ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

لە نێوان دژایەتی کردنی ماکرۆن و تێنەگەیشتن لە ووتەکانی

Monday, 10.26.2020, 22:54

1624 بینراوە


پێش ئەوەی سامۆئیل باتی ، مامۆستای مێژوو جوگرافیا، وانەیەك لەسەر ئازادی بیرو را پێشکەش بە خوێندکارەکانی بکات ، کە تێیدا وێنە کاریکاتۆریەکانی گۆڤاری شارلی هیبدۆی پیشاندابوو ،، داوای لە خوێندکارە موسڵمانەکان کردبوو ، ئەگەر هەست دەکەن کە ئەم وانەیە ئەبێتە مایەی نیگەرانی وتانە بۆ برواکەتان ، ئەتوانن لەم وانەیە بەشدار نەبن ،، تەنها بۆ ئەوەی کە هەستی ناسکی موسڵمانەکان بریندار نەبێت . وەك قوتابیەکان باسیان کردوە ، سامۆئیل باتی رادەبەدەر مامۆستایەکی خۆشەویست ولەسەرخۆ وبەرێزو میهرەبان بوە . لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی درندانە لە گەرەکێکی خامۆشی نیمچە دوور لە سەنتەری پاریسدا دوای هاوار کردن بە الله اکبر لە لایەن موسڵمانێکی تیرۆریستەوە کوژرا . ئەو الله ئەکبەرەی کە هەمیشە پێش کردەوە تیرۆریست وخۆتەقاندنەوەو سەربرینەکان گۆبیستی دەبین . سەرۆکی فەرەنسا لە میانەی رێزلێنانی مامۆستا قوربانییەکەدا ووتەیەکی پێشکەشی ووڵاتەکەی و دنیاش کرد ، لە ووتەکەیدا چەندین خاڵی وورژاند بەڵام ئەوەی بەلای جیهانی ئیسلامیەوە گرنگ بوو ئەو رستەیە بوو کە تێیدا ووتی، فەرەنسا لە پیشاندانی وێنەکان بەردەوام ئەبێت .ئەو ووتەیەیان بە تانە زانی و هاتنەسەر پێ ، کەچی ناوی پێغەمبەر و خوداکەیان کە لەسەر بەیداخێکی رەشدا نوسرابوو ولە سێبەری ئەو ئاڵایەدا ، چەندین کەس کۆژراو سەربرا ، بەتانە نەزاندرا و نەهاتنە سەر شەقامەکان تا رەتی بکەنەوە ،، بێ ئەوەی ٩٥ ٪ موسڵمانان لە کۆنتێکستی ووتەکەی بگەن ،کەوتنە دوای هەڵایەك کە سەرچاوەکەی ئەگەرێتەوە بۆ ئەو ووڵاتەی هەمیشە ئیسلام وەك کەرەسە و ئامرازێك بۆ دەستکەوتی سیاسی بەکار دێنێت . دیارە موسڵمانانی کوردستان و رووکەش بینەکانی کوردیش بێ ئاگایانە کەوتنە ئەم زەلکاوەوە . هەر وەك چۆن هەمیشە بونەتە داردەستی یاریەکی سیاسی دووژمنانی کورد ولەو کاتەدا سۆزی دینی نابینای ئاینی وای لێکردن ، پاڵپشتی دوژمنی سەرسەختی گەلەکەیان بکەن بێ ئەوەی هەست بکەن ، لەبەرامبەر ووڵاتێ چەندین دەیەیە دەستی هاوکاری مرۆیی و جاروباریش سیاسی بۆ دۆزە رەواکەی درێژکردوە .. لێرە من باسی چاکەی فەرەنسا ناکەم ،، بەڵام حەز دەکەم ئەوە روونکەمەوە بۆ دژایەتی فەرەنسا چونە بەرەی دوژمنانی کوردە ،، ئاخۆ راستە ماکرۆن دژایەتی ئیسلام دەکات ،، تاکی کورد بێ ئەوەی درک بە شەری سیاسی ئەردۆغان بکات لەم کەین وبەینەدا بەرەی لە دژی ماکرۆن گرت ، لەکاتێکدا ماوەیەکە ئیخوانییەکان هەوڵی ئەوە ئەدەن کە ووێنەیەکی ناشرینی سیستەمی سیاسی و کەسایەتیەکانی فەرەنسا لە جیهاندا پیشانبدەن ،، چونکە سەرسەختترین بەربەست لە ئەوروپا و لە جیهانیشدا ، نەزمی سیاسی و بیری ئازادی فەرەنسایە ،هەر وەك چۆن گەورەترین بەربەستە بەرامبەر کاری ریکلامکردن و بانگەشەی دەنگدان بۆ ئەردۆغان ئاواش بەربەستە بەرابەر کاری تێکدەرانەی رەگەزپەرستە تورکەکان وئیسلامیستە توندرەوەکان . لەدوای کشانەوەی بەرەی ئیسلامی وەهابی بەرێبەرایەتی سعودیا لە شوێنە ئاینی و سەنتەرە ئیسلامیەکانی ئەوروپا ،، تورك و ئیخوانیەکان جێگەیان گرتنەوەو ئەوان بوون بەواریسی هەڵسوراندنی بانگخوازی و کارە ئاینەکانی تری ئیسلام ، بەڵام زۆری پێنەچوو دەرکەوت تەواوی ئەو مەلایانەی کە تورکیا دەیان نێریت بۆ رایی کردنی کارەکانی مزگەوت و سەنتەرە خێرخوازی وئیسلامییەکان ،بە رەزامەندی تایبەتی ئەکەپە دەنێردرێن و مەلای تایبەت بەخۆیانن تا لە پاڵ رایی کردنی کاروباری ئاینیی ،، هەم وەك دەزگای جاسوسی کاربکەن و هەمیش بنکەی ئیرشادی ئیخوانی و کۆکەرەوەی دەگدەران بن بۆ ئەردۆغان ،، چەندین مزگەوت لە ئەوروپا بەتایبەت لە ئەڵمانیا و فەرەنساو نەمسا پشکێنرا وبەڵگەی تێوەگلان ووابەستەبوونی بانگخوازەکانیان بە حیزبە ئیسلامیەکانی تورکیاوە سەلمێنرا ،لەوەش خراپتر چەندین سەنتەری ئیسلامی لە سەردەمی شەری تورك ،کوردا تەنانەت مناڵیشیان لە کارەکانیان تێووەگلاند و کردیانن بە ئامرازێك بۆ پلانە نەگریسەکانیان هەر وەك چۆن لە چەندین شوێن شانۆگەریان بە مناڵانی باخچەی ساوایان دەکرد و تێیدا نمایشی سەربازیان دەکرد وکوردیان سەردەبری . گەلۆ ئەم شەرە شەری ئەدرۆغانە بە پاڵپشتی ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی دژی ئەو ووڵاتانەی کە سیستمی مەدەنیەت وعلمانیەتیان تیا چەسپاوەو سەدان ساڵ خەباتیان بۆکردوە ،، ووتەکەی ماکرۆن کە برواناکەم ٩٥٪ موسڵمانی کورد گۆێبیستی بوبێت . جوانترین ووتەو پرماناترین ووتەی سەرۆك کۆمارێکە کە هەم وویستی ژیانێکی ئاسایش بۆ تاکەکانی کۆمەڵگاکەی فەراهەم دەکات و هەم ئازادی راو رادەربرین و بروابوون و ئاینداری زامن دەکات .
ماکرۆن پێش ئەوەی ختابی قوربانیەکە بکات کە لەسەر ئازادی را دەربرین و رای جیاواز بە درندەترین شێووە کوژرا ،، دەڵێ نەهاتووم ختابێ گەرانەوەی حەرام کراو و قەدەغەکراوەکانتان بۆ بدەم ،،یان پێتان بڵێم ببنە ئیمان دار یان مەبن ،، بە ئاسانی چۆن وچی هەرەشە لە کۆمار و پێکەوە ژیانی ئاشتیمان ئەکات ،،کێشە لە علمانیەت نی یە ،،بەڵکو علمانیەت لە کۆمارەکەمان واتای ئەوەیە تۆ ئازادی کە بروادار بیت یان بروادار نەبیت ،، پراکتیکە کردنی بیروبرواکەت لە سێبەری سیستەمێکی بێلایەنی دوڵەتدا دەسەبەر دەبێت کاتێ هەموومان رێز لە یاسا شارستانێتەکانی کۆمارەکەمان دەگرین و ئازادی بیرو راو ئازادی رادەربرین بپارێزین . هاتوین ئازادی باوەر بوون بپارێزین ،، نەك خەفە کردنی ئاینی کۆمەڵگا یان بەشێكی کۆمەڵگاکەمان ، ئازادی و ئازادی رادەربرین و بیروباوەر پایەیەکی سەرەکی ووڵاتەکەمانە و رێنادەین توندرەوەکان بیشێوێنن،، ئەگەر باوەربوون تایبەت بێت بە تاكەوە ئەوە علمانییەت تایبەتە بە هەموومانەوە ،، هەر وەك چۆن رێنادەین راست رەوە رادیکاڵەکان کۆمەڵگاکەمان دوولەت کەن ، رێگاش نادەین ئیسلامی یە توندرەوەکان کۆمەڵگاکەمان بەرەو دواوە بگەرێننەوە و جیایی بکەنەوە . چونکە هەم دوژمنانی کۆمارەکەمان و هەم ئیسلامی یە توندرەوەکان کە لە دەرەوە پاڵپشتی دەکرێن هەوڵی تێکدانی یاساکانمان ئەدەن .لەگەڵ ئەم خاڵانە ،، چيندین بابەتی تریشی ووروژاندوە کە تایبەتە بە دانانی یاسا و شێوازی نوێی دووپاتکردنەوەی ئازادی وئازادی رادەربرین ودەسەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد وپرکەرامەت بۆ هەموو دانیشتوانی فەرەنسا . . بەرای من دوو خاڵی سەرەکی هەبوو کە ماکرۆن ئەیویست لە دوا ووتەیدا بیگەیەنێت . یەکەم ، نامەیەك بوو بۆ ئەو قوربانیانەی لە کردەوە تیرۆرستیەکاندا گیانیان لەدەست داوە ،کە خوێنیان بە فیرۆ نەچوە وفەرەنسا پاشەکشێی نەکردوە لە پاڵپشتی کردنی رای ئازاد وجیاواز ، دووهەم نامەیەك بوو بۆ تیرۆریستە ئیسلامیەکان کە فەرەنسا لە کارە قێزەوەندەکانتان ناترسێت وپاشەکشێ لە دیموکراسی وعیلمانیەت ناکات ، ئەوان ناتوانن ژیانی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان و بەها مرۆڤایەتییەکانی کۆمەڵگای فەرەنسا تێك بدەن . دووخاڵە هیچیان سوکایەتی نین بۆسەر ئاینی ئیسلام . کەچی دنیای ئیسلامی گەورەترین بەرپەرچدانەوەی نواند .من تێناگەم کە تۆ بروات وایە ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتی و پێکەوە ژیانە بۆ بەتوندوتیژی ئەتەوێ بیسەلمێنی هەر وەك چۆن لە پاکستان سەلماندیان کاتێ گەنجێ بەناوی مشعان خان، کە لە دەربرینێکدا لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان باسی توندوتیژی ئاینی ئیسلامی کردبوو ،، هاورێکانی لە زانکۆ بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە هەڵەیە و ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتی و پێکەوە ژیانە،، بەردبارانیان کرد و دوای مردنیشی لاشەکەیان ئاگرتێبەردا . ئەگەر پێت وایە ئاینەکەت ئاینی ئاشتی یە،، دەبێ کاردانەوەکەت ئەوە بسەلمێنێ کە تۆ پەروەردەی ئاینێکی ئاشتی و میانرەوو و خاوەن شارستانییەتی و ئەگەریش پێت وانی یە،،،ئەوە تا ئێستا ئەوەی کردوتانە راستی یەکەی سەلماندوە . ئاینی رق و کینە لەسەر چەند پاییەك راوەستاوە و رەگەکانی لە هەستکردن بە کەمی و ناتەواوی داکوتاوە گەر لە تۆشدا ئەم پایانە بوونی هەیە ، کەواتە دەبێ بەخۆتدا بچیتەوە وفریای خۆت بکەوی ، یەکێ لەو پایانە ئەوەیە کە هەست دەکەی لەبەرامبەرتدا پلانێکی گەورە هەیە و هەوڵی سرینەوەت ئەدات ، دڵنیایی لەوەی لە دنیادا کار بۆ سرینەوەی تۆ و ئاینەکەت ئەدەن و بەرزی وراستگۆیی ئاینەکەت وا لە دنیا دەکات کە هەمیشە پلانت بۆ دابنێن و بچوکت بکەنەوە . دووهەم پایە نەزانی یە ،، ئەوانەی خاوەن ئاینی رق و کینەن هەمیشە نەزان ونەخوێندەوار و رووکەشن ،، ناچنە قولایی بابەتەکان ،، چونکە زانین وچاوکرانەوە لە ئاینی رق دەریان دەهێنێ ولە بری ئەوە دەبنە خاوەنی ئاینی ئاشتی و پێكەوە ژیان وئارامی ولێبوردەیی ،، بۆیە تا تۆ خاوەن تێروانینی جوانی ژیان وپێکەویی و لیبوردەیی نەبیت ،،نەزانی باڵی بەسەرتا کشاندوە و لە غیابی وەعیدا ژیاندەکەی ، سێیەم پایە بروابوون بەوەی کە تۆ خاوەن تاکە ئاینی راستی و ئەوەش وات لێدەکات لە تەواوی کۆمەڵگاکانی تر بەرزتر و باڵاتر بیت ،، ئەم خۆ بەبەرز زانینە هەمیشە دەبێتە رێگر لەبەردەم تاك ، تا بیرکردنەوەی تەندورست بکاتە سەنگی مەحەک وبێ ئاگایانە خۆی بەباشتر دەزانێ لەوانی تر ،، کاتێکیش لە راستیدا بۆی دەرئەکەوێ خەڵکانی تر لەو پێشکەوتووترن ، هەست بە کەم وکوری دەکات و دواجاش هەستەکەی دەبێتە گرێ یەکی دەرونی و رۆئەچێتە ناخیداو دەبێتە هەڵگری ئاینی رق وکینە ،، پایەیەکی تری ئەم ئاینە ، جیانەکردنەوەی بیرو باوەر و کەسەکانە، باوەر نەبوونە بە جیاوازی بیر ورا و خود پەسەندی یە تا ئەو سنورەی کە خۆی بە ئەرکداردەزانێ بۆ دەستێوەردان وگۆرینی ئەو راو بۆچون و جیاوازیانەی کە وەك خۆی نین و لەو ناچن . خۆ بەراست زانین و هەبوونی راستی موتڵەق پایەیەکی تری ئاینی رق وکینەیە ،، هەر کاتێ بروات وابوو حەقیقەت تەنها لای تۆیە ناتوانی بائارامی بژی،، چونکە یەکێ لە ئەرکەکانی راستی تەواو گۆرینی ناراستی یەکانە ،، بۆیە تکایە بۆ ئەوەی وەك مرۆڤ بژیت دەبێ هەوڵی کەم کردنەوەی ئەم پایانە بدەی لە کەسایەتیتدا ،، تا خۆت وکۆمەڵگاش بە ئاشتی و ئارامی بژێن دوور لە رق وکینە .




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4.5/5)