بوغز ئەم ووڵاتە بەڕێوەی دەبات!

Saturday, 03/10/2020, 15:47

2636 بینراوە


ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە باشی و خراپی پەیوەندی نێوان سەرکردەکان کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ئاشایش و ئارامی و ئاوەدانی ووڵات هەیە. بەشێکی گەورەی جەنگە ناوخۆییەکان بەهۆی ململانێی سەرکردەکانەوە ڕوویداوە لە سەر بابەتی دەسەڵات و ئابوری.

لەلایەکی دیکەشەوە هەموو ئەو میللەتانەی پێشکەوتون و لە چەقبەستویی و نائارامی و وێرانەی ڕزگاریان بووە بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ کاری پێکەوەیی سەرکردە و پارتەکان بۆ خزمەتکردنی ووڵات. هەر کاتێک متمانە لە نێوان سەرکردەکاندا نەبوو میللەت دابەش دەبێت، ووڵات دووچاری نائارامی و سەقامگیری دەبێتەوە، ململانێ سیاسییەکان کۆسپی گەورە لە بەردەمی پێشکەوتنە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەکەن.

بوغز هەمیشە ڕووداوە مێژووییە تراژیدییەکان زیندوو دەکاتەوە بە ئاڕاستەی بێ متمانەی و لەیەکترازانی سەرکردەکان، لە ئەنجامیشدا زەرەدمەندی یەکەم هاوڵاتی دەبێت. بوغز هەموو پڕۆژە و فکرە و بەرنامە نەتەوەیی و گۆڕانکارییەکان ڕەتدەکاتەوە و جەهەری کارەکە دەگۆڕێت بە جەنگی سارد و جەنگی گەرم.

بوغزی نێوان یەکێتی و پارتی جەنگی ناوخۆی لەم ووڵاتەدا هەڵگیرساندووە، خوێنی ڕشتووە، پێکهێنانی دامەزراوە نیشتیمانییەکانی پەکخستووە، ووڵاتی بۆ دوو زۆن دابەش کردووە، دابەشبوونێکی هەرێمی بەسەر بەرەی تورکیای سونی و ئێرانی شیعی. ئەم بوغزە بە ئاستێک گەیشتبوو گەر لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرشیفی شەڕی برا کوژی دا بکەیت دەبینیت سەرکردەکان چەند بۆ ئاستێکی نزم دابەزیون، چەندین دەستەواژەی نەشیاویان بەرامبەر بە یەکتری گەیاندوە. تەنانەت ئەم بوغزە هاووڵاتیانی دوو زۆنەکەشی بە جۆرێک لێکترازاندووە کە جیاوازییە فەرهەنگی و کەلتورییەکانیان گۆڕیوە بۆ ململانێیەکی سیاسی سواو.

هەمیشە بۆ دەستەبەر نەبوونی مافەکانی کورد چەندین هۆکار ڕیز دەکرێت، بەڵام بوغزی نێوان سەرکردەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بێ ئەوەی هیچ کاتێک باسکرابێت. ئەم بوغزە باشوری کوردستانی دابەشکردووە بۆ دوو زۆنی دژ بە یەک کە سەرکردەکانی بە جۆرێک بێ متمانەن کە هیچ کارێکی پێکەوەی ئەنجام نادەن، هەر یەکێکیان لە دژی فکرە و پڕۆژەی ئەوەی دیکە دەیان پاساوی نالۆژیکی دەهۆننەو و لە بۆسەدان دژی یەکتری، ئامادەن دەست لەگەڵ شەیتاندا تێکەڵکەن بۆ ئابڕوبردنی خۆیان و میللەتیش. بەشێکی گەورەی ئەم قەیرانە ئابوری و داراییە و ئاڵۆزی و نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشوری کوردستان بۆ بوغزی نێوان سەرکردەکان دەگەڕێتەوە.
بۆ سەلماندنی شرۆڤەکەمان چەند نمونەیەکی مێژوویی و نمونەی زیندوو دێنینەوە.
زۆر ناگەڕێینەوە بۆ چاخە کۆنەکان یان قۆناغە مێژووییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و نوێ، بەڵکو باس لە مێژووی هاوچەرخ دەکەین.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دا (مەلا بەخیار - سالار عەزیز) لەگەڵ (پشکۆ نەجمەدین و شێخ عەلی) ڕەوتی ئاڵای شۆڕش (ئاش)یان لە نێو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بە سکرتێری نەوشیروان مستەفا دامەزراند. ڕاگەیاندنی ئەم ڕەوتە فکرییە بوغزی نەوشیروان مستەفا و مام جەلانی جوڵاند و سەرانی ئاش بە عێراقچێتی تۆمەتبار کران. لە ڕوانگەی باڵی سکرتێری کۆمەڵەوە ئاش باڵێکی تێکدەر و بان چەپ بوون. دوای ململانێ سیاسی و فکرییەکانیان لە ڕێگەی چەکەوە سەرانی ئاش دەستگیرکران، سەرەتا بڕیار بوو بکوژرێن، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕا بۆ زیندانی کردن. دوای ماوەیەکی زیندانی ئەو سێ سەرکردەیە هەر یەکە و بە جۆرێک ئازاد بوون. سەرانی ئاش و نەوشیروان مستەفا و ئیبراهیم جەلالی بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە مەلا بەختیار، هەریەکەیان بەشێوازێک باس لە سەرهەڵدانی ئاش و لە ناوبردنی دەکەن.

ئەو ڕووداوە مێژووییە لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە زەبرێکی ئەوەندە کاریگەر بووە لە سەر دڵی مەلا بەختیار، کە تاکو جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و دواتر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دا، و نەخۆش کەوتن و وەفاتی نەوشیروان مستەفا. ئەم دوو سەرکردەیە یەکتریان دەبوغزان و دژی یەکتری بوون، تەنانەت نەخۆش کەوتن و مردنی نەوشیروان مستەفا بۆ مەلا بەختیار کۆستێکی گەورە نەبوو، بەشدارییەکی گەرمیشی نەبوو لە پرسەکەیدا.

نمونەیەکی دیکە پەیوەندی نێوان نەوشیروان مستەفا و محمدی حاجی محمودی سکرتێری حیزبی سۆشیالیستی کوردستان، دیسان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دا پەیوەندی نێوان ئەم دوو سەرکردەیە تێکدەچێت، نەوشیروان مستەفا دەکەوێتە بۆسەیەکی پێشمەرگەکانی محمدی حاجی مەحمودەوە و دەستگیر دەکرێت، بڕیاری کوشتنی دەدرێت، بەڵام نەوشیروان مستەفا بە هاوکاری پێشمەرگەیەکی سۆسیالیست هەڵدێت. هەریەکەشیان ئەو وودا بەشێوازێکی جیاواز لە بیرەوەری و یاداشتەکانیاندا باس دەکەن. لەو مێژووە وە تاکو جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و دواتر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دا، پەیوەندی ئەم دوو سەرکردەیە باش نەبووە. نە محمدی حاجی مەحمود سەردانێکی دۆستانەی گردی زەرگەتەی کردووە، نە نەوشیروان مستەفا سەردانێکی گوڵەخانەی کردووە، بە مەبەستی پەیوەندی دۆستانە و فراوانکردنی بنکەی ئۆپۆزسیۆن و خزمەتی هاووڵاتیان و گۆڕانکاری لە دەسەڵات دا، بەڵکو یەکتریان بوغزاندووە و دژی یەکتری بوون. بەهەمان شێوەی مەلا بەختیار نەخۆش کەوتن و مردنی نەوشیروان مستەفا بۆ محمدی حاجی مەحمود کۆستێکی گەورە نەبوو، بەشدارییەکی گەرمیشی نەبوو لە پرسەکەیدا.

هەروەها پەیوەندی نێوان عەلی باپیر و سەرانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە سەر بوغز بەڕێوە دەچێت، سەرانی بزووتنەوە هەرگیز ناتوانن لە عەلی باپیر خۆش بن کاتێک لە ساڵی 2001 دا عەلی باپیر کۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوە جیاکردوە، لەو مێژووە و پەیوەندی نێوان ئەو دوو پارتە ئیسلامییە بوغز تەحەکومی پێوە دەکات، تاکو ئێستا کۆمەڵ نەچۆتە هیچ بەرەیەکی ئیسلامییەوە بزووتنەوی ئیسلامی تێدا بێت، بەهەمان شێوە بزووتنەوەش ئامادەیی کارێکی پێکەوەی نەبووە لەگەڵ کۆمەڵ و عەلی باپیردا. تەنانەت سەرانی بزووتنەوە تۆمەتی بەعسیبون دەدەنە پاڵ عەلی باپیر.

بینای پەیوەندییە سیاسییەکانی پارتی لەگەڵ تەواوی هێز و پارتە سیاسییەکاندا لە سەر بوغز هەڵچنراوە. لە هەموو ململانێیەکی سیاسی پارتیدا بۆغز ئامادەگی ڕاستەوخۆی هەیە. خراپی پەیوەندنی نێوان نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی هەر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە وە تاکو وەفاتی نەوشیروان مستەفا درێژەیی کێشا، تەنانەت کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2013 دا بەشداری حکومەتی کردوو بوە هاوپەیمانی پارتی، نەوشیروان مستەفا پێنج جار سەردانی پیرمامی کرد بە مەبەستی دیداری مەسعود بارزانی، بەڵام مەسعود بارزانی بۆ یەکجاریش سەردانی مەکۆی سەرەکی گۆڕانی لە سلێمانی نەکرد، نەک هەر ئەوە بەڵکو بەشداری پرسەی نەوشیروان مستەفایشی نەکرد.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، لە کۆبونەوەیەکی کادیرانی حیزبەکەیدا وتبوی "هەرگیز لە سێ کەس خۆش نابێت، مام جەلال و نوری مالیکی و د. یوسف محمد".
مام جەلال بەهۆی ئەوەی لە پارتی و جوڵانەوەی ئەیلول جیابۆتەوە و ململانی سیاسی و چەکداری لە سەر دەسەڵات و ئابوری لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا کردووە.
نوری مالکیش کە سەرکردەیەکی دیاری شیعە و حیزبی دەعوایە لە ساڵی 2008 دا هێزی دژی هەرێمی باشوری کوردستان جوڵاندووە و لە ساڵی 2013 دا بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بڕیوە.
د.یوسف محمدیش سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان لە ساڵی 2015 دا هەوڵی دا یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموار بکاتەوە بە ئامانجی گۆڕینی سیستمی حوکم لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەڕلەمانی و لە کارخستنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی. واتە بوغز تەحەکوم بە پەیوەندییە دۆستایەتی و دوژمنکارییەکانی مەسعود بارزانییەوە دەکات.

نمونەیەکی دیکە پەیوەندی نێوان لاهور شێخ جەنگی و مەسعود بارزانییە، بوغزی نێوان ئەم دوو سەرکردەیەش کاتێک جوڵا، کە مەسعود بارزانی پێی وابوو لاهور شێخ جەنگی بە خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر وەڵامی ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 ی داوەتەوە، کە بووە هۆی لە دەستدانی %51 خاکی باشوری کوردستان (مێژوو ئەوە ڕوندەکاتەوە خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر چۆن ڕوویدا و کێ کردی؟). لەو ڕێکەوتەوە تاکو ئێستا ئەو دوو سەرکردەیە یەکتری دەبوغزێنن و ناوی یەکتر دەزڕێنن لەلایەن دەست و پێوەندەکانیانەوە له ناوەندە میدیاییەکانیان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە. تەنانەت کاتێک لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دا لاهور شێخ جەنگی بوو بە هاوسەرۆکی یەکێتی، مەسعود بارزانی نە پیرۆزبایی لێکرد و نە دانیش بە هاوسەرۆکایەتییەکەی لاهور شێخ جەنگی دا دەنێت.

ئەم دەردە هەموو هێز و لایەنە کوردییەکانی گرتۆتەوە لە کورستانی گەورەدا، بوغزی نێوان (کۆمەڵە و دیموکرات) لە خۆرهەڵاتی کوردستان، بوغزی نێوان (پەیەدە و ئەنەکەسە) لە خۆرئاوای کوردستان ڕابردوو دەداتە دەست ئێستا و ئێستاش دەداتە دەست داهاتوو. تەنانەت لە باکوری کوردستانیش پەکەکە دەڵێت: لە فەرهەنگی سیاسی خۆمان دا هیچ هەڵەیەکی سیاسی لە بیرناکەین کە بەرامبەرمان دا ئەنجامدرا بێت.

بوغز چەندە بەرچاوی سەرکردەکانی ڕەشکردوە، ئەوەندەش داهاتووی ئەم میللەتەی ڕەشکردوە، باوەڕهێنان بەوەی سەرکردەکان کاری نەتەوەیی پێکەویی ئەنجامدەدەن خولانەوەیە لەو بازنە بەتاڵەی ڕابردوو کە بوغز تەحەکومی پێوەکردووە. ئەم بوغزە نەک سەرکردەکانی گلاندوە بەڵکو میللەتیشی گلاندوە. هەر ئەم بوغزە بۆتە هۆی ئەوەی هەر سەرکردەیەکی کورد هەنگاو هەڵنێت بە ئاڕاستەی پڕۆژەی گۆڕانکاری و چاکسازی سیاسی و ئابوری، سەرکردەکان دیکە کاری پێکەوەی لەگەڵ دا ئەنجامنەدەن، هەر وەکو ئەوەی نەوشیروان مستەفا بەسەریدا هات. یان هەر سەرکردەیەک تێکۆشان بکات لە پێناو کاری نەتەوەیی و نیشتیمانی نەک سەرکردەکانی دیکە پاڵپشتی و هاوکاری نیین، بەڵکو پیلانگێڕیشی لە دژ ئەنجام دەدرێت، هەر وەکو ئەوەی زۆربەی سەرکردەکانی ڕووبردوو بەسەریاندا هات، نمونەی زیندووش خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر بوو بۆ وەڵامی ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی. ئەم بوغزە بۆتە هۆی ئەوەی ڕابردوو هەمیشە لە بەردەم دەرگامان بێت و مێژوو بە فۆڕمی جیاواز خۆی دووبارەبکاتەوە، (یەزدان شێر)یش هەمیشە ئامادەیی هەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە