لە بەکارهێنانی تێزابەوە دژ بە نەیارەکانیان بۆ سەربڕینی مرۆڤەکان وەک دوا هەگبەی ئیمان و عەقیدە

Tuesday, 20/10/2020, 19:20

3350 بینراوە


سەدەی بیست و یەک سەدەی بە سفر کردنەوەی تەواوی ئاینەکانە...
لەو سەردەمەی کە ئاین بووەتە زادە و کەلتووری کۆمەڵگاکان و گەشەی کردووە، سەردەمێک بوو گەشت بەرەو ئاسمانەکان و ئەستێرەکانی تر هێشتا تەنها خەون و خەیاڵی ناو پەرتوکە ئانیەکان و فەلسەفیەکان بوو، کاتێ زانست ئەو خەون خەیاڵانە دەکاتە حەقیقەت، ئیتر کۆی مرۆڤەکان زیاتر دەستکراوە دەبن بۆ گەڕان بەشوێن سەدان حەقیەتی ڕەهای تردا، کە بەجۆریک لە جۆرەکان لەلایەن کۆی ئاین و ئاینزاکانەوە تابو کرابوون.
سەردەمانێک قسە و ڕەخنە لە پیاوانی ئاینی و رابەرەکاکانی تەریقەتەکەت جۆرێک بوو لە ئیهانە بە کۆی مەخلوق و خوداوەندەکان.
هەندێ جار دەوتروا خوداوەند لەتۆڵەی کردەوەکانی بەشەریەتدا لەوانەیە تەواوی سەرزەمین تەفروتونا بکات...
دەرکەوت ئەمانە هیچ بنەمایەکی ئاسمانی و خوداوەندی نییە و، هیج مرۆڤێک لەلاینە خوداوەندەوە ڕانەسپێراوە بۆ پاشایەتی و کوێخایەتی سەر زەمین و مرۆڤایەتی. هیچ پەیامێک لە خوداوەندەوە کەس نەیبینی، جگە لە هەندێ پەرچەکردار هەڕەشە و تۆقاندن لەلایەن ئەو گروپانەی کە پیاوانی دەسەڵاتداری ئاینی لە هەندێ حاڵەتدا بەکاریان دینن، خوداوەند هیچ باکی نییە و کاریشی بەسەر کوفر و ئیلحاد و سوکایەتی بە پێغەمبەران و پیاوانی دیاری تەریقەتەوە نییە.
کێ هەیە لە ئێمە نەزانێت سەردەمانێک قسە ووتن بە شیخ و مشایەخ و ئەولاد و نەوەکانیان دەبێتە گوناهی گەورە. بکەری ئەم کارە دوور نیە دەمی خوار نەبێت و سەقەتی ناو جێگە نەبێت، تووشی رق و غەزەبی خوداوەند دەبێت...!
مێژوو سەلماندی هەموو ئەمانە جگە لە دروستکراوی پیاوانی دەسەڵآتداری ئاینیەوە بۆ خۆ پیرۆز کردن و مانەوەیان هیچی تر نەبووە.
هەموو ئاینەکان لە حەقیقەتدا لەبەردەم قەیرانێکی گەورەی مانەوەدان....
تەکنۆلۆژیا و زانست خەریکە سیحری مانەوە و گەشەککردنی ئاینەکان سنوودار دەکات و بێ ئەرزش و بێ بایەخیان دەردەخات.
هەندێک لە ئاینەکان تەواو هەست بەم شکستەی خۆیان دەکەن، تێدەگەن ئیتر لەسایەی گلۆبالیزەیشنی زانست و برەوی زانستدا، هەگبەکەیان هیچی تیدا نەماوە تا بەکاری بهێنن.
بۆیە هەندیکیان بە ڕێز و شکۆوە، بێدەنگیان هەڵبژاردووە و خۆیان لە سوڕی درێژ خایەنی متب بوون داوە، هەندێکیشایان دەیەوێت بە هەر شێوازێک بێت وجودی خۆی بسەپێنێ و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەهای زەبەلاحی زانست و تەکنۆلژیا کەم بکاتەوە.
هەندی لەو ئاینانە، جا لە ڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە بێت، یا لە رێگەی هات وهاوار و تەفسیر کردنی نوێ بۆ دەقە ئاینەکەیانەوە بێت، دەیانەوێت هەژموونی خۆیان دەربخەن و زانست و پێسکەوتنەکان بێ بایەخ لە کۆمەڵگاکانی خۆیان بگەیەنن...ئەم جۆرە لە تەفکیر و عەقڵیەت، هیچ کاریگەری لە زهنیەت و کایەی زانستی نابێت، جگە لەوەی ئەو گروپە زیاتر بەربەریەت و ناشاراستنی خۆیان بۆ تەواوی جیهان ئیسپاد دەکەن...
یا بە جۆرێک لە جۆرەکانیش دەتوانی وەهای لێک بدەیەتەوە ئەمە دوا ساتی مەرگیانە، بۆیە وەک ماینێکی کەحێلە بەهەرچوار لادا ڕاکە ڕاکیانە و پەل دەهاوێژن و ئەحیلێنن.
ئەم جۆرە گروپانە خراپتر لە وگروپانەی کە خۆیان خستۆتە سوڕی متمانەوە گەر خۆریان ئاوا بوو زۆر بە زەحمەت دووبارە دێنەوە ناو کۆمەڵگاکان و جێگە و پێگەیان بۆ دەکرێتەوە و بەئاسانی جارێکی تر ناتوانن خۆیان لەگەڵ سروشتو کۆمەڵگاکاندا بگونجێنن، وە یا ببنە گروپێکی رۆح سووک و خۆشەویست و بەڕێز، جا ئەو کاتە سەلیقە و نەرم و نیانی و خۆ بە فریشتە کردن هیچ باکیان نادات، تەواوی کۆمەڵگاو نەتەوەکان وەک ئەهریمەنێکی ساختەچی و ترسناک لێیان دەڕوانن و نابنە مایەی متمانە...
لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەو گروپانەی کە خۆیان بێدەنگ کردووە لەم زەمەنی خێرایی تەکنۆلۆژیاو زانستدا شەنسی دووبارە گەرانەوەیان بە ڕێزەوە زیاتر دەبێت بۆ ناو کۆمەڵگای بەشەریەت زیاتر لەو گروپەی کە کەوتوونەتە سەربڕین و هەڕەشەی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی کۆمەڵگاکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە