ماسیەکان لەسەرەوە بۆگەن بوون پێویستە فڕێبدرێن

Saturday, 10/10/2020, 2:40

4063 بینراوە


[من ناتوانم وەک دایک بەشیری مەمکەکانم نەوەی وڵاتەکەم بە خێو بکەم ،بەڵام دەتوانم وەک باوکێک دزی لەو داهاتە نەکەم کەهی نەوەی وڵاتەکەمە.]
{خۆسێ مۆخیکا -کۆنە سەرۆکی ئۆرۆگوای}

[کوردستان وەک بانکێکی پڕەپارە وایە کە کۆمەڵێک دزو جەردە دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەم کۆمەڵە دزە ، نە لە سیاسەت دەزانن و نە شارەزاییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە.]
{محەمەد حەسەنین هەیکەل –ڕوناکبیرو نووسەری کۆچکردوی میسری }

نزیکەی [30] ساڵە جووت حیزب{پارتی و یەکێتی} کۆنترۆڵی تەواوی هەرێمی کوردستانیان کردوە. لەگەڵ ئەوەی لەوماودا دەرفەتێکی باش و گونجاو لەبەردەستدا بوو بۆ چاککردنی گوزەرانی خەڵکی بەشمەینەت و ستەم دیدەی کوردستان، کە عەمامێک بوو لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی و چەوساندنەوەیان بەڕێ دەکرد، بەڵام ئەم دوو حیزبە نەک هەر ئەو دەرفەتەیان بۆ بوونیاد نانی وڵات و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکار نەهێنا ،بەڵکو شکستیان هێنا لە پێشکەشکردنی فۆرمێک لە دەسەڵاتی تەنانەت [چارەکە سەرکەوتووش].بەمەش هەرچی خەون وخولیاو ئومێدی مێژینەی کوردە بۆ هەمیشه لە گۆڕ نا.
یەکێتی و پارتی ناشیرینترین ،قێزەوەنترین ، خراپترین ،فاشلترین نمونەی حکومڕانیان نیشانی خەڵکی کوردستان و جیهاندا ، کە لەو بڕوایەدام لە سەر ئەم هەسارەیە کەم وینەیە یا هەر وێنەی نیە.
دەسەڵاتێک گەر لەماوەی نزیکەی [30] ساڵدا نەتوانێت تەنانەت لە سەکتەرێکدا سەرکەوت تۆمار بکات و لە هەموو بوارو کایەو سەکتەرەکاندا تەواو شکستی بهێنێت، کەواتە شەرعیەتی مانەوەی لە مێژە لەدەست داوە و لە کارەسات بەولاو شتیکی نیە پێشکەشی خەڵکی بکات.

سەرانی ئەم دوو حیزبە لە مێژە دڵنیان لەوەی کە متمانەیان لەدەستداوە و خەڵک بێزار و تووڕەیە لێیان . ئەوەش دەزانن و لایان ڕوونە کە لەماوەی ڕابردوودا توانای چارەسەرکردنی گچکەترین کێشەیان نەبووە ، سادەترین و سەرەتایترین خزمەتگوزاریان پیشکەش نەکردوە ،بەڵکو بە پێچەوانەوە تابێت شکستیەکانیان زۆرتر و زیاتر دەبن .
بە ئاخافتنی هاوڵاتیاندا لە سۆشیالمیدیاکاندا، دەردەکەوێت کە ئەم جووت حیزبە تا چ ئەندازەیەک ناشیرەین و ڕسوابوون ، شێوازی ناڕەزایی و ڕەخنەی هاوڵاتیان چووەتە قۆناغێکی جیاوازەوە، دەربڕین وگوزارتەکان فۆرمێکی نوێی وەرگرتوە کە پێشتر بوونی نەبووە ، ئەویش خاڵیکردنەوەی ناخی تووڕەو بێزاریە بە دەربڕینی تووند و قسەی ڕەق .وشەگەلی وەک مافیا،وڵات فرۆش، گەندەڵ،دز،جەردە،چەتە،مرۆڤکوژ ،ئەمانە تەقریبەن تەجاوزکروان و وشەو داهێنانی نوێ جێگەیانی گرتووتەوە ،بۆ نمونە شوبهاندنی سەران و بەرپرسانی هەردوو حیزب بە تاکی پێڵاو ،پیسایی،تەوالێت ،بێکەرامەت، بێئەخلاق و شتی دیکە.
پێدەچێت ئەم پێناسە نوێیانەش وەک کۆنەکان کاریگەریان نەبێت لەسەریان،چونکە گەر هات و کۆمەڵە خەڵکێک تەنها بیر لە دزی و تاڵانی بکەنەوە ،ئەو دەمە ئاسایی دەبێت لایان گەر بەوجۆرە موخاتەبە بکرێن. واتە مۆراڵ و کەرامەت هیچ گرنگیەکی نیە لەکنیان ،چونکە لەمێژە لەدەستیان داوە. ئەو دەمەی ئەوجۆرەکەسانە بەهەموو قەناعەتیان بڕیاری دزینی پاروی خەڵکی برسیاندا،دزین و داگیرکردنی سەروەت و سامانی وڵاتیان بەلاوە ئاسایی بوو،کەواتە ئەوانە خاڵین لە هەرچی بەهای ئەخلاق و مرۆڤایەتی ودەستپاکی و نیشتمانپەروەریە .
تەنانەت حاڵ گەشتوەتە ئەوەی گەر یەکێک لەو بەرپرسانە تێوەگلانی لەگەندەڵیەکدا ئاشکرابوو و لە ،سۆشیال میدیادا ناوی هێنرا ،زۆر بەئاسایی وەری دەگرێت و بێدەنگ دەبێت تا باسەکە خامۆش دەبێت. گەر جاران بوایە کەسەکە هەڕەشەی کووشتنی دەکرد، سکاڵای تۆمار دەکرد، بەرپرسی نووسینگەکەی هەواڵەکەی بەدرۆ دەخستەوە.
ئەوەی کە ڕوونە خەڵکی هەرێم نزیکەی [ 30] ساڵە ئەم ڕەوشە نالەبار و پڕ ستتەم و گەندەڵیان لەم دوو حیزبە قەبوڵ کردوە. چەندین دەرفەتیان پێدرا ،ئەویش بە ئومێدی بەخۆداچوونەوەو و لاکردنەوە لە مەینەتیەکانی هاوڵاتیان ،لێ لە ئاکامدا یەک هەنگاو نەچوونە پێشەوە و هیچ گۆڕانکاریەکی ئیجابی لە ژیانی خەڵکدا ڕووینەدا ، بەپێچەوانەوە قەیرانەکان قووڵترو ژیانیش سەختر بوو.
کەواتە چاوەڕێکردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ئەرێنی لە گوزەرانی خەڵکدا ،خۆخڵەتاندنە و ڕاکردنە بە دووی سەرابدا.دەسەڵاتی مافیاو گەندەڵ ئامادەنیە دەستبەرداری دەسکەوتە ناشەرعی و نایاساییەکانی ببێت،لەبەرامبەریشدا خەڵکیش ئامادە نیە تاسەر ئەم ڕەوشە قەبوڵ بکات.بە واتایەکی تر ئەو دیوارەی نێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەیە ،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چینەکانی بەرزتردەبێت و دابڕانەکە قوڵتر دەبێتەوە.
چارە چیە؟
بۆ کۆتایی هێنان بەم ژیانە سەختەی خەلكی هەرێم ،بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە ستەمکارە کە هەموو سنورێکی بەزاندوە،گەرەکە بیر لە ڕێگەچارەی لۆژیک و دەستەبەر بکرێتەوە. لەساڵانی ڕابردوودا لەلایەن زۆرێک لە دڵسۆزان،ڕووناکبیران،چاودێرانی سیاسی و سەرانی هەندێک لە ئەحزابی موعارەزە هەندێک پێشنیار خرانە ڕوو. لەگەڵ ئەوەی ئەو پێشنیارانە لە سۆنگەی دڵسۆزیەوە خراونەتە ڕوو، ،بەڵام هەندێکیان نالۆژیکن و جێبەجێکردنیان سەخت و مەحاڵە.
بۆنمونە چارەسەری چەکداری یەکێک بوو لە چارەسەرەکان ،واتە بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا، ئەم چارەسەرە سەرکەوتوونابێت ،چونکە هەردوو حیزب هێز و توانای هەمەجۆری چەکداریان هەیە و مەناعەتیان نیە بۆ مانەوەی خۆیان ئەو هێزانە پێکڕا بەکار بهێنن وکوردستان نغرۆی خوێن بکەن.
گەواتە دەبێ بگەڕێین بەدووی ئەڵتەرناتیڤێکدا کە جێبەجێ کردنی لەسەر ئەرزی واقیع بەردەست بێت،هاوکات زیان بە سەروماڵی خەڵک نەگەیەنێت.
ئەوەی لەم سەردەمەدا لە جیهاندا وە بەتایبەتی جیهانی شارستانیدا پەیڕەو دەکرێت و ئەنجامی باشی هەبووە ، چالاکی مەدەنیە بە هەموو جۆرەکانیەوە.
دەکرێ خۆپیشاندان،گردبوونەوە مانگرتن،بایکۆت و تاد بگرێتەوە .
هەر یەک لەم چالاکیانە گەر هەقی خۆی پێبدرێ و لە ئاستێکی باڵادا ئەنجام بدرێت،ئەوە بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت.
گەر خۆپیشاندان بە بۆنمونە وەربگرین ،گەرەکە خۆپیشاندانێک ئەنجام درێت کە زۆرترین ژمارە بەشداری تێدا بکەن.ناکرێ ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی کاریگەر لە خۆپیشاندانێکی چەند سەدکەسی بکەین.گەر خۆپیشاندان سەرتاسەری بێت ،گەر بەرفراوانبێت،گەر هەرکەس زیاندمەندی ئەم دەسەڵاتەیە بەشداربێت تێیدا ،گەر هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی دەتبزوێنیت و بەم دۆخە ناڕازیت ،کەواتە لەسەرتە بەشداری لەخۆپیشاندانەکان بکەیت.ناکرێت کەسانێک[کە زۆرینەی خەڵکی هەرێمن] لە ماڵەوە لە شاشاشەی تێڤێکانەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن و پاسیڤ دانیشن و چاوەڕێبن خەڵک لە شەقام ڕەوشەکەیان بۆ بگۆڕێت.
هاوکات نادرووست و نالۆژیکە لە بەهاو کاریگەری خۆپیشاندان کەم بکەینەوە ،هەر لەژێر زەبری خۆپیشانداندا چەندین حکومەت و دەسەڵات لەکار کەوتوون.نزیکترین نمونە حکومەتەکەی عادل عبدولمهدی یە کە لەگەڵ ئەو پشتگیریە گەورەی ئەحزابی شیعە،مەلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ئێران بەهەموو توانایەوە پشتگیری بوون ،بەڵام هێزو بەردەوامی و ئیرادەی خۆپیشاندەران خستیان،نەک هەر ئەو بەڵکو لەدوای ئەویش دووکاندیدیان بۆ هەمان پۆست ڕەتکردەوە.
کەواتە یەکێک لە ئامرازە کاریگەریەکان خۆپیشاندانە،بەڵام بەوجۆرەی کە ئاماژەم پێدا.
ئامرازی دووەم مانگرتن و بایکۆتە ، گەر ئەمانەش بە شێوەیەکی دراسەبۆکراو ،پلان بۆدانراو ئەنجام بدرێن،هاوکات هەموو بوار و سەکتەر و بزاوتە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بگرێتەوە ،بەتایبەت ئەو کەرتانەی کە دەسکەوتی ماددیان بۆ جووت حیزب هەیە ،ئەوە بەدڵنیاییەوە ئومێدی سەرکەوتن و سەرفرازی زیاتر دەبێت و فشارێکی مەزنیش بۆسەر دەسەڵات درووست دەکات.
کەواتەگەر بێت و ئەم چالاکیانە پێکەوە گرێبدرێن و بکرێنە سەرمەشقی کارو بەرنامەی جەماوەری ناڕازی .هاوکات لەگەڵ ئەم کارانەدا قۆستنەوەی دەرفەتی میدیا بەهەموو جۆرەکانیەوە،وەگەڕ خستنی لەخزمەت دۆزەکەدا ،بێگومان دەبێتە تەواوکەری ناڕەزاییەکان و پەرە پێدانی ،کە بەدڵنیاییەوە کاری خۆی دەکات.
دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کێن و چ لایەن و حیزبك بەم ئەرکە قوورسە هەڵدەسێت.
خۆپیشاندانی خۆڕسک و غەیرە ڕێکخراو ،لەگەڵ ئەوەی چەند کاراو سەرچڵ و جەربەزە بێت ،هەمووکات سەرکەوتوو نابێت و ئامانج ناپێکێت. بۆیە گرنگ و پێویستە ئەو بزاف و چالاکیە جەماوەریانە ،پێشڕەویان هەبێت،تا درووشمەکان بەپێی ڕۆژ و ڕەوش دیاری بکات ،تاکاتیک و جوڵەیان ڕێک بخات ، لیژنەو گرووپی کاریان لێ درووست بکەن، کادێرەکانیان ئامادەبن لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان وناڕەزاییەکاندا دەرکەون.
ئەو لایەنانەی دەتوانن بەم ئەرکە هەستن و پێشڕەوایەتی ناڕەزاییەکان بکەن، نوێنەرانی هەژارو چەوساوەکان،چەپەکان، ئەخزابی ئۆپۆزشیۆن[ئەوانەی بەکردار ئۆپۆزشیۆنن]،ئازادیخواز و مرۆڤدۆستان و هەر لایەن و گرووپ و کەسێک خۆی لەخانەی دژ بە ستەمکاری دەسەڵات دەبینێتەوە.
ئەمانە پێکرا لەبەرەیەکی تۆکمەو خاوەن پلان و بەرنامەیەکی واقیعی کە خواستی خەڵکی ستەملێکراوی تێدا بەرجەستە بکرێت ،درەنگ یا زوو دەتوانن دەسەڵاتی گەندەڵ بڕوخێنن.
گەر ئیرادە بەهێزبێت،گەر ویست و ئارەزوو بوونی هەبێت ،گە بڕوای تەواو هەبێت بەوەی کە جگە لە نەمانی ئەم دەسەڵاتە هیچ چارەسەرێکی تر بۆ قەیرانەکان نیە،گەر ئەو قەناعەتە درووست ببێت کە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە ،یانی پتر و پتر هەژار بوونی تۆ و زیاترو زیاتر دەوڵەمەندبوونی دەسەڵاتداران، گەر هەر تاکێک هەست بەوە بکات کە کێشەو قەیرانەکان درەنگ یا زوو ئەویش دەگرێتەوە، گەر هەر هاوڵاتیەک خۆی بە بەشێکی کارا لە پرۆسەی خستنی دەسەڵاتدا ببینێتەوە،ئەوە گەر دەسەڵاتی مافیا و گەندەڵی پێ نەرووخێت ، بەدڵنیاییەوە هێندە لاواز دەبێت کە جیتر نەتوانێت وەک پێشتر حکوم بکات، مەرجیشە ئەم بزاوتە ناڕەزاییانە بەردەوامیەت وەربگرێت و لە بیوەی ڕێگا نەوەستێت ،چونکە بەردەوامیەت و سووربوون لەسەر گەشتن بەئامانج ،ئەویش فڕێدانیانە بۆ نێو زبڵدانی مێژو.
خۆلاسەی کەلام ،گەر پێناسەیەکی درووست بۆ سەرانی دەسەڵات بکەین دەتوانین بیانشوبهێنین بە ماسی بۆگەن، دیارە ماسیش لەسەرەکەیەوە بۆگەن دەبێ ،بۆگەنیش دەبێ فڕێ بدرێت.کەواتە لەمێژە ماسیەکانی دەسەڵات لەسەرەوە بۆگەن بوون و پێویستە هیمەت بکرێت بۆ فڕێدانیان..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە