دوای مەلا ئاگرپەرست، موفتی پێنجوێنیان کرد بە مەلا ڕینگۆ

Saturday, 10.03.2020, 17:30

2199 بینراوە


نەهامەتی ئێمە ئەوەیە کە هەوڵنادەین خاوەنی داهێنانی خۆمان بین، خاوەنی بیرۆکەی خۆمان بین. لە هونەردا خاوەنی شکلێکی ڕەسەنی خۆمان بین، هەمیشە پەنا دەبەینە بەر خواوەنداکانی دەرەوەی سنوری خۆمان، بەڵکو بە توانای ئەوانەوە بتوانین توانایەک بدەین بەخۆمان، قەلافەتێک بە باڵامان، گرنگیەک بە بونمان، هەلئاوسانێک بە هزرمان. هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتیەش باوەڕنەبونە بەخۆ، کە سەرچاوەی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنەوە وەرگرتوە، کە بەندە لەسەر مێتۆدی لەبەرکردنو وتنەوەی بەرنامەیەکی ئامادەکراو ڕستەوخۆ. هەربۆیەش موفتی پێنجوێنی هەمیشە هانی خەڵکی داوە بۆ پشتبەستن بەخۆ، بە داهێنانو بەرهەمهێنانی کەلوپەلی خۆماڵی و ناوخۆ، چونکە لێرەوە هزرێکی بیرکەرەوە و بڕیاردەر و ئازاد لە دایک دەبێتو دێتە گۆ.
پەیکەری موفتی (چنار نزار 2020)

بەڕێز چنار نزار پەیکەرێکی بۆ موفتی پێنجوێنی کردوە، لە یەکەم تێڕوانینماندا ئەوەی ڕاستەو خۆ باز ئەداتە ناو نیگامان، سەرنجمان ڕادەکێشیت، پاڵتۆیەکی درێژە لەبەری موفتیدا، لەگەڵ هەردو دەستی کە بە جۆرێکی تایبەت خستویەتیە سەر کتێبەکەی بەلا کەمەریدا. پرسیار لەخۆما دەکەین کە ئایا بۆچی ئەو پاڵتۆ درێژەی ک
ردۆتە بەری، لە کاتێکدا ئەو مۆدێلە نە مۆدێلی جلوبەرگی کوردیەو نە مۆدێلی موفتیش بوە ؟ بێگومان سەڵتە و کەوا نیە وەک ئەوەی باو بوە لەو سەردەمەدا، موفتیش هەرگیزسەڵتەو کەوای نەکردۆتە بەری. دەبینین پاڵتۆیەکی مۆدێرنە. وتمان پێ دەچێت هونەرمەند ویستبێتی لایەنی فکری مۆدێرنەی موفتیمان پیشان بدات بەو جۆرە جلوبەرگەوە، بەلام ئەوە ڕیی تێ ناچێت چونکە پاڵتۆیەک ناتوانێت گوزارشت لە ئەقڵیکی مۆدێرن بکات لە هزری ئێمەدا، پاشان سەیری کتێبەکەی دەکەین کە بەلای راستیدا، بە شیوەیەکی تایبەت دەستی داناوە لەسەری: سوێندی پێ ناخوات، یان وەک باوە نەیخستۆتە بن باڵیەوە. وەک دەمانچەیەک، وەک چەکێک هەڵواسراوە بە کەمەری لای راستیدا و هەردو دەستی لەسەری داناوە، بە چەکێکەوە بەرامبەر بە دوژن وەستاوە. پاش وردبونەوە تێ دەگەین کە ئەو پاڵتۆیە جلوبەرگی کاوبۆی فیلمە ئەمریکیەکانە، کە لە منداڵیدا پێمان دەوتن : فیلمی عەسابە. کەسایەتی عەسابەش بۆ ئێمە جۆرێک بو لە خواوەندی ئازا. كەواتە ئەوە موفتیە وەک عەسابەیەک بەرامبەر بە دوژمنانی ڕاوەستاوە، لەبری دەمانچە، موفتی بە کتێبەکەیەوە، وەک چەکێک بەرامبەر بە ناحەزانی وەستاوە .
موفتی پێنجوێنی جگە لەوەی کە شاعێرێکی نیشتمان پەروەر بوە، له هەمان کاتا کەسێکی ڕەچە شکێنو چاو نەترس بوە لە هەڵسو کەوتیا، خەونی ئەو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن بوە، بۆیە ئێمەش بۆمان هەیە ڕەچە شکێن بین لە دروستکردنی پەیەکەرێک بۆ ئەو بە ڕێزە.
موفتی پێنجوێنی بە هۆنراوەکانی هێرشی کردۆتە سەر کاسانی ئایینی کۆنەپەرستی سەردەمەکەی و هانی خەڵکی داوە بۆ هەنگاو نان بەرە و زانستو ژیانی مۆدێرن، بەرگریەکی بێ هاوتای کردوە لە مافی مێینەو ئەم هەڵوێستانەشی تەنها بە هۆنراوە نەبوە، بەلکو لەژیانی ڕۆژانەشیدا پەیڕەوی کردوە : نەیویستوە بە کاری مەلایی بژێوی ژیانی دابین بکات، کچەکەی خستۆتە مەکتەب لەگەڵ کوڕاندا وەک تەنها کچی پێنجوێنو لەهەمان کاتا وەک کاسبکارێک لە دوکانەکەیدا، گوێی بەهەڕەشەو لۆمەی خەڵکی نەداوە، بۆیە خەڵکی بە مەلا بابی، مەلا ئەگر پەرست یان مەلا کافر ناویان برادوە، هەر بەو هۆیوشەوە ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە و ماڵو منداڵیشی بەردباران کراون لەلایەن کەسانی کۆنەپەرستەوە.

موفتی عاجز مەبە کە پێت دەلێن بابی
کەرە خۆیی و نەتوە و بابی

کەسێک بەو جۆرە: چاونەترسانە، وەڵامی کەسانی کۆنەپەرستی دابێتەوە لە کاتێکدا ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە، کەواتە شایەنی پەیکەرێکی چاونەترسە، لەڕوی شکڵو گوزراشتەوە. هەر ئەم هەڵوێستەشە کە پاڵی بە هونەرمەندەوە ناوە لایەنی یاخی بونو ئازادی و جاونەترسی بخاتە هەوێنی کارەکەی .


مۆدێلی پاڵتۆ درێژی کاوبۆکانی ئەمەریکا
 هونەرمەند ئازادە لە جۆری گوزارشت کردنی لە باسێک، سنور بونی نیە لە هونەردا، هونەرمەند دەتوانێت تەوا و بە پیچەوانەی بیرو هۆشی سەردەمەکەیەوە بروات، هەمو بەهاکان سەرە و نخون بکاتەوە بە بێ مەرجو بە پەیڕەوی کردنی یاسای خۆی، دەتوانێت رامان بچڵەکێنێت بە شکڵێکو باسێکی چاوەڕوان نەکراو، هونەری ڕەسەنیش هەمیشە وەهابوە : لە کاتێکدا خەڵکی بیریان بۆ جۆرێکی تر لە شکلو بە جۆرێکی تر گوازارشتیان لە هزریان کردوە، ئەو تەواو جیاواز لەوان بیری کردۆتەوە، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەش وەک چۆن موفتی توشی دەردەسەری کردوە، لە جیهانی مۆدێرنیشدا زۆر لە هونەرمەندان گاڵتەیان پێکراوە، لەسەرەتاوە زۆر لە خەڵکی دژ بە کارەکەیان وەساتونەتەوە.
بەلام هونەریش زانستێکە، لۆژیکی تایبەتی خۆی هەیە، وەک هەمو زانستەکانی تر : کاتێک ئارشیتەکتێک نەخشەی خانویەک دەکات، دەبێت بە پێی زەویەکە بیکات، جوگرافیای زەویکە : ڕۆژ لە کوێوە هەڵدێت، ئاو و هەوای ناوچەکە، ژمارەی ئەندامانی خێزانەکە، جۆری خانوبەرەی دەوروبەری، ڕوبەری زەویەکە و پاشان هونەری بیناسازی سەردەمەکەی...تاد . ئێمە ناتوانین نەخشەیەک لە هزرماندا بسەپێنین بەسەر پارچە زەویەکدا کە نای ناسین. بۆیە کاتێک ئێمە پەیکەرێک بۆ موفتی دەکەین دەبێت بزانین موفتی کێیە، دەبێت پەیکەرێک بکەین کە گوزارشت لە ناخی موفتی بکات، گوزارشت لە هە ڵوێستو ڕێبازی ئەو بکات، ئیتر هونەرمەند ئازادە چۆن ئەوە ئەنجام ئەدات. تەنانەت کاتێک هونەرمەندانی بزوتنەوەی دادا یەکەم تابلۆیان بە قاچی کەرێکی هەڵکشاو لەبۆیە بەرهەم هێنا، بە پێی لۆژیکی کۆنسێپتی بزوتنەوەی دادابو، جەگە لەوەی کە کردنی پەیکەرێک بۆ کەسایەتیەک جیاوازە : کارە هونەریەکە پەیوەستە بە گوزارشتکردن لە کەسایەتیەکە، ئەویش موفتیە، بۆیە دەبێت پەیکەرەکە دژ بە ڕێبازی ئەو نەبێت. خۆ مەبەستمان لێرەدا ئەوە نیە کە هونەرمەند بە شانو باڵی موفتیدا هەڵبات، بۆ ئەمەش وەک باوە لە کوردوستان بیخاتە سەر پشتی شیرێک وەک چۆن شەرڤانیان خستە سەر پشتی شێر، یان بە دو باڵی فریشتەیەوە دەستی ببات بۆ ئاسمان ، وەک چۆن شەرڤانانیان چواند بە خواوەندی نایک، هەمو ئەمانەش لەبەر ئەوەیە کە هنەرمەندانی کوردوستان تەنها دەزانن گوزارشت لە لایەنی ئازایەتی کەسێک بکەن. نەخێر، دەتوانێت پەیکەرێکی ڕەخنەیش بێت لەو کەسایەتیە، بە ڵام لێرەدا مەبەستی هونەرمەند، ڕەخنە نیە لە موفتی، بەڵکو نیشاندانی بوێری و چاونەترسی موفتی بوە، وەک کەسێکی یاخی. بەڵام ئەفسوس چواندنی موفتی بە خواوەندی ڕینگۆ، هەڵەیەکی گەورەیە. خۆ ئاشکرایە کە هونەرمەند نەیویستوە بێ ڕیزی بە موفتی بکات، بەڵام ریزی لە هەڵوێستو کەسایەتی موفتی نەگرتوە.

پاڵتۆی عەسابەکان:

ئەو جۆرە پاڵتۆیەی کراوەتە بەر موفتی، پالتۆی عەسابەکانی فیلمی هۆڵیودن، کە پێیان دەڵین فیلمی : ( Cowboy )، وشەی کاوبۆی پێک هاتوە لە دو وشە : ( مانگا + هەرزەکار )، ئەو کەسانە بون کە مەڕوماڵاتیان دەگویزایەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر پێش داهێنانی شەمەندەفەر،هەزارەها کیلۆمەتریان دەبڕی هەتا خواراوی ئەمەریکا. وەک شوانی لای خۆمان، زۆربەی ژیانیان لەگەڵ ئاژەڵاندا دەبردە سەر، دوای ماندو بونێکی زۆر، جارە جارە دەگەشتنە لادێیەک، بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان، لەوێ دەکەوتنە رابواردنو خواردنەوە و زۆر جار شەرو تەنگژی بۆ ناوچەکە، بۆیە هەندێک جار بە کاسانی یاخی ناویان هاتوە. هەرچەندە ئەم کارە تایبەت نەبوە بە کەسانی پێست سپی، بەڵام ڕەمزی مرۆڤی پێست سپیە داگیرکەرەکانی ئەمەریکایە . ئەمەریکیەکان شوناسی خۆیان لە کەسایەتی کاوبۆدا دەبیننەوە : مرۆڤیکی ئازاد کە سنوری نیە و ئەمەریکای داگریکردوە، ئەمڕۆش ئەو کەسانەی دێنە سەرجادە بۆ بەرگری کردن لە ترەمپ، یان دژی پێست ڕەشەکان، هەندێکیان بە جلی کاوبۆوە دێن بۆ ئەوەی کە بڵین ئەگەر لە رابوردودا هندیە سورەکانیان کوشتوە، ئەمرۆش ئامادەن پێست ڕەشەکانیش بکوژن . لە فیلمەکانی هۆڵیودا وەها پیشانیان ئەدەن کە کەسانێک بون ئازاو بەجەرگو بەبێ چا ونەترسی ڕوبەروی دوژمن بونەتەوە، هەتا کۆتایی فلیمەکەش نەکوژراون. کاری ئەم کاوبۆیانە زۆر جار ئەوە بوە کە بگەڕین بەدوای کەسانی داواکراو لەلایەن قانونەوە، یان پلانی بڕینی بانقو دۆزینەوەی خەزێنەی شاراوە، هەرچۆنێک بێت بەسەرکەوتویی کارەکەیان بەڕێوە بردوە، ئێمەش لە ساڵی سینەماکاندا چەپڵەمان بۆ لێداون، ئەگەریش هەندێک جار چەندەها لە هندیە سورەکانیان کوشتبێت، بۆ ئێمەی مندال عەسابەکان وەک خواوەندێک وابون .
ڕیی تێ دەچو ئەگەر هونەرمەند ئەم کەسایەتیەی بچواندایە بە خولە پیزە، پاڵتۆکەی بکردایەتە شانی خولە پیزە وەک ڕینگۆ، کە دەشڵیم ئەم پاڵتۆیە بۆ خولەپیزە ڕێی تێ دەچو، مەبەستم بۆ ئەو هونەرمەندە بێ ددانانەیە کە هیچیان لەهەگبەدا نیە و نازانن چۆن گوزارشت لەباسێک بکەن، دەنا کەسایەتی ڕینگۆش کە بونی هەبوە لە مێژودا و بۆ خولەپیزەش ناشیت. ڕینگۆ کەسایەتیەکی مێژویی ئەمەریکا بوە 1850 1882، چەندەها سەرگوزشتەی لەسەر دەگێڕنەوە و چەندەها کەسی کوشتوە، چەند جارێک بەند کراوە ، بۆ دواجار بە بەسەرهاتێکی نەزانراو کوژراوە، بەرگری نە لە یەکسانی نە لە ئایدیایەکی پیرۆز کردوە .
کاتێک هونەرمەند Bnsky، بۆ بەرگری کردن لە پەناهێندەکان، لەسەردیواری شاری کالاس لە فەرەنسا وێنەی Steve Jobs دەکات بە جانتایەکەوە لەسەر شانی وەک پەناهێندەیەک. لێرەدا مەسجەکە رونە، هونەرمەند نەگەڕاوە بەدوای خواوەندێک دور لە باسەکەی، وێنەی کەسێکی سەردەمەکەمانی بۆ کردوین کە هەمومان دەیناسینو وەک پەناهێندەیەک لە سوریاوە چوە بۆ ئەمەریکا، گەورەترین داهێنەری سەدەی بیستویەکە، هەمومان داهێنانەکەی ئەومان لە گیرفندایە. لێرەدا مشتو مری ناوێت، لەبەر ئەوەی کە هەمو کەسێک دەزانێت کە Steve Jobs کێیە. مەسجیکی راستەو خۆ و بەهێزە. تەواو چۆتە ناو هەقیقەتی باسەکەوە. کەسێکی نەخوێندەواریش لەو کارە هونەریە ڕاستەوخۆ تێ دەگاتو شکی تێدا نیە کە لێرەدا پلەیەکی بەرزی بە ڕۆڵی پەناهێندە داوە .
کاری هونەرمەند Bnsky لەسەر دیواری شاری کاڵاس
 ئەگەر ئێمە پەنا دەبەینە بەر زمانێکی سوریالیستی ( پاڵتۆ و کتێبەکە لەبری ئازایەتی و دەمانچە وەک دو کەرەسەی سوریالسیتی )بۆ گوزارشتکردن لە باسێک، هەتاوەکو ئەو زمانە یارمەتیمان بدات لە دەربڕینی باسەکەمان، سنورەکان بشکێنێت، بەشکو بتوانین باشتر گوزارشت لە بیرۆکە و هەستمان بکەین، ئەوا بە خۆڕایی ناتوانین عەگالێک بکەینە سەری ناپۆلیۆن، دەبێت هەرچۆنێک بێت پەیوەندیەکی دیالکتیکی هەبێت لە نێوان عەگال و ناپۆلیۆندا، لەکاتێکدا هیج پەیوەندیەک نادۆزینەوە لەنێوانیادا، دەبێت پێمان بڵییت ئەو عەگالە چی دەکات لەسەری ناپۆلیۆندا، چونکە هێج هەستێک نابزوێنێت لە هزرماندا، ئەگەر کەسایەتی ناپۆلیۆن بناسین، بۆیە ئەو پاڵتۆیە هەمان دەوری هەیە لەبەری موفتیدا بۆ کەسێک ئەگەر کەسایەتی موفتی بناسێت.
خۆ ئەگەر ئەوەش پشتگوێ بخەین کە کەسایەتی کاوبۆی دژ بە ڕێبازی موفتیە، ئەگەر هونەرمەند ویستویەتی سەرە رۆیی بکات لە گوزارشتیدا هەتاوەکو رامانبچلەکێنێت، بە باسێکی شۆک، ئەوا بۆی هەیە، بەلام کاتێک ئێمە سەرەڕۆیی لە گوزارشتا دەکەین، دەبێت سەرەڕۆیش لە تەکنیکدا بکەین، بە پیشاندانی ئەو بیرۆکەیە بە شکڵێکی زەقو چاو نەترسو ڕاستەو خۆ وەک بیرۆکەکە، لەبەر ئەوەی کە چەمکی بیرۆکە و چەمکی تەکنیک بەستراونەتەوە بەیەکەوە، ئەمەش بە ئۆتۆماتیکی و بە خۆڕسکانە لە فکری هونەرمەندەوە دەردەچێت ئەگەر هونەرمەند خۆی دژ بەخۆی نەبێت لە هزریدا، واتە ئەو نەبۆتە یەکەیەکی فکری، نە بۆتە هونەرمەند، هەتاوەکو بەرهەمی تەکنیکی بتوانێت ئاوێنەی بیرۆکەکەی بێت، هەتاوەکو بەیەکەم تێروانینمان ئەو بیرۆکەیە ببینین کە هونەرمەند ویستویەتی، جێگەی داخە کە ئەو چاو نەترسیە نابینین لە پیشاندانی بیرۆکەکەدا، زۆر شەرمنە لە دەربڕینی بیرۆکەکەیدا، لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەیەکی سادەو راستەخۆیە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە زاتی ئەوەی نە کردوە لە شکڵە کلاسیکیەکە لابدات. پێ دەجیت بەلایدا تێپەڕ بینو ئەو بیرۆکەیە نەبینین . هەروەها وەک زۆر لەپەیکەرەکانی کوردوستان، موفتی دەبینین وەک بتێک بە ستونی وەستاوە، دەستی لەسەر کتێبەکەی داناوە وەک چۆن ڕۆبۆتێک دەستی دەجوڵینێت، بەشەکانی تری بەدەنی دوای ئەو حەرەکەیە ناکەون، وەک ئەوەی کە دەستی بەشێکی جیا بێت لە لەکاتێکدا موفتی لە ئکسێۆندایە.
پەنابردنە بەر خواوەندێکیش، چواندنی موفتی بە خواوەندێک، بە ستنەوەی بە کەسایەتیەکی ناسراو، شکڵێکی ناسراو، لە کاتێکدا پێویستمان پێی نەبو، جۆرێکە لە خۆ حەشاردان لە پشتیەوە وەک سەنگەرێك، وەک شوناسێک لەبەر ئەوەی کە داهێنانی شکڵیکی نوێ و سەربەخۆ پێوسیستی بە هزرێکی ئازادە و هونەرمەند دەخاتە جیهانێکی غەریبەوە کە لە ئاستیدا نیە بەرامبەری بوەستێتەوە.
بۆ نمونە لەم کارە سوریالیستەی هونەرمەندی ئوسترالی Joel Rea ، بەبینی ئەو دیمەنە وشەو زمان بەس نین بۆ گوزارشتکردن لێی، هەمومان تێ دەگەینو نامان خاتە شکو پرسیارەوە کە ئایا مەبەستی هونەرمەند چی بێت، ناشتوانین بە تەنیشتیەوە تی پەڕین بە بێ ئەوەی لەمەبستی هونەرمەند تێبگەین.
تابلۆی هیپەر سوریالیستی هونەرمەند Joel Rea

لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین کە ئەمتەلەکتوێلەکە، مرۆڤەکەی بە پێوە وەستاوە ، لەگەڵ دەریاکە دو جیهانی جیاوازن، بەلام پەیوەندیەکی ئێجگار بەهێزی دروستکردوە لە نیوانیاندا و ئێمەش ڕادەوەشێنێت .
ئەم هونەرمەدانەی کوردوستان خۆیان لە پاڵ سەنگەری ئەو وتەیەوە دەشارنەوە کە دەڵێن :
- ئەوە تیڕوانینی هونەرمەندە.
ئەم وتەیەش هێندە سواوە و کۆن بوە، بۆتە پەندی پێشینان. ئەم وتەیە وەک پەسپۆرتێک بەکار دەهێنن هەتاوەکو خۆیان ڕزگارکەن لەهەمو بەرپرسیاریەتیەک. خۆ ئەگەر ئەوە تیڕوانینی ئێوەیە ئێمەش بۆمان هەیە کە پێتان بڵیین : چی دەبینینو چیتان کردوە.

موفتی پێنجوێنی دەڵیت :

بەشاڵی خاکەکەم رازیمو دەیپۆشم هەتام ردن
لە فاسۆنو گەبەردین تا ئەبەد سەڵتەو کەوا ناکەم

ئەگەر تۆ لەگەل موتیشدا هاوڕا نەبیت کاکی هونەرمەند، چۆن توانیت پاڵتۆیەکی ئەمەریکی بدەیت بە شانی موفتیدا ؟


موفتی پێنجوێنی دەلیت :

مەڵێن قەومی هەجیجی بێ تەمیزن
وەیا بێ کارە و نابوتو حیزن
لەگەڵ وەحشی ڕەفیقی جوتو ڕیزن
لەبەر چاوی منا یەکسەر عەزیزن
بە جارێ نێر و مێ ڕێک تێ ئەکۆشن
لە ئیش و سنعەتا پڕ فکرو هۆشن

......

نە ئەڵمانی نە جاپانی ئەناسن
جەهەنەم چش کە کەم بەرگو لیباسن


کاکی هونەرمەند، چۆن بە بیریا هات، موفتی بچوێنیت بە ڕینگۆ لە کاتێکدا تۆ خاوەنی شەرەڤانیت ؟
کاتێک موفتی دەڵیت :


شاڵی سپاتی شیرینی تورجان
بادو بادکردی قۆڵی هەورامان
چاکترن لە گشت فاسۆنی ئەڵمان
چوانترن لە خامو فانازی چاپان


کە واتە چۆن توانیت ئەو کارە نابەجێیە بکەیت کاکی هونەرمەند ؟
ئەم هونەرمەندانە بە ناوی فکری مۆدێرنەوە، فکری کۆنەپەرستیمان پی دەفرۆشنەوە، مۆدێرنە لە پاڵتۆیەکدا یان لەکەسایەتی ڕینگۆدا دەبیننەوە، لەبەر ئەوەی کە کۆنەپەرستیەکی شاراوە لە ناخیاندا، لە هزریاندا حوکمیان دەکات. لەوەلامی ئەمەدا کاک چنار دەڵێت: ( من هونەرمەندم، من ئازادم چی دەکەم، دەشزانم چیم کردوە ) .
هونەرمەند تەنها توانینی داتاشینی شکڵیک نیە، هونەرمەند بەمانای کەسێک دێت کە خاوەنی شکڵو هزری خۆی بێت، خاوەنی زمانێکی خۆی بێت، پەنا نەباتە بەر خواوەندێکی بەسەرچو و سواو، هونەرمەند ئەو کەسەیە کە بتوانێت بە شکڵ گوزارشت لە باسێک بکات. ئازادیش بەمانای بەخەبەربونەوە دێت، بەخەبەربونەوە و ئاگامەندی بە خۆ و بە دەوروبەرەکەت. ناشزانیت چیت کردوە چونکە کەسایەتی ڕینگۆ و موفتی وەک لەسەرەوە بۆم باس کردیت دو جیهانی جیاوازن.
هەرچەندە فکرەکە سادەیە و لە هۆنراوە و نوسیندا هەمیشە بەکار هاتوە : دەفتەر و قەلەم وەک چەکی زانست بەرامبەر بە کۆنەپەرستی . بەلام دەتوانین بەرگێکی مۆدێرن بکەین بە بیرۆکەیەکی کۆندا، ئەوەی لە ڕبوردودا وتراوە مەرج نیە ڕەواجی نەیبێت ئەمڕۆ، بۆ ئەوەی جارێکی تر بیهێنەوە، دەبێت بەرگێکی نوێ و مۆدێرنی بکەین بەبەریدا بە زمانی سەردەمەکەمان. کەرەسەکانمان قەلەمو زانست و موفتین بەرامبەر بە هێزی کۆنەپەرستی، ئیتر لەم کەرەسانەوە دەمان توانی سەدەھا کۆمپۆزیسیۆنی گرنگ بدەین بە دەستەوە، بە بێ ئەوەی کە بکەوینە هەڵەیەکی وا زەقەوە. بۆ نمونە، لەبری ئەو پاڵتۆیە دەیتوانی ڕیزێک قەڵەم وەک فیشەک هەڵواسێت بە بەدەنیەوە بە جلکی پیشمەرگەوە یان وەک شەرەڤانێک، چونکە کەسایەتی و خەباتی شەرەڤان زیاتر یەکتری دەگرنەوە لەگەڵ هەڵویستو کەسایەتی موفتی: هەردوکیان روبەروی هەمان هێزی کۆنەپەرستی بونەتەوە. ئیتر چ پێویستی بە خواوەندی ڕینگۆ دەکرد ؟


لە بری کتێبەکەی با قەلەمێک وەک قازیفەیەکی بخساتەیەتە بن باڵی , یان موفتی لە سەنگەرێکدا بوایە، چواردەوری بە کتێب ، یاخود موفتی دەستی کیژۆڵەیەکی بگرتایە، قژی بەدەم باوە و بە قەلەمو کتێبەوە هەنگاویان بنایە بەرەو ئاسۆیەکی دور. ئەمانە نمونەی سادەو ساکارن لەسەر هەمان بیرۆکە، بیرۆکەکان هێندە زۆرن لە ژمارە نایەن، دەیتوانی بی چوێنێت بە شەرەڤانێک یان بە پێشمەرگەیەک وەک وتمان، ئیتر چ پیویستی دەکرد موفتی بی چوێنین بە خواوەندی ڕینگۆ ؟
نازانین ئەم پەیکەرە لە کوێ دائەنرێت، پێ دەچیت لە زێدی موفتی خۆی بێت. گەنجانی پێنجوێن کە موفتی بۆتە شوناسی شارەکەیان، بۆتە موڵکی ئەوان، خۆیان دەزاننو ئازادن چ بڕیارێك ئەدەن، بەڵام ئەم پەیکەرە بە هیچ جۆرێک گوزارشت لە هزرو هەڵوێستی موفتی ناکات. دانانی لە شەقامێکی گشتیدا دەوری پەروەردە دەگێڕێت بۆ ئەم جیلە، ناتوانێت ببێتە نمونەیەکی جوانی مۆدیرنەو گوزارشت لە موفتی .
خۆ ئەگەر خۆی لە ژیاندا بمایە ئاوا وەڵامی ئەدایەوە :

موفتی عاجز مەبە کە دەتچوێنن بە ڕینگۆ
نەزانە، بێ ئاگایە،
دەنا مەبەستی بێ رێزیکردن نیە بە تۆ


***



(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4/5)