گەلێک بیەوێت خۆی بسڕێتەوە، دەسەڵاتێکی خۆفرۆش لە خۆی دروست دەکات

Saturday, 31/10/2020, 14:20

4973 بینراوە


بە پێی فەرمانی بارەگای مەسعود بارزانی ژمارە 123 رێکەوتی 17 / 10 /2020
داوا لە تەواوی لیوا تایبەتەکانی حیزب و چەکدارەکانی پارتیی کراوە، کە لە ئامادەباشییدابن بۆ بەرەو رووبوونەوەی هێرشی دەرەکی گوایا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان, دژی پارتی دەکرێت.
يه‌ك رۆژ دواى ئه‌و فەرمانه‌ى سەرەوە، هيزه‌كانى زيره‌ڤانى و ليواتايبه‌تيه‌كان له‌ زاخۆ تاكو حاجى هۆمەران بڵاوه‌يان بێكراوه‌، ئەمیش به‌بێ ئاگادارى وه‌زاره‌تى پيشمه‌رگه. مەبەستیش لەم کارە ئەوەیە تورکیا فشاری خستۆتە سەر بارزانی، تا ئەرکی پەلاماردانی گەریلا و هێزی سەڕڤانان بگرێتە ئەستۆی خۆی.
وا دوو هەفتە زیاتر بەسەر ئەو فەرمانەی بارەگای مەسعود بارزانییدا تێپەڕیوە، وردە وردە شەڕ و هێرشەکانی پارتیی دەستی پێکردووە.
هاوڕێیەکی بەڕیز نووسیوێتی دەڵێت: (ئەمڕۆ دۆخەكە زۆر جددیە و شەڕ یەخەی گەلی کوردی گرتووە، پارتی بەئاشكرا یارمەتی توركیا دەدات، رێکخراو و ھێزەكانی تریش بەئاشكرا بێدەنگ و بێ ھەڵوێستن. لە دەرەوەی ئەوانیش ئاراستەی سێیەم بوونی نییە و غائیبە).
هەڵبەت یەک جار نییە کە بنەماڵەی بارزانی و پارتیی بە ئاشکرا دەست لەگەڵ دوژماننی کورددا تێکەڵ دەکەن و خیانەتیی نەتەوەیی مەزن تۆمار بکەن، ئەوەی لە مێژووی سەدان و هەزار ساڵەی کورددا روویان داوە، بەهۆی خیانەتی سەرۆک عەشرەت و لایەنەکانی ترەوە بووە، تەنیا بۆ تێکشکانی کوردبووە، لەگەڵ ئەوانەشدا زۆر لەوە کەمتربوون ، کە ئەمڕۆ بنەماڵەی بارزانیی و تالەبانی بەسەر کورددا دەیهێنن. ئەمڕۆ گەلی کورد لە باشوور بەنج و گێژ کراوە، مەسعود بارزانیش لە جاران زیاتر چالاکترە بۆ خیانەتکردن و دەستگوشینی دەستی دوژمن! شەرمیش ناکات، هەمووی بە شانازی باس دەکات و دەینووسیتەوە، وەکو لە دوایین کتێبیدا (بۆ مێژوو) ئاماژەیان پێ دەدات.
ستالین وتەیەکی هەیە، دەڵێت، کوشتنی مرۆڤێک، کارەسات و تراژیدیایە، بەڵام کوشتنی زۆرترین و ژینۆسایدی مرۆڤەکان لە تراژیدیا دەچێتە دەرێ و دەبێتە ئامار. لە کوردستانیشدا بەهۆی ئەم هەموو پارت و رێکخراو و خائینانەوە رۆژگارەکانی کورد لە تراژیدیا چۆتە دەرێ بۆتە ئامار، چونکە مێژووەکەمان پڕکراوە لە کارەسات و رووداوی ناخۆش، کەس فریاناکەوێت و تاقەتی نییە قسەیان لەسەر بکات، رووداوەکان بوونەتە هەواڵی سادەی رۆژانە و بۆ رۆژی دواتر لە بیردەچنەوە. هەر کارەسات و خیانەتێک کە ئەم سەرکردە و بەرپرسانە تۆماری دەکەن، بۆ نووسینەوەی مێژوو تەنیا ژمارەیە، نەبۆتە وانە بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

کاتێکیش مەسعود بارزانی دوای ریفراندۆم کتێبی (بۆ مێژوو) دەردەکات، نە شەرم لە خۆی دەکات، نە دەشترسێت، بە ئاشکرا باس لە خیانەتی خۆی دەکات و دەڵێت (تیلرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا) نامەی بۆم ناردووم، کە ریفراندۆمەکە دوا بخەم، پەیمانی زۆر شتی پێداوم. ئەمە لەكتیبەكەی مەسعود بارزانیدا بە ناونیشانی (بۆ مێژوو) (ل 94) ددانی پیدا دەنێت، دەڵێت ئەو نامەیەی بۆ هاتووە، بەڵام پیشانی ئەنجومەنی ڕێفراندۆمی نەداوە، هەروەها لە لاپەڕە 115ی ئەو کتێبەدا باسی بێ شعوریی و بێ بەرپرسیاریی خۆی دەکات دەڵیت من فەرمانم بە پێشمەرگە داوە تا پاشەکشە بکەن، واتا کەرکوک و ناوچەکانی تر بە فەرمانی مەسعود چۆڵ کراوە، تا حەشدی شەعبی بێتە کەرکوک و ناوچەکانی تر.

پارتییەکان کاتێک باس لە ریفراندۆم دەکەن و یادی دەکەنەوە بە دیوێکی تردا هەڵیدەگێڕنەوە، تەنیا باس لە 16ی ئۆکتۆبەر دەکەن و کردوویانە بە وێردی سەر زمانیان، هەرکەسێک وەکو خۆیان عەقڵی نەکاتە عەقڵی پارتییەک و تێر جنێو بە لاهور و کوڕەکانی جەلال تالەبانی نەدات، ئەوە لای ئەوان ماستەکە مویەکی تێدایە و ئەو کەسە بۆتە پیاوی لاهور و پاڤێل، بۆ خۆشیان چونکە موی پیاوەتیان بریتییە لە تاڵە موویەک، لەناو زەلکاوی خیانەتدا سەر ئاو کەوتووە، ئیتر وا دەزانن ئەوە مووی تۆیە کەوتۆتە ناوی. ئەوان درۆکردن و نیشتیمان و خاکفرۆش بە سیاسەتکردن و بە پیاوەتیی دەزانن، شانازیی بە شتێکەوە دەکەن کە نیانە.
ئەم شەڕەی ئەمڕۆش کە ئیستا مەسعود دژی گەریلا و پەکە و شەڕڤانان دەستی پێکردووە، سەرەنجام ژمارەیەکی زۆر لە قوربانی لێدەکەوێتەوە، لە ئیستاوە پارتییەکان بۆ ئەمەیش خۆیان ئامادەکردووە، دایان ناوە خەتای پەکەکە و رۆژئاوا بگرن، ئیتر دەست پێدەکەن و دەڵێن ئەوان شەڕیان دەست پێکردووە، بۆچی پەکەکە قەندیل جێ ناهێڵیت و ناڕواتەوە بۆ تورکیا!
میللەتێک لە سروشتی مرۆڤبوونی خۆی لابدات، بیەوێت بوونی خۆی لەسەر خاک و نیشتیمانەکەی بسڕێتەوە، مێژوو نەفرەتی لێبکات، وەکو کورد دەکات، لە رێگای سەرکردەی خۆفرۆش و خاکفرۆشەوە، ئەم رۆژگارە بۆ خۆی دروست دەکات، خیانەت پیرۆز دەکات، لە نمونەی بنەماڵەی بارزانیی و تالەبانی دەکاتە رابەر و سەرکردەی خۆی، هەموو ئەمانەش سەرەتا و دەستپێکن بۆ نەمان و سڕێنەوەی کورد کە وەک نەتەوە ناوی نەمێنێت.
مەسعود بارزانییش زیاتر لە دوژمنانی کورد بە دڵسۆزییەوە کار بۆ تێداچوونی کورد دەکات.
-------------------------------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە