نامەیەک بۆ درۆزن و چەواشەکاری ئینتەرناسیۆناڵ، دیندار زێباری

Monday, 12/10/2020, 23:33

5364 بینراوە


بە بێ ڕێز و بە بێ سڵاو
12.10.2020 بەلجیکا
لە ڕێگای ئەم نامەیەوە دەمەوێت پێت ڕابگەیەنم کە من کوڕی تێکۆشەرێکی ١١ ساڵ زیندانی و دێرینی پارتیم کە لە ساڵی ١٩٤٦ وە لە کۆماری مەهابات بە مستەفا بارزانی ئاشنا بووە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی پارتی بووە و سکرتێری مستەفا بارزانی بووە. لە ساڵی 1947 وە تاکو 1958 زیندانی سیاسی بووە. پاش ئازادبونیشی لە 61 وە تاکو 16.2.1999 پشتیوانی پارتی بووە تاکو ئەو ڕۆژەی لە هۆڵی محەمەد عارف جزیری لە کۆبونەوەیەکدا بە ئامادەبونی مەسعود بازرانی جەڵتەی دڵ لێی داو کۆچی دوایی کرد.
ئەگەرچی بەشداری باوکم لە کۆماری مەهابات جێگای شانازیمە و بەشداری لە شۆڕسی ئەیلول تاکو 1975 بۆ من جێگەی تێگەیشتنە، بەڵام لە دوای ئەو بەروارە نزیکبونەوەی دوبارەی لە پارتی نەك جێگای تەنها ڕەخنەیە بەڵکو جێگای شەرمەزاریە بۆ خۆی و بۆ بنەماڵەکەی کە بە چاوی خۆی دەیبینی چۆن بنەماڵەی بارزانی تەنها سەرقاڵی نۆکەری بۆ بێگانە و دوژمنایەتی دەنگە ئازادەکان بون و پارێزەر و پشتیوانی جاش و خۆفرۆشانی وەکو بنەماڵەکەی تۆ بون. ئەنجامی بێدەنگی باوکم و نمونەی ئەو یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بنەماڵە خیانەتکارەکەی پارتی و ئەولادی جاشەکانی لە نمونەی تۆ بونەتە دەمڕاستی گەلەکەمان.
زۆر بە داخەوە کە لە ڕێگای کچی شاسوارئاغای پورزای باوکم کە هاوسەرێکی نابەختیاری تۆیە بە هۆی ڕەفتارە بێڕەوشتیەکانتەوە، پەیوەندی خزمایەتی لە نێوان ئێمەدا دروست بووە.
لێرەوە شەرمەزاری بۆ شاسوار و سەردار ئاغا و نێعمەتی کۆچکرد دەنێرم، کە دەبوایە بەسەر لاشەکەیاندا نەبوایە ئەم هاوسەرگیریەی کچ و برازاکەیان پەسەند نەکردایە. ئەوانە ئەگەرچی بە جەسەدی منداڵی حەمەئاغای تێکۆشەر بون و میراتگری سەروەت و سامانی بون، بەڵام بەداخەوە مسقاڵێک میراتگری شانازیەکان و نیشتیمان پەروەری و ڕێزلەخۆگرتنی خوالێخۆشبو حەمە ئاغای باوکیان نەبون.
ئەم پێشەکیەت بۆ دەنوسم بەو مەبەستەی کە خوێنەران بزانن لە کەسێکی نزیك و بە ئاگا لە خۆت و ڕەفتارە پڕ لە شەرمەزاریە حیزبی و تایبەتیەکانتەوە ئەم نامەیەت ئاراستە کراوە.
بە هۆی ئەوەی لەسەر خوێنی خەڵك و تێکۆشەرانی دێرین و شەهیدانی گەلەکەمان تۆ و نمونەی نەوەجاشەکانی وەکو تۆ لە تواناتاندا بووە لە دەرەوەی وڵات بە ڕێگای ناشەرعی ببنە خاوەندی بڕوانامە و شارەزا لە زمانە ئەوروپیەکاندا و ئەو سەرمایەیەی لە ئێوەدا خەرج کراوە ئێستا بنەماڵەی خیانەتکاری بارزانی بەکاریدەهێنێتەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی دەنگە ئازادەکانی گەلەکەمان لە کوردستان، بە تایبەتی لە زۆنەی سەوز.
لە ڕونکردنەوەکەتاندا سەبارەت بە پیاوی بەهەڵوێست و ڕۆژنامەنوسی ڕاستگۆ و نەترس، شێروان شێروانی نوسیوتانە کە '' لەکاتى لێکۆڵینەوەى سەرەتایى شێروان شێروانى دانى بەوە ناوە کە ئەو لە سەرچاوەى دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و پشێوى'' ئەگەرچی ئێمە دڵنیاین کە میتۆدی حیزبی بەعسی ، سەرانی ڕابردوی باوك و باپیرانت بەکار دە‌هێنی، بەڵام هێشتا لەو ڕاستیە تێنەگەیشتوی کە ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە و تیشکی ڕۆژ بە بێژن ناگیردرێت. من لێرەدا نامەوێت زۆر لەسەر ئەم ناماقوڵیە و جاش و بەعسی ڕەفتاریەت بنوسم تەنها و تەنها پێت ڕادەگەیەنم کە ئەگەر کەمترین هەستی پیاوەتی و شەرەف و کەرامەت و ڕاستگۆییت تێدا بێت ئەم نوسینەی من و ئەو ڤیدیۆیەی کوڕە گەورەکەی شێروان شێروانی لەسەر ئەکاوەنتی فەیسبوکیەکەت لانادەیت. بۆ ئەوەی خەڵکی خۆیان بڕیار بدەن کە کەسێكی وەکو شێروان شێروانی سەرباری بڕوانامەی زانکۆی، سەرمایە و کارخانەکەی تەنها ژمارەیەك مریشك بێت بەو مەبەستەی هێلکەکانیان بفرۆشێتەوە و لەو ڕێگایەوە مانگانە دو سەد دۆلارێکی بۆ بژێوی خۆی و خیزانەکەی سەربەرزانە بەدەستبهێنێت. چۆن دەگاتە ئەو ئاستە نزمەی وەک ئەوەی تۆ ناماقوڵیت کردووە لە ''سەرچاوەى دەرەکییەوە یارمەتی دارایی کراوە بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و پشێوى '' ؟!
لە کۆتایی ئەم نامەیەدا لەگەڵ بێڕێزیم بۆ خۆت و خزمە سەرشۆڕەکانم ، بێڕێزیم بە پورزاکەشم یان ڕاستر بڵێم (پورزا زاکەم) نێچیرڤان بارزانی بگەیەنە و پێی ڕابگەیەنە کە زوو بێت یان درەنگ خەڵکی کوردستان تۆڵەی دزی و خیانەتکاریەکان و سەرکوتکردنەوەی ئازادیەکانتان لێ دەکاتەوە و هەمو شتێك لە تەنکیدا دەپچرێت و تەنها زوڵم و زۆرداری لە ئەستوریدا دەپچڕێت.
بە هیوا و هیمەتی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بۆ ڕاماڵینتان و گەیاندنتان بە دادگای گەل


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە