ئەردوغان و بە کۆیلە کردنی دنیا!

Wednesday, 21/10/2020, 20:25

5918 بینراوە


سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە نیگەرانی، دڵەڕاوکێ، دوژمنایەتی و ناسەقامگیری دۆخی ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەفریقای بە نێوچەوانە.
ئەردوغان، ئەو ئاستەی تێپەڕاندوە کە تەنیا لەگەڵ میللەتی کورد دوژمنایەتی بکات یان تەنیا بیەوێت کوردستان داگیربکات، ئەو ئەوەندە مەغرور بووە هەمیشە هەوڵی ئیستفزاز کردنی وڵاتانی هاوپەیمانی نەیتۆ و یەکێتی ئەورپا دەدات، لە کاتێکدا خۆی ئەندامی هەردوو ڕێکخراوە. پێویستە ئەو ڕاستیەش بخرێتە ڕوو، کە لە ڕابردوویەکی نزیکدا، تورکیا بە ئەندامبوونی لە هەردوو ڕێکخراودا وەک خەونێک دەدیت کە هەرگیز نەیەتە دی. ئەو کات گەلێک لە وڵاتانی ئەوروپا تورکیایان لەو ئاستە نەدەدی، لەبەرئەوەی لە ڕووی کولتووریەوەش ئەوەیان قبوڵ نەبوو و پێیان شەرمبوو کە وڵاتیکی وەک تورکیا بێتە ریز ئەوان و لە هەردوو ڕێکخراودا بێت، پێیان وابوو کە وڵاتێک بڕوای بە ئازادی تاک و ڕادەڕبڕین و سیستەمی دیموکراتی نەبێت، زیندانەکانی جەمەیان بێت لە هاووڵاتی تورکیی کە بیروبۆچوونیان لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتەدا جیاواز بێت، گەلێک لە میدیاکاران و نووسەرانی تورکیایان بە ناهەق لە زیندانەکان ئاخندیبێت، هەروها ئەو ڕاستییەشیان دەخستە ڕوو کە تورکیا بە پراکتیک سەلماندویەتی کە حورمەتی مافی کەمە نەتەوەکانی وەک نەتەوەی کورد کە لە %٢٠دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنن ناگرێت، بە زەبری فشاری سەربازیی دەنگی زوڵاڵی میللەتێک سەرکوت دەکات کە تەنیا داوای ئازادی دەکەن، هەروها میللەتانی ئەوروپا جینوسایدی ئەرمەنیەکانیان لە مێژوودا لە یادنەکردبوو، بە تایبەتی نەمساییەکان ئێستاش لە یادەوەرییەکاندا باسی دەستدرێژیەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکەن لە ڤیەنا. بەمجۆرە گەلێک لە دەنگی ناڕەزا لەنێو ئەوروپیەکان دژ بە دەنگدان بوون بە تورکیا کە هەنگاوێک سەرکەوێت و ببیت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا لە کاتێکدا تورکیا وڵاتێکی ئەوروپی نییە، هەڵگری ئەقڵیەتێکی شۆڤێنی نەتەوەپەرستە و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسیوە، تورکیا لە هاوپەیمانی نەیتۆ و یەکێتی ئەوروپادا وڵاتێکی مەزنی خاوەن ٨٠ تا ٩٠ میلیۆن دەبێت و لە گەورەیی شان لە شانی ئەڵمانیا دەدات، کە ئەمە لە داهاتوودا زیان بە وڵاتانی ئەوروپا دەگەیەنێت. سەرباری ئەمانە تورکیا توانی دەنگ مسۆگەر بکات و ئەوروپا بخاتە هەڵەیەکی مەزنەوە و پشتیوانی لێبکەن ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا. دواتریش هەر بۆ ڕاگرتنی دڵی تورکیا، هاوپەیمانی نەیتۆ و زلهێزەکان، ڕێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بە تیرۆریست بۆ ڕایگشتی جیهانی پێناسە کرد. ئەمڕۆ تورکیا سەلماندی بۆ ئەوروپا کە دەبێت باجی هەڵە سیاسی و بڕیارە هەڵەکانی خۆیان بدەن و پەشیمان ببنەوە لە بەزەبەلاح کردنی زێتری تورکیا.


تورکیا، دوێنێی لە یاد چووە، ماسولکەکانی پێشانی وڵاتانی ئەوروپا و هەموو ئەو زلهێزانە دەدات کە لە هەردوو ڕێکخراودا هاوپەیمانن لەگەڵیدا، گەیشتۆتە ڕادەیەک بێحورمەتی بەرامبەر میوانە دیبلوماتکارەکانی نەیتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەکات، کاتێک کە دەچن بۆ ئەنقەرە، وەک ئەوەی بەرامبەر بە جوزێف بوریلی ئەندامی باڵای یەکێتی ئەوروپا کرد، کاتێک کە لە مانگی تەموزی ڕابردوودا، سەردانی ئەنقرەی کرد. وەزیری دەرەوەی تورکیا چاوشئۆغلو، سندوقێکی بچکۆلەی دیاری گرانبەهای پێشکەش بە جوزیف کرد. کاتێک کە جوزێف سندوقی دیاری کردەوە، دیتی تەنیا "ماسکێک"ی بچووکە بۆ ئەوەی دژی کڕۆنا لە دەمولوتی ببەستێت بە دڵنیاییەوە ئەو دیبلوماتکارە لەوە گەیشت کە تورکیا بە چاویکی سووک سەیری دەکەن و گاڵتەی پێدەکەن.
بێگومان جوزێف بەم مامەڵەی تورکیا ئیستفزاز بوو تێگەیشت کە ئەردوغان دەیەویت بەوشێوەیە بێمنەتی و بێحورمەتی پێشان بدات. هەڵوێست و جۆری مامەڵە کردنی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نەیتۆ و یەکێتی ئەوروپا، زلهێزەکانی ئەندام لەنەیتۆ شەرمەزار کردوە، ئەو جۆرە مامەڵکردنە لە گەڵیاندا ئەوانی گەیاندتۆ ئاستێک، کە پەشیمان ببنەوە لەوەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەنگیان بە ئەندام بوونی تورکیا داوە لە هاوپەیمانیەتی نەیتۆ و یەکێتی ئەوروپادا پێگەیان بەهێز کردوە.
لاملی زێتری تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانی نەیتۆ، لە جەنگی سوریادا بەڕوونی بەدیارکەوت. خۆتێهەڵقوڵتاندنی تورکیا لە سوریا جێگە ڕەزامەندی ئەندامانی نەیتۆ نەبوو، پێیان وابوو تورکیا سنووری دەسەڵاتەکانی بەزاندوە و گوێ بە یاسای نێودەوڵەتی نەداوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٩دا فرەنسا دەنگی دژ بە تورکیا هەڵبڕی، کە کاردانەوەی هەبوو لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، دواتر ئەمریکا، ئەڵمانیا و بریتانیا داوایان لە تورکیا کرد بکشێتەوە و ریز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرێت. لە ئاکامدا مەسەلەی دەرکردنی تورکیا لە هاوپەیمانیەتی ناتۆ بووە بابەتی هەڕەشە لە تورکیا، زۆربەی چاودێرانی سیاسی کردنیان بە بابەتی سەرەکیی باس کردن، لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە بەهۆی پابەندنەبوونی ئەردوغان بە مەرجەکانی نەیتۆ، ئەو وڵاتانە دەتوانن بە یاسایی هەوڵی دەرکردنی تورکیا بدەن لە هاوپەیمانیەتی نەیتۆ. ئەمە لە کاتێکدا بوو ئەردوغان چاوەڕوانی ئەوەبوو بە ناوی ئەوەی کە لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە هاوپەیمانی نەیتۆیە، دەبێت هەموویان بەدەنگ تورکیاوە بێن، هاوپەیمانیەتی نەکەن لەگەڵ یەپەگە، قۆڵوبازوویان لێ هەڵکەن و خزمەت بە ستراتیژیەتی تورکیا بکەن، ئەردوغان بکەن بە سوڵتانی زەمان، وەک ئەوەی هاوپەیمانی نەیتۆ لە بیناغەوە بۆ ئەوە دروست بووبێت خزمەت بە پلان و ستراتیژیەتی تورکیا بکات و هەوڵبدات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بژێنێتەوە! 
فرەنسا، هەنووکە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە میدیا جیهانییەکان و ناوچەیەکان دژی تورکیا لێدوان دەدات، پێوایە لە دەریای ناوەڕاستدا تورکیا وەک هاوپەیمانەیەکی نەیتۆ لەگەڵ فرەنسا هاوکار نابێت، گرفتی زۆری دروست کردوە و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا و ئەندامانی نەیتۆ پشتیوانی لێ بەکەن دژی ئەردوغان. ئەو پێوایە کە گەلانی تورکیا شایەنی سەڕۆکی گەلێک لە ئەردوغان باشترن.
ئەردوغان ئەو هەڵوێستانەی فرەنسا، لە میدیاکاندا وا لە قەڵەم دەدا کە پێگەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە و لە جیهاندا لاواز بووە، بەمجۆرە دوژمنایەتی نێوان دوو وڵاتی ی نەیتۆ کە فرەنسا و تورکیایە، گەیشتۆتە ئاستێک لە لیبیادا لە ڕێگەی شەڕی بەوەکالەت جەنگیان دژ بە یەک ئەنجام دەدا، فرەنسا پشتیوانی لە حەفتەر دەکرد و تورکیا لە سەراج، ئەم جۆرە هەڵوێستانەی تورکیا لە گەلێک شوێنی دی هاوپەیمانیەتی و یەکێتی ئەوروپا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەریدەخا کە ئەو یەکەتییەی ئەوروپا خۆی پێهەڵدەکێشیت لە ڕاستییدا نییە و ئەردوغان هەموویان بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکاردەهێنێت!
تورکیا دەرکی بەوە کردوە کە یەکێتی ئەوروپا ئەو سەنگەی جارانی نەماوە بەتایبەتی دوای ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی داواین کرد لەو یەکەتییە
بکشێنەوە، کە ئەمە کاردانەوەی دەبێت لەسەر دروستبوونی یەکهەڵویستی لەنیو وڵاتانی ئەوروپادا، تورکیا دەرکیشی بەوە کردوە کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، وڵاتانی ئەوروپای دابەشکردوە لە وەرگرتنی یەکهەڵوێستی بەرامبەر بە تورکیا و گەورەبوونی مەترسییەکانی لەسەر دەستەکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی ئەوروپا. جوڵەکانی تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست، بوونی سوپای تورکیا لە لیبییا و گەلێک لە وڵاتانی دی ئەفریقا بەرژەوەندییکانی ئەوروپا بە تایبەتی فرەنسا، یۆنان و بروکسل لەو ناوچەیە دەخاتە مەترسیەوە، لەبەرئەوە ئێستا بێت یان دواتر، ئەوروپا دەبێت یەکتر بگرن، ڕێگربن لەبەردەم ئەردوغان کە هەوڵدەدا کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکات. سەڕۆکی تورکیا لە میدیاکاندا دەڵێت:
"فرەنسا لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست چاوی لە نەوت و ئەڵماس و سامانە سروشتیەکانی ئەو ناوچەییە". وەک ئەوەی خۆی بیەوێت بچێ لەوی گوڵ بچێنێت و هیچ مەرامێکی سەربازیی سیاسیی و ئابووریی و نامرۆڤایەتی نەبێت!
ئەردوغان، جگە لە ئەوروپا، لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیش، ڕۆژانە گوتەی هەیە، بە ئارەزووی خۆی دەمدرێژی دەکاتە سەر شکۆ و سیادەی ئەو وڵاتانە، وەک ئەوەی لە گۆڕەپانی پڕ لە کێشمەکێشمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو سوڵتان بێت و ئەمرونەهی لەژێر دەستی خۆیدا بێت. هەنووکە سوپا و میلشیاکانی تورکیا لە لیبیا، عیراق، لبنان، سوریا، قەوقاس، ئازەربایجان، ئەرمینیا، قوبرس، کوردستان و گەلێک شوێنی دی هەیە، تورکیا هێرشی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست ئەنجام دا لەو شوێنانەی کە گازی سروشتی لێیە.
ئاسایی کردنەوەی پەیوندیی نیوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بووە بە بنیشتەخۆشەی ژێر ددانی ئەردوغان، لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت خۆی وەک موسڵمانێکی عەیار بیستوچوار پێشانی زۆرینەی سادە و شەقامی دنیای عەرەبی و ئیسلامی بدات، جێگە پێی سعودیە لاواز بکات. ئەم کەینوبەینە نێوانی سعودیە و تورکیای گرژ و ئاڵۆزتر کردوە.
وەزیری دەرەوەی ئیمرات ئەنوەر گەرگاش، لە میدیاکاندا، مێژووی پەیوەندیی تورکیای لەگەڵ ئیسرائیل بەبیر ئەردوغان هێنایەوە وەک، دەرماتە ئابوورییەکانی ئیسرائیل لە تورکیا و هاتنی نیومیلیۆن ئیسرائیلی ساڵانە بەگەشتوگوزار بۆ تورکیا و هەروها ددانپێدانی تورکیا بە کیانی ئیسرائیلی وەک یەکەم وڵات و تا ئێستا بە بەهای ٢بیلیۆن دۆلار گرێبەستی ئابوورییان لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا هەیە. تورکیا ئەوەی بۆ خۆی حەلال دەکات بۆ وڵاتانی دراوسێی حەرام دەکات، بەمجۆرە تورکیا پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی گڕژ و ئاڵۆزە و لەگەڵ سعودیە لە هاڤرکێیە کە کێ ببێت بە مەلیک و سولتانی موسڵمانان لە ناوچەکەدا. گرژی و ناتەبای ئەو دوو وڵاتە لە لووتکەدایە، لە گشت هەڵوێستە سیاسیەکان و ڕووداوەکانی ناوچەکە، پێچەوانەی یەکترن نمونە، هەڵوێستی سعودیە دژ بە بەرنامەی ئەتۆمی ئیرانە بەڵام تورکیا تا هەنووکە خۆی لەو مەسەلەیە مات کردوە.
ئەردوغان لە وتارێکیدا لە ڕۆژی پێنچشەمەی ڕابردوودا کە لە میدیاکاندا بڵاوبۆیەوە گوتی:
"دەبێت لە یاد نەکەین کە ئەو وڵاتانەی تا دوێنی نەبوون، ئەگەری هەیە، کە لە داهاتووشدا نەمێنن و وەک ئەوەی قەت نەبووبن، بەڵام بە پشتیوانی خوا ئاڵای ئێمە بۆ هەتا هەتایێ لە ناوچەکەدا دەشەکێتەوە".
ئەردوغان دەیەوێت بڵێت، ئەو وڵاتانەی کە دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی ناسێنراون، هیج پێگەیەکی مێژووی سیاسی و شکۆ و سەنگیان نییە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەردوغان مەبەستی وڵاتانی کەندا و سعودیەیە. ئەردوغان ئەگەر وڵاتانی کەنداو، کە بە فەرمی لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتوەیی ئاڵا و سنووری جوگرافیی ددانپێندراویان هەیە، زۆربەیان لە هاوپەیمانی پتەودان لەگەڵ ئەمریکا، لە زۆربەی وڵاتانی کەنداو هێز و سوپا و بنکەی موشەکی زلهێزەکانی وەک ئەمریکای لێیە، بەو جۆرە وەسفیان بکات و هەرەشەیان لێبکات، ئاخۆ ئەگەر زێتر بۆی بلوێت چۆن وەسفی کوردستان دەکات، کە تا ئێستا بستێک لە خاکەکەی ڕزگار نەکراوە، ئاڵا و حکومەتێکی ددانپێدنراوی نییە لەنێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیدا.
ئەردوغان لە ڕێگەی ئەو جۆرە گوتارانە هەرەشە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات، پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەگەر دەرفەتی بۆ بلوێت، هەڵدەکوتێتە سەر ئەوانیش وەک چۆن هەڵیکوتایە سەر عەفرین و داگیریکرد، بۆیە دوای ئەو وتارەی ئەردوغان، سعودیە هەموو گرێبەستە ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیا ڕاگرت، داوای لە هەموو سعودیەکان، کەرتی تایبەتی وڵاتەکەی کرد، کە گرێبەستە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تورکیادا پوچەڵ بکەن و هیچ هاووڵاتییەکی سعودی کاڵای تورکیی نەکڕێت.
نەخشەی سیاسی و سەربازی و پلان و ستراتیژی فرەوانکردنی دەسەڵاتەکانی ئەردوغان لە ناوچەکەدا بەرنامەداڕیژراوە و گەلێک فرەوانە، بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ناوچەکەدا. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە هەر وڵاتێک، هەر لایەنێک، پێوابێت تورکیا نرخ بۆ هاوپەیمانیتی، ڕێککەوتن، ووتوێژ، دۆست و هاورێیەتی دادەنێت، ئەوا هەڵەیەکی مەزن دەکات، وەک چۆن وڵاتانی ئەوروپا کردیان. بە دڵنیاییەوە تورکیا هیج کەسێک و لایەنێکی قەبوڵ نییە تەنیا بە کۆیلەیی نەبێت!
-------------------------

تێبینی: پەرتوکی " لە سێبەری شاخ تەواو بووە" لەو چەند ڕۆژەی داهاتوودا لە کوردستانپۆست ڕادەگەیندرێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە