ژنێکی منگنی شێرزاد حەسەن یان پیاوێکی گرگن

Tuesday, 03/11/2020, 18:31

5806 بینراوە


"گرنگی ئەدەب لەوەدایە لە شێوەی شەڕاب واییە، تا کۆنتر بێ بایخدار تر دەبێت"
دڵشاد کاوانی
شێرزاد حەسەن چیڕۆکنووس و ڕۆمانووس یەکێکە لە نووسەرە زلهێز و پایە بەهێزەکانی ئەدەبیاتی کوردی کە لە نەوەکانی دوای حەفتاکان وەک ڕۆژێکی پڕشنگدار لە دونیای ئەدەبی کوردیدا دەرکەوت، هەموو نووسەر و خوێنەرانی سەردەمی خۆیی و دوای خۆی بە تەنیایی و گوڵی ڕەش و حەسار و سەگەکانی باوکم تووشی شۆک کرد.
گرنگی ئەدەب لەوەدایە لە شێوەی شەڕاب واییە، تا کۆنتر بێ بایخدار تر دەبێت، هەربۆیەشە قسەکردن و خستنە بەر شنەبای نووسین لەسەر بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە نە لە سەردەمی خۆیی و نە لە دوای خۆیی وشکی نەکرد و خووڕەی ڕووباری ویژەیی بۆوەتە وزەی گێڕانی ئاشی سەدان نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی کوردی، وەلێ کەمن ئەوانەی بووێری ئەوەیان کردووە کە بە چاوی ڕەخنەیی جددی لە دەقەکانی بڕوانن ئەمەش ئەو کەماسییەیە کە لە ڕەخنەدانی کوردیدا کەلێنێکی گەورەی دروست کردوە. من خۆم قەرزاری ئەدەبیاتی ئەو پیاوەم هەرگیزیش نەمشاردۆتەوە کە لە دایکبوونی من سەرچاوەی دایکدانی ئەدەبی مەزنی شێرزاد حەسەن و نەوەکانی ترەوەیە، تەنانەت خەڵاتی باشترینی ئەدەبی گەنجانیشم لەسەر دەستی ئەوەوە وەرگرتووە. بەڵام ئەمە نابێتە ئەوەی کە هەرگیز نەتوانم یان خۆم بگرخێنم لەو پرسیار و ڕەخنانە کە سەبارەت بە دەقەکانی یان هەردەقی نووسەرێکی تر لام گەڵالە دەبێت، خۆم ببووێرم.
من لێرەوە دەمەوێت لەسەر نۆڤلێتی ژنێکی منگنی شێرزاد حەسەن(١) بوەستم، هەروەک شێرزاد حەسەن خۆی دەڵێ: نووسین بۆ من گەمەیەکی حەرام بوو،... مێردمنداڵبووم ئەوسا نهێنی خۆم و هاوڕێکانم و شەڕی نێوان دایکم و باوکمم دەنووسیەوە.(٢) بەمەش ئەوەی کە کۆی بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەنی خوێندبێتەوە دەزانی شەڕی باوک و کوڕ و بێدەسەڵاتی کوڕ لە هەمبەر باوکدا شێرزاد حەسەن باوکەکانی چۆن لە پانتایی وشە و دەقدا زیندەبەچاڵ کردووە، بەمەش شکاندنی لووتی باوکسالاری لای شێرزاد حەسەن لە لووتکەیە، نایشارمەوە ولۆ شێرزاد حەسەن نووسەرانێکی زۆری گەنجی لە نێو قووڕی زهنیەتی شکاندنی لمووزی باوک بە دەستی ڕۆڵەکەی چەقاندووە. ئەوەی لە ژنێکی منگن دیبینرێت ڕێک پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆیەتی و کودەتایێکە کە شێرزاد بەسەر کۆی بەرهەمەکانی پێشووتریدا کردوە، بواری ئەوەی نەهێشتۆتەوە کە کەسێکیتر ئەم کودەتایەی بەسەردا بکات، هەر خۆی گەمەی نووسینەکانی هەڵگێڕاەوتەوە و ئەمەش لێزانی و توانایی ئەومان نیشاندەدات، لێرە چۆن باوک و کوڕ دەست دەکەنە مل و بەدیار پێکی مەست بوون، دەبن بە یەک گیان و جەستە.
چۆن شوان و مامۆ یان پیرەی قەساب بەدیار پێکێکەوە دەکاتە هاوڕێ و لە ڕێگای مەست بوونەوە پیرەی قەساب بیرەوەرییەکانی تافی لاویەتی خۆی بۆ شوانی کوڕی و هاوڕێکانی لە ڕێگای پێکهەڵدانەوە چیڕۆکەکانی دەگێڕێتەوە، نکۆڵی لەوە ناکرێت شێرزاد حەسەن لەم دەقەشیدا پڕە لە داهێنان و ئەفراندنی ئەدەبی مەزن، بەڵام ئەمەش ناگەینێت کە بێ کەم و کوڕی و کەماسی بێت، تەنانەت دەتوانم بڵێم دوای ئەم هەموو دژایەتییەی بۆ باوک لێرە دەیەێت خوێنەرانی لەگەل باوک ئاشت بکاتەوە، وەلێ بە دیدگای من شێرزاد حەسەن لە هاوڕێیەتی نێوان کوڕ و باوک تێدەکەوێت یان زێتر لە وە دەڕوات کە کۆمەڵگاکە پێیدا تێپەڕبووە. ئەویش بەمە کە پیرەی قەساب بۆتە هاودەمی خواردنەوەی کوڕەکەیی و بێ پەردە و بێ گێڕانی ڕۆڵی باوکایەتی، پیرەی قەساب باسی ڕۆژانی بەسەرچووی خۆی سەبارەت بە مێبازی و تێکەڵ بوونی بە ژنانی شار و دەستبازی و ڕابواردنی سێکسوالی باوک لەبەردم کوڕدا گێڕانەوەی کارێکی نالۆژیکی و نادروستە لەبەردەم کوڕدا بەمەش هیچ پرۆژەیەکی پەروەردەیی و خیزانی ناهێڵێتەوە کە دەبووایە لە لای چیڕۆکخوان هەبووایە، تەنانەت تریقانەوەی کوڕ و هاوڕێکانی لەبەردەم باوکدا کەم کردنەوەی شکۆی باوک و لاوازی کارەکتەرە لە دەقدا، ئەمەش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێرزاد حەسەن نەیستووە یان نەیتوانی وە لە ژێر هەژموون و کاریگەری بیرۆکەکانی پێشووتری دەربچێ.
دواتر وێنا کردنی سەرجەم ژنانی شارە لە بەردەم هات و چوونیان بۆ قەسابییە کەی پیرە و کەم کردنەوەی بێ بەهاکردنی ڕەوشتییان لە لایەن شێرزاد حەسەنەوە لەسەر زاری پیرەی قەساب بەمەش هەموو ژنان دەخاتە ژێر گومانی ڕەوشتییەوە ئەمەش کارێکی کرێتی و نابەجێیە دەبووایە بیری نووسەر زۆرتر بڕی کردبووایە نەوەک تەنیا دروست کردنی سەردی گێڕانەوە.
لە لایەکیتر کێشانی ددانی پیرەی قەساب بۆ دیدەنی دکتۆرە لەیلای کریستییان، کە لە لاپەڕە (٢٧) دا هاتووە دوای بینینی وێنەی تیشکی ددان و دکتۆرەکە لەسەر داوای خودی پیرە وەک نەخۆشێک، کەچی دکتۆرەکە لای ڕوونە کە ددانەکەی ساخە بەڵام بۆ رازی کردنی نەخۆش و بە بێ سڕکردن دەری دەکێشێ. ئەمەش پێچەوانەی میساق و ڕەووشتی بزیشکییە، جگە لەهەڵەی پزیشکی و ئامانجی ماددیی باوڕناکەم هیچ دکتۆرێک ئەمە بکات سەرباری ئەوەی کە دکتۆرەکە کەسێکی ویژدان زیندوو بێت وەک خۆی باسی دەکات.
لە ڕووی زمانەوە سەرباری ئەو هەموو کوردی زانییەی و لێهاتووەی نووسەر کە دەبووایە ئەم کەڵە نووسەرە و ئەوانەیتریش بۆ نەوەی دوای خۆیان قوتابخانەی زمان بوونایە، نەوەک زمانێک لە ڕووی سیماتیک و زمانی جگماکییەوە ئەوەی کە پێی دەڵین زمانی دایک شێرزاد حەسەن ئەوەندە زمانی تێک شکاندووە لە لا (١) دەڵێ "لە چۆڵەوانییەکەدا ڕێ دەرنابەم،...." ڕێ دەرنەبردن لەزمانی کوردییدا نییە و هیچ واتاییەک بە دەستەوە نادات، بەڵکو دەشێ بڵێیت پەی بە ڕێ نەبردن، ڕێ دەرنەکردن...تادوایی. جگەلەوەی ڕۆمانەکەی پڕ کردووە لە وشەی عەرەبی ناپێویست کە دڵنیام نووسەرانی دوای ئەو دووبارەیان کردۆتەوە یان دیجوونەوە ئەمەش وەک وشەکانی لە لاپەرە (١) مەڕ و بزنن و ئەو حەیوانانەی... یان حەز و شەهوەت. واوەیلا و نا کامل لە لاپەرە (٢) وشەی ئیستغفار، نسیب، خەڵقندە و لە لاپەرە (٣) دوعا و عازەب، سوعبەت، لا (٤) سەراب. لە لە لا (٦) ختوڕانە لاپەرە (٨) جەزبە، لاپەرە (٩) تەماعی بەهەشت ، مەخلوق، حەدی نییە، زەعیف و جەننەت، موحیبەت، شەرەف، حەیا، حورمەت، عەیب و عار، تەماع، عالەم، عومر، عەفو، حیکمەت، ئینسان، ئومەت، تایفە، موعجزە، حیساب، کەیف، سەفا، شوکر، غەزەب، فرسەت، حەشر و نەشر، ئەهل و سەهل، سولح، مەجلس، سەعات، غیرە، عاتفە، حەیف، جەماعەت، ئیشارەت، ئەشیعە، ئیزن، ئیفلیج، ئیقاع، تەشتریب، لە بەرامبەر هەر وشەیەکی عەرەبی کە نووسەر زۆر لە ئێمە شارەزاترە لەوەی کە دەیان وشەی جوان و ناسکی کوردیمان هەیە و لێرە دەرفەتی نووسینیانم نییە، بۆ ئەوەی زۆر درێژەی پێنەدەین من تەنیا وشەیەک بۆ سەرجەم ئەوانەیتریش بە نمونە دێنمەوە لە بڕی تەشریب کورد دەڵێ تێکوشە، چەندە جوانتر دەبوو کە نووسەر بەکاری بردبووایە، تەنانەت شێرزاد حەسەن وەک ئەوانەتر لە لا (١٠) هەوڵی نەداوە خەمێک لە وشەکانی دیکە بخوات وەک تەلەفزیۆن و سەتەلاییت، یان عەیادە، دەکرا وەک داهێنەرێکی وشەی کوردی و هاوتا کردنێکی کوردی بۆ ئەمە کردبووایە، بەمەش خوێنەران و نووسەرە تازەکانی لە نەبوونی وشەی کوردی رزگار دەکرد، بەمەش جەخار بۆچوونێکی شوکر مستەفای گەورەی بیرهێنامەوە کە گوتی" زمانی کوردی دەمرێت، بەلام لەدایک نابێت" ئەوەی ختووکەیەکی زۆر ناخۆشی پێدام وشەی مەکتەبلی، نازانم بیرهێنانەوەی و زیندووکردنەوەی ئەم وشەیە تێکشکاوی کە نیوەی عەربی و نیوە تورکییە بۆ خوینەری کوردی چ چێژێکی دەبێ و جگە لە ویران کردنی زمانی کوردی چ خزمەتێکی زمان دەکات.
لە لایەکیتر شێرزاد حەسەن لە لا (٣٢) لە ڕووی ئاینییەوە حەفتاو دوو حۆری لە بەهەشتەوە لە ڕێگای ژمارەوە دەخاتە بەر ڕەخنە کە دەڵێ " جارێ من تێناگەم بۆ حەفتاو دووە بۆ حەفتا نەبوو..." بەمەش پرۆسەی ڕخنەکردنی دەقێکی ئایینی لاواز دەکات، هەرهیچ نەبووایە دەکرا بوونی حەفتا کە بخاتە بەر ڕەخنە کە ژمارەییەکی ئیجگار زۆرە نەوەک تەنیا دوو بە زۆر بزانێ. لە گەڵ ئەوەشدا لەهەمان لاپەڕە دا لەڕێگای گێڕەوەی سەرەکی و هاوڕێی شوان دەیورژێنێ کە پیرەی قەساب "لە پەریزادەکانی بەهەشت بێزارە" لە بەرامبەردا ئاسوودەیە بە لەیلا و ژنانی هامووشۆیی قەسبیان کردووە، لە کاتێکدا بێزار بوون بۆ ئەوە شتە دێتە کایەوە کە تاقی کرابێتەوە، واتە لە پراکتیکدا بۆ تێربوون و ئەزموون کردن بەکاردێت نەوەک پێنەگەیشتن، بۆیە لێرەش دەکرا بڵێ بێزارە لە باس و سوویەنەوە و یان جووینەوەی پەریزادەکانی بەهەشت و حەفتاو دوو حۆری، بەم جۆرە لاسەنگی بێزارییەکەی ڕێک دەخرایەوە.
ماوەتەوە بڵێم سەرباری جوانیی و داهێنەرانەی نۆڤڵێتی ژنێکی منگنی شێرزاد حەسەن وەک بەرهەمی هەر نووسەرێکی دیکە خاڵی نییە لە کەموکوڕی و هەرچەندە پڕە لە وشەی کوردی ناوازە و بەڵام ئەم بەرهەمە نەیتوانیوە بچێتە خزمەتی زمانەوە.

________________________________

پەڕاوێز

١-ئەم نۆڤڵێتە لە ساڵی ١٩٧٨ وەک دەستنووس نووسراوەتەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ پێداچوونەوەی بۆ کراوە. لەگەڵ نۆڤڵێتێکی تر بەناوی خەونی جاڵجاڵۆکەکان بە دوو چاپی جیاواز و بڵاوکراوەتەوە.
٢- نووسینی سەر بەرگی کتێبکی سەرجەم بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن چاپی ٢٠٠٥ دەزگای ئاراس.
٣- لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی د. شوکر مستەفا. ئەرشیفی گووڵان تیڤی.
٤- هامشەکان بەپێی لاپەڕەکانی پیدیئێڤی بڵاوکراوەی نووسەر ریزبەندییان بۆ کراوە.
سەرچاوە:
-ماڵپەڕی فەرمی شێرزاد حەسەن. www.sherzadhasan.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە