زانستە ساختەکان کامانەن و چۆن دەناسرێنەوە؟

Wednesday, 21/10/2020, 20:13

11196 بینراوە


جۆرج برناردشۆ: وریابە زانستی ساختە گەلەک مەترسیدارترە لە نەزانین! 

ئەمڕۆکە بەهۆی بوونی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەناڵە ئاسمانی و دەزگەکانی ڕاگەیاندن، شۆڕشێکی مەزن بەرپا بووە لە جیهانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییە جۆراوجۆرەکان. دەروازەی ئەم جیهانەش کراوەیە بەسەر هەمووان، هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت شتێکی لێ وەربگرێت، یاخۆ بۆی زیاد بکات، ئەمەش ئەگەر کاریگەرییەکی ئەرێیی هەبێ، هاوکات لایەنی نەرێیشی زۆرە. لەبەرئەوەی ئەو دەمەی پێوەندییان بە بابەتە زانستییەکانە دەبێت، ئەوا گەڕۆکی ئاسایی و ناپسپۆڕ کە وێڵی شارەزایی و فێربوونە، ڕووبەڕووی بڕێکی یەکجار زۆر لە زانیاری دەبێتەوە، بۆی ئەستەم دەبێت زانستی ڕاستەقینە لەوانەی گەندە و ساختەکان جیا بکاتەوە. بێگومان کاتێکیش زانست و ئاینەکان تێکەڵ بەیەک دەکرێن و بانگخوازە خوڕافەپەرستەکان و لایەنگرانی دەرئاسا زانستییەکان دێنە مەیدان، ئەوا شتگەلە پڕوپووچەکان بەرگێکی ئاینییان پی دادەرێت و بەپیرۆز دەکرێن، دەرەنجام کێشە و گرفتەکان پتر دەبن.
زانستی ساختە (Pseudoscience)، پێناسە دەکرێت بە کۆمەڵە بیرۆکە و بۆچوونێک کە خاوەنەکانیان بانگەشەی زانستی بۆ دەکەن، بەڵام لەسەر بنچینەی ڕێبازێکی زانستی ڕاستەقینە و ناسراو سەرچاوە ناگرن. گەلەک جاریش چەند بیروڕایەک دەخرێنە بەردەست بەوەی کە زانستین، کەچی هیچ بەڵگەیەکیان نییە و زۆربەیان بابەتی ناڕوونن و بەزێدەڕۆییەوە دەوروژێنرێن، نە بواری سەلماندنیان تێدا هەیە و نە ڕێ بەوە دەدرێت لەلایەن پسپۆڕانەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێن، یان ڕەخنەیان لێ بگیرێن.
کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانی هەمیشە بازاڕێکی گونجاو و لەبارە بۆ هەڵسوکەوت و بازرگانیکردن بە زانستی ساختە و ڕێکلامکردن بۆ دەرمانی گەندەی چارەسەری نەخۆشییەکان و گرفتی منداڵبوون و چەندانی دیکە، ئەوانەی ساڵانە بە ملیاران دۆلاری تێدا بەفیڕۆ دەچێت. ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین دەبینین، ئەو کێشەیە لە هەندێ وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانیشدا بوونی هەیە، بە گوتەی ڕۆژنامەی تەلەگراف، ئیتالییەکان ساڵانە نێزیکەی پێنج ملیار یۆڕۆیان لێ دەڕوات بەهۆی گرتنەوەی بەخت و ئەستێراندن، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ٣٤ ملیار لە پزیشکی جێگرەوە خەرج دەکرێت.
بەداخەوە جاری وا هەیە زانستی ساختە دەرەنجامی مەترسیداری لێ دەکەوەێتەوە، لە شێوەی ئەو تۆژینەوە نازانستییانەی چالاکوان و دژکارانی دەرمانی کوتان پشتی پێ دەبەستن کە گوایە سەلماندوویانە کوتان زیانی زۆرترە لە سوودەکانی. یاخۆ ئەوانەی پڕوپاگەندە بۆ دەرمانی چارەسەرکردنی هاوڕەگەزخوازی و چەندان نەخۆشی کوشندە دەکەن، کەچی لەڕاستیدا زیانبەخشن، یانیش هیچ ماددەیەکی کاریگەریان تێدا نییە.
مێژووی هەندێک لە زانستە ساختەکان پێش زانستەکان دەکەون هاوشێوەی، ئەستێراندن و دەرزی ئاژنین، هی واش هەیە وەک ئایدۆلۆژیا و کاردانەوەیەک بەرانبەر بە زانست سەریان هەڵداوە، لە نموونەی خەڵقگەراکان و نەخشەسازی ژیری دژ بە بیردۆزی پەرەسەندن.
لەپاڵ زانستە ساختەکان گەلەک زانیاری ساختەش لە ناو موسڵماناندا باو دەبێت و بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە، زەقترین نموونەش لێرەدا ئەوانەن کە بەبێ بوونی بەڵگە بڕیار دەدەن: زمانی عەرەبی زمانی قورئانە و سەرچاوەی گشت زمانەکانی جیهانە، نیشتمانی ئێمە مەزنترین شوێنە لە جیهان، ئێمە جیهانمان فێرە شارستانی و یاسا و زانست کردووە، یەکەمین ڕۆژنامە لە لای ئێمە دەرچووە، لەمە و لەوە لە پێشەوەی هەموو جیهانین! لە کاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکی بێلایەن ئەو بانگەشانە پشتڕاست ناکاتەوە. یانیش دەڵێن، زێڕ تۆماوی پیاو بێهێز دەکات، بۆیە لە ئاینەکەماندا بۆ پیاوان قەدەغە کراوە، بێگومان ئەمانەش زانیاری هەڵەن و تەنیا لەبەر باوەڕداری بەڕاست دادەنرێن، زۆر جاریش ئاینداران ئامادە نین، بڕواننە ئەو بەڵگانەی دژی بۆچوونەکەیانن.
کێشەی زانستی ساختە ئەوەیە کە هیچ پێوەرێکی ورد و ڕوونی نییە، تا بتوانین بەچاکی بیناسینەوە، ئەوەشی پتر ئەو گرفتە ئاڵۆزتر دەکات لەوەدایە، خەڵكی زۆربەیان بایەخ بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی زانستەکان نادەن، پتر دەڕواننە بابەتگەلە سەرنجڕاکیش و پڕوپووچە نازانستییەکان. ئەو کۆمەڵگانەی ڕێژەی نەزانین و نەخوێندەواری زێدەتر بێت، باوەڕهێان و بڵاوبوونەوەی گەندە زانستی زۆرتر پەرە دەسێنێت و زانا و پسپۆڕانی زانستەکان تێیاندا کەمتر دەبنەوە، لەبەرئەوەشە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و ئەنتەرنێت پڕن لەبابەتی ئەستێراندن و خوێندنەوەی بەخت و چیرۆک و بەسەرهاتی ئەندێشەیی.
لەبەشەکەی دیکەدا گوترا، کارل پۆپەر یەکەمین کەس بووە هەوڵی داوە سنوورێک دیار بکات لە نێوان زانستی ڕاستەقینە (ئەو ئەزموونەی بۆ بیردۆزی ڕێژەیی ئەینیشتاین ئەنجام درا) و زانستی ساختە (بیردۆزەکانی فرۆید، کاتێک لایەنگرانی تەنیا بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕان کە بۆچوونەکانی فرۆید دووپات دەکەنەوە، هاوکات هەموو ئەوانەشی دژی بیردۆزەکانی بوون فەرامۆشیان دەکردن). دەتواندرا بەهەڵەخستنەوەی یەکێک لە پێشبینییەکان بیردۆزەکەی ئەینشتاین بەلاوە بنرێت، بەوەی ئەگەر خۆرگیرانی ساڵی ١٩١٩چەمانەوەی تیشکی بەهۆی بوونی کایەی هێزی بەکێشکردن دەرنەخستبووایە، ئەوا دەبووایە زاناکان هەڵەبوونی بیردۆزەکە ڕابگەینن. بەڵام لەبەرانبەر ئەمەدا بیردۆزەکەی فرۆید ئەستەمە بەهەڵە بخرێتەوە، چونکە هەر لە بنچینەدا توانی بەرهەڵەبوونی تێدا نییە. ئەمەیان هاوشێوەی ئەو گریمانەیەیە دەڵێت، ژیان لە دەرەوەی زەویدا هەیە، لێرەشدا ئایە مرۆڤ دەکارێت گشت ئەو ملیاران ملیار هەسارەی ئەو گەردوونە بپشکنێت بۆ گەڕان بەدوای ژیان؟ ئەمەش بوو وای لە پۆپەر کرد بنەمای بەرئەزموونی (Testability)/بەرهەڵەبوون (Falsifiability) بکاتە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی زانستی ڕاستەقینە لە زانستی ساختە.


تایبەتمەندییەکانی زانستە ساختەکان

هەر کاتێک یەک لەم خاڵانەی خوارەوە لە بابەتێکدا دەبینین، پێویستە بەوردی سەرنج بدەین تا شتگەلە نازانستییەکان بەچاکی بناسینەوە؛
- نەبوونی ڕیزبەندی لۆژیکی لە بیرۆکەی بابەتەکان، بەوەی بانگەشەکان زۆربەیان ناڕوونن و ئەستەمە بەتەواوی تۆژینەوەیان تێدا ئەنجام بدرێت.
- ناونەهێنانی سەرچاوەکان، یاخۆ سەرچاوە گوماندارەکان، ئەو دەمەشی لێی دەکۆڵینەوە بۆمان بەدەر دەکەوێت کە لە بابەتێکی هەڵبەستراو پتر هیچی دیکە نییە.
- بەستنەوەی بیردۆزێکی زانستی بە بیرۆکەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی، نیشتمانی، یاخۆ نەتەوەیی. زانیارییەک بەرگێکی ئاینی بەبەردا کراوە، بەشێوەیەک خاوەنەکەی دەیەوێت ڕێنماییت بکات بە هەڵەیەک.
- زانیاریەکی وەرگیراو بە پشتبەستن بە بەڵگەی چەند چیرۆکێکی بژارەکی کە نەکارین بەشێوازێکی زانستی پێشکێشی بکەین. بهێنە بەرچاوت تۆ لە زانکۆی وڵاتێکی ئەمریکای لاتین لە کۆبوونەوەیەکی پزیشکیدا، دەربارەی دەرمانێک بۆ چارەسەری نەخۆشییەک دەدوێی کە لەلایەن خزمێکت لە شارێکی وڵاتەکەتدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تاقیکراوەتەوە و پێی چاک بۆتەوە.
- هۆکاری ئاشکرانەکردنی دۆزەوەکە دوور لە ڕێڕەوی زانستی و ئاسایی، بوونی پیلانێکە بۆ ڕێگرتن لە ناساندنی داهێنانەکە، یانیش زانست ئێستە لەو ئاستەدا نییە، تا کەسێک هەبێ و بتوانێت بە بیردۆزەکانیدا بچێتەوە. دەکارین بپرسین ئایە ڕاستە بیرۆکەی نوێ دژایەتی دەکرێت لە هەندێ دامەزراوە و ڕێکخراوەی پیلانگێڕ؟ نەخێر! ئەگەری ئەمە یەکجار کەمە، چونکە کۆمەڵگەی زانستی مەزن و بەرفرەوانە، ئەوەی لایەنێکی زانستی ئەمریکایی وەری نەگرێت، دەشێ لە وڵاتێکی ئەوروپایی پەسند بکرێت. دەتوانین ببێژین کە نێزیکەی ٩٩٪ی ئەو دۆزەوانەی باس لە پیلانگێڕی دەکەن زانستی نین.
- زانیارییەکە توانی پەرەسەندن و پێشکەوتنی نییە، لە دواڕۆژیشدا چاوەڕێ ئەوەی لێناکرێت پەرەی پێ بدرێت.
زۆربەی ئەو زانستە ساختانە هیچ بەخۆداچوونەوە پەرەسەندنێکیان تێدا نابیندرێت. هەر کتێبێکی زانستی بکەیتەوە، ئەگەرچی هی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بێت، دەبینیت کە گۆڕانێکی یەکجار زۆری بەسەردا هاتووە و لە گەلەک لایەن و بابەتدا پەرەی پێ دراوە، بەڵام زانستە گەندەکان هەر لە شوێنی خۆیاندا ماون و نەگۆڕاون. ئەو دەمەی سەرنج دەدەینە بابەتی ئەستێراندن، یان پاراسیکۆلۆژی لای زۆرانێک وەک زانستی ڕاستەقینە لێی دەڕواندرێت، بۆمان بەدەر دەکەوێت کە چەندان سەدەیە هەروەک خۆیان ماونەتەوە. لە سەدەی هەژدەیەمەوە باسی هێزی ئاسابەدەری دەروونی دەکرێت، کوا لەچیدا پێشکەوتووە، ئایە تا ئێستە کەس بە ئەزموونێکی سەلمێندراو، بەڵگەیەکی لەسەر پێوانەکردنی ئەو هێزە بەدەستەوە داوە؟
- ترساندنی خەڵکان بە دەرەنجامە کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، ئاینی، یان سیاسی، لەکاتێکدا هیچ بوارێکیان پێ نەدەیت بۆ تێگەیشتن و پێداچوونەوەیان. بۆ نموونە کەسانێک هەن (وەک هارون یەحیا) لە هەموو کتێبەکانیاندا هەوڵ دەدن بیردۆزی پەرەسەندن بەهەڵە بخەنەوە، گوایە ئەم بیردۆزە کاریگەرییەکی خراپی هەیە لەسەر ڕەوشت و بیڕوڕای کۆمەڵگە.
- بازدان بەسەر کۆمەڵێک هەنگاوی مەزنی ڕێبازی زانستی، بە شێوەی ئەوەی باسی کار و فەرمان و چارەسەرییەکانی وزەت بۆ دەکات، بەبێ ئەوەی بوونەکەی بسەلمێنێت، یان پێت بڵێت مەبەستی چی جۆرە وزەیەکە؟ دیارنەکردنی شێواز و ئامرازەکانی پێوانەکردن کێشەیەکی گەورەیە، چونکە هیچ بابەتێک ناچێتە چوارچێوەی زانست ئەگەر یەکە و کەرەستەی پێوانەکردنەکەی دەست نیشان نەکرێت. دەبێژن هەڕەمەکان وزە، یاخۆ وزەی زیندەیی تێدایە، کەچی چۆنەتی پێوانەکردنمان پێ نادەن، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین کە ماتماتیک زمانی سروشتە، بۆیە نابێ ئەم شتانە بەڕاست بزانین. ئەو دەمەشی هەڵمان دەخەڵەتێنن بەوەی کە گوایە وزەکە نادیارە وەک وزەی کارەبا و هێزی بەکێشکردن، دەبێ ڕاستەوخۆ بیان وەستێنین و بۆیان ڕوون بکەینەوە کە بەڵێ ئێمە ئەوانە نابینین، بەڵام هەست بە کاریگەرییان دەکەین و دەتوانین بیان پێوین و بە زمانی ژمارە، بڕەکانیان دیار بکەین.
- نەبوونی بەرهەڵەبوون و توانی چەندجارەکردنەوە بۆ هەمان بابەت لە شوێن و کاتێکی دی، لەلایەن زانا و تۆژەرێکی دیکەوە، هاوشێوەی بینینی دەفری فڕیوو، یان دۆزینەوەی توخمێکی کیمیایی نوێ.
کاتێک پێت دەڵێم، هێزی کێشکردن، یاخۆ تاودانی زەوی یەکسانە بە ٩،٨١ مەتر/چرکە٢، دەبێ چۆنەتی پێوانەکردنەکەم بۆت ڕوون بکەمەوە، بەوەی کە تۆش هەمان دەرەنجامت دەست بکەوێت کاتێک بتەوێت بە ئەزموونێک بیپێویت، بە بوونی ئەو هەلومەرجەی من پێتی دەدەم. نیوتن کە گوتی هێزی بەکێشکردن بوونی هەیە، تەنیا گوتەیەک نەبوو، بگرە هاوکێشەیەکی خستە بەردەست هەموو کەسێک بتوانێت بیپێوێت. بۆ نموونە کە بۆمبێک دەگریتە نیشانەیەک، دەبێ هێزی ڕاکێشانی زەوی بۆ تەنەکان و گۆشەی هاوێشتن لەبەرچاو بگریت.
- ئەم دەرمانە چارەسەرە بۆ چەند نەخۆشییەکی کوشندە، لە چەندان گژوگیای جۆراوجۆر دروست کراوە، بەڵام خاوەنەکەی نهێنی پێکهاتەکانیت پێ ناڵێ، یان لە ترسی دزینی دۆزەوەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمانسازی، نایەوێت ئاشکرای بکات.
زانست بەم شێوازە بەڕێوە ناچێت، چونکە دۆزینەوە و پەرەپێدانی دەرمانی نوێ کارێکی ئاسان و سادە نییە، زانایەک، یان چەندانێک لە شوێنێکی دوورەپارێز و بەبێ چاوەدێری کۆمەڵگەی زانستی شتێک دروست بکەن. دەبێ گشت کاتێک بە ئەزموونی ورد تێبپەڕێت و لە تاقیگەدا ساڵانێکی دوورودرێژ لەسەر ئاژەڵان تاقی بکرێتەوە، دەبێ ڕێژەی کاریگەری و چارەسەرییەکانیش بڵاو بکرێتەوە، پاشان بەشێوەکی گونجاو بدرێتە مرۆڤ.
ڕێی تێ دەچێت هەندێ دۆزەوەی نوێ لە بواری تەکنەلۆژیادا، لەبەر بوونی ڕکابەری و پێشبڕکێ بەنهێنی کاری لەسەر بکرێت، بەڵام بڵاوکردنەوەی دەرنجامەکان بابەتێکی یەکجار گرینگە لە ڕێبازە زانستییەکان. داهێنەری زانستی ساختە ڕاستەوخۆ دەچێتە لای دەزگەکانی ڕاگەیاندن، بەڵام ئاشکرایە زانست دەبێت بە زانکۆکان و دامەزراوە زانستییە ناسراوەکانەوە تێپەڕێت. لەبەرئەوەشە خاوەن داهێنانەکە ساختەکە هێندە بوێر نییە، ئامادەی کۆنگرەیەکی زانستی ببێ، یان وەک هەموو تۆژینەوەکان لە گۆڤارێکی زانستی متمانەپێکراودا بڵاو بکاتەوە.
- پەنابردنە بەر دەسەڵاتدارییەتی و کەسانی ناسراو و بەناوبانگ، بە نموونە دەگوترێت زانا و پسپۆڕێکی ناوداری وڵاتی کەنەدا بە چەند ئەزموونێک گەیشتووەتە ئەم دەرنجامە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوە و بەڵگەی ڕاستەقینە بدرێت. کاتێکیش لێ دەکۆڵیتەوە دەبینیت ئەو زانایە بوونی نییە، یان ئەگەر هەشبێت ئەوا ئەندامێکە لە ڕێکخراوەیەکی نافەرمی و باوەڕپێنەکراو. لەڕاستیدا هیچ زانیارییەک وەرناگیرێت ئەگەر بەکردارەکی نەسەلمێنرێت، با ئەو کەسە گەورەترین زاناش بێت. بە خوێندنەوەی مێژووی پێشکەوتنی چەمکە زانستییەکان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بۆچوون و بیروڕای چەندان زانای مەزن بەهەڵە خراونەتەوە.
ژمارەیەک لە زانا و پسپۆڕی بوارە زانستییەکان دەربارەی چۆنەتی جیاکردنەوەی زانستی ڕاستەقینە لە زانستی ساختە دواون، یەکێکیش لەمانە زانا مێرتۆنە کە بەگشتی و بەچڕی پێنج بنەمای سەرەکی بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان کردووە، لێرەدا پێمان باشە ئاماژەی پێ بدەین.

بنەماکانی مێرتۆن

زانای کۆمەڵناسی ڕۆبێرت مێرتۆن Robert K. Merton (١٩١٠ - ٢٠٠٣) چەند بنەمایەکی داڕشت بۆ ناسینەوەی زانستی ڕاستەقینە، بەوەی کە هەر کاتێک پڕۆژە زانستییەکان یەک لەو بنەمایانەیان پێشێل کرد، ئەوا نابێت بە زانست دابندرێن، ئەمانیش؛
ڕەسەنایەتی: دەبێ ئەزموون و تۆژینەوەکان بیرۆکەیەکی نوێ پێشکێشی کۆمەڵگەی زانستی بکەن.
بێلایەنی: پێویستە مەبەستی زاناکان لە داهێنانەکانیان تەنیا پترکردنی زانیاری بێت، دوور لە هەموو پێشبینی کردنێکی خوازراو و بەرژەوەندی و دەستکەوتێکی تاکە کەسی.
گشتگیری: زانیاری تۆژینەوە زانستییەکان و بەکارهێنانیان نابێ جیاواز بێت لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان، ئاینەکان، نەتەوەکان، یان هەر بارێکی دیکەی کەسایەتی.
گوماندارییەتی: ڕاستییە زانستییەکان بەبەتگەلەکی وا نین ببنە جێی باوەڕ و متمانەی تەواو، بگرە مرۆڤ دەبێ هەمیشە گومانی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێت و لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات بۆ دۆزینەوەی هەڵە و زانیاری ساختە، ئەگەر تێیاندا هەبن.
خستنە بەردەستی هەمووان: پێویستە داهێنان و دۆزەوەکانی گشت بابەتێکی زانستی بەنهێنی نەمێننەوە و ئاشکرا بکرێن، دەبێ دەرنجامی تۆژینەوەکان بڵاو بکرێنەوە بە هاوبەشی گۆمەڵگەی زانستی.


چەند زانستێکی ساختەی ناسراو

گەلەک جار ئاماژەمان بەوە داوە، زانستە ساختەکان یەکجار زۆرن و ژمارەیان لە زانستە ڕاستەقینەکانیش پترە، بەڵام لێرەدا زۆر بەکورتی لە هەندێکیان دەدوێین؛
- پزیشکیی جێگرەوە (Alternative medicine): ئەو جۆرە بوارە پزیشکییانەیە کە ناچنە چوارچێوەی پزیشکی زانستی و ئاسایی، وەک دەرزی ئاژنین و پزیشکیی چینی کۆن، کەڵەشاخ (الحجامة)، بازنی دەستی موگناتیسی، خەواندنی موگناتیسی. چارەسەری بە وزە، پزیشکیی بوارە زیندەییەکان، چارەسەری بە گژوگیا و زۆری دیکە. ئەوانەی بەم کارە هەڵدەستن و لایەنگری دەکەن، پێیان وایە پزیشکیی هاوچەرخ لەو ئاستەدا نییە بتوانێت چارەسەری نەخۆشییەکان بکات، بۆیە پێویستە بەلاوە بنرێت، پزیشکی میللی زۆر لە پزیشکیی ئاسایی چاکترە و تاکە جێگرەوەیە.
لەگەڵ ئەوەی دەزانین کە دەشێ چارەسەری میللی هەندێ جار سوودی هەبێت، بۆ نموونە ئەو ماددەیەی لە ئەسپیریندا کاریگەرە، لە دارێکی تایبەتییەوە وەردەگیرێت و هەر لەسەردەمی (هیپۆکراتس)ەوە ناسراوە. ئەمەش پێویستی بە سەرسڕمان نییە، چونکە بە هەزاران ساڵە مرۆڤەکان هەوڵیان داوە بۆ نەخۆشی و کێشەی تەندروستییان زۆر شت تاقی بکەنەوە، بێگومان جاری واش ڕێک دەکەوێت شتێک بدۆزرێتەوە کەڵکی هەبێت.
هەندێ لەو دەرمانانەی لەلایەن ئەوانەوە دەخرێنە بەردەست، هەرچەندە بەڕوونی نەشزاندرێن پێکهاتەیان چین، بەڵام دەکرێ زۆربەیان بەهەڵە بخرێنەوە. بە نموونە، ئەو دەرمانەی دەگوترێت چارەسەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن، بەئاسانی لەلایەن چەند نەخۆشێکەوە تاقی دەکرێتەوە. کەچی هەندێکیان سەختە هەست بە کاریگەرییان بکرێت، وەک ڕۆڵی کەڵەشاخ بۆ لابردنی نیشتەنییە زیانبەخشەکانی ناو خوێن، ئەمەیان چۆن بە ئەزموون و کردارەکی دیار دەکرێت؟ ئەبێ سەرەتا بزانین ئەو نیشتەنییانە چین، ئایە هەمووی ڕادەکێشرێت، دەکرێ بڕی ئەو نیشتەنییانە پێش و پاش ئەزموونەکان بپێورێن؟
لێرەدا دەبێ بزانین کە تایبەتمەندییەکی گرینگی دیکەی زانستە ساختەکان، دەستنیشان کردن و هەڵبژاردنی گروپی ئەزموون لەسەرکراو لایەنگرانی خۆیانە (هەڵبژاردەی لایەنگر - selection bias). وەک چۆن ئاماژە دەکرێت بە چاکبوونەوەی کۆمەڵە نەخۆشێکی موسڵمان بە کەڵەشاخی ناوبراو، بەدەستی مامۆستایەکی ئاینی. بەڵام لە زانستی ڕاستەقینە دەگوترێت، ئەو چارەسەرییە لەلایەن ئەم ژمارە نەخۆشە بەکارهێنرا، دەرەنجامەکەشی بەم ڕێژەیە بوو، نەک لەم شوێنەدا چەند کەسانێک چاک بوونەوە.
پزیشکی هاویەکی، یان چارەسەری هاوتا (Homeopathy): جۆرێکە لە پزیشکی جێگرەوە کە بانگەشە بۆ چارەسەری نەخۆشبوون بە شتێک بەهەمان ماددەی شتەکەوە دەکات، واتە وەرگرتنی بڕێکی کەم لە جۆرە ژەهرێک، دەشێ ببێتە چارەسەرێکی کاریگەر بۆ ژاراویبوون بەو ژەهرە.
ئەم چەمکە نێزیکەی ٢٠٠ ساڵە لەسەر دەستی پزیشکی ئەڵمانیایی (سامۆئیل هانیمان) سەری هەڵداوە، بەوەی بەکارهێنانی ڕێژەیەکی کەم لە ماددە زیانبەخشەکان دەتوانێت نەخۆشی بە هەمان ماددە چاک بکاتەوە. واتە ئەگەر تۆ هەستیاریت هەیە لە ماددەیەک، ئەوا دەتوانیت هەر جارەی بڕێکی کەمی لێ بخۆیت، تا بەرەبەرە هەستیاریت بۆی نەمێنێت. بێگومان ئەمەشیان دەچێتە بواری زانستە ساختەکان، چونکە هیچ بەڵگەیەک بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم بۆچوونە نییە، بگرە دەبێتە هۆکاری زیان پێگەیاندنێکی زۆری نەخۆشەکان، لەبەرئەوەی هەمان کاریگەری ماددەکەی هەیە کە بووەتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکە.
لە لایەکی دیکەوە دەبێ بزانین، پزیشکی جێگرەوە و چارەسەری هاویەکی گەلەک چالاکی دی تێکەڵ کراوە وەک یۆگا. هەرچەندە پێویستە لێرەدا بڵێین کە یۆگا جۆرێکە لە وەرزشکردن و سوودی زۆرە، بەڵام ئەگەر بە چارەسەری لێی بڕواندرێت بۆ نەخۆشییە لەشییەکان، ئەوا دەچیتە ڕیزی زانستە ساختەکان.
لە ڕاستیدا لەڕێی ئەم هەموو جۆرە هەڵسوکەوت و ڕەفتارە، ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بەفیڕۆ دەچێت، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی هەبێت. بەگوێرەی ڕێکخراوی چالاک لە ڕووپێوکردنی لەشساغی لە ئەمریکادا، ٣.٩ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو و ٩٠٠ هەزار منداڵ بەرهەمەکانی پزیشکی هاویەکییان تەنیا لە ساڵی ٢٠١٢دا بەکار بردووە کە پارەکەی خۆی لە ٣ ملیار دۆلار دەدات.
چارەسەری بە وزە (Energy medicine): ئەمانەش سەربە پزیشکی جێگرەوەن، لایەنگرانی تواناکانی وزە دەڵێن، مرۆڤ تەنیا لە دوو شت پێک هاتووە ئەوانیش لەش و وزەیە، وزەش حەفت تا نۆ سەرچاوەی هەیە، هەریەکەیان فەرمانێک و ڕەنگێکی تایبەتییان هەیە و بەرپرسن لە بارودۆخی لەشی و دەروونی. بە بۆچوونی ئەوانە هەر کێشە و گرفتێک تووشی مرۆڤ دەبێت لە شێوەی دڵەڕاوکێ و نائارامی و نەخۆشییەکانی دەیکەی لەش، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی هاوسەنگی ئەو وزانەی کە پێیانەوە بەندن. بەمەش ئەو کەسەی پارەیەکی باش بدات بە پسپۆڕانی ئەم زانستە گەندەیە، ئەوا فێری دەکەن چۆن ئەو وزانە ڕێک دەخاتەوە و زاڵ دەبێت بەسەریان. زانست پشتگیری ئەم هەڵسوکەوتانە ناکات، چونکە دەزانێت ئەم وزانە بوونیان نییە، نەک هەر ئەمەیان، بگرە هەموو ئەوانەشی بەهەڵە خستۆتەوە باس لە چارەسەری وزەی ڕەنگەکان و وزەی میوە و سەوزییەکان دەکەن، بۆ چەندان جۆرە نەخۆشی.
لەبەرئەوەی لێرەدا لە چارەسەری بە میوە و سەوزییەکان دواین، گەلەک بە گرینگی دەزانین ئاماژە بەوە بدەین، لای هەموومان ئاشکرایە چەندە میوە و سەوزییەکان پێویست و پڕبەهان بۆ تەندروستی و لەشساغی، بەڵام کاتێک یەکێک تووشی نەخۆشییەکی مەترسیداری وەک شێرپەنجە بووبێتەوە، خواردنی بڕێکی یەکجار زۆریش لە سەوزی و میوەکان کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت. بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر هەن یاری بە هەستونەستی نەخۆشەکان دەکەن و هەریەکەیان دەبن بە پزیشکی شارەزا و ئامۆژگاری بەم و بەو دەدەن، لە شێوەی چارەسەری بە ناوکە قەیسی و چەوەندەر و شتانی دی جۆراوجۆر.
چارەسەری بە وزە زۆر جۆری دیکەی هەیە وەک، کریستاڵ و کیگۆنگ (Qigong) و ڕیکی (Reiki): بۆ نموونە ڕیکی رێگەچارەیەکە لە ژاپۆن سەری هەڵداوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. گوایە ئەمەیان بۆ دەست بەسەرداگرتنی نیشانە بێزارکەرەکانی چەندان جۆرە نەخۆشییە کە تێیدا پسپۆڕ و چارەکار دەست دەخاتە سەر چەند بەشێکی دیارکراو لە ئەندامەکان، بۆ هاندان و ورووژاندنی تواناکانی لەش بۆ چارەسەرێکی خۆیەکی.
پاراسایکۆلۆژی (Parapsychologie): یاخۆ ئەودیو دەروونناسی، گوایە زانستێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە دیاردە سروشتییەکانی هاوشێوەی، هەستکردن لە دەرەوەی هەستەکان، پەیوەندیکردنی هۆشەکی، بینین و خوێندنەوەی ئایندە، دووربینی، جووڵاندنی هۆشەکی (بە هێزی هۆشەوە بتوانیت شتە ماددەییەکان بجووڵێنیت). یاخۆ بانگەشەی کارە دەرئاساکانی وەک، ئەزموونەکانی نێزیکبوونەوە لە مردن، هاوکاتەکی (ڕێکەوتە مەبەستدارەکان)، هێنانی گیانی مردووەکان و چەندانی دی. زۆربەی هەرە زۆری زاناکان ئەمانە بە زانستی ساختە دەژمێرن، هەرچەندە هەندێ بەش و هەنگاو هەن بەڵگەیان هەیە و دەشی بەرئەزموونیش بن، بەڵام لە زانستدا ئەو شتە نییە، بوارێک بەشێکی زانستی بێت و ئەوەی دیکەشی بە نازانستی دابنرێت. لە مێژوودا گەلەک زانای ناودار و پسپۆڕی بوارە جیاجیاکان هەوڵیان داوە لێکۆڵینەوە بکەن، لە بۆچوونەکانی ئەوانەی کار لە دیاردە گیانی و ناسروشتیەکان دەکەن، کەچی هیچ یەکێکیان بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرای لێیانەوە نەبینیووە.
ئەستێراندن (astrology): کەسانی نەشارەزا لە زانستەکان ئەستێرەناسی (astronomy) و بابەتی ئەستێراندن تێکەڵ بەیەکدی دەکەن. ئەوەی یەکەمیان بە شێوازێکی زانستی لە دروستبوون و پێکهاتەی تەنە (ئاسمانییەکان) دەکۆڵێتەوە، واتە لە هەموو ئەوانەی دەکەونە دەرەوەی زەوی لە دیاردە سروشتییەکان. بەڵام دووەمیان کۆمەڵە بیرۆکە و باوەڕێکە کە جووڵانەوەی ئەستێرە و هەسارەکان دەبەستێتەوە بە ڕەفتار و ڕووداوەکانی ژیانی مرۆڤەکان. هاوشێوەی ئەستێراندن فاڵگرتنەوە و خوێندنەوەی دواڕۆژیش هەیە، ئەمەیان شێوازێکە و لایەنگرانی لەو باوەرەن، بەهۆی دیاردە و تەنە ئاسمانییەکان دەتواندرێت دوارۆژی مرۆڤی پێ دیار بکرێت. وەک ئەوەی دەبێژن، (ژنێک) هەیە دەزانێت دواڕۆژی سەرۆکەکانی جیهان بەچی دەگات، چەندین جاریش پێشبینی کۆمەڵە ڕووداوێکی کردوە و ڕاست بوونە.
ژمارەزانی (Numerology): بۆچوونێکە پێی وایە پێوەندییەکی شاراوە هەیە لە نێوان ژمارەکان و شتگەلەکانی وەستاو و جێگیرەکانی گەردوون و بوونەوەرە زیندووەکان. ئەمەیان لەلایەن زانا کۆنەکانی ماتماتیکەوە وەک زانستێک دەبیندرا، بەڵام زانا هاوچەرخەکان بە زانستێکی ساختە و دوور لە ماتماتیکی ڕاستەقینە دەزانن.
فیزیۆنۆمی (Physiognomy): گریمانەیەکە پێی وایە دەکارێن بە خوێندنەوەی شێوەی دەرەوە و ڕووخساری مرۆڤەکان، ڕەفتار و ناخ و کەسایەتییان پێناسە بکرێن. بۆ نموونە هەندێک لە شارەزایانی ئەم بوارە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم دەیان گوت، هۆشی مرۆڤ لە یەکێک لە بەشەکانی مێشکدایە و سەرچاوەکەشی لە گیانێکی ناماددەیەوەیە، ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرێت لەسەر شێوەی کەلـلەسەر دەتواندرێت تایبەتمەندی و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان دەستنیشان بکەین. هەر لەسەرەتاوە گەلەک ڕەخنە لەو بۆچوونانەوە و بوونی سەرچاوەی ناماددەیی بۆ هۆش گیرا، چەندان ئەزموون ئەنجام دران بۆ دۆزینەوەی بەڵگە، کەچی هەر هەمووی شکستیان هێنا، بۆیەش لە ساڵی ١٨٤٣وە تا ئەمڕۆکەش ئەم (زانستە) خرایە ڕیزی زانستە ساختەکان.
دەفری فڕیوو (Flying saucer) و بوونەوەرە ئاسمانییەکان (Aliens): کەسانێکی زۆریش هەن باوەریان بە بوونی بوونەوەرە (ئاسمانییەکان) و دەفرە فڕیووەکان هەیە. هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەم بابەتە پێویستە زۆر ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە بدەین، ئەگەر یەکێکمان باس لە بوونی بوونەوەری دەرەوەی زەوی بکات، ئەوە مەرج نییە بەر کاریگەریی چیرۆک و فلمە زانستییە ئەندێشەییەکانەوە کەوتووە. چونکە ئێمە لەسەر هەسارەیەک دەژین کە سەربە کۆمەڵەی خۆرێکی تا ڕادەیەک بچووکە، بە بەراوردکردن بە ئەستێرەکانی دیکە لە گەلەستێرەی ڕێی شیری (Milky Way)، ئەوەی ٢٠٠ ملیار ئەستێرە لەخۆ دەگرێت و ١١ ملیار هەسارەی هاوشێوەی زەوی تێدایە، دوای هەموو ئەوە گەلەستێرەکەشمان بەشێکە لە گەردوونێکی مەزنی خاوەن ملیاران گەلەستێرە. بۆیە شتێکی نالۆژیکی نییە، ئەگەر پێمان وابێ دەشێ ژیان لە دەرەوەی هەسارە شینە بچووکەکەماندا هەبێت.
بەڵام بوونی بوونەوەری گەردوونی و سەردان و هێرشکردنیان بۆ سەر زەوی، هەروەها کۆبوونەوەیان لەگەڵ مرۆڤ، یاخۆ دانانی بنکەی نەهێنی لەسەر زەوی و بنەبانی دەریاکان، دەبنە بابەتێکی دیکەی بێبەڵگە و پتر دەچنە خانەی زانستە ساختەکان. لەبەرئەوەی تا ئەو ئاستەی پەیوەندی بە زانستەوە هەیە، ئەو گریمانانە هیچیان بەرئەزموون نین و لە توانادا نییە چەندجارە ببنەوە، بۆ ئەوەی دەربارەیان تۆژینەوە ئەنجام بدرێ، تا بکارین بڕیاریان لەسەر بدەین.
لەلایەکی دییەوە لایەنگرانی بوونی دەفرە فڕیووەکان هاوشێوەی زانستە ساختەکانی دی، دیسانەوە بانگەشەی ناپاکی بەرپرس و دەسەڵاتدارن و بیردۆزی پیلانگێڕی دەکەن، بەڵام زانا و شارەزایان هۆکاری بوون و بیرکردنەوە لەو بابەتانە، زۆربەیان بە دیاردە سروشتیەکان و کەشوهەوا و کاروباری مرۆیی دەبەستنەوە، لەو باوەڕەشدان کە تا ئێستە نەزانراوە بوونەوەری ئاسمانی لە دەرەوەی زەوی بوونی هەبێت.


خشتەی چەند کەسایەتی و بانگەشەکەرێکی شتگەلە نازانستی و پڕوپووچەکان

گەلەک جار گوتوومانە، ئەوانەی خەریکی چەواشەکاری و زانستی ساختەن ژمارەیان یەکجار زۆرە، بەڵام هەوڵ دەدەین هەندێکیان ڕیز بکەین. ئەوانەشی ناویانمان نەبردوون، خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە سەرچاوەکان.
لێرەدا دەبێژین کەسێک لە، گۆڤارێک، کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی، فلمێکی یوتوب، ماڵپەڕێکی ئەنتەرنێت و گشت هۆ و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن یەکێک لەمانە ببینێت، پێویستە ڕاستەوخۆ بزانێت کە ڕووبەڕووی زانستێکی ساختە بۆتەوە؛
١- بابەتە دەرئاسا زانستییە ئاینییەکان:
بەستنەوەی داهێنان و دۆزەوە زانستییەکان بە دەقی کتێبی پیرۆزی ئاینەکان (هەر کامە ئاین بێت)، هەروەها ئەوەی ڕۆژانە دەربارەی گوتەکانی موحەمەدی پێغەمبەری ئیسلام دەیبیستین، وەک چارەسەرییەک بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی جۆراوجۆر، ئەمانە هیچیان جێی متمانە نین.
ئەوەی موسڵمانان باسی ڵێوە دەکەن و گوایە لە قورئاندا ئاماژەیان پێ دراوە، هەموویان گوتەی هەڵبەستراون و دوورن لە زانستی ڕاستەقینە و تەنیا ملبادانی وشەکانە بۆ گونجاندنیان لەگەڵ بوارە زانستییەکان. بابەتەکانی، بیگ بانگ و فرەوانبوونی گەردوون، حەفت ئاسمان و حەفت زەوی و لەتبوونی مانگ، بەرزەخ و تێکەڵنەبوونی ئاوی دەریاکان، قۆناغەکانی گەشەکردنی ئاوەلەمە، چیرۆکی ئاخاوتنی مێروولەی شووشەیی، دابەزاندنی ئاسن لە ئاسمانەوە و چەندانی دیکەی جۆراوجۆر، بە ڕوانین و لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەمانە هیچیان پێوەندییان بە زانستەوە نییە. ئەو بابەتانەی بە چەند وشەیەک دەستپێ دەکەن وەک، "زانا ئەوروپاییەکان سەلماندوویانە"، "زانایەکی ئەم وڵاتە دەڵێت"، " پزیشکی ناوداری خاوەن هێندە خەڵات دەبێژێت"، یاخۆ هاوشێوەی ئەمانە، بەبێ بەڵگە و دیارکردنی سەرچاوەی گوتەکان و ناونانی زاناکان، تەنیا مەبەست چەواشەکارییە و جگە لە زیان و دوورکەوتنەوە لە زانست هیچی دیکە نین.
- ناسرواترین کەسایەتی لەم ڕووەوە دکتۆر زەغلول نەجاری تۆژەری ئیسلامییە کە خاوەنی کۆمەڵێک لە بیروبۆچوونە دەربارەی ئایەتەکانی قورئان و پێوەندییان بە زانستی هاوچەرخەوە، بۆ ئەمانەش هیچ سەرچاوەیەک و زانستێک بیروڕاکانی پشتڕاست ناکاتەوە.
- شێخ عەبدول مەجید ئەلزندانی، دامەزرێنەری دەستەی جیهانی دەرئاسای زانستی، چارەسەری نەخۆشی ئایدز دەکات بە گژوگیا.
- دکتۆرە فاتن عەبدولڕەحمان خورشید، مامۆستا لە زانکۆی شا عەبدولعەزیزی سعودیە و سەرۆکی یەکەی خانە و شانەکان، دەتوانێت چارەسەری شێرپەنجە بکات بە میز و شیری وشتر.
- بانگخوازێک باس لە سوودەکانی هێشتنەوەی ڕیش و خەوتن لەسەر لای ڕاست دەکات.
- (زانایەکی ئاینی) دەڵێت، دیاردەی لەتبوونی مانگ بۆ ڕکخراوی (ناسا)، دەرئاسایی قورئانی سەلماند.
- شێخێک دەڵێت، زاناکان بۆیان دەرکەوتووە مەککە چەقی زەوییە.
٢- بەهەڵەخستنەوەی بیردۆزەکانی ئەینشتاین:
- گۆڤارێک هەواڵێک بڵاو دەکاتەوە دەربارەی هەرەس پێهێنانی بیردۆزی ڕێژەیی ئەینشتاین، لەلایەن خوێندکارێکی گەنجەوە.
- لێکۆڵەرێکی میکرۆبایۆلۆژی، بیردۆزێکی داهێناوە بەناوی بیردۆزی دوورییەکان، شکست بە بیردۆزی ڕێژەیی ئەینشتاین دەهێنێت. بۆ ئەمەش دوو تۆژینەوەی هەیە لە گۆڤارێکی زانستی لە جۆری (predatory journal)، واتە لەوانەی بۆ قازانج، بەبێ پێداچوونەوە هەموو شتێک بڵاو دەکەنەوە.
- تۆژەرێکی وڵاتی مەغریب دەیسەلمێنێت کە هێزی کێشکردن (نیوتن و ئەینشتاین) بوونی نییە. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
- ئەندازیاری ناسراو بە ئەینشتاینی عەرەب، بانگەشەی ئەوە دەکات بیردۆزێکی یەکگرتووی فیزیکی هەیە، لەگەڵ شازدە داهێنان و دەیان تۆژینەوەی زانستی. بە تێڕوانینێکی زانستی سەرنج بدەیتە بابەتەکانی بۆت ڕوون دەبێتەوە کە زۆر دوورن لە زانست.
- دکتۆرێکی فیزیاناس لە زانکۆی سودان بۆ زانست و تەکنەلۆژیا، چەندین چەمکی بیردۆزەکانی ئەینشتاینی ڕاست کردۆتەوە، تۆژینەوەکانی لە گۆڤارەکان (بێمتمانەکان) بڵاو دەکاتەوە. گەلەک لێکۆڵینەوەی هەیە دەربارەی دەرئاسای زانستی، یەکێک لە داهێنانەکانیشی ئەوەیە وێنەی جنۆکە بە کامێرای گەرمیی دەگرێت. دەڵێن هەندێ کتێبیشی چاپ کردووە بۆ خوێندکارانی قۆناغی دواناوەندی گشتی لە سودان، ئەمە ئەگەر ڕاست بێت ئەوا کارەساتێکی گەورەیە لەسەر زانست و فێربوون لەو وڵاتەدا.
- دکتۆرێکی دەروونناس هەڵەیەکی دۆزیووەتەوە لە بیردۆزی ڕێژەیی ئەینشتاین.
٣- لایەنگرانی بیردۆزەکانی زەوی تەخت و چەسپانی زەوی و سووڕانەوەی خۆر بەدەوریدا:
هەموو ماڵپەڕ و گروپەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هاوشێوەکانیان، بەداخەوە گەلەک زۆرن.
- کەسێک دەبێژێت، زەوی گۆیی نییە و خۆر بەدەوری زەوی دەسوڕێتەوە نەک پێچەوانەکەی.
- فڕۆکەوانێکیش دەیسەلمێنێت کە زەوی نە بەتەوەرەی خۆی و نە بەدەوری خۆر دەسووڕێتەوە.
٤- بابەتەکانی دژ بە بیردۆزی پەرەسەندن:
باشترە ئاینداران لەمە دوور بکەونەوە، چونکە زۆر جار ئاماژەمان بەوە داوە کە پەرەسەندن بووەتە ڕاستییەکی زانستی چەسپاو، هێندە بەڵگەشی هەیە نەتواندرێت بەهەڵە بخرێتەوە، بۆیەش ئەمڕۆکە بووەتە بنچینەی زیندەوەرزانی هاوچەرخ.
- هارون یەحیا: خاوەنی بڕوانامەیە لە هونەرە جوانەکان، بە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر بیردۆزی پەرەسەندن ناسراوە، کتێبەکانی پڕن لە گوتەی هەڵبەستراو و بەڵگەی نازانستی و بێبنەما.
٥- کاریگەری هزر و هۆش لەسەر شتە نامادەییەکان:
- مەسارو ئێمۆتۆ (Masaru Emoto)، تۆژەرێکی ژاپۆنییە پێی وایە بیر و هۆشی مرۆڤ و ئەو وشانەی دەریان دەبڕێت کاریگەرییەکی فیزیکییان هەیە لەسەر تایبەتمەندی شلەکان. لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا پتر ناسرا، کاتێک گوتی خوێندنەوەی قورئان دەتوانێت دۆخەکانی ئاو بگۆڕێت، ئاوی زمزمیش گەلەک تایبەتمەندی لەئاسا بەدەری هەیە. تۆژینەوەکانی لای زاناکان جێی گومانن و یەک ناگرێنەوە لەگەڵ ڕێبازە زانستییەکان.
٦- بیردۆزی هەموو شتەکان:
- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە ئەندازیاری، ماوەیەک خەریکی فیزیای تیۆری بوو، پڕوپاگەندەی ئەوەی بڵاو دەکردەوە کە خاوەنی بیردۆزێکی گشتییە بۆ سەرلەبەری شتەکان. ئەم کەسە دووچاری ئابڕووچوون بووەوە، کاتێک زانرا بابەتەکانی لە گۆڤارێک بڵاو دەکردەوە کە خۆی سەرنووسەری بووە، واتە خۆی تۆژینەوەکانی خۆی هەڵدەسەنگاند و خۆیشی بڕیاری لەسەر دەدا، ئەمەش پاشان وای کرد بەدەر بنرێت لەو گۆڤارە. پسپۆڕ و شارەزایان دەلێن تۆژینەوەکانی هیچ بەهایەکی زانستییان نییە.
٧- ئێسکەپەیکەرە مەزنەکان:
گشت ئەو بابەتانەی باس لە دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری گەورە دەکەن.
- تۆژەرێک دەڵێت، هەڕەمەکان تەمنیان پەنجا هەزار ساڵ دەبێت، خەڵکانی زەبەلاحی هۆزی عاد (لە قورئاندا هاتووە) دروستیان کردووە، دیناسۆرەکانیش لەو سەردەمەدا بوونیان هەبووە (بەگوێرەی زانست ٦٥ ملیۆن ساڵە دیناسۆرەکان بنەبڕ بوونە).
٨- بەدەستهێنانی وزە بەخۆڕایی:
- خوێندکارێکی میسری لە خۆڵەوە کارەبا بەبەرهەم دەهێنێت، ئامێریکیشی هەیە لەگەڵ ئاژەڵان گفتوگۆ دەکات.
- کەسێکی دیکەش ئامێرێکی دروست کردووە، خۆبەخۆ کارەبا بەبەرهەم دەهێنێت بەبێ بەکارهێنانی هیچ ماددە یان سووتەمەنییەک.
٩- هەندێکی دیکەی جۆراوجۆر:
- خانمە دکتۆرێک، پسپۆڕە لە ماسۆنییەت و پیلانی سیستەمی نوێی جیهانی، بە (بەڵگە)وە دەربارەی هێرشەکانی بوونەوەرە ئاسمانییەکان و دروستکردنی بنگەی ژێرزەمینی دەدوێت.
- قوتابییەکی کۆلێژی وێژەیی، ئامێرێکی داهێناوە دەتوانێت چیایەک بڕوخێنێت بە یەک خوولەک.
- خانمێکی دەرچووی بەشی زانستی دەروونی، توێژاڵێکی چەسپکردنی دروست کردووە، چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی پێ دەکرێت.
- کەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە دکتۆرای هەیە لە زانستی گرافۆلۆژی (شیکردنەوەی کەسایەتی لەڕێی دەستنووسی کەسەکەوە)، خاونی بیردۆزێکیشە دەربارەی ئەو زانستە.
- مامۆستایەک خاوەنی چەند بیردۆزێکە لە فیزیا و دەرئاسای زانستی، دەڵێت زاناکانی خێراکەری ئەوروپایی سیرن (CERN)، بیرۆکە و داهێنانەکانمیان دزیووە.
لە کۆتاییدا دەبێ بەڕاشکاوی ئاماژە بەوە بدەین کە ئێمە لەو خشتەیەی سەرەوەدا پتر باسی کەسانی عەرەب و موسڵمانمان کرد، بەڵام لەڕاستیدا لایەنگرانی زانستی ساختە لای ئێمەی کوردیش گەلەک زۆرە، ئاینداران و بانگخواز و مەلاکانمان لە ڕیزی پێشەوەن، ئەوانەی هەمیشە لە شتگەلە پڕوپووچ و خوڕافەکانی بوونی گیان و شتە ئاینییەکانی وەک فریشتە و شەیتان و جنۆکە و هی دی دەدوێن و خەڵکی لە زانستەکان دوور دەخەنەوە. بەداخەوە لەچینەکانی دیکەشدا چەند نووسەرێکمان هەن لە گۆڤار و ماڵپەڕەکاندا، لەبری زانستی ڕاستەقینە بایەخێکی زۆر دەدەن بەو جۆرە زانستە گەندانە: چارەسەری بە وزە، سێگۆشەی بەڕمۆدا، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و گەشتکردن بۆ دواڕۆژ، سیحر و جاد و فاڵگرتنەوە و خوێندنەوەی بەخت، چاوی سێیەم و هەستی نۆیەم، بوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکان و بوونەوەری دیکە لە شێوەی پێگەورە و پیاوی بەفرین.
.........................................................

سەرچاوەکان:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە