ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

موزایه‌ده‌ به‌ ئاڵاى كوردستانه‌وه‌

Thursday, 10.22.2020, 13:28

1312 بینراوە


پێش هاتنى یادى 16 ئۆكتۆبه‌ر به‌ چه‌ند ڕۆژێك  پارتى ئاماده‌كارى كرد بۆ ئه‌وه‌ى چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك  له‌و یاده‌ به‌ ئازاره‌دا  هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر یه‌كێتى و هه‌موو خیانه‌ته‌كانى خۆیان له‌ بیر خه‌ڵك به‌رنه‌وه‌و  ته‌نها 16 ى ئۆكتۆبه‌ر وه‌كو خیانه‌ت  بناسێنن . كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى پارتى  به‌ شێوازى جیاواز و جۆراو جۆر باسى  16 ئۆكتۆبه‌ریان ده‌كرد و  به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتییان  به‌ خیانه‌تكار  تۆمه‌تبار ده‌كرد  . له‌ هه‌موى سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ ئاشكراو  له‌ شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌  ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ى كه‌ركوك به‌ به‌غدا وه‌كو  خیانه‌ت  ناو ده‌بات و ئه‌وخیانه‌ته‌ش ده‌داته‌ پاڵ یه‌كێتى .
زوربه‌مان ئاگادارین و ده‌زانین كه‌ مێژوى پارتى لێوان لێوه‌ له‌ تاوان و  خیانه‌ت و نیشتمان فرۆشى . بنه‌ماڵه‌ى بارزانى كه‌ ده‌كاته‌ پارتى هه‌رگیز سڵیان له‌ خیانه‌ت نه‌كردۆته‌وه‌  كاتێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كانیان كه‌وتبێته‌ به‌ر مه‌ترسییه‌وه‌ . كاره‌ قیزه‌ونه‌كانى ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ژماره‌ نایه‌ن و زۆر باس كراون و هه‌موو كه‌سێك ئاگاداریانه‌و پێویست ناكات  منیش دوو باره‌یان بكه‌مه‌وه‌ .  
 دواى ئه‌وه‌ى داعش موسڵ و به‌شێكى زۆرى  خاكى عێراقیان خسته‌ ژێر كۆنتڕۆڵى خۆیانه‌وه‌ ، سوپاى عێراقى  له‌ كه‌ركوك و به‌شێكى زۆرى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كشانه‌وه‌و كه‌وتنه‌وه‌ ژێر ده‌ستى هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ . كاتێك سوپاى عێراق به‌ هاوكارى ئه‌مه‌ریكا بڕیاریاندا  موسل َو ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش بگرنه‌وه‌  ، پێش ده‌ست پێكردنه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى  ڕێك كه‌وتبون و كه‌  دواى ته‌واو بونى شه‌ڕه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى  به‌ هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ كه‌وتونه‌ ژێر ده‌ستى هێزى پێشمه‌رگه‌ ، ده‌بی َپاشه‌ كشه‌ى لی َبكه‌ن ڕاده‌ستى سوپاى عێراقیان بكه‌نه‌وه‌ .
 مه‌سعود بارزانى به‌وه‌ ڕازى ده‌بێت و ئێمزاش له‌سه‌ر  ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌كات و له‌ برى ئه‌وه‌ بڕى 400 ملیۆن دۆر وه‌رده‌گرێت و حه‌یده‌ر عه‌بادى خۆشى لێدوانى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داوه‌ .  كه‌واته‌ مه‌سعود بارزانى  پێش گرتنه‌وه‌ى موسڵ  ده‌ست به‌ردارى كه‌ركوك بوه‌ و ئه‌م موزایه‌ده‌یه‌ چییه‌ له‌ ئێستادا له‌سه‌ر كه‌ركوك ده‌یكه‌ن ؟؟.  دواى ته‌واو بونى شه‌ڕه‌كه‌ عێراق ده‌یویست  به‌ پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌  بگه‌ڕێنه‌وه‌  ئه‌و ناوچانه‌ى پێش شه‌ڕى داعش له‌ ژێر ده‌ستیاندا بوه‌ . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ توركیا  زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو له‌وه‌ى كه‌كه‌رك و ئه‌وناوچانه‌ى تر كه‌وتونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌.
به‌ پێی لێدوانى  چه‌ندین سیاسه‌تمه‌دار بیانى  مه‌سعود بارزانى به‌ فیتى توركیا بڕیارى ڕیفراندۆمى دا نه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خه‌وه‌ هه‌رگیز نه‌یه‌ته‌دى . ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ش پشت رأِست ده‌كاته‌وه‌  ئه‌وه‌یه‌ : 
بڕیاردان له‌ ڕیفراندۆم بێ پشتیوانى جه‌ماوه‌رو بی َپشتیوانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و بی َپشتیوانى هیچ ده‌وڵه‌تێكى  گه‌وره‌ى ئه‌وروپى و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا زۆر به‌ جدى هاته‌ سه‌رخه‌ت و داواى كرد كه‌ ڕیفراندۆم نه‌كه‌ن . یان هیچ نه‌بێ بۆ ساڵێك دواى بخه‌ن و ئه‌وان ده‌بن به‌ كه‌فیل  و كیشِه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن .ئاخر وه‌عدى به‌لفۆریش كه‌ به‌ ئیسڕائیل  درا بۆ دروستكردنى ده‌وڵه‌ت بۆیان ، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌بوو . 
به‌ڵام مه‌سعود بارزانى به‌ قسه‌ى كه‌سى نه‌كرد . ده‌بوو ئه‌جینداى تورك جێ به‌جێ  بكات و بڕیارى ڕیفراندۆم بدات  بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ونى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ گۆڕنێت . دواجار  دیمان بریارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم  چ كاره‌ساتێكى  به‌ دواى خۆیدا هێنا .  بۆشاردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و خیانه‌تانه‌ هاتون مه‌كینه‌ ئیعلامیه‌كه‌یان خستۆته‌ گه‌ڕو ده‌یانه‌وێت  هه‌موو ئه‌و خیانه‌تانه‌ى خۆیان كردویانه‌  له‌ خه‌ڵكى بشارنه‌وه‌و سه‌رنجى هه‌موو خه‌ڵك ڕاكێشن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ى كه‌ركوك  خیانه‌ت بوه‌و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى كردویانه‌ . له‌ ڕاستدا  زۆر قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌مه‌ كردوه‌ .
  ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر كه‌ركوك هات  به‌رنامه‌ى  پێش وه‌خت نه‌بوو له‌ لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ ، به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌ شكست خواردوه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ ڕویدا  . ڕاده‌ست كردنى كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تر  كارێكى زۆر خراپ بوو .خۆزگه‌ى ئه‌وه‌ نه‌كرایا . به‌ڵام یه‌ك ڕاستى هه‌یه‌ ده‌بێ هه‌موو كه‌سێك باش بیزانیت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ :
 حكومه‌تى عێراقى بڕیارى دابوو كه‌ركوك بگرێته‌وه‌ به‌هه‌ر نرخێك بوه‌ . به‌رنامه‌ى شیعه‌و سوننه‌و ئێران و توركیاش بوو . كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگرى ته‌واویش بكۆایا ، كه‌ركوك هه‌ر دىگیرایه‌وه‌ .   هێزى پێشمه‌رگه‌ش له‌ هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ زۆر نابه‌رامبه‌ر بوه‌ له‌گه‌ل َسوپاى عیراقى . ئه‌وه‌ش زۆر ڕون بوه‌ كه‌ پارتى به‌رگرى له‌ كه‌ركوك ناكات . كه‌واته‌ بڕیاردان بۆ كشانه‌وه‌ باشترین بژارده‌ بوه‌و ئه‌گه‌ر به‌شه‌ڕ كه‌ركوك چۆَل كرایه‌ ، وه‌كو موسڵى لێ ده‌هات . ئه‌وبه‌رگریه‌ى پارتى له‌پردێ كردى ، له‌ ترسى هه‌ولێر بوو .ئه‌گه‌ر سوپاى عێراق دواى گرتنه‌وه‌ى كه‌ركوك هێرشه‌كه‌ى  بوه‌ستاندایه‌ ، پارتى یه‌ك فیشه‌كى نه‌ده‌ته‌قاند. 
خۆزگه‌ى  هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌  ئه‌وڕێكه‌وتنه‌ ده‌كراو ئه‌وپۆله‌ تێكۆشه‌ره‌ش شه‌هید نه‌ده‌بونو خه‌ڵكى توز خورماتوش ئاوایان لێ  به‌سه‌ر نه‌ده‌هات . باشه‌ پارتى بۆچى  مه‌خمور و شه‌نگالیشى به‌جێ هێشت ؟. ئه‌ى ئێستا بۆچى شه‌نگال ڕاده‌ستى به‌غدا ده‌كات . ئه‌وانه‌ى به‌ درۆكانى پارتى بڕوا ده‌كه‌ن  یان كۆیله‌كانیانن یان ئه‌وانه‌ن وه‌كوپێویست ئاگادارى روداوه‌كان نین .
 لێره‌دابه‌ پێویستى ده‌زانم كه‌سه‌رنجى خوێنه‌ران  ڕاكێشم بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ من نامه‌وێت به‌رگرى له‌یه‌كێتى بكه‌م ، چونكه‌ یه‌كێتیش تاوانباره‌و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى بونه‌ پشتیوانى مه‌سعود بارزانى  بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم . به‌ڵام گێرانه‌وه‌ى كاره‌ساته‌كه‌ى كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌ مێژوى ئه‌م میلله‌ته‌ ده‌بێ وه‌كو خۆى بنوسرێته‌وه‌. 
هه‌ڵوێستى  سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌ به‌رامبه‌ر تۆمه‌ته‌كانى پارتیدا 
كۆنگره‌ى چوارى یه‌كێتى له‌ برى ئه‌وه‌ى زیاتر ڕیزه‌كانیان  به‌ هێز بكه‌نه‌وه‌و له‌و په‌رته‌ وازیه‌ى هه‌یانه‌ ڕزگاریان ببێت ، ئه‌وه‌نده‌ى تر سه‌ركردایه‌تى كه‌ر تو په‌رت كردوه‌ .  له‌ ئێستا كوڕه‌كانى مامجه‌لال  و لاهور شێخ جه‌نگى تێك بدات  مه‌سعود بارزانیه‌وه‌ نزیكن ، لاهور شێخ چه‌نگى یه‌كێك له‌ هاو سه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى و خاوه‌نى زۆرترین  ده‌نگ خۆى به‌ ته‌نها قیاده‌ واحیده‌یه‌ . پارتى كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات  نێوانى كوڕه‌كانى مامجه‌لال و لاهور شێخ جه‌نگى تێك بدات .
سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانى یه‌كێتیش كه‌ له‌ ئێستا هیچ ده‌سه‌لاِتێكیان  نییه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا  زۆر نیگه‌رانن و  گله‌یی ده‌كه‌ن و له‌ وه‌زعى ناو یه‌كێتى ناڕازین . كه‌واته‌ یه‌كێتى له‌ ئێستادا  خاوه‌نى سه‌ركردایه‌تییه‌كى  وا تۆكمه‌  نین  كه‌ بتوانن له‌ ساته‌ هه‌ستیاره‌كاندا  خاوه‌نى یه‌ك بڕیاربن .ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین  له‌م كاته‌دا كه‌ پارتى  ئاوا به‌گه‌رمى و بێ په‌رده‌ هاتونه‌ سه‌رخه‌ت و ده‌ڵێی خۆیان نه‌ بایان دیوه‌و نه‌ بۆران و یه‌كێتى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ خیانه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ كه‌ركوك ، بۆچى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بێ هه‌ڵوێست و بێده‌نگن و وه‌ڵامێكیان نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌و تۆمه‌تانه‌ى پارتى .
ڕاسته‌  هه‌ندى به‌رپرسى یه‌كێتى  و وه‌زیره‌كان  وه‌ڵامێكى شه‌رمنانه‌ى پارتیان داوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ و له‌سه‌ر ئاستى تاكه‌ كه‌سییه‌ نه‌ك ئاستى سه‌ركردایه‌تى .  ده‌بوو یه‌كێتى به‌م شێوه‌یه‌ بێته‌ سه‌رخه‌ت و وه‌ڵامى پارتى بدنه‌وه‌ :
پێشه‌كى ده‌بوو باسى  به‌شێك  له‌ خیانه‌ته‌كانى  پارتى بكه‌ن بۆ خه‌ڵك . دواى ئه‌وه‌  باسى  خاوه‌نى ڕیفراندۆمه‌كه‌ بكه‌ن . دواى ئه‌وه‌ بڵێن :چیتر باسى كه‌ركوك مه‌كه‌نه‌ كراسه‌كه‌ى عوسمان و هه‌ر ئێستا ده‌مانه‌وێت  لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنرێت و بڕیارى كۆتایی بده‌ن  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى  كاممان خائینه‌ ، 
كاممان خائینتره‌ ، كاممان خائیترینه‌ له‌ میژودا ؟؟. تا ئه‌و كاته‌ى لیژنه‌كه‌ بڕیار ده‌دات  ئێمه‌ش له‌ حكومه‌ت ده‌كشێینه‌وه‌و ئاگادارى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مانیش ده‌كه‌ین به‌شدارى  كۆبونه‌وه‌كانى په‌ڕله‌مان نه‌كه‌ن  تا ئه‌و كاته‌ى ڕاستییه‌كان بۆ هه‌موان ئاشكرا ده‌كرێن و چیتر به‌ خۆڕایی تۆمه‌ت باركردنمان له‌ لایه‌ن ئێوه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین . ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستێكى  ڕونتان نه‌بێت ، ماناى وایه‌ تۆمه‌ته‌كانى پارتى ڕاستن ، بۆیه‌ وه‌ڵامتان نییه‌ .
 ده‌بوو یه‌كێتى داوا بكه‌ن له‌م یاده‌دا مه‌سعود بارزانى دادگایی بكرێت . ئه‌ى خۆى نه‌یده‌گوت  من بڕیارى ریفراندۆم ده‌ده‌م و خۆشم به‌رپرسیارم  له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى ؟؟ . له‌ كاتێكدا به‌ڵگه‌یه‌كى ئاوا هه‌بێت ، چۆن ده‌بێ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ لاواز بێت و وه‌ڵامێكیان بۆ پارتى نه‌بێت ؟؟
كاك قوباد تاڵه‌بانى  جیگرى سرۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى تێمى یه‌كێتى  خاوه‌نى كه‌سایه‌تییه‌كى زۆر لاوازه‌ . وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ خێرى پێكرابى كه‌ ئه‌و پۆسته‌ى پێدراوه‌ . كاكى برا ئه‌گه‌ر خۆشت ئه‌وه‌ به‌خێربۆ خۆتى  بزانى ، ئه‌و پۆسته‌ پۆستى ده‌ریایه‌ك خوێنى شه‌هێده‌ .ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خۆشت نه‌بێ ، له‌به‌ر خاترى خوێنى شه‌هێدان ئاوا بی َبایه‌خى مه‌كه‌ . 
 كاتێك مه‌سرور  بارزانى  ئاوا به‌بێ  منه‌تى یه‌كێتى تۆمه‌تبار ده‌كات ، ده‌بوو پێش هه‌موو كه‌سێك خۆت  بهایه‌تیایه‌ ده‌نگو ئه‌وتۆمه‌تانه‌ت ڕه‌ت كردایه‌وه‌ . وابزانم له‌و كاته‌وه‌ مه‌سعود بارزانى  خۆى كردۆته‌ مامتان و كڵاوى كردۆته‌ سه‌رتان و خه‌ریكه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌تان له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شێنیت ، له‌ ڕوت نایه‌ت قسه‌یه‌كى وابكه‌ى  دڵیان گه‌رد بخوات . كاك بافێڵى براشت  ده‌ڵى كاك مه‌سعود پیاوێكى زۆر گه‌وره‌یه‌ . زۆر زه‌روره‌ بۆ كورد .
 باشه‌ خۆ له‌سه‌ر ده‌مى باوكى ڕه‌حمه‌تیشتاندا  هه‌ر پیاوێكى گه‌وره‌و پێویست بوو . ئه‌ى ئه‌م هه‌موو ناكۆكى  خوێن ڕشتنه‌ له‌سه‌ر چى بوو ، خۆ ئێمه‌ هیچمان نه‌بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ، به‌ڵام زۆر سه‌یره‌ ئێستا ئێوه‌ بونه‌ مام و برازاو ئێمه‌ش دوژمن . ده‌ى  خوا له‌ یه‌كتنان نه‌كات و با بزانین  ئه‌م یاریه‌ چۆن كۆتایی دێت ؟.  له‌وه‌ ده‌چێت كۆتایی یاریه‌كه‌  به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى  یه‌كێتى كۆتایی بێت له‌ لایه‌ن بارزانیه‌وه‌ . ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ هه‌موان بیزانن  هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك  له‌ پارتى نزیك ببێته‌وه‌ ، سه‌لامه‌ت نابێت .
  له‌ ڕاستێدا  له‌ ڕوى كردارییه‌وه‌  یه‌كێتى  نه‌ماوه‌ . ئه‌گه‌ر حیزبێك خاوه‌نى سه‌ركردایه‌تییه‌كى  باش نه‌بێت ، ئه‌وه‌ به‌ ماناى نه‌مان دێت  . له‌ئێستادا كوڕانى مامجه‌لال  له‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانییه‌وه‌ زۆر نزیكن و به‌رژوه‌ندى مادییان هه‌یه‌ . كاك قوباد به‌ خۆڕایی له‌ هه‌ولێر نییه‌  ، له‌ كاتێكدا هیچى به‌ده‌ست نییه‌ .گومانى تێدا نییه‌  به‌رژه‌وه‌ندى خۆى مسوه‌گه‌ر كردوه‌ . بافێڵ تاڵه‌بانى براشى  ده‌ستى به‌سه‌ر داهاتى  سنوورى سه‌وزدا گرتوه‌ . 
  لاهور شێخ جه‌نگیش  خه‌ریكى بزنسى خۆیه‌تى . هه‌موو سه‌ركرده‌كانى تریش  هه‌ر یه‌كه‌یان خاوه‌نى كۆمپانیاى خۆیانن  . ئه‌ندامانى به‌ناو سه‌ركردایه‌تیش كه‌ له‌شكرێكن  به‌ پێدانى هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندى مادى بێده‌نگیان كردون . هیچ كه‌سێك له‌ به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتى نه‌ خه‌مى خه‌ڵكیان هه‌یه‌و نه‌ خه‌مى یه‌كێتى وئه‌وان له‌ ژێر چه‌تر وسێبه‌رى یه‌كێتى واته‌ خوێنى شه‌هیدان ، بازرگانى ده‌كه‌ن . 
 ئێستا  هه‌مویان خه‌ریكى پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ن له‌سه‌ر حسابى یه‌كێتى .   قوباد تاڵه‌بانى  سه‌رۆكى تیمى یه‌كێتییه‌ له‌ حكومه‌تدا . داواى لێ ده‌كه‌م سه‌رێكى سنورى پارتى بدات و سه‌یرى جاده‌و بانه‌كانى ئه‌وێ بداتو  و به‌ سنورى  سه‌وز به‌راوردیان بكات . سه‌یرى ئه‌و هه‌موو بودجه‌یه‌ بكات كه‌ بۆ ئه‌و سنوره‌ ته‌رخان كراوه‌ . ته‌نها بۆ قه‌زاى ئامێدى 147 پرۆِژه‌ به‌ گوژمه‌ى 81 مایار دۆلار جیچ به‌جێ ده‌كرێن .
  له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا له‌شارى سلێمانى هه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ 60 مه‌تریه‌ى  زه‌مانى سه‌دام هه‌یه‌ . خه‌سته‌خانه‌كان جیهازى ئۆكسجینى تێدانییه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ رۆِژانه‌ خه‌ڵك ده‌مرێت . پزیشكێك ده‌ڵێت له‌ كاتێكدا 10كه‌س ده‌مرن ، ئه‌گه‌ر ئامێرى پێویست هه‌بێـت ته‌ها دوو كه‌س ده‌مرن . ئاخر ئه‌مه‌چ ویژدانێكه‌ شه‌وانه‌ به‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار له‌ گومرگه‌كان بدزرێت و  بچێته‌ گیرفانى به‌رپرسه‌كانه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و به‌رپرسانه‌ش خۆیان به‌ حاكمى ئه‌م ناوچه‌یه‌ بزانن ؟؟.   
پزیشكى موقیم هه‌یه‌ موچه‌كه‌ى ناگاته‌ موچه‌ى دژه‌ تیرۆرێك و كرێ چییه‌ .  له‌ برى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پاره‌ش نییه‌ ئه‌رز بده‌نه‌ ئه‌وان ، ده‌درێته‌ دژه‌ تیرۆر و كه‌سانى سه‌ر به‌خۆیان .  سنه‌وبه‌ره‌كانى سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ عه‌مدى ده‌سوتێنرێن  بۆ ئه‌وه‌ى بكرێنه‌ ناوچه‌ى بازرگانى .  قاچاخچیه‌تى گومرگ هه‌ربه‌رده‌وامه‌و كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى سه‌روپێ هاورده‌ بكه‌ن . كێ ناڵێت  ئه‌وه‌ سه‌روپێی سه‌گ نین . 
ئه‌وه‌ى زۆر سه‌رنجى ڕاكێشام و توشى شۆكى كردم ئه‌مه‌یه‌ : دواى ئه‌وهه‌موو ئیهانه‌و تۆمه‌تباركردنه‌ى سه‌رانى یه‌كێتى له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌و به‌ خائین كردنیان ،كه‌سێك له‌ئاستێكى باڵادا لێدوانێكى نه‌داو به‌رپه‌رچى تۆمه‌ته‌كانى پارتى نه‌دایه‌وه‌ ، به‌ڵام زوربه‌یان له‌سه‌ر سوتاندنى  باره‌گاى  لقى پارتى له‌ به‌غدا هاتنه‌ ده‌نگ و بونه‌ هاوخه‌مى پارتى . بۆ ئه‌مه‌ش هاتن سوتاندنى ئاڵاى كوردستانیان كرده‌ پاساوى  خه‌مخۆریه‌كه‌یان بۆ پارتى . قوباد تاڵه‌بانى و  بافێڵ تاڵه‌بانى كوڕى كۆسره‌ت ڕه‌سۆل . گوایه‌ ئه‌مانه‌ زۆر خه‌مخۆر و دڵسۆزى ئاڵاى كوردستانن  و كارێكى له‌و جۆره‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌  قابیلى قبوڵ نییه‌. مه‌سعود بارزانیش ده‌ڵى ئه‌وه‌ باجه‌كه‌ى قورس ده‌بێت . 
سوتاندنى باره‌گاى لقى پارتى له‌ به‌غدا  له‌ ئه‌نجامى لێدوانێكى هۆشیار زێبارییه‌وه‌ بوه‌ . له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ زۆر شوره‌ییه‌  له‌سه‌رسوتاندنى  باره‌گاى لقێكى پارتى بێنه‌ ده‌نگ، له‌ كاتێكدا   سوتاندنى باره‌گا  له‌ پارتییه‌وه‌  داهێنراوه‌ . باشه‌ له‌ ئێوه‌ ده‌پرسم باره‌گاى كێیان نه‌سوتاندوه‌ ؟؟  من ده‌زانم شینى ئێوه‌ بۆئاڵاى كوردستان نییه‌  ، به‌ڵام ده‌تانه‌وێت  سوتاندنى ئاڵاكه‌ وه‌كو موزایه‌ده‌ به‌كار بهێنن  بۆ پشتیوانى و خه‌مخۆریتان  بۆ سوتاندى  باره‌گاكه‌ى پارتى چونكه‌ ئێوه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاتونه‌ ده‌نگ هه‌موتان زۆر نزیكن له‌پارتییه‌وه‌و به‌رژه‌وندى  زۆریشتان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌ . 
دیاره‌ له‌ بیرتان چۆته‌وه‌ چۆن پارتى  له‌ 17ى شوباتى 2011 له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ندى به‌رد گیرایه‌ لقى چوارى پارتى له‌ سلێمانى  چۆن  شارى هه‌ڵمه‌ت و قوربانییان  خه‌ڵتانى خوێن كرد . ئه‌وشاره‌ى تاڵه‌بانى  چاوى تێدا كرده‌وه‌و له‌سه‌ر حسابى ئه‌و شاره‌ خۆی و كوڕه‌كانى بونه‌ خاوه‌نى هه‌موو شتێك.  ئه‌ى بۆچى ئه‌وانه‌ى ئه‌وتاوانه‌یان ئه‌نجامدا  سزا نه‌دران و ئێساش ئێوه‌ له‌ برى پارتى داواى  سزاى ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ باره‌گاى پارتیان سوتاندوه‌ ؟؟.
 باشه‌ بۆچى پارتى داواى لێبودنى له‌ كه‌س و كارى ڕوداوه‌كه‌ى 17ى شوباست نه‌كرد ، به‌ڵام هۆشیار زیبارى  زوو په‌شیمان بۆوه‌ له‌ لێدوانه‌كه‌ى ؟؟.  ئاخرئه‌مه‌ چ شوره‌ییه‌كه‌ و كى َ ئه‌مه‌ قبوڵ ده‌كات  پارتى ده‌بابه‌ى به‌عس بهێنێته‌ ناو حه‌ره‌مى په‌ڕله‌مانه‌وه‌و ئه‌وه‌ش بكه‌نه‌ شانازى بۆخۆیان و به‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌ بڵێن 31ى ئابى پیرۆز  به‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ریش بڵێن خیانه‌ت ، كه‌ هه‌ر خۆیان هۆكارى خیانه‌ته‌كه‌ش بن . ئه‌گه‌ر سه‌رانى یه‌كێتى یه‌ك تۆزێك وه‌فایان بۆ شه‌هیده‌كنى یه‌كێتى هه‌بوایا چاویان له‌وهه‌موو تاوانانه‌ى پارتى نه‌ده‌نوقاند و مامه‌ حه‌مییان بۆ نه‌ده‌كردن له‌پێناوى به‌رژوه‌ندى شه‌خسیداو ده‌هاتنه‌ ده‌نگو وه‌ڵامى قورسى پارتیان ده‌دایه‌وه‌ . به‌ڵام كێ ئه‌وه‌ بكات ؟.
ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانتان زامن ببێـت نه‌ ئاڵا لاى ئێوه‌ نرخى هه‌یه‌و نه‌ له‌ده‌ست دانى خاكى كوردستان و نه‌ هێنانى سوپاى دوژمن بۆ سه‌ر خاكى كوردستان .  ده‌زانن كێن ئه‌وانه‌ى سوكایه‌تى به‌ ئاڵاى كوردستانه‌وه‌   ده‌كه‌ن ؟؟. ئه‌وانه‌  ئاڵاى كوردستان سوك ده‌كه‌ن  كه‌ له‌ ساڵى 1964 شه‌ڕى ناوخۆ دروست ده‌كه‌ن و ناوماڵى كورد تێك ده‌ده‌ن و  خوێنى لاوى  كورد ده‌ڕێژن له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا. 
ئه‌وانه‌ سوكایه‌تى به‌ ئاڵاى كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ بونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كورد به‌ مافه‌كانى خۆى نه‌گات ، له‌ سه‌ر ئه‌وناكۆكیانه‌ى خۆیان هه‌یانه‌ . ئه‌وانه‌ ئاڵاى كوردستان سوك ده‌كه‌ن  ، كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ى خاكى كوردستانیان له‌ ده‌ست داوه‌ . ئه‌وانه‌ ئاڵاى كوردستانیان سوك كردوه‌ ، كه‌ خه‌ڵكى كوردستان برسى ده‌كه‌ن و له‌ ناچاریدا ده‌ڵێن  :
 كازمى وه‌ره‌ فریامان بكه‌وه‌  مردین له‌ به‌رسان چونكه‌ سه‌ركرده‌كانمان  دزیمان لى َ ده‌كه‌ن .  ئه‌وانه‌ سوكایه‌تى به‌ ئاڵاى كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن  كه‌ وا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ كازمى بڵێن  با بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتو   لیستت هه‌بێت  بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگت بۆ بده‌ین . دیاره‌ ئابڕوتان نه‌ماوه‌ ، ده‌نا ده‌بوو سه‌رى خۆتان هه‌ڵگرن و ئه‌م وڵاته‌ جێ بێڵن ؟؟. 
 ئه‌وانه‌ سوكایه‌تى به‌ ئاڵاى كوردستان  ده‌كه‌ن  سامانى نه‌وت ئه‌دزن و كڕونوش بۆ به‌غدا ده‌به‌ن بۆ پاره‌ . ئه‌وانه‌ ئاڵاى كوردستان  سوك ده‌كه‌ن  كه‌ به‌ ئاشكراو به‌ به‌رچاوى هه‌مومانه‌وه‌  داهاتى گومرگه‌كان بۆ خۆیان ده‌به‌ن و خه‌رێكى قاچاخچییه‌تین . ئه‌وانه‌ ئاڵاى كوردستان سوك ده‌كه‌ن كه‌ ڕۆژانه‌ خه‌رێكى دابه‌شكردنى زه‌ویه‌كانى حكومه‌تن به‌سه‌ر نزیكه‌كانى خۆیاندا .
 ئه‌وانه‌ ئاڵاى كوردستان سوك ده‌كه‌ن  كه‌ ده‌چن بۆ به‌غدا و ده‌پاڕێنه‌وه‌ بۆ پاره‌و باسى ناوچه‌ داگیر كراوه‌كان ناكه‌ن. ئه‌وانه‌ سوكایه‌تى به‌ ئاڵاى كوردستان ده‌كه‌ن  كه‌ هیچ ئینتیمایه‌كى نیشتمانیان نییه‌  جگه‌ له‌ دزى و تاڵانى و خه‌ڵك كوشتن و خه‌ڵك گرتن . ئه‌وانه‌ سوكایه‌تى به‌ ئاڵاى كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ خه‌ڵكیان والێكردوه‌  هیچ خۆشه‌ویستییه‌ك و  هیچ ئینتیمایه‌كیان بۆ ئه‌م نیشتمانه‌ نه‌مێنێت. 
 ئێوه‌ دوو حیزبن سیاسه‌تتان سوك كرد ، حوكمڕانیتان سوك كرد . په‌ڕله‌مانتان سوك كرد  و ئه‌خلاقى كۆمه‌ڵگاشتان تێك دا . باشه‌ كه‌ یه‌كێتى  31 ئاب  وه‌كوخیانه‌ت بۆ پارتى حساب ده‌كات  و پارتیش 16 ى ئۆكتۆبه‌ر وه‌كو خیانه‌ت بۆ یه‌كێتى حساب ده‌كات ، بۆچى نایه‌ن ڕێكه‌وتن بكه‌ن و داش به‌داش بكه‌ن . له‌ كاتێكدا هه‌ردوك لاتان خائین بن ، ئه‌وه‌ قسه‌ى خۆتانه‌ نه‌ك ئێمه‌ ، بۆچى نایه‌ن 
پیاوانه‌ سوڵح له‌سه‌ر خیانه‌ته‌كانتان بكه‌ن و  بێده‌نگى هه‌ڵبژێرن، ئه‌وه‌ باشتر نییه‌ بۆ هه‌ر هه‌ردو لاتان و كۆتایی به‌م چه‌له‌ حانێیه‌ بهێنن و چیتر خۆتان و میلله‌تیش سوك نه‌كه‌ن له‌به‌ر چاوى دۆست و دوژمن ؟؟. 
هه‌ر ئاڵاى كوردستان مابوو مامه‌له‌ى پێوه‌ بكه‌ن و بیكه‌نه‌ هۆكارێك بۆ فریودانى هاوڵاتیان .  هه‌رێمێك یان حكومه‌تێَك  له‌ لایه‌ن كه‌سانی تاڵانچى وه‌كو ئێوه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت كه‌ هیچ دلسۆزیه‌كتان نییه‌ بۆ گه‌ل و نیشتمان جگه‌ له‌ تاڵانكردنى سامانه‌كه‌ى  ده‌بێ چ نرخێك بۆئاڵاكه‌ى  دتنرێت  ؟. .  هه‌رێمێك له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌  به‌ڕێوه‌ببرێت و به‌ ئاشكرا سامانه‌كه‌ى بدزن و خه‌ڵكیش له‌ خه‌سته‌خانه‌كان بمرێت  له‌به‌رنه‌بونى ئامێرى پێویست وخزمت گوزارى ، ده‌بی َئاڵاكه‌ى چ چه‌ند پول بكات . 
 له‌ كاتێكدا  ئێوه‌ نیشتمان ده‌فرۆشن ، ئاڵا چ بایه‌خێكى ده‌مێنێت . ئاڵا سمبولى  گه‌لێك و نیشتمانێكه‌ . پارتى به‌شێكى زۆرى  هه‌رێمى كوردستانى  ته‌سلیم به‌ توركیا كردوه‌ . له‌ سایه‌ى دوژمنایه‌تى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌و ڕیفراندۆمه‌ شكست خواردوه‌كه‌ى  سه‌رۆك خێلێكى دواكه‌وتوه‌وه‌ نێوه‌ى خاكى كوردستان له‌ ده‌ست درا ، ئاخرچ مانایه‌كى هه‌یه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ى باره‌گاى لقى 5 پارتییان له‌ به‌غدا سوتاندوه‌ ، له‌ كاتێكدا باره‌گا سوتاندن له‌ پارتیه‌وه‌ داهێنراوه‌ . ئه‌گه‌ر پارتیش پێیان عه‌یب نه‌بێت ، باسى بكه‌ن ،  ده‌بوو یه‌كێتییه‌كان  شه‌رم بكه‌ن هه‌ر باسیشى بكه‌ن  باسى بكه‌ن .  

له‌ كاتێكدا ئیوه‌ى دوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدارى تاڵانچى ، دواى ئه‌وه‌ى سامانى ئه‌م وڵاته‌تان بۆخۆتان دزى و ئیفلاستان به‌ هه‌رێمى كوردستان كردو خه‌ڵكتان خسته‌ سه‌ر ساجى عه‌لى و واتان لێكردن  په‌نا بۆ كازمى به‌رن و خۆشتان به‌ناچارى  هه‌موو ڕۆژێك ده‌چنه‌ به‌غداو خه‌ریكى چڵم هه‌ڵلوشینن  له‌به‌رده‌م ده‌رگاى به‌رپرسه‌كانى به‌غدا بۆ پاره‌ ، باشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى چى ده‌كه‌ن  گوایه‌ ئه‌مه‌ قابیلى قبوڵ نییه‌و بارزانیش ده‌ڵى ئه‌وه‌ باجه‌كه‌ى قورس ده‌بێت؟؟.
با هیچ نه‌بوایه‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كه‌ پارتیه‌و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ كه‌ پارتییه‌و هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كانى پارتى یه‌ك تاكه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بوایه‌و ڕۆژێك نه‌چونایه‌ بۆ ده‌وام . كۆتا قسه‌شه‌ئه‌مه‌یه‌ :
یه‌كێتى و پارتى واته‌ بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى و بارزانى  سه‌رچاوه‌ى هه‌موو كێشه‌كانى كوردستانن . هۆكارى برسى كردنى خه‌ڵكى كوردستانن . ئه‌وان ڕێگربون  له‌وه‌ى كورد به‌ مافه‌كانى خۆى بگات  له‌به‌ر ناكۆكیه‌كانى نێوانیان . ئه‌وان هۆكارى له‌ده‌ست دانى نێوه‌ى خاكى كوردستانن . ئه‌وان دوژمنیان په‌لكیش كردوه‌ بۆ ناو كوردستان له‌ دژى یه‌كترى . ئه‌وان بونه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ئینتیماى نیشتمانى نه‌مێنێت . ئه‌وان هۆكارى ئه‌وه‌ن  كه‌ خه‌ڵك له‌ خه‌مى ئاڵاى كوردستان نه‌بێت .
 هیچ لایه‌كیش له‌و دوو حیزبه‌ یان بنه‌ماڵه‌یه‌   هیچ ئینتیماو  هیچ خۆشه‌ویستییه‌كیان  بۆگه‌ل و  نیشتمان و ئاڵا نییه‌  . ته‌نها شتێك كه‌ ئه‌وان  به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن ، به‌تاڵان بردنى سامانى نیشتمانه‌ . واته‌ ئه‌م نیشتمانه‌یان بۆیه‌ ده‌وێت ، چونكه‌ وه‌كوكۆمپانیایه‌كى گه‌وره‌ى وه‌به‌رهێنان وایه‌ بۆ ئه‌وان . هیوادارم هاونیشتمانیان  له‌و ڕاستیانه‌ بگه‌ن و هیچى تر به‌ سیناریۆكانیان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن. كۆتایی ئه‌م سیناریۆیه‌ به‌وه‌ هات  یه‌كێتى دوو پۆستى وه‌رگرت  له‌ حكومه‌تدا له‌ به‌رامبه‌ر ماستاوكردنه‌كانى بۆ پارتى و  پارتیش به‌م زوانه‌ قه‌ره‌بوى سوتانى باره‌گاكه‌یان له‌ به‌غدا وه‌رده‌گرنه‌وه‌و ئاڵاى كوردستانیش بسوتێنرێت یان بخرێته‌ ژێر پۆستالێ دوژمنه‌وه‌ پارتى و یه‌كێتى باكیان به‌وه‌ نابێت . پارتى و یه‌كێتى گوایه‌  چاكسازى ده‌كه‌ن . له‌ برى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت بچوك بكه‌نه‌وه‌ ، به‌رده‌وام گه‌وره‌ى ده‌كه‌ن .  هیوادارم جه‌ماوه‌ر له‌ پارتى و یه‌كێتى بگه‌ن و هه‌ڵویستیشیان هه‌بێت .




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 4/5)