ئیسماعیل بێشکچی گەورە کۆمەڵناسی تورک و دۆستی کورد دەڵێت: "خراپترین دەسەڵاتی کوردی لە باشترین دەسەڵاتی دوژمن باشترە".
داگیرکاری لە کورتترین پێناسەیدا واتە ئیتنۆساید و جینۆساید بە هەموو جۆرەکانییەوە. واتە ئینکاریکردنی بوون و ڕەگەز و نەژادی نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەی سوپا و دەسەڵاتە داگیرکەرەکە. داگیرکەر واتە جەنگ و خوێن و ماڵوێرانی مەملەکەتە داگیرکراوەکە. داگیرکاری واتە بەپلە یەک زانینی نەتەوەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکە و بە کۆیلە و پلە دوو زانینی نەتەوە داگیرکراوەکە. داگیرکاری بە مانای گەمارۆدان و ڕێگەگرتنی ئازادی نەتەوەیی و سیاسی و ئازادی ئاینی و ڕادەربڕین و مافە کەلتوری و ڕۆشنگەرییەکانی نەتەوەی داگیرکراوە. بەمانای لە ناوبردن و سێدارە و زیندانیکردنی شۆڕشگێڕە نەتەوەییەکانە کە لە پێناو ئازادیدا تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەن.
داگیرکاری هەندێکات پیلانگێڕی و گەلەکۆمەکێی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە دژی نەتەوە و ووڵاتێک کە جیۆگرافییەکەیان ستراتیجی و دەوڵەمەندی پڕ کانزایە و سەنتەر و مەڵبەندێکی گرنگی نێونەتەوەیی ئابوری و سیاسییە، و دواتر ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی درێژخایەنیشی بە سەردا دەسەپێنرێت.
کوردستان بە هۆی ئەوەی خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نەبووە کەوتۆتە بەر داگیرکاری فارس و عارەب و تورک و ئەوروپی (فەڕەنسا و بەریتانیا) و ڕووسی و ئەمریکییەوە، بەڵام بابزانین ئەم داگیرکەرانە جگە لە جینۆساید و ئیتنۆساید هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری و ستراتیجییان لە کوردستان دا ئەنجامداوە بە تایبەتی لە باشوری کوردستان.
ئەگەر سەیرێکی گەڕەک و شارۆچکە و قەزا و ناحێیەکان بکەیت، دەبینیت بەشێکی گەورەی قوتابخانە و بنکەکانی تەندروستی و نەخۆشخانە و ڕێگاکان لە سەردەمی حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراقی داگیرکەری نەفرەتی، بەتایبەتی لە زەمەنی بەعس و سەدام حسێن دا دروستکراون لە نێوان ساڵانی 1979 تا 1991، واتە لە ماوەی (11) ساڵدا، سەرەڕای جەنگی هەش ساڵەی لەگەڵ ئێران و شەڕە بەردەوامەکانی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی کورد دا. هەموو ڕێگە یەک ساید و دوو سایدەکانی نێوان شارۆچکە و شارە گەورەکانی باشوری کوردستان لە لایەنی عێراقی داگیرکەری نەفرەتییەوە دروستکراوە.
ئەگەر سەیرێکی نەخشەی کۆمەڵگا زۆرەملێکان و شارۆچکەکان بکەیت نەخشەی چەندین خوێندنگا و بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان و پڕۆژەی ئاو و مزگەوت و باخ و باخچە دەبینیت، گەر شەڕە بەردەوامەکانی ئێران و هێزە کوردییەکان لە کەرکوک و هەڵەبجە و شارباژێڕ و قەڵادزێ و پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ڕەواندوز دەرفەتی بدایە هەمووی جێبەجێ دەکردن. هەموو ئەو شەڕانەش هێزە کوردییەکان هۆکار بوون کە دەستی سوپا و پاسداری ئێرانییان ڕاکێشابوویە ئەو ناوچانە.