پارتى و خیانه‌تى به‌رده‌وام

Saturday, 17/10/2020, 20:19

4970 بینراوە


ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوى بنەماڵەى بارزانى یان پارتى كە هەردوكیان یەك شتن و لە دوو فۆڕم و ناوى جیاوازدا بۆمان دەردەكەوێت كە پڕە لە خیانەت و تاوان و تراجیدیا كە بەرامبەر بە میللەتى كورد ئەنجامیان داوە . پارتى هەرگیز سڵى نەكردۆتەوە لە ئەنجامدانى تاوان و خیانەت بەرامبەر بە میللەتەكەى ئەگەر بەژەوەندى خۆى كەوتبێتە مەترسییەوە .
 ئەگەر هەندێك خیانەتیان لە ناچاریدا بەرامبەر بە میللەتەكەیان ئەنجامدابىَ وەكو خۆیان دەڵێن و پاساویان بۆ دێننەوە ، زۆر خیانەتیشیان كردوە كە ناچار نەبون و دەیانتوانى نەیكەن . . ئەگەر ئاشبەتاڵى ساڵى 1975 لە ناچاریدابوبێت و وەكو خۆیان دەڵێن موئامەرەى دەولى بوە ، ئەى كاتێك یەكێتى نیشتمانى شۆڕشى نوێی دەست پێكردەوە بۆچى پارتى دژى وەستایەوەو لە برى ئەوەى ئەویش دەست بكاتەوە بە شەڕ دژى حكومەتى عێراق ، دەستى كرد بە پەلاماردانى پێشمەرگەكانى یەكێتى ؟؟. شەهید كردنى پێشمەرگە سەرەتایەكانى شۆڕشى نوێ وەكو حوسەین بابە شێخ و حەسەن خۆشناو و هەموو ئەوانى تر لە پێناوى چیدابوو؟.
 ئەنجامدانى كارەساتى هەكارى و شەهید كردنى شەهید عەلى عەسكەرى و دكتۆر خالیدو هەموو قارەمانەكانى تر لە پێناوى چیدابوو؟ .
كەس هەیە نەزانێت كە ئەو هێزە بەرەو سێ سنوور كەوتبونە ڕێگا بۆ هێنانى چەك بوەو زۆرینەى هێزەكەش بێ چەك بون و هەرگیز بە نیەتى شەڕى پارتى نەكەوتونە ڕێگا ؟؟ ئەمەشیان موئامەرەى دەولى بوو ، یان خیانەت بوو ؟؟ پەلاماردانى هێزەكانى حیزبى دێموكراتى ئێران لە دەڤەرى پیران شەهرو ئاڵۆتان لە ساڵى 1982 و شەهیدكردنى سەدان پێشمەرگەو بە دیل گرتن و تەسلیم كردنەوەى سەدانى تر بە ڕژێمى ئێران لەپێناوى چیدابوو؟
 ئەوكاتەى ئەوان ڕاوى پێشمەرگەى حیزبى دێموكراتیان دەكرد لە قۆڵایی گەرمیانەوە بە چلەى زستان پێشمەرگەكانى یەكێتى كەوتنە ڕێگا بۆ یارمەتیدانى حیزبى دێموكرات . باشە ئەگەر یارمەتیشى نەدان بۆچى شەڕى كردن و پێشمەرگەى حیزبى دێموكرات چ تاوانێكیان بەرامبەر بە بنەماڵەى بارزانى ئەنجامدابوو تا تۆڵەی خۆیان بكەنەوە ؟.بەڵام دیارە ئەمانە بونە خائین و بەكرێگیراوى بێگانە لەپێناوى مەرامەكانى خۆیاندا . لە كاتێكدا لە قوڵایی ناو خاكى كوردستان پێشمەرگەكانى یەكێتى شەرَیان دژى بەعس دەكرد ، ئەوان ڕێكخستنەكانى خۆیان ڕادەسپارد شەڕى پێشمەرگەى یەكێتى بكەن و ئەگەر ناچار بون ، تەسلیم بە بەعس ببنەوەو ببن بە جاش و بەردەوامبن لە دژایەتى یەكێتى .
 نمونەى ئەوانە تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج و دەیانى تر . باشە ئەمەیان لەپێناوى چى و موئامەرەى كام دەوڵەتە بوو ؟؟. ئەى باشە ئەنجامدانى خیانەتى 31 ى ئابى 1996 لەپێناوى چیدابوو؟ . 
 هیچ خیانەتێك و هیچ تاوانێك و هیچ تراجیدیایەك كەپارتى ئەنجامى داوە موئامەرەى هیچ لایەنێك نەبوەو هەمویان بۆ بەرژەوەندى خۆیان ئەنجامیان داوە و پارتى و بنەماڵەى بارزانى خیانەتیان بە شیرەوە خواردوەو پێیان تەرك ناكرێت و بە ویراسى حەزیان لە خیانەتە و بەدەست خۆیان نییە .
 ئەنجامدانى ڕیفراندۆم ولەدەست دانى نیوەى زیاترى خاكى كوردستان خیانەتێكى ترى بنەماڵەى بارزانى . ئەمەیان سودى چیبوو ، لەپێناوى چیدا كردیان ، كىَ پێى كردن؟. هەمومان دەمانزانى ئەوە كارێكى خراپە . هەموشمان هاوارمان كرد . ئەمەریكا بەو گەورەیی و زەبەلاحى خۆیەوە هاتە سەرخەت و تكاى لە بارزانى كرد ئەوە نەكات و ساڵێك دواى بخات و ئەوان دەبن بە كەفیل و كێشەكانیان لەگەڵ عێراق بۆ چارەسەر دەكەن.
 باشە كىَ ئاوا خوا دەیداتى و چۆن ئاوا بە ئاسانى لەقەى لى دەدات ؟ بەڵام دوایی دەركەوت و ئێسزۆر لە سیاسەت مەدارەكانى جیهانیش هاتنە سەر ئەو بڕوایەى كە بارزانى لەسەر داواى توركیا ئەوكارەى كردوە ، نەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان ، بەڵكو بۆ ئەوەى هەرگیز كوردستان سەربەخۆ نەبێت . ئێستا كە پارتى و بنەماڵەى بارزانى و ماستاو چى و هەلپەرست و بەناو مامۆستاى زانكۆ و كۆیلەكانیان ڕادەستكردنەوەى كەركوك وەكو خیانەتى نیشتمانى وێنا بكەن و بیخەنە ئەستۆى یەكێتى ، ئەمەیان لە پێناوى چیدایە ، چما هەموو خەڵك نازانێت ئەگەر ڕادەست كردنەوەى كەركوك بە بەغدا وەكو خیانەت وێنا بكرێت ، سەرۆك بارزانى پشكى شێرى بەردەكەوێت ؟. 
 من بەرگرى لە یەكێتى ناكەم و نەشمكردوە .بە بێتاوانیشیان نازانم و لە نوسێنێكى تریشمدا بە درێژى باسى ئەوەم كردوە . ئەوەى بەسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هات و ڕأدەستى بەغدا كرایەوە ، ئەنجامى ڕیفراندۆم بوو . 
 ئەگەر ئەمە وەكو خیانەتیش بۆ یەكێتى حساب بكرێت بەرنامەى پێشوەختى یەكێتى نەبوەو بە هۆى ڕیفراندۆمەكەى مەسعود بەرزانى فەیلەسوف و سیاسەت مەدارى گەورەى كوردەوە بووە ، كە ئەو ڕیفرادۆمەى كرد بۆئەوەى ئەو سنورە لە دەست یەكێتى بچێت و دڵى توركیاش ڕازى بكات . 
 بەرپرسەكانى یەكێتیش هەڵ خەڵەتێنران و بەدەستى خۆیان ماڵى خۆشیان و كوردیشیان وێران كرد . دواجار كراشن بە خائین . ڕاستە ڕادەست كردنەوەى كەركوك و ناوچەكانى تر بە بەغدا خیانەتەو پارتى و یەكێتى بەرپرسیارن ، بەڵام وەكو دواجار دەركەوت پارتى ئەمەى بە بەرنامە كردوەو هیچ نیەتیشى نەبوە بەرگرى لە كەركوك بكات لە كاتى هێرشى حكومەتدا .
 حكومەتى عێراقیش بڕیارى دابوو كەركوك بگرێتەوە بە هەر نرخێك بێت ، كەواتە ڕێكەوتنەكەى یەكێتى لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەى بێ شەر ِبێنەوە ناو كەركوك زۆر باشتر بوو لەوەى كەركوك وەكو موسڵ وێران ببێت . خۆزگەى هەر لەسەرەتاوە ڕێكەوتنایەو ئەو هەموو پیِشمەرگەیە بە خۆڕایی شەهید نەدەبون و كوردانى توز خورماتوش ئاوایان بەسەر نەدەهات كە ئیستاش هەندێكیان نەگەڕأونەوە .
 با واز لە هەموو شتێك بهێنین و ئێمەش وەكو پارتى بڵێن ڕأدەستكردنەوەى كەركوك خیانەت بووە . ئێمەش دەڵێن خیانەت بووە . پارتى دەڵێت ئەوە یەكێتى بوو خیانەتى كردو لەگەڵ بەغدا ڕێك كەوتنو كەركوكیان تەسلیم كرد . ئێمەش بە هەمان شێوە دەڵێن راستە ئەوە هەموى بە تەنها خیانەتى هەندێك لە بەرپرسانى یەكێتى بووە .
 باشە ئەى ڕادەست كردنەوەى شەنگال بۆ بەغدا دەچێتە چ بابێكەوە ؟ ئایا حكومەتى عێراقى هێرشى هینابوو بۆ سەر شەنگال ؟ .باشە كە حكومەتى بەغدا هێرشى نەكردووە ، خێرە ئاوا بە ئاسانى شەنگال دواى ئەوهەموو كارەساتەى بەسەریان هێنا ڕأدەستى بەغداى دەكەنەوە ؟ . پرسیار ئەمەیە لە هەموو كەسێكى خاوەن ویژدان ، ئەوانەى خۆیان بە سیاسەتە مەدار دەزانن ، ئەوانەى خۆیان بە دڵسۆزى ئەم میللەتە دەزانن ، شەنگالیش ناچێتە بابى خیانەتەوە ؟.
 باشە بۆچى ئەوەى كەركوك خیانەت بێ و ئەمەى شەنگال ریكەوتن بێت ؟. ئەگەر ڕێكەوتنە ، لەپێناوى چیدایە؟. 
ئەگەر بۆ كەركوك خیانەت بوبێت ، بۆ شەنگالیش خیانەتە . ئەگەر ڕادەست كردنەوەى شەنگال بە ڕێكەوتن بوبێت ، ماناى وایە رأِدەست كردنەوى كەركوكیش بەڕێكەوتن بوە و ناچێتە بوارى خیانەتەوە . جیاوازیەكە تەنها ئەوەیە شەل نییەو پاى شكاوە .
 پارتى دوو جار خیانەتى لە شەنگال كردوە . جارى یەكەم كە بارزانى فەرمانى بە هێزەكانى كرد بكشێنەوەو شەر ِنەكەن . گومانى زۆریش هەیە كە ئەوە ڕێكەوتن بوبێت لەگەل َداعش . بە چاوى خۆمان نەمان دى ژنانى رۆِژئاواى كوردستان پێشیان بە هێزەكانى پارتى دەگرت و كە ڕانەكەن و ئەوان خێراتر ڕایان دەكرد ؟
 خیانەتى دووەم ڕأدەست كردنەوەى شەنگال بە بەغدا بەبێ ئەوەى هیچ گوشارێك لەسەر هێزى پێشمەرگە هەبێت و نە حكومەتى عێراقیش پێی لەسەر ئەوە داگرتبێت بەزۆر بێتەوە شەنگال . بابزانین هۆكارەكانى پشتى ئەم سیتاریۆیەى پارتى چییە و لە پێناوى چێدت ئەمەى كردوە :
 یەكەم : هەرچەندە لە ئێستادا قایمقامى شەنگال پارتییەو تەنها هێزى پارتى لییە ، بەڵام بۆ پارتى دەركەوتوە كە خەڵكى شەنگال نەك پارتییان ناوێت ، بەڵكو زۆرڕقیشیان لێیانەو بە هۆكارى هەموو ئەو نەهامتیانەیان دەزانن كە بەسەریان هەتوە . سیاسەتى پارتیش ڕونە دەڵى ماستێك بۆمن نەبێت، باموشى تێدابێـت كێشە نییە . بۆیە چۆن لە خەمى لە دەست دانى كەركوك نەبوو ، بە هەمان شێوەش لە خەمى لە دەست دانى شەنگالیش نییە . پارتى لە ئێستادا دەیەوێت شەنگال بكاتە قوربانى بەرژەوەندیەكانى خۆى ، بۆیە وەكو هەدیە پێشكەشى بەغداى كردەوە . 
 دووەم: لەبەر ئەوەى بارودۆخى ئابورى هەرێم خرایە . سەرۆكى حكومەت پارتییە .پارە نییە بۆ موچە . بۆیە مەرایی بۆ بەغدا دەكات و ئامادەیە دەست لە شەنگال و دەیان شوێنى تریش هەڵگرێت لە بەرامبەر ئەوەى بەغدا بەشە بودجەى هەرێم بدات و پارتى لەم تەنگەشەیە ڕزگارى ببێت و هەر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. لە لایەكى تریشەوە ئەمە وەكو مەرایی دەكات ، بۆ ئەوەى موتمانەى بەغدا بە دست بێنێتەوە .ئەوەتا لە ئێستاوە پارتى پشتیوانى خۆى بۆ كازمى دەربڕیوە بۆ هەڵبژاردنەوەى بۆ سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران .
 سێیەم : بۆ ئەوەى پەكەكەو پەیەدە لەشەنگال دەەركرین چونكە پارتى ئەوانە بە دوژمنى خۆى دەزانێت. 
 چوارەم : بە دەركردنى پەكەكەو پەیەدا لە شەنگال موتمانەى توركیا لە دەست نادات و پەیوەندیەكانیان دەچێتە ئاستێكى باڵاترو باوەڕ پێكراوترەوە .
 دواى هەموو ئەوخیانەتانەى پارتى ئەنجامى داوە لە ئێستادا ئەگەرى زۆر هەیە بۆ ئەوەى پارتى خیانەتێكى گەورەى ترى نیشتمانى ئەنجام بدات لە پێناو مانەوەى خۆى لە دەسەڵاتدا . هەموتان لە بیرتانەو زۆر دوور نییە كە پارتى بەبی َهۆكار و بی َهیچ مەترسیەك هێزى بردە زینوى وەرتى َ. كڵاویشى كردە سەرى وەزیرى پێشمەرگە كە یەكێتییەو ئەوسنورەش سنوورى یەكێتیە.
 ماوەیەك دەنگە دەنگى لەسەر دروست بوو . یەكێتى هێزى بردە ئەو ناوە .دواجار كێشەكە هێوركرایەوە بەوەى لیوایەكى هاوبەشى یەكێتی و پارتیان بردۆتە ئەوێ . دیارە ئەو ناوە نزیك سنورى هێزەكانى پەكەكەیە . توركیا بەفرۆِكە چەند پێشمەرگەیەكى پەكەكەشى شەهیدكرد . 
 هیچ گومانى تێدا نییە پارتى لە خۆڕایی ئەمەى نەكردوە لە خیانەتكردندا خاوەنى ستراتیجى دوور مەودایە و ئەوەتا ئێستا خەریكە هێواش هێواش سەرەداوەكانى ئەم سیناریۆیە بەدەر دەكەوێت و خەریكە پارتى بەرنامەكەى بخاتە بوارى جێبەجێكردنەوە . حكومەتى عێراقى بارى ئابورى زۆر خراپە . لە لێوارى ئیفلاسبوندایە . ئەگەر كار ئاوا بڕوات ئەو بڕەپارە كەمەى ئێستاش دێت ، ناینێرن . كەواتە حكومەتى بەناو هەرێم موچەى پی َنادرێت . ئەگەر بارودۆخەكە بەردەوام بێت ئەگەرى ڕاپەڕینى گشتى هەیە . ئەو كات دەسەڵاتى پارتى دەكەوێتە بەرمەترسى گەورەوە . لەبەر ئەوهۆكارە پارتى لە ئێستاوە خەریكى ڕێخستنى سیناریۆكەیەو خەریكە لەم ڕێگایەوە بیخاتە بوارى جێبەجێكردنەوە .
 ماوەیەكە ئاسایشى هەولێر قسە لەسەر كوژرانى بەرپرسى ئاسایشى سەرزێڕی ( غازى ئالیخان ) دەكات و تاوانى كوشتنەكەى دەدات پاڵ پەكەكە . داوا لە هاولاِتیان دەكات هەڵویستیان هەبێت . ئەى بۆچى داواى لە هاوڵاتیان نەكرد هەڵوێستیان هەبێت ، لە كاتى شەهید كردنى سەردەشت عوسمان و دەیان شەهیدى تر.
 ئەمەش پێشەكیە بۆ ئەوەى لەو ڕێگایەوە زەمینە خۆش بكات بۆ هەڵگیرسانى شەڕێكى خوێناوى گەورە . لە ئێستادا پارتى ئارەزوى دەست پێكردنى شەڕێكى هەیە بۆ داپۆشینى گەندەڵى و تاڵانیەكان و هەڕاج كردنى نەوتى كوردستان و ئیفلاس كرد بە ئابورى هەرێم. توركیاش ئاواتە خوازە پارتى چراى سەوزى بۆ هەڵ بكات و بەهانەى هێرشى بۆ بڕەخسێنێت . پارتیش ئامادەیەو هاوكاریى سوپاى توركیش دەكات .
 ئەگەر ئەوە ڕوبدات هیچ گومانى تێدا نامێنێت كە كوشتنى غازى ئالیخانى بەرپرسى گومرگى سەرزێڕى پارتى خۆى ئەنجامى دابێت بۆ ئەوەى ئەوە بكەنەبەهانە دروستكردنى شەڕو دەست پێكردنى شەڕ بۆ سەر پەكەكە .
 پارتى چەندین ساڵە بە بەردەوامى ڕێگاى خۆش كردوە كە هێزەكانى توركیا لەناو خاكى كوردستان جیگیر بكات بۆ ئەوەى لە ڕۆژى تەنگانەدا توركیا فریاى بكەوێت . لە كاتێكدا بەغدا بەشە بودجەى هەرێم نەنێریت و هەرێم خۆشى دەڵى پارەمان نییە . وەكو ڕێبوار كەریم مەحمود ئەندام پەڕلەمانى عێراق دەڵێت سەرەتا بەناوى پاشەكەوتى موچەوە گیرفانى موچە خۆرانیان تاڵان كرد .
قۆناغى دواى ئەوە بە لێبڕینى موچەو بەردەوام دواخستنى دەستیانپێكرد .
 ئێستا قۆناغى خۆ گونجاندنیان دەست پێكردوە . واتە حكومەت پارە بنێرێـت یان نەنێرێـت ئێمە بە پێی ئەو پارەیە موچە دەدەین كە لەبەر دەستمانە . كەواتە لێرە بەدواوە ساڵى سێ جار موچە دەدرێت. پارەى گومرگەكان لە لایەن پارتى و یەكێتیەوە دەدزرێت . پارەى نەوت دەدزرێت . پارەى داهاتى ناوخۆ دەدزرێت . هەرچى كۆمپانیاى گەورە هەیە ، كۆمپانیاى حیزبین و باج نادەن . ئەگەر بەغداش پارە نەنێرێت ، كەواتە موچە نامێنێت .
 كەواتە مەترسى ڕاپەڕین دەست پێدەكات . بەڵام ئەگەر پارتى شەڕى پەكەكە دروست بكات ئەوكات شەڕەكە دەكاتە بەهانە بۆ پێنەدانى موچەو بارودۆخێك دروست دەكات خەڵك لە ترسى ژیانى خۆى موچەى لەبیر بچێتەوە . بۆ ئاگاداریتان پارتى بۆ مانەوەى خۆى دەست بۆ هەموو خیانەتێك دەبات و هیچ بەتەنگ ژیانى خەلكەوە نین و مانەوەى خۆیان لە هەموو شتێك پێ گرنگترە . ژیانى بنەماڵەى بارزانى بۆسەدان ساڵى تریش زامنەو ، نەبونى هاوڵاتیانیش بە كێشەى خۆیان نازانن . 
  بۆیە زۆر گرنگە هاولاتیان دەرك بەو مەترسیە چاوەڕوانكراوە بن چونكە هەمووشتێكى خراپ لە پارتى چاوەڕوان دەكرێت . كاتى ئەوەشە لەخەو هەستن و چیتر بیدەنگ نەبن . ئەگەر میللەت ئیرادەى هەبێـت هەموو شتێكى پی َدەكرێت و لە هەموو حیزب و لایەن و حكومەتیش بە هێزترە . هەر وەكو دەشڵێن :
 هیچ كەسێك بە دیكتاتۆرى لەدایك نابێت ، ئەوە بێدەنگى خەڵكە دیكتاتۆر دروست دەكات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە