ملیاردێكى نێو كایه‌ى سیاسى

Sunday, 10.04.2020, 21:55

2355 بینراوە


هه‌میشه‌ كه‌ ئه‌و كرێكارانه‌ى رۆژانه‌ كار ده‌بینم پێده‌خه‌نن و دڵخۆشن ، سه‌ره‌ڕاى نه‌بوونى كارو وه‌ستانى نێو گۆڕه‌پانه‌كانى كاركردن "بۆ فرۆشتنى ژیانى خۆیان بۆ كڕینى نانى سبه‌ى" كۆڵێك دڵخۆش ده‌بم و ده‌ڵێم به‌خته‌وه‌رى به‌ سه‌روه‌ت و سامان نیه‌ ، ئه‌و كرێكارانه‌ وانه‌یه‌كى بێده‌نگ و باش فێرى مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن ، بێئه‌وه‌ى نه‌ئێمه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌ سه‌ر بكه‌ین نه‌ئه‌وان پێبزانن.
هێشتا هه‌ڵبژاردن " هه‌ڵبژاردنى عیراق " ماویه‌تى كه‌چى ملیاردێره‌كانى نێو كایه‌ى سیاسى و ئه‌وانه‌ى خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ په‌یژه‌و به‌سه‌ر پشتیاندا هه‌ڵده‌كشێن لێره‌و له‌وێ خه‌ریكى مامه‌ڵه‌و گه‌مه‌ ناشرینه‌كه‌ى خۆیانن ، گه‌مه‌ى دروستكردنى به‌هه‌شتى درۆزنانه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ى هه‌ر جار به‌ جۆرێك فریوده‌خۆن .
هه‌ندێك له‌ ملیاردێره‌كانى نێو كایه‌ى سیاسى بۆ دوو باره‌ ده‌رچوونه‌وه‌ و خۆڵده‌كه‌نه‌ چاوى خه‌ڵك وبه‌ ده‌نگى به‌رز ده‌قیڕێنن، ئه‌وان به‌و ده‌نگه‌ ناخۆشه‌یان باسى مافى مرۆڤ و نان و ئازادى ده‌كه‌ن ، له‌ رابردوشدا جگه‌ له‌ ورگ و گیرفانى خۆیان كه‌سیان بیر نه‌بووه‌ ، له‌م یاریه‌ قێزه‌ونه‌دا ئه‌وانه‌ى ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانه‌ى ئۆپۆزسیۆنیش به‌ دووى چاوبه‌سته‌كى و چۆنێتى رامكردنى ده‌نگى خه‌ڵكه‌وه‌ن،  ئه‌وانه‌ پاڵه‌وانى  كاغه‌زین و كه‌ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ لایان وایه‌ ئیدى هه‌موو ئه‌وانى خواره‌وه‌ له‌وان بچوكترن ، بێئه‌وه‌ى له‌وه‌ بگه‌ن هه‌میشه‌ ره‌شه‌با پوش و په‌ڵاش و شته‌ سوكه‌كان ده‌با به‌ ئاسماندا .
هێشتا هیچ نه‌بووه‌ ئه‌وان كاڵاى جۆراو جۆرى خۆیان ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌و جنێویش به‌ یه‌كدى ده‌ده‌ن پێچه‌وانه‌ى ئه‌و كرێكارانه‌ى له‌ پێناوى یه‌كترا ده‌مرن ، ئه‌م ئاوه‌زه‌ كوێره‌ مه‌گه‌ر راپه‌ڕین  له‌ بنڕا هه‌ڵیته‌كێنێ و كۆشكى بلورینى ئه‌و ره‌زا مارمێلكانه‌ بێنێته‌ خواره‌وه‌ و هاڕه‌ى پێبكات.





(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 5/5)