جەنگ و ململانێكانی توركیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا

Wednesday, 28/10/2020, 19:16

2440 بینراوە


جەنگ بە تەنیا پێكدادانی چەكداریی نێوان لایەنەكان نیە، بەڵكو ململانێی ئابوری و سیاسەت و پێكدادانی ئایدۆلۆژیای لایەنەكانەكانیشە ،هەموو قەوارەیەكی جەنگیش دەگەرێنرێتەوە بۆ ئامانجە سیاسیەكەی هەركاتێك وڵاتێك بكەوێتە جەنگەوە جا چ ئەو جەنگە خۆی هۆكاری هەڵگیرساندنی بێت یاخود بەسەریدا بیسەپێنرێت ،ئەوا دوچاری تێكچوون و داڕمانی دۆخی ئابوری دەبێتەوە ،چونكە خەرجییەكان زیاد دەكات بۆ جوڵاندنی هێزی سەربازی پێویستی بە كڕینی كەلوپەلی سەربازی و كڕینی چەك و پێداویستییەكان ، سەرباری ئەو زیانانەی كە جەنگ لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت و لێكەوتەی جەنگ كاریگەری خراپی لەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە و بۆ بنیاتنانەوەیان پێویستی بە خەرجی زۆرە ،جگە لە زیانە مرۆییەكان كە هەموو ئەمانە تێچووی زۆریان دەوێت .
گرنگترین ململانێ و پرسی ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا و بەشێك لە وڵاتانی بەرەی عەرەبی بریتیە لە هاوكاریكردنی توركیا بۆ بزوتنەوەی توندئاژۆو ڕادیكاڵەكان،پاشان پرسی دەستێوەردانی توركیا لە كاروباری سوریا - ڕۆژئاوا ، لیبیا وعێراق - هەرێمی كوردستان ، فەلەستین و كڕینی سیستەمی موشەكی ئیس٤۰۰ و كێشەی پەكەكەو پرسی گازی سروشتییە لە دەریای رەش دا ، توركیا لەگەڵ وڵاتانی بەرەی عەرەبی هەریەك لە ( میسر و سعودیە و ئیمارات و بەحرەین وسوریا و لیبیا و تونس و سودان و عێراق ) لە ململانێدایە و تۆمەتبار دەكرێت بە هاوكاریكردنی گروپە چەكدارە تیرۆریستەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، لەلایەكی ترەوە ململانێی توركیا و ئەمریكا پەیوەستە بە كرینی سیستەمی موشەكی (٤۰۰S) و پرسی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ڕۆژئاواو پارتی كرێكارانی كوردستان ،دیوێكی تری ئەم ململانێی نێوان توركیا و ئەمریكا پەیوەندییەكانی توركیایە لەگەڵ روسیا و چین ،بەرەیەكی تری ململانێی توركیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا پرسی كوردو ئەرمەن و مافەكانی مرۆڤ و پرسی گازی سروشتی یە لە دەریای ڕەشدا ،وڵاتانی (فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا و قوبرس و یۆنان ) و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی دژی توركیا بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی گازی سروشتی هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە .
توركیا لەگەڵ ڕوسیا لە ململانێدایە لەسەر كێشەی سوریا و دەستێوەردان لە كاروباری ئەو وڵاتە ،ڕوسیا توركیا تۆمەتبار دەكات كە ڕۆلێكی خراپ لە كێشەی سوریا دەگێرێت و هاوكاری گروپە تیرۆریستەكانی (داعش، القاعیدەو بەرەی نوصرە)یە و ژێر بە ژێریش دژ بە وڵاتەكەی هاوكاری گروپە چیچانیەكانە دەكات ،هەرچی وڵاتی ئیسرائیلیشە توركیا تۆمەتبار دەكات بە هاوكاریكردنی بزوتنەوەی حەماس و دەستێوەردان لە كاروباری فەلەستین ،توركیا لەم ململانێەدا لەگەڵ دژەكانی دەیەوێت هەژموون و پێگەی خۆی ڕابگرێت و ببێتە هێزێكی ئیقلیمی و بەشوێن كارتی سیاسیەوەیە ،توركیا دەیەوێت لە سوریا لەریگەی دەستێوەردان ودژ بە بەرهەڵستیەكانی عەفرین پشتگیری هێزە ئیسلامییە توندرەوەكان بكات ، لە سودان بە پرۆژەی ئابوری درۆزنانەو لە قوبرس و یۆنان بە كردنەوەی سنورەكانی بەڕوی كۆچبەران و دەرهێنانی گازی سروشتی و لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە لەشكركێشی و لە وڵاتانی تری بەرەی عەرەبی بە سیناریۆی جۆراو جۆر خۆی بكاتە بەرەیەك لە فرە جەمسەریی (ڕوسیا ، ئەمریكا ، چین ، یەكێتی ئەوروپا).
لەنێوان نەئاشتی و نەشەڕی ڕاستەوخۆ دیوێكی تری ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگی بەوەكالەتە كە زلهێزەكان جەنگی بەوەكالەت بە وڵاتی ئیقلیمیەكان ئەنجام ئەدەن و وڵاتانی ئیقلیمیش لە رێگەی دەستێوەردان لە كاروباری ئەو ولاتانەی كە سنورەكانی كراوەیە بۆ دەستێوەردان و ئاسایش و سەقامگیری تیدا نییە ،پەیوەندی بە هێزو گروپە جیاوازەكان لە ئەوپەری ئیسلامییەوە بۆ ئەو پەڕی عەلمانی و ناسیۆنالیزم دەكەن تا ببنە چاوساغیان و بەرژوەندییەكانیان بپارێزن و مەرامی سیاسی خۆیان بهێننە دی ،ئەم سیاسەت و ستراتیژە بێ ئەوەی ڕێساكانی بگۆڕدرێن بە گەمەكەری نوێ و سیناریۆی نوێوە مانگ و ساڵ بەڕێدەكات و ململانێكان گەورەتر دەبن ،ئەوانەی پێیان وایە جیهان شوێنێكە بۆ بێلایەنبون هەڵەن زۆرینەی دەوڵەت و حكومەتەكان لەژێرەوە سەر بەم و بەو دەبن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە