ئەو کاتەی مریشک هێلکەی نەعامە دەکات

Thursday, 01/10/2020, 19:16

7737 بینراوە


ئێمە ناتوانین کە سایەتی کەسەکان تەنیا لە ڕوخساریاندا بخوێنینەوە

ماوەیەکە لە نیشتمان لە ناو ئەو هەموو لەشکرکێشی و بۆردمان و هەرەسەدا، کەسانێک هاتوون لەڕێگەی کتێبێکەوە مێژوو بە ڵنگەو قوچی دەگێڕنەوە و خۆیان لێبۆتە "جیۆگی ژۆکۆف"ی یەکێتی سۆڤیەت، باسی قارەمانێتیەک دەکات کە لە خەیاڵی خۆیدا دۆنکیشۆتێکە وێنەی نییە، کە لەڕێگەی ڕووداوی میتەوە نمایش دەکرێت.
جیاوازی نێوان پارتیی و یەکێتیی نییە، ئەوەی جیاوازی دەخاتە نێوانیانەوە، ئەوانەن کە نە مێژوویان خوێندۆتەوە، نە لە سیاسەت دەزانن، نە بەرپرس و سەرکردەکانیان دەناسن کە وەک داگیگرکەران خۆیان لەو نیشتیمانەدا داکوتاوە.
ئەوانەی لەسەر ئەم حیزبانە شەڕ دەکەن و پەلاماری یەکتر دەدەن، ئەوانەن کە نەزانن یان کۆیلەو هەلپەرستن لەبچوکی خۆیاندا ئاوا ڕەفتار دەکەن، نەک تەنیا پارتی و یەکێتی، بەڵکو هەموو حیزبەکانی تریش بەهەمان شێوە کۆپیکراوی پارتیی و یەکێتین، وەکو ئەرکێکی سیخوڕی و خزمەت بە داگیرکەران لەسەر هەمان بەرنامەی خیانەت و ناپاکی دەڕۆن کە دوژمانی کورد لە رێگای پارتیی و یەکێتییەوە نەخشەڕێگەیان بۆ داڕشتوون.
بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەی مارێکی سڕ و کۆپی جەستەی یەکێتییە، کە رۆحی پارتیی و کاری هەواڵگری پاراستن کراوە بە بەریدا.من پێم وانییە نەوشیروان مستەفا لە خۆڕا، یان لە نەزانینەوە بێت، کە ئەو هەموو کەسەی لە دوای خۆی بوونە پارتیی و یان لە ناو گۆڕاندا لیکاوی زەردیان لە دەم دێتە دەرێ، نەیناسیبن و بە رێکەوت داینابن.هەموو پێشوەخت بە پلان ئەم کەسانە هەڵبژێردراون، بۆ ئەوەی لەدوای خۆی منداڵەکانی ئاسودانە لەسەر ئەو میراتی داگیرکاراو و زەوتکراوی ئەم نیشتیمانە دانیشن.
ئەگەر بە لیستی ناوی گۆڕانبازەکانی ناو نەوشیرواندا گوزەر بکەین، لە ٨٠%ی بەرپرسەکانی ناو گۆڕان ئەمڕۆ بوونەتە پارتیی، یان لە ژێرەوە کاریان بۆی کردووە، ئەوەی ماوە لە قسە و لێدوانەکانیاندا لیکاوی زەردی پارتییبوون لە دەمیان دێتە دەرێ، لە نمونەی هۆشیار عومەر.
ئەمە داڕزانی رەوشت و ئەخلاقە کە ئەو بەرپرسانەی شاخ لەگەڵ خۆیاندا هێنایانە ناو شار و دەسەڵاتیان پێ بەڕیوەبرد و خەڵکیان بەرەو خیانەت و ناپاکیی و بەدرەوشتی پەروەردە کرد.
بەڕیزێک پێش ماوەیەک باسی لە کەسێتی نەوشیروان کرد، وتی نەوشیروان مستەفا لە بواری نووسیندا هەرچەندە لە هەموو بەرپرسەکانی کورد بە تواناتر و دەسترەنگینتر بووە ، بەڵام ئەم کەسە تەنیا لە ناو میللەتێکی نەزان و تێنەگەێشتوودا وەک سیاسیی دەناسرێت، دەنا بە پێوەری زانستیی و ئەکادیمیانە بێت، جگە لە ئەزمونی زۆری کاری حیزبایەتی نەوشیروان کەسێکی لێهاتوو نەبووە، کە دەبوو زۆر لەوە بەکارامەتر و زیرەکتر بوایە، کەسی سیاسیی هەموو بەیانییەک کە لە خەو هەڵدەستێت دەبێت پلانی هەبێت سیاسەت و فیکری دەوڵەمەند بێت، هەمیشە پلانی گۆڕانکاریی و پێشنیاریی بەرنامەی داهاتووی حیزبەکەی هەبێت. دەبوو نەوشیروان عەقڵی بەڕێوەبردنی لە ئاستی بیرکردنەوەیدا بوایە، نەوشیروان هیچی لەمانە پێ نەبوو، لە شاخ خەریکی پلاندانان بوو بۆ کوشتنی نەیارانی جەلالیزم، یان سوکایەتیی و گاڵتەی پێکردوون، هەمیشە پێشمەرگەی لە لا سووک بووە و قسەی رەقی داوە بەڕوویاندا کە رەخنەیان لێی گرتووە.بۆیە بزووتنەوەکەشی بەو ئاڕاستەیە برد، گوێی بە چارەنووس و پاشەڕۆژی گۆڕانیش نەدا.
ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە ناو گۆڕانەوە دەچن و دەبنە پارتیی، هەموو بەرهەمی عەقڵی نەوشیروان و جەلالییزمە، عەقڵی ئەوانیش ئاکامی خیانەت و خزمەتی دوژمن بووە. ئەگەر بەپلانیش ئەوەیان نەکردبێت، ئەوە ئەنجامی ئەو کردەوانەیان ئەوەی کردوە. دواجار ئەگەر مێژوو بە هەڵەش بنووسرێتەوە، بەڵام بە هەڵە ناخوێنرێتەوە و لێکدانەوەی بۆ ناکرێ، با ئەم بەرپرسانەش بە ئارەزووی خۆیان چیان بوێت بینووسنەوە. مێژوو ئەو چەند دێڕە نییە، کە ئەمانە یادەوەریی خۆیان دەگێڕنەوە، بەڵکو ئەو رەفتار و کەسایەتییەی خۆیانە کە هەڵسوکەوتی پێدەکەن، ئەوە مێژوویانە کە ئێستا هەموومان بە روونی دەیبینین چیان لەم نیشتیمانە کردووە. مەلابەختیار هەرچییەک بنووسێتەوە، خوێنەر هەر لە دیتنی ناوەکەی خۆیەوە هەڵسەنگاندن بۆ راستییەکان دەکات، نەک مەلا بەختیار، بەڵکو نەوشیروان، تالەبانی و هەموو بەرپرسەکانی تریش چی بنووسن، ئەوەندە ناچننەوە کە خۆیان دڵی مێژووی خۆیانی پێ خۆش بکەن.خائین هەر خائینە، پێوەری خیانەت بە کردار و بەرهەمی بەڕیوەبردنیان دەردەکەوێت.سی ساڵ کەم نییە، کە کەس نەتوانێت ئەمانە بناسێت و لەئەنجامی ئەم هەموو هەرەسە نەڕوانێت. 


لەم ڕۆژانەدا کەمەلا بەختیار کتێبێکی خستە ناو کایەی ئەم هەموو داماوی گەلەکەمەوە، منیش هەندێک کورتە چاوپێکەوتنی ترم لەسەر مەلا بەختیار سەیرکرد ، لەهەمووی سەرنج ڕاکێشتر چاوپێکەوتنێکی بوو لەگەڵ "کاوە ئەمین" بەناونیشانی مەلا بەختیار دوور لە سیاسەت. 
مەلا بەختیار دەزانێت عەبدوڵا ئۆجەلان لەچەند شوێنێکدا باسی کەسایەتی دایکی دەکات، ژنێکی ئازا بووە و باوکی ئاپۆ لەچاویدا لاواز بووە، کاتێک ئاپۆ بۆمان دەگێڕێتەوە کە دایکی لەگەڵ باوکیدا بەشەڕدێت، باوکی ئاپۆ دەچێتە بەرهەیوانەکە و دەنگی هەڵدەبڕێ و دەقیژێنێت چونکە توانای ڕووبەڕووبونەوەی نێیە لەگەڵ دایکی ئاپۆدا، دایکی ئاپۆ لەسەر کەسایەتی ئاپۆ ڕەنگدانەوەی هەبووە. لەم ڕوانگەیەوە مەلاش دێت دەیەوێت لاسایی ئۆجەلان بکاتەوە دەڵێت: دایکم سیاسی نەبوو، بەڵام شێرە ژن بوو. زۆرشتی جوانی فێرکردم لەسەروو هەموویانەوە ئەوەی فێرکردم کە هەرگیز دزیی نەکەم. پاش تەنیا یەک دەقیقە، لێی دەپرسێت تۆ دەزانیت مەلە بکەیت؟ مەلا دەڵێ: من مەلەوانێکی باشم کە لە ئەڵوەند لەژێر پردەکەدا مەلەمان دەکرد، با بۆت باس کەم دەچووین لەباخەکەی نزیک پردەکە هەنارو ترێ و هەنجیرمان دەدزی. کاوە دەڵێ: دزیشتان دەکرد ؟ مەلادەڵێ ئا بەس بۆ خۆمان...ههههههها. لێرەدا مەلا بەختیار لە بیری دەچێتەوە کە بە دەمی خۆی هەر ئیستا وتوویەتی، گوایا دایکی فێری دەستپاکیی کردووە و دزێتی نەکات!
مەلا سوکایەتی بە پاسەوانەکانیشی دەکات دەڵێت: من حەرەسم هەبوە ئێستا چەند کۆمپانیای هەیە، من خاوەنی هیچ نیم، لەوێشدا درۆیەکی زلیش دەکات کە هەموو دەزانین لە سیتەک باخێکی گەورە، هەروەها ماڵێکی قەشەنگ لە سلێمانی، ماڵێکی تریش لە شەدەڵە، مەهابادی ژنی پارە بەسوو دەدات بە خەڵکی سلێمانی، لەگەڵ ئەمانەشدا تێچوونی گەشتەکانی ئەوروپا و ماڵ و ڕیستۆرانی منداڵەکانی لە سوئید و دەزگای گەلاوێژ، کە زیاتر لە ٢٠ساڵە ووشەیەکی جوانیان نەخستۆتە سەر نووسینی کوردی، دەزگای و ڕۆژنامەی چاودێر! هەموو ئەمانە لە دەرەوەی ئامۆژگاری دایکە شێرە ژنەکەیەتی، کە وەک خۆی دانی پێدا دەنێ، کە پێی وتووە :کوڕم دزی مەکە دزی بڤەیە.
ئەوەی من ئاگادار بم و بۆیان گێڕامەوە، کە مەلا بەختیار بەهاوکاری مامۆستا جەعفەر و فوئادی مەجید میسری لە شەدەڵە لە ڕێگەی پاراستنەوە ئەم کتێبەی بەرهەم هێناوە جەعفەر لە ڕۆمانی ڕاوەماسیدا دەڵێت: ئەگەر ئەم جارە سیاسەتم کرد کە نایکەم وەک ئەوەیە لە گۆمێکی پڕ تیمساحدا مەلە بکەم، منیش نایکەم. مەلاش ووتی: گەر بچمەوە ناو یەکێتی کە ناچمەوە دەڕۆم دەبمە "سووزانی لەبەغداد" بەس ناچمەوە ناو یەکێتی. فوئادیش چیرۆکی ژیانی لە ڕێگەی کاک ئاوات قارەمانێەوە ئاشناین، کە چ هەواڵێکی ناردوە بۆ شەهید ئارام و ئارامیش چۆن وەڵامی داوەتەوە. لە کتێبی کۆڵانە باریکەکاندا فوئاد دەناسین و خۆیمان پێدەناسێنێت. ئێستا ئەم کەسە تێکشکاوانە هاتوون دەڵێن ئێمە شۆڕشگێڕبووین و مێژووی ئەو هەموو قوربانییە ناشرین دەکەن، بۆیە 
کۆرییەکان پەندێکی جوانیان هەیە دەڵێن:

"ئەگەر ناتوانی قەپ بگریت، پێویست ناکات بوەڕیت" 

بەڕاستی دەمێکە پرسیارێک لە لام دروست بووە کە دەپرسم ئاخۆ شەهید ئارام کەوا لە سەر شۆڕشەکانی ئاسیا و ئەفەریقا و ڕووداوەکان قسەی هەبووە و شیکاری بۆیان کردوە، ئایا ئەمیش سەرکردەیەکی هێندە وردبین بووە، ئەی چۆنە کەسایەتیەکی وەک "مەلابەختیار، فەرەیدوون عەبدولقادر و سالار عەزیز"ی نەناسی بوو، کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵیاندا هاوڕێی بوون و لە سیاسەتدا پێکەوە کەوتۆتە ڕێ؟
من ئارامم خۆشدەوێت سەردەمانێک لەو چیایە سوێندی هەموومان بە گۆڕی ئەو پیاوە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئیستا بیر دەکەمەوە نازانم بۆچی خۆشم دەویست؟ بۆ ئەمە لەگەڵ برای ئازیزم کاک "کەمال جەمال موختار" کەوتمە گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر ئەمە ئەو پرسیارەم وروژاندن، وتم نازانم کە بۆچی ئارامم خۆشدەویست؟ کاک کەمال ووتی: ماوەیەکیش خەڵکێکی زۆر "مەلامستەفا"یان زۆر خۆش دەویست، پرسیم بۆچی؟ ئەو وەڵامە کورتە پڕمانادارەی دامەوە و ووتی: چونکە "مەلامستەفا کەس نەیدەناسی و نەیدەبینی، بە ڕۆژ دەنووست و بەشەو بەخەبەر بوو! ووتم: جیاوازی هەیە و لە نێوان ئارام و مەلامستەفا دا هەرگیز ئەم دووانە بە یەک بەراورد ناکرێت. ئەم هاوکێشەیە بۆ ئارام نابێت ووتی: چونکە تۆ ئارامت لە نزیکەوە نەدیوە. لە وەڵامدا ووتم : بەڵام من هەر ئارامم خۆش دەوێت، چونکە ئەو بەگیانی سەلماندی کە سەرکردەیە و شایەنی ئەو خۆشەویستییە بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە