بۆ مردنی مەهاباد قەرەداغی

Friday, 09/10/2020, 21:30

5286 بینراوە


مردن وانەیە بۆ زیندووەکان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە بە خراپی دەستکاری ژیانی خۆیان دەکەن

----------------------------------------------
بە نیاز نەبووم لە سەر مردنی مەهاباد قەرەداغی دێڕێک چییە بنووسم، بەڵام کاتێک رۆژژمێری کۆمپیتەرەکەم بە بیری هێنامەوە کە ئەمڕۆ یادی رۆژی لەدایکبوونی (مستەفای حەسەنە گەورە)یە، کە پێش شەش مانگ لەمەوبەر وەکو ئێستای مەهاباد قەرەداغی ماڵئاوایی لێکردین، ناچار ئەم چەند دێڕەم بە خەیاڵدا هات کە لەسەری بنووسم.
مستەفای حەسەنە گەورە و مەهاباد قەرەداغی لێکچوونی کەم و جیاوازیی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، لێکچوونەکان تەنیا دوانن. یەکەم: هەردووکیان بە کۆڕۆنا کۆچیان کرد. دووەم هەردووکیان ئەندامی ستافی کوردستانپۆست بوون.
جیاوازییەکانیش زۆرن، کە من لێرەدا دەست بۆ هەندێکیان رادەکێشم.
- مەهاباد بە ناشرینی مرد، بەڵام مستەفا بە جوانی.
- مەهاباد ژمارەیەکی کەم لە کارمەندانی شارەوانی ناشتیان، بەلام مستەفا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ و دۆست و کەسوکاری بەڕێیان کرد.
- مەهاباد لە کوردستان شارەوانی ناشتی. مستەفاش لە دوورە وڵات بە رێزەوە ناشتیان.
- مەهاباد بە دەستی بەتاڵ بۆ کوردستان گەڕایەوە، کە مردیش پارە و ماڵ و موڵکی دزراوی میللەتی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، مستەفاش بە قەرزێکی زۆرەوە، ماڵئاوایی لێکردین، کە تا ئەمڕۆش خوشکەزاکانی قەرزەکانی بۆ ئەدەنەوە.

مەهاباد قەرەداغی پێش مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست بوو، نزیکەی دوو ساڵ، لە نێوان (ساڵی ٢٠٠٣ - ٢٠٠٥) دژی دەسەڵاتی کوردی، بەتایبەتی پارتیی دەینووسی، دوا نووسینی هێرشی کردە سەریان و وتی:
(بۆچی پێشمەرگە بۆ بەغدا دەنێرن، منداڵەکانی خۆتان بنێرن و بە کوشتیان بدەن). کاتێک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی پێوەکرد لەگەڵ حەمەسەعید حەسەندا پێکەوە گەڕانەوە بۆ کوردستان.
هەر ئەو ساڵە منیش لە نووسینێکدا رەخنەم لێیان گرت، حەمە سەعید حەسەن ساتیرێکی گاڵتەئامێز و سوکایەتیی لەسەر باوکم نووسی لە رۆژنامەی خەبات و چەند راگەیاندنێکی پارتییدا بلاوی کردەوە، هێرشی کردە سەرم، وتی:
خەڵکی گەڕەک لە باوکی کەمال بێزار بوون، شاربەدەریان کرد، کە مردیش لە شیوێکدا فڕێیان دا، ناچار شارەوانی لاشەکەیان بردو شاردیانەوە.
مەهاباد قەرەداغیش بەهەمان شێوە پەلاماری دام و کەوتە پێداهەڵدانی بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵات وتی:
من نەمدیوە ماڵپەڕێک ئەوەندە خەیاڵ پڵاوبێت ئەو هەموو رەخنەیە دەگرێت، دەیەوێت دەسەڵات بڕوخێنێت. نووسینەکەی لە کوردستان نێتدا بڵاوکردەوە،
کاتێک منیش وەڵامم دایەوە، هێندەی دیکە تووڕە بوو توندنتر پەلاماری دام، بۆی نووسیم و وتی:
(پیرەمێرد بۆ واز ناهێنیت،؟ ئەگەر ئازای وەرەوە بۆ کوردستان، من هەموو رێگایەکت بۆ خۆش دەکەم ناهێڵم دەستت بۆ بەرن، چۆنت پێ خۆشە دەچین لە تەلەفیزیۆندا لەسەر چیای حەمرین بەرامبەر بە یەک دادەنیشین و قسە دەکەین، لەگەڵ خۆتدا هەرچی کەسوکاری مێینەشت هەیە وەکو خوشک، ژن و کچەکانیشت بهێنە.)
وەکو وتم بە پیرەمێرد منی ناوبرد، ئەمە لە کاتێکدا ئەوسا من تەمەنم لە ئیستای تەمەنی خۆیدا بوو کە کۆچی دوایی کرد.
من بە مردنی مەهاباد قەردەغی دڵخۆش نییم، بۆیە سەرخۆشی لە کەسوکاری دەکەم، هەرچەندە لای من مەهاباد قەرەداغی لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە کۆچی دوایی کرد و ژیانی شکۆمەندیی و سەربەرزی نەویست و بەجێی هێشت، خۆی تەسلیمی دەسەڵاتێک کرد، کە من بۆ خۆم ناخوازم لە خەویشدا نزیکی پارتیی و بنەمالەی بارزانی ببمەوە. حەمەسەعید حەسەنیش وەکو مەهاباد دەمێکە مردووە، بەتایبەتی ئەو کاتە مردنەکەییم بینی، کە لە وێنەیەکدا لەگەڵ (هەڵکەوت زاهیر) و (رێبوار وەلی) بە زەلیلی و ماتەمینی دانیشتبوو..


لە کۆتاییدا ماوە بڵێم، کە هەموومان لەسەرەی مردندا وەستاوین، لێ من مردنێکی وا ناخوازم کە دڵی گەلی خۆم رەنجاندبێت. دەمەوێت قەرزی کوردبوونی خۆم دوور لە خیانەت و ریایی و دەستپانکردنەوە لەدەستپیسەکانی دەسەڵات بدەمەوە، ئەوسا ماڵئاوایی لە ژیان بکەم.
مردن وانەیە بۆ زیندووەکان، تا بزانن تەمەن هێندە کورتە بەشی ئەوە ناکات خۆمان تێدا بناسیین، بەتایبەتی ئەوانەی کە بە خراپی دەستکاری ژیانی خۆیان دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە