با چیتر دۆلارم بۆ مەنێرە

Wednesday, 14/10/2020, 22:44

3390 بینراوە


کاتێ بڕی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ئەنێریتەوە بۆ کوردستان لەڕێگەی بانکی western union وە ، وەرگر تەنها بڕی ٧٠ – ٧٥ دۆلار وەرئەگرێ. واتە نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ دۆلارێك ئەدزرێ، ئەم دزیەش لەکاتێکدایە کە وەرگر پارەکە تەنها بە دیناری عێراقی ئەدەنێ و دەستێکی تەڕ ئەنێن بە پاشەلیدا.
سەرباری ئەوەی نێردەر جگە لەو ١٠٠ دۆلارەی ئەینێرێ ٢ بۆ ٣ دۆلار هەقی ناردنەوەکەی ئەدا، کەچی دزەکانی کوردستان نووقرچێکی گەورە لەو ١٠٠ دۆلارە ئەدەن و کەسیش ناوێرێ بڵێ لەل. کەسیش ناڵێ کاکە ئەو بە دۆلار بۆ منی ناردوە و بۆ ئێوە ئەو عەزیەتە ئەکێشن و بۆم ئەگۆڕنەوە بە دینار، ئێ ناکرێ هەر بە دۆلار بمدەنێ؟!
هەڵە نیم گەر بڵێم ئێمەی دەرەوەی کوردستان هۆکاری دواخستن و نەکردنی شۆڕش و ڕاپەڕین و گۆڕانکارین، ئەوە ئێمەیەن خوێنی گەش ئاڵ بەجەستەی گەندەڵی دەسەڵاتدارانەوە، ئەبزوێننین.. ئەوە ئێمەین لەڕێگای خۆشەویستی بۆ کەس و کارمان و یارمەتی دانیان وامان لە خەڵکی خۆمان کردوە بەهەموو شتێك ڕازی بێ و نقە لەخۆی ببڕێ دەرهەق بەو هەموو دزی و گەندەڵیەی دەسەڵات،لێیان ئەکا.. ئەوە ئێمەین فێری تەمەڵیمان کردوون و ئەرکی دەسەڵاتمان لەسەر دەسەڵاتدار سووك کردوە و نەمان هێشتوە کەس مۆڕەیان لێ بکەن و لێیان تووڕە ببن. ئەوە ئێمەین دۆلار ئەنێرینەوە و دەسەڵاتیش لەم لاوە ئەینێرێتەوە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و بازاڕی خۆمان نابووت ئەکەن. ئەی چارە چیە،، خۆ ناکرێ پشت بکەینە خزم و کەس و کارمان و خۆمان لێرە باش بژین و ئەوانیش بە پێچەوانەوە،، ئەمە بیرکردنەوەی زۆربەمانە و کەم تا زۆر یارمەتیمان ناردۆتەوە بۆیان، بەڵام ئایا کاتێ کار بگاتە ئەوەی دزی لەیارمەتی بکرێ و ئەو بڕە پارەیەیەی بۆ مەبەستی نەخۆشی و خێرخوازی و شتی ترەوە بنێردرێتەوە و ئاوای لێ بەسەر بێ، ئێدی ئەبێ لایەنی نێردەر و وەرگر هەڵوەستەیەکی قووڵ وەربگرن بگەڕێن بەدوای ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو کە نەشیش بسووتێ و نە کەباب.
دەسەڵاتێ دزی لە نەخۆش و پەککەوتە وکەنەفت بکا، دەسەڵاتێ دزی لە هەژار ولێقەوماو بێ مووچە بکا، دەسەڵاتێ دزی لە مناڵی نەوجەوانان و بێ لانە و بی ناز بکا، دەسەڵاتێ دزی لەکرێکارێ بکا لە بایەنیەوە تا ئیوارێ چەند دۆلارێکی دەست بکەوێ و ئامادە بێ یارمەتی خەڵکانی تری لێ بدا، ئەوا شایەنی ئەوەیە تەفرو توونای کەی.
مێژووی ڕاپەڕین و ستەم دژ بەدز و خاین و نیشتمان کاولکەر و دیکتاتۆرەکان زۆربەی کات هۆکارەکەی نەبوونی ئازادی و دزینی ئابوورییەکەی بوە، ئەوڕۆ لە کوردستان نە ئازادی هەیە و نە مووچە، ئەوەی ئەو لاسەنگیەی هێشتۆتەوە ئەو بڕە پارە کەمەیە کە لەدەرەوەی ووڵات بۆیان ئەچێتەوە ، گەر بێت لەمەو لا ئەو یارمەتیە نەچێتەوە وەیان ئەوان لەشوێنێکی تر ئەو پارەیە وەربگرن بۆ ئەوەی دزەکان کەڵکی لێ وەرنەگرن، ئەوا کارێکی باشە.
دەبا هەموان بگەڕێین بەدوای وەڵام و بزانین چی بکەین لەمەو دوا بۆ ئەوەی هەم یارمەتیەکان بەردەوام بێ و هەروەها دەسەڵاتی دزیش هیچ لەو یارمەتیە نەدزێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە