مه‌ترسیه‌كانى به‌ بازرگانى كردنى كه‌رتى په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵا

Saturday, 10.03.2020, 16:12

701 بینراوە


ئه‌گه‌رچى ژماره‌ى زانكۆ و كۆلیج و په‌یمانگاكانى هه‌رێمى كوردستان ، به‌ ژماره‌ زۆرن  به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ نزیكه‌ى 5 ملیۆن كه‌سێك ده‌بێت  ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ڕوى چۆنایه‌تییه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكیان بۆ بكه‌ین ، ئاستى خوێندن و به‌ده‌ست هێنانى زانست و زانیارى  له‌ پله‌ى هه‌ره‌ خراپه‌كاندایه‌ , ئاستى زانست  نزیك ده‌بێته‌وه‌ به‌ سفر ئه‌گه‌ر به‌راوردكارییه‌كى زانستیانه‌و بێلایه‌نه‌ بۆ زانكۆو په‌یمانگاكانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین .  په‌ندێكى كوردى هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ( زۆر و بۆر ) زانكۆكانى  هه‌رێمى كوردستان زۆرن به‌ڵام ته‌نها بۆرن . 
هۆكارى هه‌موو ئه‌و شكست و ئاسته‌نگانه‌ى ڕوبه‌ڕوى كه‌رتى په‌روه‌رده‌  بۆته‌وه‌ به‌ هه‌موو قۆناغه‌كانیه‌وه‌  و بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌رتى په‌روه‌رده‌  به‌رده‌وام له‌پاشه‌ كشه‌دابێت و  هیچ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چونێكى لی َچاوه‌ڕوان نه‌كرێت ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ست تێوه‌ردانى به‌رپرسانى حیزبى له‌و كه‌رته‌دا . حیزب بۆته‌ مۆته‌كه‌ به‌سه‌ر ئه‌وكه‌رته‌وه‌و هیچ ده‌ره‌تانێكى پێش كه‌وتنى بۆ نه‌هێشتۆته‌وه‌ .
 له‌ كاتێكدا له‌ هه‌موو وڵاته‌ پێش كه‌وتوه‌كانى جیهاندا كه‌رتى په‌ره‌وره‌و فێركردن له‌ ژێر كۆنتڕۆڵى حكومه‌تدایه‌و ته‌واو سه‌ربه‌خۆ كراوه‌و هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆى نییه‌ ده‌ست بخاته‌ كارو بارى ئه‌م كه‌رته‌وه‌ ، جگه‌ له‌ كه‌سانى شاره‌زاو پسپۆڕ به‌و بواره‌ و میزانیه‌ى باشى بۆ ته‌رخان كراوه‌ . ئه‌وان پێیان وایه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ كان ، بوارى زانست و زانیارییه‌ . كه‌رتى په‌روه‌رده‌ دایكى هه‌مووداهێنان  وپێشكه‌وتنه‌كانه‌  . بۆ ئه‌وه‌ى ڕاستى دروستى ئه‌وبۆچونانه‌م ڕون بكه‌مه‌وه‌ ، سه‌رنجى ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ بده‌ن :
یه‌كه‌م : له‌ هه‌موو زونى سه‌وز و زه‌ردا به‌ده‌گمه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێكى قوتابخانه‌ یان سه‌رۆكى زانكۆیه‌ك یان ڕاگرى كۆلیژێك ،یان به‌رپرسێكى باڵاو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و خاه‌وه‌ن بڕیار ده‌بینى كه‌ یه‌كێتى یان پارتى نه‌بێت . دانانى هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ ئاستى زانست وزانیارى پێوانه‌ ناكرێن . به‌ڵكو پابه‌ندبون به‌ یه‌كێك له‌ دوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار  ده‌كرێنه‌ پێوانه‌ . چه‌ند زیره‌كو به‌توانا بێت ، ناتوانى پێش كه‌سێكى حیزبى  بكه‌ویت. كه‌واته‌ هه‌ر له‌م خاڵه‌وه‌ گیانى كێبڕكێ  و هه‌وڵ دان بۆ به‌ده‌ست هێنانى زانست و زانیارى  ، كۆتایی پی َدێت  .  كه‌واته‌ به‌ هۆى ئه‌وه‌ى حیزب خاوه‌ن بڕیاره‌  كه‌سانى ماستاوچى و وابه‌سته‌ به‌ حیزبه‌وه‌ ده‌بنه‌ بڕیارده‌رو كه‌سه‌ به‌ تواناكانیش  ده‌خرێنه‌ دواوه‌و كه‌س پرس و ڕایان پێ ناكات .بۆیه‌ لێره‌وه‌ كاره‌سات ده‌ست پی َده‌كات .
دووه‌م:  هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى  زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان  قبوڵ خاس كرایه‌ نه‌ریتێكى زۆر قێزه‌ون. به‌رپرسێكى حیزبى یان حكومى  نامه‌یه‌ك  بۆ خوێندكارێك ده‌نوسى كه‌ كه‌مترین نه‌مره‌ى هه‌بوه‌ و ده‌بێ  له‌ زانكۆ وه‌رگیرێـت . دواجار هه‌ر ئه‌و خوێندكاره‌  به‌ نامه‌یه‌كى تر له‌ ماسته‌رو دكتۆرا وه‌رده‌گیرێ .  نامه‌ى ماسته‌رو دكتۆراكه‌شى بۆ ده‌نوسریته‌وه‌  . دواجار هه‌ر خۆشى  ده‌بێ به‌ كوێخا له‌ زانكۆ چونكه‌ كوڕى حیزبه‌و خزمى فڵانیشه‌ . دواى چه‌ند ساڵێكى تریش هه‌ر ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ پڕۆفیسۆر و سه‌رپه‌رشتى نامه‌ى  دكتۆراى كه‌سانى تر ده‌كه‌ن . لێره‌وه‌  بۆ دوا ڕۆژى  زانكۆكانى  هه‌رێمى كوردستان  بڕوانه‌ .  
به‌ سه‌دان كه‌س  كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نها خاوه‌نى بڕوانامه‌ى ناوه‌ندى یان ئاماده‌یی پیشه‌سازى و كشتوكاڵ  بون  یان هه‌ر بڕوانامه‌ى  ئاماده‌ییان  نه‌بوه‌ ، به‌ قبول خاس وه‌رگیراون . به‌ حساب ئێواران ده‌وامیان كردوه‌ . هه‌ندێكیان ته‌نها كاتى تاقیكردنه‌وه‌ چونه‌وه‌ . ئه‌و كاتیش  یان یه‌كێكى تر وه‌ڵامى بۆ داونه‌وه‌  یان هه‌رچى  كتێب هه‌یه‌  له‌گه‌ڵ خۆى بردویه‌تیه‌ ژووره‌وه‌ . دواجار به‌هۆى ئه‌م بڕوانامه‌یه‌وه‌  بۆته‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و  ڕاوێژكارى پله‌ یه‌ك . بزانن ئه‌م حیزبانه‌ ئه‌م وڵاته‌یان به‌ره‌و ڕوى چ كاره‌ساتێك كردۆته‌وه‌و چۆن  میلله‌تیان بێ ئومێد و سه‌رگه‌ردان كرد . 
 سێیه‌م :   له‌ دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ خه‌ڵكانێكى زۆر چونه‌ خواروى عێراق و هه‌ندێكى تر بۆسۆدان ووڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانى تر گوایه‌ بۆ خوێندن چون . به‌ زۆریش خه‌ریكى خوێندنى ئیسلامى بون .وه‌كو شه‌ریعه‌و زمانى عه‌ره‌بى و فیقهى ئیسلامى . جگه‌ له‌وه‌ى  له‌م قۆناغه‌دا هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌م جۆره‌  زانسته‌ نییه‌، له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ زۆرینه‌ى بڕوانامه‌كانیان  ته‌زویر بون .
 كه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ كوردستان كه‌س به‌دواداچونى  بۆ ڕاستى و دروستى بڕوانامه‌كانیان  نه‌ده‌كرد  و له‌سه‌ر قسه‌ى خۆیان ده‌بونه‌ مامۆستاى زانكۆ .  زانكۆكانى كوردستان پڕن له‌م جۆره‌ دكتۆره‌ علوجانه‌ كه‌ زیانیان زۆر زیاتره‌ له‌ سودیان . به‌ڵام به‌هۆى حیزبایه‌تى و خزمایه‌تى  شوێنیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ .  بڕوانامه‌ى ته‌زویر له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆته‌ كارێكى ئاسایی و كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى زانكۆیه‌ك بروانامه‌كه‌ى ته‌زویر بێت  ، چ به‌هایه‌ك بۆخوێندن ده‌مێنێته‌وه‌ و دوا رۆِژى خوێندن له‌ سه‌رده‌ستى كه‌سانى ته‌زویر چى ، به‌ كوێ ده‌گات ؟؟. 
4-  خاوه‌ن بڕوا نامه‌كانى  وڵاتانى ئه‌وروپاى  ڕۆژ  هه‌ڵات و كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنێیه‌كانیان   له‌سه‌ر  دابه‌زینى ئاستى زانست له‌ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان . به‌ گشتى هه‌موو ئه‌وانه‌ى بڕوانامه‌ى  دكتۆرا  یان هاوشێوه‌یان  له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاى رۆهه‌ڵات  وه‌گرتوه‌ ، كه‌سانى بی َتوانان و بڕوانامه‌كانیان هیچ نرخ و بایه‌خێكیان نیه‌. كاتى خۆى ئه‌و وڵاتانه‌  خوێندكارى وڵاتانى تریان له‌ زانكۆ باشه‌ كان قبوڵ نه‌ده‌كرد پێش ئه‌وه‌ى  ئه‌و وڵاتانه‌ سه‌ربه‌خۆ بن له‌سۆڤیه‌ت ، بارى ئابوریان زۆر خراپ بوو .
 بۆیه‌ به‌ پاره‌یه‌كى كه‌م  ده‌توانرا بڕوانامه‌ بكڕێت . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ زوربه‌ى ئه‌وانه‌ى ڕویان ده‌كرده‌ وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌ شه‌رقیه‌كان بۆ خوێندن ، له‌ زانكۆكانى عێراق  وه‌ر نه‌گیراون چونكه‌ نه‌مره‌یان كه‌م بوه‌ . به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كوڕى ده‌وڵه‌مه‌ند بون ، له‌سه‌ر حسابى خۆیان چون بۆ خوێندن . ئه‌و كات نه‌ حكومه‌ت و نه‌ هاوڵاتى  ئاگادارى  بارودۆخى ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌بوین  .
 بۆیه‌ كه‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ ده‌گه‌رانه‌وه‌ ، وامان ده‌زانى ئه‌وان بونه‌ فه‌یله‌سوف . به‌ڵام به‌ڕاستى  نه‌خوێنده‌وارى ته‌واو بون . جگه‌ له‌وه‌ش كه‌سانێك هه‌بون كه‌ ڕوبان كردۆته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌ر بڕوانامه‌ى زانكۆیان هه‌بوه‌و بڕوانامه‌ى  ماسته‌ریان نه‌بوه‌  هه‌بوه‌ ، به‌ڵام سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كسه‌ر دكتۆرایان خوێندوه‌ .ئه‌مه‌ش جێگه‌ى پرسیاره‌ . بۆ ئه‌وه‌ى  كه‌مێكیش بڕوا به‌م قسانه‌م بكه‌ن ، سه‌رنجى ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ بده‌ن و ئه‌وه‌ى بۆتانى ده‌نوسم ڕاستین: 
1-خوێندكارێكى پارێزگاى سلێمانى ده‌چێته‌ مۆسكۆ بۆ خوێندن .به‌ حساب  كۆلیجى پزیشكى ته‌واو ده‌كات . دوایی ده‌چێته‌ وڵاتى لیبیا  ماوه‌ى 7 ساڵ وه‌كو پزیشك كار ده‌كات . دواى ڕاپه‌رێن هاته‌ ئه‌وشاره‌ى منى لێبوم له‌سوید . ڕۆژێك مێوانى ماڵێك بوم ، ئه‌و كه‌سه‌ش هاته‌ ئه‌وێ  چونكه‌ خزمیان بوو . دوایی وتى شوكر كارم ده‌ست كه‌وت .خزمه‌كه‌ى وتى چ كارێك ؟ وتى له‌ خانه‌ى به‌ ساڵاچوان  ئیشیان پی َداوم  وپێیان وتوم ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى  به‌ كاره‌كه‌ى خۆته‌وه‌ هه‌یه‌ . ئه‌ى باشه‌  بۆچى وه‌كو پزیشك كاریان پێ نه‌دا ؟. دیاره‌  داوایان لێكردوه‌ بچێت بخوێنێت و ئه‌ویش له‌ خۆى ڕانه‌دیوه‌ .
2-چه‌ندین كه‌س كه‌ له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاى شه‌رقیه‌وه‌ هاتبونه‌ ئه‌و شاره‌ى منى لێبو له‌ سوید . ئه‌وان زۆر پێش من  له‌وێ بون .  یه‌كێك له‌وانه‌ ئارى كوڕى نه‌جاتى عه‌بده‌ بوو  بۆیه‌ ناوى دێنم  زۆر كه‌س باوكى ده‌ناسن . دواى 4 ساڵ خوێندن  له‌ كۆلیجى پزیشكى  ددان له‌ ڕومانیا كه‌ دێته‌ سوید یه‌كسه‌ر ده‌چێته‌ ده‌وره‌ى فێربونى زمانى سویدى و  4 ساڵى تر له‌ زانكۆ له‌ به‌شى ددان  ده‌خوێنێته‌وه‌ . دوایی بوو به‌ دكتۆرێكى زۆر باش و  ئێستا له‌ وڵاتى به‌ریتانیایه‌ .
یه‌كێكى تریش كه‌ به‌ناو كۆلیجى پزیشكى ته‌واو كردبوو ، هه‌ر ڕوشى نه‌هاتبو بڵى بوارى پزیشكیم خوێندوه‌ ، چونكه‌ خۆشى ده‌یزانى كه‌ هیچ فێر نه‌بوه‌ . له‌و كاته‌وه‌  دوكانى هه‌یه‌ .  دوانى تریش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ناو زانكۆیان ته‌واو كردبوو  له‌كار گه‌یه‌ك كاریان ده‌كردو  دوایی دۆكانیان دانا . 
یه‌كێكى تریان  پێش ئه‌وه‌ى من بچمه‌  ئه‌وشاره‌ له‌ كارگه‌یه‌ك كارى ده‌كرد . دواى نزیكه‌ى 10 ساڵ  دوكانى داناو وه‌كو ئاگاداربم  5-6 ساڵ دوكانى  هه‌بو . له‌ پڕ بیستم  هاتۆته‌وه‌  بۆ هه‌رێمى كوردستان  و بۆته‌ مامۆستاى زانكۆ .ئه‌و كه‌سه‌ش ده‌زانم كه‌ واسیته‌ى  بۆ كرد  . پرسیار ئه‌مه‌یه‌ كه‌سێك خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دكتۆرابێت ، چۆن له‌ كارگه‌یه‌ك كار ده‌كات ، یان بۆچى دوكان داده‌نێت ؟  دیاره‌ بڕوانامه‌كه‌ى هیچ ئیعتیبارێكى بۆ نه‌كراوه‌ . 
یه‌كێكى تر كه‌ به‌قسه‌ى خۆى  خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دكتۆرایه‌ له‌ هه‌نده‌سه‌ى میعماریدا . دواى ڕاپه‌ڕین وتى  داخڵى كۆرسێكى  لێخوڕینى  لۆرى و تڕێله‌ى گه‌وره‌  بوم . كه‌  ئیجازه‌كه‌م وه‌رگرت ، كه‌ل و په‌ڵ ده‌به‌مه‌وه‌ بۆ كوردستان  و به‌ نرخێكى هه‌رزان پێیان ده‌فرۆشم .
 تا  ئه‌و ئیجازه‌كه‌ى وه‌رگرت  6 مانگى پێ چوو .  بارودۆخى هه‌رێمى كوردستانیش گۆڕا. دوایی دوكانى  فرۆشتنى جگه‌ره‌ى دانا . خۆش به‌ختانه‌ ئه‌ستێره‌ى به‌ختى دره‌وشایه‌وه‌ ، په‌یوه‌ندى به‌ پارتییه‌وه‌ كرد . گه‌ڕایه‌وه‌  بۆ هه‌رێمى كوردستان و بوو به‌ مامۆستا له‌ كۆلیجى ئه‌ندازیارى  له‌ زانكۆى هه‌ولێر. خوا له‌ خێرى ده‌رنه‌كات ئێستا خانه‌ نشین بووه‌.  . 
 یه‌كێكى تریش كه‌ هه‌ر له‌ وڵاتێكى ئه‌وروپاى شه‌رقى بڕوانامه‌ى  دكتۆراى له‌بوارى ئه‌ندازیارى هێنابوو ، پێش راپه‌ڕینیش  هه‌ر مامۆستا بوه‌ له‌ عێراق . دوایی دێته‌ وڵاتى  سوید .  هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ بێ كاربوه‌و له‌ سه‌ر سۆسیال  پاره‌ى وه‌رگرتوه‌ ، چونكه‌ كه‌س بڕوانامه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ فلسێكى قه‌ڵب ناكڕێت .
 دواى 7 ساڵ  جارێكیتر  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و یه‌كسه‌ر  وه‌كو خاوه‌ن  بروانامه‌ى دكتۆرا له‌ كۆلیجى  ئه‌ندازیارى داده‌مه‌زرێت  وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ . دواى ماوه‌یه‌ك خۆى خانه‌ نشین ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵاتى سوید .  ئاخر ئه‌م پرۆفیسۆرانه‌  وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ له‌ كۆلیجى ئه‌ندازیارى  بۆیه‌ هه‌رچى به‌نداوێك دروست ده‌كرێت و 10 به‌رمیل ئاوى تێكه‌ى  ئاو ده‌یبات . باشترین نمونه‌ :به‌نداوى سه‌رچنار ، به‌نداوى  زه‌لان له‌ شارباژێر ، به‌نداوى دێوانه‌ له‌ قه‌ره‌داخ . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ دوا رۆَژ  ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ سه‌رپه‌رشتیارى  نامه‌ى دكتۆراى كه‌سانى تر . بیر بكه‌نه‌وه‌و بزانن ئه‌مه‌   چ كاره‌ساتێكه‌ ؟. 
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاى  شه‌رقى  بڕوانامه‌ى دكتۆرایان وه‌رگرتوه‌و له‌ هیچ وڵاتێكى ئه‌ورپاى  غه‌ربى حسابى هیچ بۆ ئه‌وبڕوانامانه‌ ناكرێـت و هه‌ر ئه‌وانه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كوردستان  وه‌كو پڕۆفیسۆر وه‌رده‌گیرێن و له‌ سه‌روى هه‌موانه‌وه‌ جێگایان بۆ داده‌نین ،  با به‌دوادا چۆنێكى كه‌میش بۆ ئه‌وانه‌ى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش بكه‌ین كه‌ به‌ بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسه‌وه‌  چونه‌ وڵاتانى ئه‌ورویاى غه‌ربى و بزانین ئه‌وان چۆن مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌و چییان كردوه‌ .|؟؟. 
هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌كۆلیجى پزیشكى بڕوانامه‌یان وه‌رگرتوه‌و  چونه‌ وڵاتێكى ئه‌وروپاى غه‌ربى ، یه‌كسه‌ر داخڵى كۆرسى زمانكراون و  دواى ماوه‌یه‌كى كورت بڕوانامه‌كه‌یان بۆ ته‌عدیل كردون و وه‌كو پزیشك ده‌ست به‌كار بون . من خۆم چه‌ندین پزیشكى كورد ده‌ناسم كه‌بڕوانامه‌كانیان بۆ ته‌عدیل كراوه‌ . من دوو كه‌س ده‌ناسم له‌ وڵاتى سوید كه‌ خه‌ڵكى سلێمانین و له‌و شاره‌ى منن ،كاتى خۆى له‌ كوردستان ئه‌ندازیاربون  و ته‌نها بڕوانامه‌ى  به‌كالۆریسیان هه‌یه‌ نه‌ك دكتۆرا . به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى تاقیان كردونه‌وه‌ ، ئێستا وه‌كو ئه‌ندازیار كار ده‌كه‌ن .
 ئێستا بیر بكه‌نه‌وه‌ خه‌ڵكى وڵاتى ئێمه‌ ته‌نها به‌ بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسه‌وه‌   دێنه‌ وڵاتانى ئه‌وروپاو   كاریان ده‌ست ده‌كه‌وێت  ئیعتیبار بۆ بڕوانامه‌كانیان كراوه‌ ، به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌وه‌ له‌ ڕابوردوو بوو نه‌ك ئێستا . به‌ڵام  ئه‌وانه‌ى لاى خۆمان كه‌ له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاى شه‌رقى بڕوانامه‌ى دكتۆرایان وه‌رگرتوه‌ ، ده‌چنه‌ وڵاتانى ئه‌وروپاى غه‌ربی و  هیچ حسابێك بۆ بڕوانامه‌كانیان ناكرێت .
 به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌  بۆ هه‌رێمى كوردستان  یه‌كسه‌ر  ده‌بنه‌ مامۆستاى زانكۆ .  ؟؟ باشه‌ حكومه‌تى هه‌رێم هیچ  به‌دوادا چۆنێكى كردوه‌  بۆ ئه‌وه‌ى بزانێت ئه‌و بڕوانامانه‌  ڕاستتن یان ته‌زوێرن یان خاوه‌نه‌كانیان ئاستێكى زانستى وایان هه‌یه‌ ،شایانى ئه‌وه‌بن وه‌كو مامۆستاى زانكۆ كاریان پێ بدرێت .  ؟؟ ئه‌گه‌ر له‌ زانكۆكانى كوردستان  لیژنه‌ى تایبه‌تیش هه‌بێت ، بۆ ته‌عدیلى بڕوانامه‌كان ، پێم وایه‌ زۆر بێ ئاگان وزانیارى باشیان نییه‌ . یان چاوپۆشییان لێ ده‌كه‌ن . 
باشه‌ بۆچى پێش ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ دامه‌زرێنن و بیانكه‌ن به‌ بارێكى قورس به‌سه‌ر بودجه‌ى میلله‌ته‌وه‌ ، داوایان لێناكه‌ن  نامه‌ى  دكتۆراكه‌یان  وه‌رگێڕنه‌ سه‌ر زمانى كوردى یان عه‌ره‌بى ، بۆ ئه‌وه‌ى بزانن ئایا ڕاسته‌  نامه‌ى دكتۆرایان هه‌یه‌ یان نیانه‌ ؟؟.   
  خه‌ڵك هه‌یه‌ دكتۆراى هه‌یه‌  له‌ شه‌ریعه‌و زمانى عه‌ره‌بیدا ، به‌ڵام ناتوانێت  ڕاپۆرتێكى باش بنوسێت  و به‌ زمانى كوردى قه‌واعیدى عه‌ره‌بى شه‌رح ده‌كات . نیوه‌ى مامۆستایانى زانكۆ خاوه‌نى كتێبخانه‌ى خۆیان نین . له‌وانه‌شه‌ هه‌ندێكیان  هه‌ر نه‌شتوانن كۆمپیوته‌ر به‌كار بهێنن .  ئه‌ى چۆن خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ وانه‌ وتنه‌وه‌ له‌ هۆڵه‌كانى خوێندنداو چى به‌ خوێندكاره‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌؟
  ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بیویستایه‌ به‌دواداچون بكات ،  هه‌زارانى وه‌كو من هه‌ن زۆر زانیارى زیاتر و گرنگتریشیان لایه‌ . ئه‌وه‌ى من ته‌نها زانیارى شارێكه‌ . بزانن له‌ سه‌رانسه‌رى ئه‌وره‌پاى غه‌ربى چه‌ند حیكایه‌تى  ترى هاوشێوه‌ى حیكایه‌ته‌كه‌ى من هه‌ن  . كه‌واته‌ هه‌ر كه‌سێك  گه‌ڕابێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و بڕوانامه‌ى وڵاتێكى ئه‌وروپاى شه‌رقى پێبوبیت و  له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكان دامه‌زرابێت ، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ڤایرۆسى كۆڕۆنات  خستبێته‌  ناو زانكۆكانه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ش بزانن مه‌رج نییه‌ هه‌رچى بڕوانامه‌ى له‌ زانكۆیه‌كى ئه‌ورپاى غه‌ربى وه‌رگرت ، زاناو فه‌یله‌سوف بێت , زوربه‌ى ئه‌وانه‌ى لاى ئێمه‌ له‌ زانكۆى ئه‌مه‌ریكى سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌  له‌ وڵاتى خۆیان كاریان ده‌ست نه‌كه‌وتوه‌  له‌به‌ر ئه‌وه‌ى  ئاستى زانستیان نزم بوه‌ ، بۆیه‌ هاتونه‌ هه‌رێمى كوردستان .
 مه‌رج نییه‌ هه‌رچى زمانى ئینگلیزى زانى فه‌یله‌سوفه‌ . زمان زانین باشه‌ ، به‌ڵام خودى زمان بریتى نییه‌ له‌ زانست و زانیارى و ته‌نها هۆكاریكه‌ زیاتر بۆ له‌ یه‌كترى تێگه‌یشتن . ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خاوه‌نى حكومه‌تێكى ته‌كنۆكراتى خه‌مخۆرى نیشتمانى بین ، له‌ هیچ ڕویه‌كه‌وه‌ كه‌متر نین  له‌ وڵاتانى تر  . به‌ڵام ئه‌وان دڵسۆزن بۆ وڵاتى خۆیان و خاوه‌نى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتون ، به‌ڵام  ئێمه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وانین . 
به‌ بازرگانى كردنى كه‌رتى په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵا 
شه‌ڵڵا  خه‌مه‌كه‌مان هه‌ر ئه‌وه‌ بوایه‌  كه‌ له‌سه‌ره‌و باسم كرد ، ئێستا خه‌مێكى تریش بوو به‌ سه‌ربار . دواى ئه‌وشكست و له‌مپه‌ڕانه‌ى  هه‌ردوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار دروستیانكرد  له‌به‌ر ده‌م  كه‌رتى په‌روه‌رده‌دا ، له‌ ئێستادا  به‌ پێی به‌رنامه‌یه‌كى داڕێژراو  خه‌ریكن كه‌رتى  په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵا  بكه‌نه‌ بوارێكى بازرگانى  بۆ په‌یدا كردنى پاره‌ى زۆر . 
خوێندنگاى ئه‌هلى زۆر كراونه‌وه‌و به‌رده‌وام ژماره‌شیان له‌ زیادبوندایه‌ .  ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كى زۆر گه‌وره‌یه‌  بۆ سه‌ر كه‌رتى په‌روه‌رده‌و جیاوازى چینایه‌تى دروست ده‌بێت . خوێندكارى فه‌قیر و هه‌ژار ناتوانێت له‌وخوێندنگایانه‌  بخوێنێت .ئه‌و كات به‌هره‌و تواناكانیان ده‌ر ناكه‌وێت .
 له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ هه‌رچى مامۆستاى باشه‌ ده‌چێته‌ ئه‌وخوێندگا  ئه‌هلیانه‌  چونكه‌ دواى ده‌وامى فه‌ڕمى ، به‌ پاره‌یه‌كى زۆر وانه‌ به‌ مناڵى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌ . كه‌واته‌ لێره‌شدا مناڵى فه‌قیره‌كان  زیانى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن ، چونكه‌ مامۆستا باشه‌كان خوێندنگا  حكومیه‌كان جێ دێڵن . جیاوازى چینایه‌تى  له‌ نێوان مامۆستاكانیش دروست ده‌بێت . دواجار ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌كێشه‌ى گه‌وره‌  بۆ ئاینده‌ى  بوارى په‌روه‌رده‌ .
 با لێره‌شدا باسى توانا سازى بكه‌ین  كه‌ ماوه‌یه‌ك وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا خستییه‌ بوارى جێ به‌جێ كردنه‌وه‌ . ئه‌وه‌ش بریتى بوو له‌ ناردنى كۆمه‌ڵێك  خوێندكار و مامۆستاى زانكۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات  بۆ خوێندنى  دكتۆرا .ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتو نه‌بوو  له‌ برى ئه‌وه‌ى مامۆستاوخوێندكاره‌  زیره‌كه‌كان وكوڕه‌ فه‌قیره‌كان بنێرن ، خزمو نزیكه‌كانى به‌رپرسانیان نارد . له‌ ئه‌نجامدا زوربه‌یان  سه‌ركه‌وتو نه‌بون و به‌ فاشیلى گه‌ڕانه‌وه‌ . ده‌ستى حیزب  لێره‌شدا كارى خۆى كرد و زیانى خۆى گه‌یاند .  
ئه‌گه‌ر باسى قۆناغى زانكۆش بكه‌ین ، ده‌بێ باسى كاره‌سات بكه‌ین . ئێستا خه‌ریكه‌ ژماره‌ى زانكۆ ئه‌هلیه‌كان زیاتر بێت له‌ زانكۆ حكومیه‌كان .كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى له‌ زوربه‌ى شارۆچكه‌كانیش  زانكۆ بكرێنه‌وه‌ .  هۆكارى كردنه‌وه‌ى زانكۆى ئه‌هلى  بۆ به‌ده‌ست هێنانى پاره‌ى زۆره‌ ، نه‌ك به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى  زانستى خوێندكاران  .
 سه‌رمایه‌ داره‌كان له‌ برى ئه‌وه‌ى  كۆمپانیاى وه‌به‌رهێنان  دامه‌زرێنن ، زانكۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ . پێ ده‌چێت ده‌سكه‌وتیشى زیاتر بێت و كارێكى ئاسانتریش بێت . سه‌یر كه‌ن له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتو و سه‌رمایه‌داره‌كاندا ، حكومه‌ت زانكۆ به‌ڕیوه‌ده‌بات و ده‌ستى كار بۆ كه‌رتى تایبه‌ت  ئاماده‌ده‌كات .
له‌ هه‌رێمى كوردستان  كه‌رتى تایبه‌ت زانكۆ ده‌كاته‌وه‌و  ده‌ستى كار بۆ حكومه‌ت ئاماده‌ ده‌كات . به‌ڵام كه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین  نه‌ حكومه‌ت خۆى به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێت له‌ به‌رامبه‌ر  ئاینده‌ى  خوێندكاران ، نه‌ سه‌رمایه‌  داره‌كان  . له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ى لێره‌دا ڕه‌نج به‌ خه‌ساره‌ ، خوێندكاره‌ .  كه‌واته‌ كاتى ئه‌وه‌یه‌ بپرسین : گرنگى كردنه‌وه‌ى  ئه‌و هه‌موو زانكۆ ئه‌هلیانه‌ له‌ كوێدایه‌ ، كێن ئه‌وانه‌ى ڕێگا ده‌ده‌ن به‌ كردنه‌وه‌ى زانكۆى ئه‌هڵى و بۆچى ؟ 
 كورت و كرمانجى مه‌به‌ست له‌كردنه‌وه‌ى زانكۆى ئه‌هلى ته‌نها  بۆ په‌یدا كردنى پاره‌یه‌ . گومانى  زۆریش ده‌كرێت كه‌ به‌رپرسانى حكومى و حیزبى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات  شه‌رێكى ئه‌وانه‌بن كه‌ زانكۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ ، به‌ ده‌لیلى ئه‌وه‌ى چۆن بۆچى ڕێگایان پێ ده‌ده‌ن زانكۆ بكه‌نه‌وه‌ . ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ده‌بوو وه‌زاره‌تى پلان دانان به‌ هاوكارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا پلانى  5ساڵه‌و 10 ساڵه‌و 15 ساڵه‌یان هه‌بوایه‌ .
 به‌ بۆچونى  زۆرێك له‌ شاره‌زایان ده‌بوو له‌ ئێستادا به‌شێكى زۆرى كۆلیجه‌كان به‌ شێوه‌ى كاتى دابخه‌ن وه‌كو كۆلیجى  زمانى كوردى ، زمانى عه‌ره‌بى و شه‌ریعه‌ ، یاسا . كشتوكاڵ . ئیعلام و هیتریش . به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى  زۆر ده‌رچوى ئه‌و كۆلیجانه‌ هه‌یه‌و چه‌ندین ساڵه‌ دانامه‌زرێن .  .  به‌ پێویستیشم زانى باسى چۆنیه‌تى وه‌رگرتنى پله‌ى پڕۆفیسۆریش بكه‌م  له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا .  ئه‌و كه‌سه‌ى  پله‌ى پڕۆفیسۆرى پی َده‌درێت ،  به‌ چه‌ندین قۆناغى تاقیكردنه‌وه‌دا  تێده‌په‌ڕێت . ده‌بێ چه‌ندین به‌حس  له‌ زۆر كاتى جیاوازدا له‌ گۆڤاره‌ به‌ناوبانگه‌كادا  بڵاو بكاته‌وه‌ 
 چه‌ندین لیژنه‌ى  بۆ ده‌گیریت و كۆڕى زۆرى بۆ ده‌گیرێت و  پرسیارى زۆرى لێ ده‌كرێت و كه‌سانى زۆر پسپۆڕو شاره‌زا له‌و كۆڕانه‌ به‌شدار ده‌بن  و به‌ ته‌واوى ده‌ى گوشن. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك واسیته‌و خزمایه‌تى و ناسیاوى و حیزبایه‌تى ڕۆَڵیان  نابێت  له‌ كۆتا بڕیاردا .   به‌ڵام وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى پله‌ى پڕۆفیسۆرى پێ ده‌درێت ده‌بێ 3  بابه‌ت له‌ 3 كاتى جیاوازدا بڵاو بكاته‌وه‌  له‌ گۆڤارى زانكۆكاندا . به‌ڵام  گومانى فێڵ كردن له‌سه‌ر حسابى زانست ده‌كرێت . ئه‌گه‌ر  بابه‌تى  هه‌ر كه‌سێك له‌ گۆڤارى 3 زانكۆى جیاوازدا بڵاو بكرێته‌وه‌  بایه‌خ و هێزى زیاترى ده‌بێت . به‌ڵام ئه‌وه‌ش وه‌كو ژن به‌ ژنى لی دێت و  زانكۆكان ده‌توانن له‌ناوخۆیاندا رێك كه‌ون . روپاى 
  بابه‌ت بۆ یه‌كترى بلاو بكه‌نه‌وه‌ . ئه‌وه‌ش زۆر گرنگه‌  زانكۆكانى كوردستان  له‌ ڕیزبه‌ندى چه‌نده‌مین زانكۆى جیهاندان ؟. ئایا له‌سه‌ر ئاستى جیهان ئیعتیرافیان پی َكراوه‌و بڕوانامه‌كانیان جێگه‌ى باوه‌ڕه‌ ؟. یان دواجار پله‌ى پڕۆفیسۆر و دكتۆراكان  ته‌نها  بۆ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى موچه‌ى زۆر ده‌بێت و وه‌كو بڕوانامه‌ى زانكۆكانى وڵاتانى ئه‌وروپاى شه‌رقی حسابیان بۆ ده‌كرێت و كه‌ چویته‌ ئه‌و دیو سنوور ، هیچ بایه‌خێكى نامێنێت  . 
 زۆر به‌داخه‌وه‌م  كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر مامۆستاى دڵسۆزو به‌تواناو  خاوه‌ن ئه‌زمون  له‌ناو زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن ، به‌ڵام ده‌ستیان به‌ستون و  ڕێگایان پێ ناده‌ن نه‌خشه‌و پلانى  باش دانین و زانكۆكان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن .دواى چه‌ند ساڵێكى تر ، ئه‌وانیش خانه‌ نشین ده‌كرێن و ناوه‌ندى زانكۆكان ئه‌وه‌نده‌ى تریش وێران ده‌بێت .  پرسیارێكى تر ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بونى ئه‌وهه‌موو زانكۆ و كۆلیج و په‌یمانگاو به‌ ده‌یان هه‌زار خوێنكارى  زانكۆ و به‌ هه‌زران مامۆستاى زانكۆ و پڕۆفیسۆر له‌ ماوه‌ى ئه‌وهه‌موو ساڵانه‌دا ، هیچ داهێنانێك ئه‌نجام دراوه‌ ، یان هیچ پێشكه‌وتنێكى سه‌رنج ڕاكێش له‌  ناوه‌ندى زانكۆكان به‌دى ده‌كرێت ؟؟.
  وه‌ڵامه‌كه‌ى ئه‌مه‌یه‌ : مامۆستاكان موچه‌ى خۆیان وه‌ر ده‌گرن و ڕۆژگار به‌ڕى ده‌كه‌ن ، خوێندكاره‌كانیش 4 ساڵى زانكۆ به‌ خۆشى به‌ڕێده‌كه‌نش و  ئه‌و ڕۆژه‌ى ئاهنگى ده‌رچونیان بۆ ده‌كرێت ، ده‌بێته‌ دوا ڕۆژى خۆشى ژیانیان ، چونكه‌ له‌ هیچ شوێنێك شانسى دامه‌زراندنیان نابێت و دواى چه‌ند ساڵێكیش هه‌رچى خوێندۆیانه‌ له‌ بیریان ده‌چێته‌وه‌و  ده‌بنه‌ خوێنده‌وارێكى ئاسایی   
  ئاخر حكومه‌تێك  دواى 29 ساڵى حوكمڕانى  نه‌یتوانیبێت له‌هجه‌ى سۆڕانى و بادینانى  یه‌ك بخات یان یه‌كێكیان بكاته‌ زاراوه‌ى   فه‌ڕمى و تا ئێستا  ئه‌گه‌ر كتێبێك ته‌رجومه‌ بكرێت  بۆو  زانكۆكان ، به‌ دوو زاراوه‌ى  جیاواز  ته‌رجومه‌ بكرێت ، كۆلیجى زمانى كوردى  چ گرنگییه‌كى هه‌یه‌ ؟ ساڵانه‌ به‌ سه‌دان  كه‌س له‌ كۆلیجى یاسا ده‌رده‌چن و هیچ كارێكیان نییه‌ . 
كۆلیجى كشتوكاڵ  له‌ پانایی شاره‌زور  به‌قه‌ده‌ر جوتیاره‌ نمونه‌ییه‌كه‌ به‌رهه‌میان نییه‌ . كه‌وات ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ده‌یه‌وێت به‌هایه‌ك بۆ زانكۆكان بهێلێته‌وه‌ ، له‌ برى ئه‌وه‌ى  زه‌مینه‌ خۆش كات بۆ كردنه‌وه‌ى زانكۆ  له‌ لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ ، به‌رنامه‌ دانێت بۆ داخستنى ئه‌و كۆلیجانه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا  پێویست نین  . قسه‌یك هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ویستت  وڵاتێك  به‌ره‌و وێرانه‌ به‌رێت ، هه‌وڵ بده‌ خوێندن سوك و بی َبایه‌خ بكه‌ى له‌و وڵاته‌ .
 به‌ بۆچونى خۆم له‌ ئێستادا حكومه‌ت خۆى ئه‌م ڕۆڵى  سوك كردنه‌ه‌ى خوێندن ده‌بێنێت له‌ ڕێگاى  ئه‌وه‌ى خه‌ریكه‌ له‌ خشكه‌وه‌و له‌ په‌ناوه‌ هێواش هێواش كه‌رتى په‌روه‌رده‌ ڕاده‌ستى  كه‌رتى تایبه‌ت ده‌كات و دواجار ئه‌م كه‌رته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌  ده‌بێته‌ كه‌رتى بازرگانى بۆ په‌یدا كردنى پاره‌ . هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌ پشتى ئه‌م پڕۆژه‌ى به‌ بارزگانیكردنى كه‌رتى په‌روه‌رده‌و خوێندنى  باڵا وه‌بن ، وه‌كوخیانه‌تى نیشتمانى وایه‌ . زۆرخرابتره‌ له‌وه‌ى چۆن و بۆچى كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان  ڕاده‌ستى به‌غدا كرانه‌وه‌ . 
   له‌ نوسینى داهاتودا باسى مه‌ترسییه‌كانى به‌ بازرگانى كردنى  كه‌رتى ته‌ندروستى ده‌كه‌م .




(دەنگدراوە: 1)