دوای هاتنی(جۆن بایدن) سەرۆکی نوێی ئەمەریکا...کێشەی کورد بەرەو کوێ!؟

Sunday, 08/11/2020, 14:46

3738 بینراوە


دۆناڵد ترامپ تاکە سەرۆکێکە کە زۆر بەڕاشکاوانە ووتی؛ پێوستە لەجەنگی داعش و تیرۆردا کورد بەکاربێنین، لەبەرئەوەی ئەوان لەسەر زەوی و ئێمەش لە ئاسمانەوە ئەتوانین،کۆتایی بەداعش بێنین. وە هەر ئەوەش ڕوویدا و دواتر دەست بەرداری کورد بوون.
گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەمان ئەو ڕاستیەی سەرەوەمان بۆ پشت ڕاست ئەکاتەوە لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی ئەمریکا، هەر لە بەکارهێنانی کورد لەساڵانی 60 تەکانەوە دژ بە عەبدول کەریم و دواتر دژ بەسەدام. پاشان بەکارهێنانیان دژ بە قاعیدە و داعش ، بەڵام لە کۆتاییدا وەك بۆمان دەرکەوت کە ئیشەکەیان پێکردین و کاریان پێمان نەما، وازیان لێهێناین و لەنیوەی ڕێگاکە ، کەس کوژیان کردین.
ئەم سیاسەتەی ئەمریکا بە کەسەکان ناگۆڕێن، هەریەك لە (نیکسۆن، بۆشی باوك ، کلینتۆن، بۆشی کوڕ، ئۆباما و ترامپ) لەهەمبەر کورد هەمان سیاسەتیان کردوە و بە موو لایان نەداوە. هەنووکە (بایدن) وەك ٤٦ هەیەمین سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکاربێ، هەر هەمان سیاسەت دووبارە ئەکاتەوە. بەمانایەکی تر، جیاوازیەکە تەنها سەگێکی سپی و سەگێکی ڕەشە. دەنا هیچ گۆڕانکاریەك لە بەرژەوەندی کورد، ڕوونادا.
تا ئێستاش کورد دۆزەکەی لە ئەمریکا نەبۆتە دۆزێکی سیاسی، ئەوان وەك بەکرێگرتەك کورد بەکاردێنن، کورد لە ئەجندای ئەمریکا وەك میلیشیا و هێزێکی پرۆکسی پارە و چەکی بۆ دابین کراوە. کورد وەك سەرکردەی سیاسی نەناسێنراوە، بەڵکە وەك موستەشارێکی سەردەمی بەعس وایە و کەی بیانەوێ بەکاری دێنن و کەی کاریان پێنەما وەك پێوەری کارەبا و بەنزین سفری ئەکەنەوە.
گەر کورد بیەوێ دۆزەکەی بکرێتە دۆزێکی سیاسی ڕەوا ئەبێ یەك دەست و یەك دڵ بن، یەکگرتوو بن و تەنها پیاوی خۆیان بن، جگە لەوەش ئەبێ لەناوخۆ بیسەلمێنن کەوا ڕێز لە بیروڕای ئازاد و پێکەوە ژیان لەگەڵ کەسانی تردا پەیڕەو بکەن و لەداهاتوودا هێزی نیشتمانی دروست بکەن.. ئەمە سەرباری ئەوەی کەخۆیان لە ئێران و تورکیا بەدوور بگرن. ئەمانە هەندێ لەو پرنسیپانەیە وا لە کورد ئەکا داوای مافی چارەنووس و خۆبەڕێوەبردنی لۆکاڵی و نوزەی دیموکراسی بکەن. لێ ئەوەی لە 30 ساڵی ڕابردوەوە بینراوە تەواو پێچەوانەکەیەتی، لەبەرئەوە هیچ کاتێ ئەمریکا ناتوانێ و نایەوێ هۆزێ وەیان کۆمەڵی چەتە و مافیا بپارێزێ و دەوڵەتیان ،بداتە دەست.
دروست بوونی دەوڵەوتی کوردی لەم کاتەدا و لەژێر سایەی ئەم جۆرە لە حکومڕانی، ئەبێتە مایەی سەرئێشە بۆ ئەمریکا و دواتر وەك دەوڵەتەکانی وەك عێراقی سەدام ولیبیای قەزافی ویەمەنی عەلی عەبدوڵای لێ دێ.
کەواتە ئەوە کورد خۆیەتی گەر بیەوێ ئەمریکا چیتر بەکاری نەهێنێ و ووزەکەی بەفیڕۆ نەدا و وەك مقاش لێی نەڕوانێ،بۆیە داهاتووی کورد تەنها و تەنها بەدەست خۆیەتی و نابێ ڕەخنە و گازندە و گلەیی لەکەسان و دەوڵەتانی تر بکرێ.وەتا کورد خاوەنی ئەم جۆرە خاین و خۆفرۆشانە بن ،هەرگیز ناتوانێ هەنگاوێ بۆ پێشەوە بنێ.. هیوادارین ئەو ترووسکاییەی لە باکور و ڕۆژئاوا بەدی ئەکرێ گەشەی پێبدرێت و نەیەڵن ئەزموونی باشور لەوێش دووبارە بێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە