وێنە و مەزارەکان؟

Sunday, 25/10/2020, 2:58

2087 بینراوە


ئەو سەرکردەو ڕابەرە دیارانەی کاری بەرچاویان لە قۆناغێکی ڕابەرایەتی کردنیان بۆ گەلەکەیان ئەنجام داوە جێگەی تایبەتیان لە دڵی زۆر لە هاوڵاتییانی خۆیان گرتووە. بەبێ ئەوەی پێویست بە بەرزایی جیاوازو دیار بۆ مەزار و چراخان کردنییان هەبووبێت. ئاشکرایە شێوەی پیرۆزکردن و گەورەکردنی نائاسایی سەرکردە کان بەتایبەت پاش مەرگیان هێمای دواکەوتوویی و کۆیلە کردنی کۆمەڵگایە. جێی داخە ئەو نەریتە دواکەوتووە لە کوردستان ئاسایی بووەو تا دێت پتر جێ بەرچاو لە کار و بەرنامەی پارتە سیاسیەکانی لەمەڕ خۆمان ەگرێت. هەندێک لە پارت و گروپە سیاسیەکان پێشبڕکێیانە لە ڕازاندنەوە ی مەزارەکان و ڕێکخستنی بەرنامەی سەردانی تایبەت بۆیان. سوودوەرگرتنی هەلپەرستانیش لە ڕێگای سەردانی مەزارەکان ، فرمێسک ڕشتن و پەیمان لەگەڵ ڕابەری کۆچکردوو نوێکردنەوە بۆ بەدەستهێنانی پلە و پایە بووەتە کارێکی ڕۆژانە، زۆر جاریش وەک مەرجێکی نەنوسراو لە لایەن بەرپرسانەوە بۆ دانی ئیمتیاز بە هاوڵاتیان ئەم کارە دەبینرێت. بەڕێژەیەک ئەم کارە برەوی پێدراوە کە بودجەی زەبەلاحی تیاخەرج دەکریت سەرەڕای ئەوەی باری ژیانی هاوڵاتیان لە هەموو ڕوەکانەوە زۆر گرانبووە. لە لێبڕین و دواکەوتنی موچەوە بیگرە تا کەموکورتی بەشی پەروەردە و تەندروستی و جومگەکانی تری کۆمەڵگا کە ئیفلیج بوون. نوسینەکەم بۆ هەڵسەنگاندنی کاری ئەو ڕابەرە کۆچکردوانە نیە بەڵکو بۆ خستنە ڕووی کاری بە بەرنامە داڕێژراوی بەرپرسانە لەبرسیکردن و گران کردنی باری ژیانی هاوڵاتییان لەلایەک و لە لایەکی ترشەوە لە ڕێگای سەردانی مەزارەکانەوە و هەڵواسینی وێنەی ڕابەرەکان لە فەرمانگە و شوێنە گشتیەکاندا بۆ سەرگەرم کردنیان. بەرپرسانی سیاسی بەم کارەیان نەک تەنها لە نرخی کاری سیاسی و بەرنامەی پارتەکەیان کەم دەکەنەوە بەڵکو مێژووی ڕابەرە کۆچکردوەکانیش بە شکستی دواڕۆژی خۆیانەوە دەبەستنەوە. وەک بڵێی سیاسی کوردستان مێژووی نزیکیش ناخوێننەوە، ئەگینا لەزۆر شوێن بۆ نموونە لە داوی داڕمانی دەستەڵاتی یەکیەتی شورەوی چارەنووسی مەزاری سەرکردە کۆنەکانیانمان بینی چی بەسەرهات. سەکردەی دڵسۆز و داهێنەر بە ئاسانی شوێنی خۆی لە دڵی هاوڵاتیاندا دەگرێت و پێویست بە قووتکردنەوەی گردەکان و چراخان کردنیان نیە یا فەرمانگە و شوێنە گشتیەکان بە پێشانگای وێنەی بکرێت. لە کۆمەڵگا دیموکراتیە ئاساییەکاندا بۆ نموونە سوید وێنەی هیچ یەکێک لە ڕابەرە کۆچکردوەکانی وەک ئۆگست پاڵم ١٨٤٩-١٩٢٢ کە ڕابەر ێکی دیاری سیستەمی سوسیال دیموکراتی سویدییە، یا تاگە ئێلاندەر ١٩٠١- ١٩٨٥ تەنها سەرۆکی جیهانی دیموکراتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی بێ فرت و فێڵ بێ دابڕان ٢٣ ساڵ لە نێوان ١٩٤٦-١٩٦٩ سەرەک وەزیرانی سوید بووە. نە مەزاریان لە سەرگردی تایبەت هەیە، و نە فەرمانگەکانیش بە پێشانگای وێنەکانیان گۆڕدراوە. بەڵکو زۆربەی سویدیەکان بەوانیشەوە کە سوسیال دیموکرات نین بە ڕێزەوە باس لە کاری ئەو ڕابەرانە دەکەن
زۆریش هەیە سۆزی زیاتریان بۆ ئەو ڕابەرانە هەیە، بە دانانی گوڵێک، یا داگیرساندنی مۆمێک لە سەر مەزاری ئەو ڕابەران یادیان دەکەنەوە. ئەمەیش کاری تاکەکەسەکانە بۆخۆیان و هیچ کارێکی ڕێکخراوەی لە پشتەوە نیە. چونکە پارتە سیاسیەکان لە بری گرنگیدان بە ڕازاندنەوە و چراخان کردن و خستنە ڕێی کاروانی زیارەتکاران بۆ مەزاری ڕابەرانی کۆچکردوو پترگرنگی بەکاری ڕێکخراوەیی سەردەمی خۆیان دەدەن. لە باشترین حاڵەتیشدا لە شارەکان لە بەر ڕۆشنایی یاساییدا شەقامێک، گۆڕەپانێک یا بەخچەیەک بەناوی سەرکردەیەکی دیاری کۆچکردووە دەنرێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە