علی قەموور ئیمپراتۆری دەرمانی قاچاخ و هۆکاری کوێربوونی چەندین نەخۆش، ئێوە خۆش

Sunday, 25/10/2020, 2:32

8262 بینراوە


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بڕێک لە سۆشیال میدیاکاندا، هەواڵی مردنی کەسێک بڵاو بوویەوە بە ناوی [عەلی قەموور].بۆ ئەوانەی ئەم مرۆڤە مردوە ناناسن، هەوڵەدەم لێرەدا پێناسەیەکی کوورت دەربارەی بخەمە ڕوو.
ناوی علی حەسەن سماقەیە، سماقە ناوی ئەو گوندیە کە لێی لەدایک بووە لەدەشتی کۆیە.
ساڵی 1989 [ئامادەیی تەمریزی ]هەولێر تەواو دەکات. سەرەتای نەوەدەکان لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر دادەمەزرێت، ئێوارانیش لای پزیشکێک بەناوی دکتۆرە عەتیە کاری کاتبی دەکرد.
هەر لەوێوە بیرۆکەی بازرگانیکردن بەدەرمان و کەرەستەو پێداویستی پزیشکی بۆهات، پاشان دەستی کرد بەوکارە، بەلام بە کەمی، چونکە توانای دارایی سنووردار بووە.
تا ئێستا کارەکانی ئاساین و کەس گلەیی لێی نیە.وەلێ کارە نایاسایی و ناشەریفەکانی ئەو کاتە دەستپێدەکات کە بە قاچاخ بازرگانی بە دەرمان و کەرەستەی پزیشکیەوە دەست پێکرد.
ئەوەی دیارەو زانراوە سەران و دەستڕۆشتوانی یەکێتی و پارتی دەمێک دەخوازن پارەی دزراو و دەسکەوتی ناشەرعی و گەندەڵی بخەنە کارەوە، بەناوی خۆیانەوە نایکەن، تا نەبێتە ماڵ بەسەریانەوە، بەڵکو خەڵکانی دیکە دەدۆزنەوە وەک [سێبەر] ئەو کارانەیان بۆ بکەن.
بەهۆی ئەوەی علی قەموور سەرکەوتووبوو لە کارەکەیدا ئیدی مافیا حیزبیەکان کردیانە دەسکەلای خۆیان و بەوەش دەرگای بەختی بۆکرایەوە .
علی قەموور زۆر بەخێرایی دەوڵەمەند بوو، چونکە ئەو پشکانەی بەری دەکەوت زۆر زۆر زیاتر بوو لەوەی کە دەمێک تەنها بۆخۆی کاری دەکرد.
بەهۆی پشتگیری و کارئاسانی لەلایەن دەسەڵاتدارە حیزبیەکانەوە دەستی کراوە بوو لە هاوردەکردنی جۆرەها دەرمانی ساختەو ماوە بەسەرچوو.
ئیدی تا دەوڵەمەندیەکەی لە هەڵکشاندابوایە، بە پێچەوانەوە نرخ و بەهای ئینسانیش لە کنی دەهاتە خوارەوە. لە پێناوی کەڵەکەکردنی پارەدا پەنای بۆ هەمووجۆرە کارێکی نا مرۆڤانە و ناشەرعی دەبرد، بێگوێدانە تەندرووستی و ژیانی خەڵک.
زۆربەی دەرمانەکان کە هاوردەی دەکردن لەڕووی کوالەتیەوە زۆر خراپ بوون، چونکە لە تورکیا ساختە دەکران و مارکەی کۆمپانیا ڕەسەنەکانیان لێدەدرا.
هەر بەم هۆیەوە، واتە هاوردەکردنی دەرمانی ساختەو ئێکسپایەر چاوی چەندین هاوڵاتی کوێر بوو، کە بە مەبەستی چارەسەرەی نەخۆشی شەکرە دەرزی [ئاڤاستین] ی ساختەیان لێدرابوو.
پاش ئەم سکەنداڵە گەورەیە علی قەموور لە سزا دەرباز بوو، تەنها هێندە هەیە دەڵێن ناوی کۆمپانیاکەی گۆڕیوە.
هۆکاری دەربازبوونی لەسزا دەگەڕێتەوە بۆ پشتقایمی بە مافیا حیزبیەکان کە ڕێگربوون لە سزادان و بەندکردنی.
هەر دوای ئەو سکەنداڵە علی قەموور ناونرا [علی حەسەن کیمیاوی ].
ئێستا بابزانین ئەو بەناو سیاسی و حیزبیانە کێن کە علی قەموور کاری دەکرد بۆیان.
ئەوەی زانراوە فازل میرانی لە پارتی و کۆسرەت و دەربازی کوڕی لە یەکێتی ئەمانە کەسە دیارەکانن، پێدەچێت کەسانی دیکەش لە پلەخوارەکان دەستیان لەم بازاڕە مافیاییەدا هەبووبێت.
عەلی قەموور زۆربەی کاتەکانی بە ڕابواردن لە ئەوروپا بەسەردەبرد، بەتایبەتی لە ئیسپانیاو بەتایبەتتریش لە [مەڵەگا] کە باژێڕێکی گەشتیاری ناودارە.لەوێ ژمارەیەک هۆتێل و بنکەی گەشتیاری کڕیبوو .پێموابێت هەر بەو بۆنەشەوە ڕەگەزنامەی ئیسپانیان پێ بەخشیبێت.
دەمێک پەتای کۆرۆنای گرت نە ملیارەکانی، نە دەرمانە ساختەکانی فریای نەکەوتن، بە پەلە فڕاندیان بۆ تورکیا بۆ وڵاتی سەرچاوەی [دەرمانی ساختە ]، بەڵام ئەوەش سودی نەبوو وە لەوێ مرد.
ئەم پەتایە خەسڵەتێکی باشی هەیە ئەویش [عەدالەتە لە تووش بووندا ]، وەک چۆن هەژارێک گەدایەک بێ دەرەتانێک تووش دەکات، بەهەمان شێوە دەوڵەمەند و سیاسەتمەدار پادشا و کێو کێ تووش دەکات.واتە جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا ناکات.
ماوە بڵێم ئەو مرۆڤانەی بەهۆی دەرزی ساختەی عەلی قەموورەوە بیناییان لەدەستداو کەیسەکانیشیان داخراو مافخوراو بوون، هەروەها ئەو کەسانەی بەهۆی دەرمانی ئێکسپایەری ئەوەوە زیان بە تەندرووستیان گەشتووە، ئێستا کاتی خۆیەتی خۆشحاڵی دەرببڕن، چونکە یەکێک لە خراپەکاران سزای ئەبەدی وەرگرت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە