ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

سیستەمی سیکۆلاری فەرەنسا و ڕێفۆرمی ماکرۆن

Sunday, 10.25.2020, 5:55

1735 بینراوە


وەک چۆن لە رابوردودا خوێنەری کورد لە زۆر دیاردەی ئەوروپا تێ نەگەشتون، تفەنگیان بە تاریکیەوە ناوە، ئێستاکەش ئەم قانونانەی فەرەنسا وەک ڕێفۆرمێک دژی ئیسلام، یان دژی شارستانیەت دەبینن، بە پیویستم زانی هەندێک ڕونکردنەوە بە خوێنەری کورد بدەم .
فەرەنسا وەک ئەمەریکا نیە : ئەگەر سەرەک کۆمارێکی فەرەنسا پیش وتار خوێندنەوە بڵێت : بەناوی خوای گەورەو میهرەبانەوە، ئەوا بۆ ڕۆژی دوایی لەسەر جادە دەبێتە خۆپیشاندان دژی حکومەت. سەرەک کۆمارێک بۆی نیە سەردانی پاپا باکات. لە مەکتەبەکاندا، تەلەبەیەک ئەتوانێت ملوانکەیەکی بچوک لەژێر کراسەکەیوە بە خاچ یان بە دەستی فاتمە بکاتە ملی، بەڵام نابیت لەسەرو کراسەکەیەوە بێتو دیار بێت، جامانەی فەلەستینی و کڵاوی جولەکە قەدەغەن لە مەکتەب، وەک بورقە و پەچە، لەبەر ئەوەی ئەمانە هەموی نیشانەی دینی یان سیاسین، هیچ تەلەبەیەک بۆی نیە جەریدەی پارتێکی سیاسیی پێ بێت. پۆلیسێک بە جلی پۆلیسیەوە، فەرمەنبەرێکی حکومەت لەکاتی دەوامدا، بۆیان نیە رۆژنامەی پارتێکی سیاسی یان نیشانەیەکی دینیان پی بێت، یان پارتێکی سیاسی ناتوانێت هەڵگری ناوێکی دینی بێت، وەک چۆن لەهەندێک وڵاتی ئەوروپا، پارتی : کریستیانی دیموکرات هەن. بەهەمان شێوە حکومەت بۆی نیە مزگەوتێک یان کەنیسەیەک دروستبکات، یان نۆژەنەی بکاتەوە، کاتێک نۆتەردامی پاریس سوتا، پارەی حکومت بۆی نیە بچێتە نۆژەنەی ئەو کەنیسەوە، مەگەر کرابێت بە مۆنیمۆنتی مێژویی.

تەنگژیەکان لەوەوە کەڵەکە بون کە نزیکەی سێ هەزار مزگەوت هەنە لە فەرەنسا لەبەر ئەوەی کە حکومەت بە پێی قانونی سیکۆلاری فەرەنسا بۆی نیە مزگەوت دروستباکات، ڕێکخراوە ئیسلامیەکان گوایە بە پارەی بەخشینی موسڵمانان مزگەوت دروست دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا بە پارەی قەتەر و تورکیا و ئیخوان موسلیمونو وڵاتانی تری ئیسلامی دروستی دەکەن، هەر بەو پێیەش ئیمامی مزگەتەکان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە یارمەتیان ئەدرێت، هەتاوەکو بتوانن لە ڕێگەی ئیمامەکانو مزگەوتەکانەوە بیرو باوەڕی خۆیان بڵاو بکەنەوە لە فەرەنسا، هەتاوەکو ئۆردوگان ڕێکلام بۆ خۆی بکات یان لەو مزگەوتانەوە بتوانێت پلانی تێرۆر بۆ کەسانێک دابنێتو ئاژاوە بنێتەوە بۆ فەرەنسا. ئەم تەنگژیانە دەمێکە قسەی لەسەر دەکرێتو حکومەتەکان یەک لەدوای یەک چاوی خۆیانیان لێ دائەخست، بۆیە فەرەنسیەکان داوایان لە حکومەتەکیان دەکرد کە چارەسەرێک بدۆزێتەوە. ئێستاکە کە تەنگژیەکە گەورە بوە، مزگەتەکان زۆر بونو بارەکە کەوتۆتە تەقینەوە، دەبێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. لە ئەمەریکاش لەسەرەتی سەدەی بیستەوە ئەم تەنگژیە سەری هەڵدا، لەگەڵ پیاوانی دینی بودیست، کاتێک زانیان کە وڵاتی چین یارمەتیان ئەدات بۆ کردنەوەی پەرستگا، بۆیان دەرکەوت لەڕاستیدا هەمویان سیخوڕی چین بون.
سیستەمی سیکۆلاریسم کەلە شۆرشی فەرەنسیەوە دامەزرا بە دورخستنەوەی دەستێوەردانی پیاوانی دینی لە دەوڵەت، بەڵام بە هاتنی ناپۆلیۆنو گەڕانەوەی جۆرێک لە مۆنارشی سەرلەنوێ، خەڵکی ترسیان لەوە نیشت جارێکی تر پیاوانی دینی دەستیوەردان بکەن لە حوکمرانیدا، لەبەر ئەوەی دین هەر لەسەرەتاوە کۆڵەکەی سیستەمی مۆنارشی بو، بۆیە بە قانونێک توانیان بۆ هەتا هەتایە دین لە حوکم ڕانی دور بخنەوە.
سیستەمی سیکۆلاری فەرەنسا :
کۆمار نە ئەیناسێت، نە موچەی پێ ئەدات، نە یارمەتی هیچ شوێنێکی دینی ئەدات. سیستەمی سیکۆلار بریتی نیە لە دژایەتی کردنی دین لەلایەن هێزی حوکمرانیەوە، بەڵام ڕێگریان لێ دەکات کە دەستێوەردان بکەن یان کاریگەریان هەبێت لەسەر هێزی سیاسی و بەڕیوەبردنی حکومەت. واز لە هەموبیرۆکەی فەلسەفی و سپیریتوێڵ دەهێنێت بۆ کەرتی تایبەت، کە دەچنە بواری هۆشمەندی تاکو ئازادی بیروڕا .
هەتا سەدەی بیستەم سیستەمی سیکۆلار بۆ فەرەنسی، جۆرێک بو لە خۆ پاراستن لە دەستێوەردانی دینی مەسیحی، بەلام لەم سەردەمەدا، سیتەمی سیکۆلاری فەرەنسی، ڕو بە ڕوی دەستیوەردانی لایەنی تری دینی بۆتەوە، لەوانە بودیست موسڵمان یان هەندێک جۆر لە بیروباوەڕی دینی وەک سێکتو کەنیسەی سیانتۆلۆژی کە لە زۆر شوێنی فەرەنسا قەدەغەکرابون. لە هەمویان گرنگتر ئاینی ئیسلامە کەبە ئاشکرا دژی هەندێک قانونی سیکۆلاری فەرەنسا دەوەستێتەوە، ئەو تواناو دەستێوەردانەشی، بە پشتیوانی ژمارەی زۆری دانیشتوانی موسڵمانو پەناهێندە و سەرهەڵدانی سەرلەنوێی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی ئیسلامیداو پشتیوانی وڵاتە ئیسلامیەکانە.
ئەگەر ئەو سیستەمە سیکۆلارە لە ڕابوردودا توانیویەتی ببێتە قەلایەک دژی دەستێوەردانی مەسیحیەت ئەوا ئەمڕۆ دەبینین کە ناتوانێت بەرەنگاری دینی ئیسلام ببێتەوە بۆ پاراستنی خۆی، بۆیە فەرەنسیەکان دەمێکە داوا لە حکومەتەکەیان دەکەن کە دەبێت سیستەمی سیکۆلاریەکیان توندتر بکات، هەتاوەکو ئیسلامیەکان نەتوانن لە کەلێنێکەوە لیوەی بێنە ژورەوە، چونکە سیستەمی سیکۆلاریسم سیستەمێکی ئاڵۆزە، وەک زۆر لە قانون دەتوانرێت کەلێنێک بدۆزرێتەوە و لێوەی بچینە ژورەوە، بۆ نمونە کاتێک ئیسلامیەکان دەچونە مەلەوانگاکانی فەرەنسا بەجلی ئیسلامیەوە، لەبەر ئەوەی کە مەلەوانگاکان شوێنێکی پریڤات نین، بەو پێیەش کەس بۆی نیە بە جلی دینیەوە بچێتە ژورەوە، بەلام ئەوان دەیان وت کە ئەوە جلی دینی نیەو قانونێکی تریان بەکار دەهێنا بۆ چونە ژورەوە : هەمو کەسێک ئازادە چۆن خۆی بپۆشێت.
ئێستاکە بۆ ئەوانەی لەدەرەوەی فەرەنسا دەژین، بەتایبەتی وڵاتانی دژ بە فەرەنسا، ئەمە دەکەن بە بیانو بۆ دژایەتی کردنی فەرەنسا، بەڵام لە ناوەوەی فەرەنسا تەنها ڕێفۆرمێکە، بەردەوامی ئەدا بە سیستەمی سیکۆلاری فەرەنسا، بە کۆنترۆڵ کردنی ئیمامو مزگەتەکان، بە دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ دۆزینەوەی سەرمایە بۆ دروستکردنی مزگەتەکان بەبێ ئەوەی حکومەت دەستێوەردان بکات لەکاروباری دینیدا، بە بێ ئەوەی حکومەتو سیستەم ڕیگری بکەن لە کەسێک کە بیەوێت نویژو ڕۆژوی خۆی بکات، بەمەرجێک قانونی دینی خۆی نەسەپێنێت بەسەر خەڵکو حکومەتا. ئەمەش بەدڵی موسڵمانان نیە، چونکە ئەوان دەیانەوێت حوکم ڕانی بگرنە دەستو فەرەنساش ولاتێکە بە قانون هیچ هێزێکی دینی ناتوانێت حوکمی بکات، یان دەستێوەردان بکات لە بەڕیوەبردنیدا. ئەم باسەش: سیتەمی سیکۆلاریسمو ئازادی بیرو ڕا، دو کۆڵەکەن کە فەرەنسایان راگرتوە، دیبەیتی تێدا ناکرێت، چونکە بڕیاری لەسەردراوە و کۆلەکەی فەرەنسایە، ئەگەر بڕوخێ فەرەنساش دەروخێت بەدوایدا. بۆیە ئەگەر خەڵکی قبوڵی نەکەن ئەوا کۆتایی دێت بە سیستەمێکی دیکتاتۆری یان دابەزینی جەیش بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان، کە موسڵمانەکان یەکەم زەرەرمەند دەبن تیایادا. جا بۆیە پێتان دەڵیین: نوێژو ڕۆژوی خۆتان بکەن لە وڵاتیكدا کە ڕیگریتان لێ ناکات ئەگەر دەستێوەردان نەکەن لەکاروباریدا.

نۆی دێسەمبەری داهاتو، پرۆژە ی ڕێفۆرمەکەی ماکرۆن دەخرێتە بەردەم پەرلەمان، بریتیە لە توندکردنی قانونی سیستەمی سیکۆلاری فەرەنسا، خاڵە سەرکیەکانی بریتین لە :

- کردنەوەی دەورە بۆ ئیمامەکانی فەرەنسا.
- وتنەوەی دەرسی عەرەبی لە مەکتەبەکاندا .
- کردنەوەی دەزگایەکی زانستی ئیسلامی .
- قەدەغەکردنی مەکتەبی پریڤاتی ئیسلامی .
- قبوڵکردنی قانونی سیکۆلاری لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەوە کە یارمەتی لە حکومەت وەردەگرن
- فەرزکردنی بێلایەنی دینی بەسەر موچەخۆرەکاندا .
- یارمەتیدانی گەڕەکە هەژارەکان .

هەردوای ئەو هەواڵەی کە گوایە ماکرۆن دەیەوێت ڕێفۆرمێک بکات لە سسیتەمی سیکۆلاریسمی فەرەنسیدا، موسڵامانانی کوردوستان بەداخوازی ئیخوان موسلیمونو ئۆردوگان، دژی فەرەنسا هەڵوێستیان وەرگرت، گوایە ئەمە دژی دینی ئیسلامە. جا تکایە موسڵمانان، پێمان بڵێن دژی چ خاڵێکن لەم ڕێفۆرمانە ؟ یان هەر بە کوێرانە و بە داخوازی تورکیاو ئیخوان دەتانەوێت دژی فەرەنسا بوەستنەوە .



(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4/5)