لە نێوان مەحەممەد رەزا شەجەریان و ناسر رەزازی ؟

Saturday, 10.10.2020, 20:26

4057 بینراوە


جیاوازیی عەرز و ئاسمانە! بۆ؟

من ئەو بابەتە بە بێ دەمارگرژیی لێرەدا دەنووسم. لە بواری مۆسیقا وهونەریشدا پسپۆڕنیم وشارەزاییەکی ئەوتۆم نییە.تەنیا وەک تاکێکی کورد ئاشقی مۆسیقا و دەنگیی خۆش و زوڵاڵم. هەروەها پێشموایە هونەرمەندیی راستەقینە بۆ بەرەوپیش بردنی هونەریی نەتەوەکەی پێویستە وێنەی مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و راستبێژ لە ژیانی هونەریی خۆیدا هەڵسوکەوت بکا. هونەر لە سەرپێی درۆ و دەلەسە و خۆچووک کردنەوە بەرەو پێش ناچێ. ژیانی هونەرمەندێکی خاوەن هەست کاریگەریی ئەرێنی لە سەر ژیانی کۆمەڵگادا دەبێ. ژیانی هونەرمەند و شارەزا لە بواری مۆسیقا، ژیانی شەخسیی خۆی نییە. بۆ گەل دەژی، بۆ نەتەوەکەی تێدەکۆشێ، بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەکەی گیانی خۆی بەخت دەکات.
ئەو رۆژانە رەزا شەجەریانی فارس زمان کۆچی دوایی کرد. بە باوەڕی من خەسارێکی مەزن بوو بۆ مۆسیقا و هونەریی نەتەوەی فارس. بۆیە جێگرەوەی ئەو کۆچکردووە بە زەحمەت سەردەردێنێتەوە، بەڵام هومایونی کوڕی دەتوانێ بەرادەیەکی بەرچاو ئەرکەکانی باوکی بەردەوام بکا. 
لە ناوتۆڕە کۆمەڵەیەتیەکاندا بیروبۆچوونی جیاوازم بینی لە ئاست هونەریی شەجەریان و کەسایەتی شەجەریان. تاقمێک لە کوردەکان بە زمانێکی خۆش لە دەستدانی ئەو کەسەیان بە کورتیی لێدابۆوە و بە کەسێکی دەنگخۆش وخاوەن هەستیان پێناسە کردبوو.
بەڵام تاقمێکیش وەک کەسانی ناشارەزا و دەمارگرژ کەسایەتی ئەو کەسەیان هەڵسەنگاندبوو تووڕەیی خۆیان لە ئاست فارسبونی شەجەریان دەربڕیبوو. منیش وەک تاکێک ڕێز لە خەبات و دەنگخۆشیی وهەڵویستی شەجەریان دەگرم. چوون ناکرێ وەلابنرێ و رەخنەی بنی ئیسڕاییلی لێ بگێرێ. لەناو نەتەوەی فارسدا بە دەگمەن کەسایەتیەکی هونەریی و مۆسیقایی و دەنگخؤشیی وەک شەجەریان هەڵدەکەوێ. تاقمێکیش سیاسیکار و تاکی کورد ناسر رەزازی و شەجەریانیان وەک یەک لە دوو نەتەوەی جیاوازیی کورد و فارس لە تەنیشت یەکتر دانابوو وایان لێکدابۆوە، کە کوردیش کەسێکی وەک رەزازی تیدا هەڵكەوتووە. لێڕەدایە ناسیونالیسم تووشی نەخۆشیی دەبێ و چاو وگوێ وهەست و سۆز و تێگەیشتن لە رێڕەوی خۆیدا دووچاری کوێڕێ دەبێ بەرەو هەڵدێری مێژوو خلۆر دەبێتەوە ولە بەر چاومان بزر دەبێ.

شەجەریان و رەزازی:

تاقمێک.. رەخنەی ئەوەیان گرتووە کە شەجەریان وێنەی دەگەڵ چەند مەلایەکی دەسەڵاتدار گرتووە، بۆیە لە دەسەڵات نزیک بووە. لە گرتەیەکی ویدئۆییدا زۆر بەراشکاوی باس لەوە دەکا و دەڵێ، من وام دەزانێ ئەو دەسەڵاتە شۆڕشگێڕن و مافی گەلانی ئێڕان دابین دەکەن. تاکاتێك بیستم لە سەر فتوایەکی خومەینی کە دەری کردبوو گووتبووی: لەمەوبەدوا مۆسیقا حەرامە و وەک ماددەی هۆشبەر دەچێ! ئیتر من وازم لێهێنان و ماڵئاواییم لەو دەسەڵاتە کردوە دووی کاری خۆم کەوتم.
ئەو رەخنەیە کە لە شەجەریان گیرابوو، هیچ لە جێی خۆیدا نابینم. لە بیرمان نەچێ کاتێک دژی شای ئێڕان خۆنیشا ندان بەڕێوە دەچوو، خەڵك لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگریان لێ دەباری و لە نەتەوەکانی دیکەی ئێڕان زۆر بە گوڕتربون! پاشان کە زانرا ئەو دەسەڵاتە هیچی بۆ کورد پێ نییە، ئیدی ئەو گڕ و کفە بەرەو خامۆشیی ڕۆیی، بەتایبەت حیزبەکانی ئەو بەشە لە وڵات نەیانتوانی بە گوێرەی پێویست کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرن. جگە لەوانەش زلهێزەکان و زۆرینەی وڵاتانی دونیا وایان دەزانی دەسەڵاتی دوای شای ئێڕان دەسەڵاتێكی دادپەروەر دەبێ. لەوەش بترازێ شەجەریان لە ژیانیدا هیچ کات چەکدار نەبووە و ئەندامی هیچ رێکخراوەیەکی سیاسیش نەبووە.
ئەگەر چاو لە ژیانی ناسر رەزازی بکەین دەتوانین بیکەینە دوو بەش. بەشی یەکەم پێش ئەوەی وەک دەنگ خۆشێک  و گۆرانیبێژێک دەرکەوێ، لە شاری سنە خەریکی ژیانی شەخسیی خۆی بووە، چی دەکرد و چۆن دەژیا من ناچمە ناو ناوەرۆکی ئەوکاتی ژیانی خۆی، ئەوەندەی کە من بیزانم یەکم جاربە گووتنی گۆرانی: ئای چەندەم خۆش دەوێ، هاتە سەرزاران و ناوی دەرکرد.
رەزازی، دوای رووخانی شای ئێڕان بوو بە چەکداری حیزبێک بەناوی کۆمەڵە، کە باوەڕیان بە هەر ئیدئۆلۆژیایەک هەبووە جگە لە کێشەی کورد. دەگەڵ چەند کەسێکی دیکە پەیتا پەیتا سرودی شۆڕشگێڕیان بڵاو دەکردوە و سەدان منداڵی بێتاوانی کوردیان لە رێگای ئەو سروودانە کردە چەک بەشان و بەکوشتیان دان. کەچی بۆ خۆیان لە تەنیشت ئاوری ئەو شەڕە قرێژە خەریکی خۆ گرمکردنەوە بوون.
زەمان هاتو زەمان چوو. رەزازی لە کۆمەڵە هاتە دەریانژی دەرکرا. ئیدی سەردەم ، سەردەمی خۆپاراستن و خۆ هەڵاوەسین بوو بە PKK و ئەو رێکخراوانەی کە  PKK  بونیادی نابون. رەزازی چەندە باوەڕی بەو ئاڵوگۆڕي فکریی خۆی هەیە من نازانم. بەڵام دەزانم بۆ ئەوەی خۆراگرن و نەتوێنەوە وەک کەسێکی شۆڕشگێردرێژە بەژیانی خۆیان بدەن، زۆر هاسان پشتیان لە رابوردووی خۆیان کرد و بە خشکەیی پەشیمان نامەیان تۆمارکرد. تا ئێڕەش من نەمدیوە بۆ یەکجاریش رەزازی و رەزازیەکانی دیکە رەخنەی زبر لە دێمۆکراتەکان و کۆمەڵەکان بگرن کە لە سەر چی گەمەتان بە خوێنی هەزاران ڕؤڵەی کورد کرد؟ کەچی دوای ئەوەی کە شەجەریان لە دەسەڵات دابڕا، بڕیاری دا خۆی لە بەرەی نەتەوەکەی بدۆزێتەوە. ناسر رەزازی و کەسانی وێچوو، ئێستیش چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ئامریکا کۆماری ئیسلامیممان بۆ بڕوخێنێ ودێمۆکڕاتەکان و کۆمەڵەکان ببن بەئاغا و خەڵكی خێڕنەدیتووش ببێ بەرەعیەتی بەرپرسانی حیزبی، وێنەی ئەوەی کە لە ٢٨ ساڵە لە باشووری کوردستان دەبینین.
شەجەریان بۆ خۆی پەروەردە کرد و وەک زانایەکی شارەزا لە ئامرازی مۆسیقا و ئاڵگۆڕی پێک هێنا، لە بواریی هەڵبژاردنی شیعریش بۆ ئاواز و مۆسیقا و گووتن شارەزاییەکی زۆری وەدەست خستبوو.
شەجەریان، مافی بەڕێوەبەردنی کۆنسێرتی لە ناو خۆی ئێڕان لێ وەرگیرابۆوە، بە ناچاریی لە هەنەدەران کۆنسێرتی شارەزایانەی بەڕێوە دەبرد و خەڵكانێکی بەرچاویش بەشداریان لە کۆنسێرتەکانیدا دەکرد. کەچی رەزازی ئەگەر لە ناوخۆی وڵات کۆنسێرتی لێ قەدەغە کراوە، لە دەروەی وڵاتیش نەیتوانیوە تا ئێرە کۆنسێرتێکی بەرچاو بەڕێوە بەرێ  وئەنجامی بدا، جگە لە هیندێک زەماوند و بۆنەی سیاسی.
رەزازی و چەند کەسێک لە دۆستەکانی ئەگەر (پەکەکە) نەبوایە، ئێستیش لە بارەگای بێچووە دەرەبەگێکی وەک موهتەدی و ئیلخانیزادە دەهات و دەچوو.لە حالێکدا شەجەریان هیچ پەیوەندیەکی سیاسی و ئابووری دەگەڵ دەسەڵات نەمابوو. لە چەند کورتە ویدئۆیەکدا زۆر بە جورئەتەوە رەخنە لە دەسەڵاتی هەیی دەگرێ لە تاران. کە چی من ئێستیش نەمدیت کە رەزازی بە جورئەتەوە بە گژکەمپنشینەکاندا بچێ و رەخنەی بوێڕانەیان لێبگرێ.
ئاستی خوێندن و ئاستی شارەزایی شەجەریان و رەزازی لە بواری هونەر و مۆسیقا زۆر لە یەکترجیاوازن. شەجەریان زۆر زیرەکانە توانی ئالوگۆڕی فیزیکیی وهونەریی بەرسەر ئالەتەکانی مۆسیقای ئیڕانیدا دروست بکات، کەچی رەزازی هیچکات هەولی ئەوەی نەداوە کە سازێک یان ئالەتێكی مۆسیقا فێڕبێ و بیژەنێ، چون ئەو جەوهەرەی دەخۆیدا نەدەدیت و ئەوتوانایەشی نییە.

کۆتایی:

هەرکەس، هەر چۆنێک لەو بابەتە تێدەگات کەیفی خۆیەتی. من بە دوور لە دەمارگرژیی هەستی خۆم بەوشێوەیە نووسیوە. داییمیش پێم وابووە، کە نەتەوەکەمان هێشتا دەستی نەداوەتە شۆڕشێک لە بواری مۆسیقا و هونەریی نەتەوەکەمان. چون شۆڕش تەنیا چەکداریی نییە. بە خۆشیەوە لە باکوری وڵات و لە رۆژئاوای وڵات تا رادەیەکی بەرچاو لە بواری هونەر و مۆسیقا، ئەو شۆڕشە پەرە دەستێنێ، بەڵام هیشتا کەمە، پێویستیی بە تێكۆشآنی زیاتر هەیە.


سندوقی کوردستان پۆست.




(دەنگدراوە: 10 . زۆرباشە: 4.5/5)