی خۆماڵی بنەماڵەچێتی و گرێدراوی دەرەکی و پتەوکردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مافیایی و تاڵانچێتی بوو، لەبری ئاواکردنی سیستمێکی دیموکراتی، حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی و مەدەنی و هێزێکی سەربازی ڕاهێنراوی نیشتیمانی.