ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

ئایا دووبارە ژیانەوە ڕاستە؟ Reincarnation

Sunday, 10.25.2020, 10:33

2586 بینراوە


لەم بابەتە دەمەوێت بە وردی ڕوونکردنەوە بدەم لەسەر ژیان و مردن و ژیانی پێش ئەم ژیانە ئایا تۆ پێشتر لەسەر ئەم زەوییە ژیاویت؟
لە زمانی ئینگلیزیدا وشەیەک هەیە بە ناوی (Reincarnation)، کە تەواوی ئەم نووسینە لەسەر ئەم وشەیە دەبێت تکایە بە وردی بیخوێنەوە بۆ ئەوەی بە وردی لە ژیان و لە مانای ژیان بگەیت.
پێش ئەوەی لە وشەی ڕیئینکرنەیشن بگەین دەبێت بزانین بوون چییە و تۆ چیت؟ لەبەر ئەوەی ئەمانە هەموو پێکەوە گرێ دراون.
ژیان لەم گەردونەدا بوونێکی فیزیاوی ڕاستیی نییە، بەڵکو بوونێکی ماتماتیکیە، واتە ئەم ژیانە ڕاستی نییە و تەنها سیمولەیشنی ژیانێکی ڕاستیە. کەواتە ئێمەش ڕۆحمان هەیە، کە لە وزە پێکهاتوە و زمانی ماتماتیکی بەڕێوەی دەبات.
فەیلەسوفی یۆنانی فیساگۆراس دەیزانی، کە ئەم ژیانە ڕاستی نییە و ژیانێکی ماتماتیکییە. ئەو گوتی: " هەمووی ژمارەیە و ژمارە بڕیار دەدات لە گەردوندا" ، ئەم زانا یۆنانیەش بەهەمان شێوە باوەڕی وا بووە کە ژیان دووبارە دەبێتەوە و ژیان سوڕی هەیە لەم گەردونەدا.

کەواتە ئەو جەستەیی ئێمە ئیمڕۆ بەکاری دەهێنین وەک بوکەڵەیەکە وە وزەی ڕۆح لە ڕێکخراوەیەکی ماتماتیکی پێک هاتوە و جەستەکە هەڵدەسوڕێنێت. واتە هەموو کارێک کە ئێمە دەیکەین کاردانەوەیەکی دەبێت وەک چۆن لە فیزیادا هاتوە کارو کاردانەوە..هەموو کردارێکی ڕۆژانەی ئێمە بە ماتماتیک ڕێکخراوە و کارەکانمان کاردانەوەیان هەیە.
تۆ دەتوانیت ئەم وزەیەی کە بە ڕۆح ناودەبرێت ببینیت وەک سیستمێکی وزە و لەرین کە بە ماتماتیکی کاردەکات وە هەمیشە لە گەشە کردندایە، واتە هەمیشە لە فێربوندایە..
ئەگەر ژیان لە سەرەتادا لە دو پەترۆن پێک هاتبێت واتە تەنها دوو خەت باش خراپ، یان سپی ڕەش یان سارد و گەرم، ئەوا لە درێژە پێدانی ژیاندا پەترۆنەکان زیاد دەکەن و گەشە دەکەن واتە لە دوو خەتەوە دەبێت چوار خەت لە چوار دەبێت شازدە خەت بەم جۆرە هەمیشە لە گەشە کردندایە تا سوڕی ژیان کۆتایی دێت.
کەواتە تۆ کە دەمریت و دەگەڕێیتەوە بۆ ناو ژیان وەک ئەوەیە کە قۆناغێکی ژیانت بڕیوە و دێیتەوە قۆناغێکی باڵاتر..
کەواتە ژیان دوو سوڕی هەیە لەم گەردونەدا ، یەکێیان سوڕی ژیان وەک مرۆڤ کە حەفتاساڵێک دەژیت و پاشان دەمریت، ئەوی تریان سوڕی زەویە کە نزینە ٢٥ هەزا ساڵێک دەبێت..لەم سوڕانەدا تۆ هەمیشە لە فێربوندایت و دەتەوێت خۆت ڕێکبخەیتەوە و پەترۆنەکان زیاد بکەت و ڕێکو پێکتریان بکەیت..

بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەیت ڕۆح پێویستی بە جەستەیە، تەنها لەناو جەستەیەکی فیزیکی ڕۆح دەتوانیت گەشە بکات و فێر ببێت، هەڵە بکات و هەڵەکان ڕاست بکاتەوە ، کەواتە جەستە پێوسیتە بۆ فێربون و گەشە کردن.
کاتێک جەستەت هەیە دەتوانیت هەست بە دونیای فیزیک بکەیت، هەست بە ساردی و گەرمی بکەیت، هەست بە خۆشی و ناخۆشی، هەست بە خۆشەویستی و ڕق، هەست زاڵمی و زوڵم لێکراوی هتد...
کەواتە ئێمە لێرەین تەنها بۆ فێر بوون ، ئەم گەردونەی ئێمەی تێدا دەژین تەنها وەک مەیدانێک وایە کە ئێمە هاتوین مەشقی تێدا دەکەین بۆ گەشە کردی ڕۆحەکانمان.
ئێمە لێرە نین بۆ پەرستنی خواکان یان بۆ پارێزگاری کردن لە خاک و شەرەف و نیشتیمان یان سەرکردەی جەردە ، مەیدانی مەشقی ئەم ژیانە تەنها پەیوەستە بە گەشەکردنی ماتماتیکی و هیچی تر.. وەک چۆن ئامێرێکی حاسیبە جاران تەنها چەند ژمارەیەکی لێک دەدایەوە ئێستا ئامێرمان هەیە ملیۆنەها یان ترلۆیۆنەها ژمارە لێک دەداتەوە ئەمەش بەشێکە لە گەشەکردنی ڕۆحی مرۆڤ.
پێشان لە نوسینەکانمدا باسی کارمام کردوە بەڵام لە ڕاستیدا کارماش فێربونە ، وەک گوتم ئێمە لێرەین بۆ مەشق کرد و گەشە کردن ئەگەر هەست بە خۆشی و ناخۆشیەکان نەکەین واتە بەتەواوەتی فێر نەبوین..
ژیان وا ببینە وەک یاریەکی کۆمپیوتەری و تۆ دەبێت قۆناغەکان ببڕیت، ئیتر چۆن دەیبڕیت دەبێت بگەیتە کۆتایی قۆناغەکە تا بتوانیت بچیتە قۆناغێکی نوێ.. ئەگەر تۆ لە قۆناغێک هیچ فێر نەبیت ناچیتە قۆناغێکی نوێ..ژیان واتای فێربون و گەشە کردن ئامادەکاری بۆ قۆناغی ئایندە... نە پارە نە دین نە هێز ناتباتە قۆناغی ئایندە ئەگەر قۆناغەکە تەواو نەکەیت.
ژیان ببینە وەک مەتەڵێکی ماتماتیکی تۆ دەبێت مەتەڵەکە هەڵبهێنیت واتە هەموو وەڵامەکان بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بچیتە ئاستێکی باڵا تر و مەتەڵێکی قورستر فێرببیت و وەڵامەکانی بۆ بدۆزیتەوە.
ئەمەش بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە هەمو زانیاریەکان فێر بویت چیدی پێویستت بە جەستەی فیزیکی نیە بۆ تاقیکردنەوە بەڵک و دەتوانیت خۆت بژاردە بکەیت چۆن بەردەوامی بدەیتە ژیان.
لەوانەیە ئێستا پرسیاری ئەوەت لا دروست ببێت ئایا دەبێت ئێمە چەند ژیان بژین تا قۆناغێک ببڕین؟ لە ڕاستیدا ژیان دەربارەی ژمارەی ژیانەکان نیە، بەڵک و دەربارە جۆری ژیانەکەتە کە تا چەند فێر بویت. واتە کەسێک هەیە یاریەکی کۆمپیتەر بە یەک ڕۆژ تەواو دەکات هەمو قۆناغەکان دەبڕێت بەڵام هەشە یەک قۆناغی پێ تەواو ناکرێت، ئەویش بەهەمان شێوەیە..واتە لێهاتویی ڕۆحەکە و فێربونەکەی بڕیار دەدات کە تۆ چەند جار ئەم ژیانە دوبارە بکەیتەوە.
خەڵک هەیە لەم ژیانەدا هیچ خەریکی فێربون نیە بەم ڕۆژگارە بە تەزبیحێکەوە ئاخ و داخ هەڵدەکیشێت ئەمەش مانای ئەوەیە لەم ژیانەدا هیچ فێر نابێت، هەشە دەگەڕێت و دەخوێنێتەوە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێت دەیەوێت تێبگات لە واتای ژیان حەتمەن ئەمیان زوتر قۆناغەکە دەبڕێت و دەچێتە قۆناغی باڵاتر.
نمونە ئەم بابەتانە کە من دەینوسم و دەیخەمە بەرچاوی تۆی خوێنەر بۆی هەیە بە هەزار ژیانی ئاسایی نەتوانیت پێی بگەیت، بەڵام کە تۆ بابەتەکە دەخوێنیتەوە دەکەویتە بیر کردنەوەی قوڵ بیرکردنەوەش واتای فێربوون بەم شێوەیە من بەنوسینەکانم ڕێنیشاندەری ئێوەی خوێنەردەبم بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکانی ژیان..کاتێک تۆ وەڵامەکان دەدۆزیتەوە واتە قۆناغەکە بەسەرکەوتویی دەبڕیت.
پلاتۆ دەڵێت " هەڵبژاردەی ڕۆح لە زۆربەی کاتەکاندا بڕیارەکانی لەسەر بنەمای ژیانەکانی پێشویەتی ..کەواتە چی فێربویت لە ژیانی پێشوترت لەم ژیانەدا بەکاری دەهێنیت" .
کەواتە مرۆڤ کە ئیمڕۆ لە ژیاندایە هەزارەها جار مردوەو ژیاوەتەوە تا گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ، زۆرکەس دەپرسێت ئایا ئاژەڵیش وەک ئێمە لە گەشە کردندایە؟ وەڵامەکەی بەڵێ، کەواتە هەمو ئۆرگانیسمێک هەمو ڕوەکێک هەموو باڵندەیەک هەمان شێوازی ژیانیان هەیە وەک مرۆڤ و دەبێت بە قۆناغەکانی ژیاندا تێپەڕن و فێر ببن بەڵام هەر یەکە لە ئاستێکی جودادایە..وەک چۆن ماتماتیکی پۆی یەکی سەرەتایی ماتماتیکە بەڵام زۆر ئاسانە، بەڵام ماتماتیکی زانکۆ کە هەر ماتماتیکە قورستر و چڕ ترە..ژیانیش بەهەمان شێوەیە، ژیان وەک پەیژەیەکە کە هەمومان لە هەوڵی ئەوەداین بەرەو سەرەوە بڕۆین بەڵام دەبێت هەمو پلیکانەکانی ببڕیت.
ئێستا بۆی هەیە بپرسیت بۆ من هیچی ژیانی پێشترم لە یاد نەماوە؟ لە ڕاستیدا زانیاریەکان هەموی هەیە بەڵام تۆ خۆت لە ناو سوندوقێکدا داتخستوەو فلتەرت کردوە کام زانیاریت دەوێت بۆ ئەم ژیانە تەنها سود لەوزانیاریانە وەردەگریت..

نمونە:

ئەگەر بۆقێک دانیشێت بیر لەوە بکاتەوە زەوی چۆن دەسوڕێتەوە پێش ئەوەی وەڵامەکەی وەرگرێت مارێک یان ماسیەک دەیخوات، کەواتە ئەو بۆقە پێوسیتی بەوە نیە کە بزانێ چۆن زەوی دەسوڕێتەوە بەڵام پێوسیتی بەوەیە پارێزگاری لە خۆی بکات و سەیری چواردەوری خۆی بکات و فێر ببێت. واتە زانیاریەکانی ڕابردوت هەموی هەیە بەڵام بە جۆرێک کۆد کراوە کە بە سادەیی نەتوانیت بیخوێنیتەوە ، ئەگەر بتەوێت ئێستا ڕێگا هەیە کە بتوانیت تەواوی زانیاریەکانی ژیانی ڕابردوت بزانیت و بزانیت ژیانی پێش ئەم ژیان کێ بوی لە کوێ ژیاویت، ئیشت چی بوە خێزانەکەت کێ بوە و لە کام وڵات ژیاویت.

ئایا دەوری خودا چیە لەم هاوکێشەیەدا؟ 

لەم هاوکێشەیەدا شتێک بەناوی خودا جێگای نابێتەوە، بەڵام بۆ هەموو دروستکراوێک دروستکەرێک هەیە، واتە ئێستا ئێمە لەسەر ئەم زەویە بە هەموومان یەک خوداین. ئێمە بە هەموومان درووستکەر و تێکدەرین، بکوژ و کوژراوین، چینەر و چێنراوین.... هتد... بەو مانایەی، کە ئێمە خۆمان پێکەوە دروستکەرین، بەڵام دوای بڕینی قۆناغەکان خۆت دەبیتە دروسکەرێکی سەربەخۆ.
کەواتە ئێمە بە تاکو بە کۆ دەورمان هەیە لە ژیاندا لە درستکردندا لە تیکداندا.
ئێستا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت: ئایا بۆ بە خۆشی ناژین ئەگەر هەمووی ماتماتیکە و ئاسانە لە تێگەیشتنی؟ لە ڕاستیدا ئێمە خۆمان هەڵمانبژاردووە، کە بەڕێوە ببرێن، ئەی کێمان هەڵبژاردووە وەک بەڕێوەبەرەکان؟ دزەکانن ، سیاسی درۆزن، ڕاوچی پولەکی.. تینوی دەسەڵات.. چەند جار بینیوتە وڵاتێک سەرۆکێکی هەبێت وەک بودا بێت، یان وەک کەسێکی عاشق بە ژیان و گەردون؟ هیج کات ئەوانەی حوکمرانی دەکەن هەمیشە لە چینی هەرە خراپەکانی مرۆڤن.. بۆیە زۆرجار بڕینی قۆناغەکان قورستر دەبێت واتە هاوکێشەکان بۆ ڕۆح قورستردەبێت..
نمونە : تۆ هاتویت لەسەر ئەم زەوییە فێر ببیت، بەڵام بە بڕیاری نەخوێندەوارێک جەنگێک بەرپا دەبێت و تۆش بەناچاری پەلکێشی ئەو جەنگە دەکرێیت، پێش تەواوبونی سوڕی ژیانت تۆ دەکوژرێت و هیچ فێر نەبویت، ئەمەش وادەکات دووبارە بێیتەوە لەهەمانە پۆل لە سەرەتاوە دەست پێ بکەیتەوە... ئێمە هاتوین بە تاک فێر ببین، ئەوەی فێربووە. دەچێتە قۆناغێکی باڵاتر ئەوەی دوای سیاسی درۆزن و دز و گەندەڵ بکەوێت هەزارساڵی تریش لەسەر ئەم زەوییە دەمێنێتەوە بێ ئەوەی هیج فێرببێت. سیاسی نایەوێت تۆ بە ئاگا بێیت بەئاگا هاتنی تۆ واتای کۆتایی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی ئەو... بەئاگا هاتنی تۆ واتە کۆتاییە بە هێزی ئەو...
لە کۆتاییدا ژیان وەک ماراسۆنێک ببینە ئەگەر ڕانەکەی هەرگیز ناگەیتە کۆتایی و هەمیشە لە شوێنی خۆتدا دەمێنیتەوە، فێربون بەرەوپیشچونە.




(دەنگدراوە: 22 . زۆرباشە: 5/5)