شڵتاغەکانی بنەماڵەی بارزانی

Sunday, 08/11/2020, 14:04

9538 بینراوە


مێژوو داستان و ئەفسانە نیە کە لە ڕابردو دا قەومابێ و تەواو بوبێ، بەڵکە گرینگترین دەرسی ژیانە کە دەتوانین لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دەرسانەدا ئێستای کۆمەڵگا بناسین و دواڕۆژیش پێشبینی بکەین.
بنەماڵەی باڕزانی بۆ ڕەوایەتیدان بە هاوکاوری داگیرکەران پێویستیان بە بیانویەک هەبوە تا بیر و ڕای جەماوەری کوردستان بە لای خۆی‌دا ڕابکێشن.
مێژۆۆی بنەماڵەی بارزانی پڕە لە سیناریۆی هاوبەش لە گەڵ دەسگا هەوڵگریەکانی دەوڵەتانی ناوچە بۆ چەواشەکردنی گەلی کورد و ئامادە کردنی پێشمەرگە و لایەنگرانیان تا بیانکەن بە دەستەچیلەی شەڕی براکوژی.
تیرۆر دەکەن و قوڕبانی بە قاتڵ و تیرۆریست پێناسە دەکەن.
شەڕی براکوژی بە سەر لایەنی دیکە دەسەپێنن و هاوار دەکەن شەڕمان بە سەر داسەپاوە.
لە درێژەی وتارەکەدا ئاماژە بە چەند نمونەیێک دەکەین وەک مشتێ لە خەروار.
شەش کارەساتی مێژویی کە لە ئاکامی تاکتیکی «بکوژە و شڵتاغ بکە»ی بنەماڵەی بارزانی‌دا قەوماون:

١-دەرهێنانەوەی جەنازەی مەلا مستەفا لە قەبرەکەی(شنۆ ١٩٨١)

ساڵی ١٩٨١ بە پیلانی هاوبەشی مەسعود و ئیدریس بارزانی+ ئیستخباراتی ئێران لە شاری شنۆ تەرمی مەلا مستەفا بارزانی لە گۆڕەکەی خرایە دەر و بە سەر حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانیان داهێنا.
هۆکاری ئەم کارە قیزەونە چی بو؟
بنەماڵەی بارزانی ببون بە چاشی کۆماری ئیسلامی ئێران و مانگانە دە ملوێن تمەنیان وەردەگرت. بەڵام پێشمەرگەکانیان شەڕیان بۆ نەدەکردن.
کاتێک سیناریۆی دەرهێنانەوەی تەرمی بارزانی و تۆمەتبار کردنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ئەنجام درا، چەکدارەکانی قیادە موەقەت باوەڕیان کرد و بە دڵ و گیان کەوتنە شەڕی ڕۆژهەڵاتیەکان. بە جۆرێک کە لە یەک ڕۆژ دا لە دۆڵی بایزاوای شنۆیە ٢٢ پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات و ١١ی کۆمەڵەیان کوشت.
لە درێژەی هێرشەکانیان دا توانیان بە هاوکاری هێزە کانی دەوڵەتی ئێران شارەکانی شنۆ، خانێ و ناوچە کوردنشینەکانی ورمێ لە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات پاکسازی بکەن. بۆ ئاشنایی زیاتر لەم سیناریۆیە دەقی نوسراوەکەی دوکتور قاسملو لە کتێبی (خیانەتەکانی قیادەی موەقەت بە نەتەوەی کورد) لە یەکەم پڕاوێزی ئەم وتارە دا بخوێنەوە.

٢- تەقینەوەکەی زاخۆ،٢٧ی مانگی دووی ساڵی ١٩٩٥


میتی تورک و پاراستنی پارتی لە ناو بازاڕی گەورەی چه‌كفروشانی زاخۆ ئوتومبیلێك بە ٥٠٠ کیلۆ تی ئێن تی‌ دەتەقێننەوە، دەبێتە هۆی کوشتنی ٩٠ هاوڵاتی و برینداربونی زیاتر لە ٣٠ کەس.
ئەو دەمە گەرمەی شەڕی ناوخۆی کوردستان بو کە بنەماڵەی بارزانی بە هاوکاری ئێران، تورکیا و سەددام بەرەو پێشیان دەبرد.
ئەو زەمانە یەکیەتی نیشتمانی لە زاخۆ و زۆر ناوچەی دیکەی بادینان پێگەی جەماوەری باشی مابو.
پارتی دێموکڕات ئام تاوانە گەورە بەسەر یەکیەتی نیشتمانی دادەێنێت و دەست دەکات بە تەبلیغاتێکی قورس و دەتوانێ خەڵکانێکی زۆر بەم سیناریۆیە هەڵخەڵەتێنێ. بۆ زانیاری زیاتر ئەم سەرچاوەیە بخوێنەوە

٣- شەهید کردنی کاک سلێمانی موعینی (١٩٦٨)


ساڵی ١٩٦٨ مەلا مستەفا بە ئەمری ساواک کاک سلێمانی موعینی دەگرێ و زیندانی دەکات. دوای ئیعدام‌کردنی تەرمەکەی ڕادەستی ئێران دەکاتەوە. ساوک بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک تەرمی کاک سلێمان بە شارەکانی خانێ، نەغەدە و مەهاباد دا دەگێڕێ و نیشانی خەڵکی دەدات.
کاک سلێمان کەسایەتیەکی خۆشەویست و بەناوبانگترین ڕێبەری ئەوکاتی حیزی دێموکڕات بو. کوشتن و ڕادەست کردنەوەی تەرمەکەی ناڕەزایەتیەکی زۆری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی لێ‌ پەیدا بو. ئەوکات تەلێویزیۆن و سۆسیال مێدیا و ... نەبون تا لەم ڕێگایانە خەڵک چەواشە بکەن و کەسایەتی کاک سلێمانی پێ بشکێنن.
هەژاری موکریانی کە تا مرد ڕۆڵی شایەری دیوەخانی بارزانی و کوڕەکانی دەگێڕا، بۆ پاک و جوانکاری دەم و چاوی قاتڵ ( مەلا مستەفا) لە شەش لاپەڕەی کتێبی چێشتی مجێور دا (٤٩١تا ٤٩٥) هەرچی ناپاکی و ناحەزی لە خۆی دا شکی بردوە هەموی خستۆتە ملی کاک سلێمان.
بەڵام نەک نەیتوانی سیمای جوانی ئەم شۆڕشگێڕە خۆشەویستە بشێوێنێ، بەڵکە ئەم چەند لاپەڕەیە وەک زیندوترین بەڵگەی درۆزنی و نەفس‌نزمی شاعیر کەوتە دەست جەماوەی کوردستان و بو بە پەڵەیێکی ڕەش لە سەر نێوچاوانی شاعیر و ئاغاکەی.

٤- پیلانی هاوبەشی میتی تورک و پاراستنی پارتی بۆ کوشتنی ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا (١٩٧١)


٥- سەعید ئاڵچی

لە ساڵی ١٩٧١ پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (پ د ک ت) بوبو بە دوباڵی چەپ و ڕاست. باڵی چەپی د. شڤان (د.سەعید قرمز توپراخ) و باڵی ڕاستی سەعید ئاڵچی ڕێبەرییان ئەکرد. بنکەی هەردوکیان لە کوردستانی عێراق بو.
بارزانی بۆ لە ناو بردنی شۆڕشی باکور پیلانی میتی تورکیای بە شێوەی خوارەوە جێبەجێ کرد:
سەرەتا پاراستن لە گوندی قومری، نزیك سنوری توركیا لە دیوی كوردستانی باشور، سەعید ئاڵچی كوشت. دوایی بە بیانوی ئەوەی دكتۆر شڤان، سەعید ئاڵچی كوشتووە، بە فەرمانی بارزانی خرایە زیندانی ڕایات و پاش چەند مانگێك گوللـە باران كرا لە ئاکام‌دا پ د ک ت توشی شکست و ئاشبەتاڵ بو.

٦- تیرۆری مارگرێت جۆرج(١٩٦٩)


مارگرێت تاقە پێشمەرگەی ژن لە شۆڕشی ئەیلول دا بوو، بارزانی داوای پەیوەندی سیکسی لە مارگریت دەکات و ئەویش ڕازی نابیت بۆیە دوای ئەوەی بە زۆر دەستدرێژی دەکاتە سەر، بە دەستوری مەلا لە لایەن پاراستن شەهید دەکرێت و تۆمەتی ئەوەی دەخەنە پاڵ کە ژنێکی بێ ناموس و بێ ئەخلاق بووە.

٧- تیرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان (٢٠١٠)



ئەم ڕۆژنامەنوسە لە بەردەم زانکۆی سەلاحەدین لە لایەن پاراستنی پارتی دەڕفێندرێت. دوای دو ڕۆژ تەرمەکەی بە قۆڵبەستکراوی لە نزیک شاری موسڵ دۆزرایەوە.
سەردەشت عوسمان ناسرابو بە بابەتە ڕەخنەگرەکانی بەرامبەر دەسەڵات و حکوومەت، بە تایبەتی بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود، نێچیرڤان و مەسرور بارزانی.
وتارێکی سەردەشت عوسمان بە ناوێکی موستەعار لە ژێر سەردێڕی«من عاشقی کچەکەی بارزانیم» بڵاو دەبێتەوە.
سەرئەنجام ئەم ڕۆژنامەنوسە دوای ڕفاندن دەکوژن و بۆ لابردنی شکی خەڵک لە سەر خۆیان تەرمەکەی لە نزیک شاری موسڵ فڕێ دەدەن و ڕایدەگەیێنن کە ناوبراو پێوەندی بە تیڕۆریستە ئیسلامیەکان بوە. بەڵام ئەم تۆهمەتە هێندە ساویلکانە و بێ بنەما بو کە دوایە خۆشیان درێژەیان پێنەدا.
لە زانستی کارناسی پۆلیسی دا ئەسڵێک هەیە کە دەڵێ: " ئەگەر قەتڵ یان تاوانێک ڕوویدا و تاوانبار نەدیترایەوە، دەسەڵاتدارانی ئەم شوێنە لە پشتی تاوانەکەن.
تاوانبارانی ئەم کەیسەش وەک باقی تیرۆرەکانی پاراستنی بنەماڵەی بارزانی تا ئێستا بە نەناسراوی ماونەتەوە.


پەڕاوێزەکان:

- تەشقەڵە ، گێچەڵ، فڕوفێڵ ، دەبە کردن،
- دوکتور قاسملو و مەلا عەبدوللا حەسەن زادە:
مەسەلەی دزرانی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی ...
بەهەر حاڵ بێنە سەر باسەکە. رۆژی دەی پووشپەڕی ئەم ساڵ لە شنۆوە خەبەر بە بەڕێوەبەەرایەتی حیزبی ئێمە گەیشت کە تاقمێکی خۆ فرۆش و خوانەناش بەشەو گڵکۆی مەلا مستەفا بارزانی یان داوەتەوە تەرمەکەیان دزیوە. بەڕێوەبەرایەتی حیزبی ئێمە زۆر بەو خەبەرە ناڕەحەت بوو و بەڕەسمی لە دەنگی کوردستانی ئێرانەوە ئئەو تاوانەی وەک کردەوەیەکی دژی ئینسانی و دژی ئیسلامی مەحکووم کرد. بە خۆش یەوە هەر ئەو رۆژە خەبەر گەیشت کە تەرمەکە دۆزراوەتەوە و بە حورمەتەوە تەسلیمی بنەماڵەکەیان کراوەتەوە. دیسانیش کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا کە لەو کارەساتە بکۆڵێتەوە و تێ بکۆشێ ئەو تاوانبارانە بدۆزێتەوە بە سزای خۆیان بگەیەنێ. لەو بارەوە ڕێنوێنی و دەستووری پێویست بە کۆمیتەی شارستانی حیزب لە ناوچەی شنۆیەش درا.
بەڵام زۆر بە سەر سوڕمانەوە دیتمان دارودەستەی قیادە و لە سەرووی هەموویانەوە مەسعود بارزانی کە گویا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە زۆر پێتانە و بێشەرمانە دەستیان کرد بە بەیاننامە دەرکردن و درۆ و بوختان هەڵبەستن بۆ حیزبی ئێمە کە گویا دزرانی تەرمی بارزانی بە ئاگاداری و دەستووری حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە. هەر بە دوای ئەو درۆ و دەلەسەیەش دا بە ڕەسمی هەڕەشەیان کرد کە ئەو کارە بێ سزا ناچێ و یان روحیان لەبەر دانابێ یان قینی دڵیان بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەڕێژن. رادیۆ شڕەکەشیان کە بە ئیمکانی ڕیژێمی کۆنەپەرستی خومەینی لە مەرگەوەری ناوچەی ورمێ دامەزراوە لێکدا لێکدا دەستی کرد بەبڵاو کردنەوەی تۆمەت و بوختانی بێشەرمانە لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی میللی دیموکراتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.
تەنیا جوابی ئێمە بۆ ئەو هەمو درۆ و دەلەسەیەی بەکرێگیراوانی ئیمپریالیزم ئەوەندە بوو کە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانەوە ڕامان گەیاند ئێمە دەرهێنانی تەرمی بارزانی جارێکی دیکە مەحکووم دەکەین و بە هەموو توانامانەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکان تێدەکۆشین. بەڵام ئەگەر هێندێک کەس بیانەوێ ئەو ڕووداوە بکەنە بیانوو بۆ ئاژاوە نانەوە لە ناوچەی شنۆ و ورمێ دەبێ بزانن کە لەگەڵ هێزی یەکگرتووی شەش میلیون کوردی ئێرانی بەرە و ڕوو دەبن.
پاش نیو بژی کردنی هێندێک لە هێزە سیاسی یەکانی کوردستان لە سەر داواو و پێشنیاری ماڵی بارزانی ! بڕیاردرا کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لە نوێنەرانی حیزبی ئێمە و قیادە و ئەوهێزە کوردستانی یانە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کارەساتە پێک بێ. کەچی کاتێک ئەو کۆمسیۆنە لە شنۆیە کۆبووەوە ، هیچ نوێنەرێک لەلایەن قیادەوە نەهات.کاتێک نوێنەرانی حیزبی ئێمە هۆی نەهاتنەکەی پرسیبوو برایانی کوردستانی گوتبوویان کە قیادە پێ خۆش بوە ئەمجارە تەنیا ئێمە بێن و بۆ جاری دووهەم ئەوانیش نوێنەری خۆیان بنێرن.
هەر ئەو دەم نوێنەری حیزبی ئێمە بە نوێنەری هێزە کوردستانی یەکانی گوتبوو کە ئەو هەڕەشە و گوڕەشەی بارزانی یەکان دەیکەن و ئەوە کە حازرنین بێنە لای ئێمە و لە کۆمسیۆن دا بەشداربن ئەو فکرە بۆ ئێمە دێنێتە پێش کە ئەو کارە دەستی خۆیان کراوە...
چونکە ئێمە ئەگەر بمانەوێ شەڕ بە قیادە بفرۆشین پێویستمان بەو جۆرە کارە دژی ئینسانی یانە نیە. ئەوان زۆر تاوانیان دەرهەقی ئێمە کردووە کە ئەگەر بمانەویستایە شەڕیان لەگەڵ بکەین دەبوو لەسەریان وەدەنگ بێین. بەڵام وادیارە ئەوان دەیانەوێ شەڕێک بە ئێمە بفرۆشن و ئەو شانۆیەشیان بۆ ساز کردوە کە هەستی هێندێ لە برا کوردە عێراقی یەکان لە دژی ئێمە هان بدەن.
پاشان نوێنەرانی هێزە کوردستانی یەکان گوتبوویان کە ئێستا قیادە ئەو توند و تیژی یەی نەماوە و زیاتر بە شێوەیەکی سیاسی و ئووسووڵی بۆ مەسەلەکە دەچێ و لەوانەشە بۆ جاری دووهەم حەتمەن نوێنەری خۆی بنێرێ.
هەڵبەتە ئێمە زۆرمان پێ خۆش بوو کە قیادە ڕێگای ئەقڵ و مەنتیقی گرتبێ و ئامادە بێ پێکەوە تاوانبارانی ئەو کارەساتە بدۆزینەوە. کەچی بەداخەوە دەرکەوت کە بەو جۆرە ویستویانە براکانی نوێنەری هێزە سیاسی یەکانی کوردستانیش فریو بدەن و لەبن پەردەوە خۆیان بۆ پێلانی شەیتانی خۆیان ئامادە بکەن.
لێکۆڵینەوە لەمەسەلەی دزرانی جەنازەی بارزانی هێندێک شتی سەرنج راکێشی خستە ڕوو جارێ تەرمی بارزانی تەنیا بیست میتر دوورتر لە قەبرەکەی بە ساغ و سڵامەتی دۆزرابووە.
ئەمجار دەرکەوت کابرایەک بە ناوی ڕحیم میران کە لەلایەن ماڵی بارزانەوە ئاگاداری گۆڕستانەکەی پێ سپێراوە سێ چوار مانگ بووە بەو نێوەدا نەهاتوە. تەنیا ڕۆژی پێش ئەو ڕووداوە پەیدابووە و پیاوێکی بەکرێ گرتوە کە سبەینێ بێ گیای سەر گۆڕی بارزانی بدروی. بۆ بەیانیش پێش دنیا ڕووناک بوون هەر ئەو کابرایە چوتە لای باوکی کرێکارەکە و گوتوویە با کوڕەکەت نەیە چونکە جەنازەی بارزانی دزراوە.
دوای ئەو شانۆسازیە ڕەحیم میران چوتە مەرگەورە خەبەری بە بارزانی یەکان داوە. بەڵام لە ڕێگا تووشی هەرکەس بووە گوتویە دەچمە ورمێ و کاتێک هاتوتەوە شنۆیش وای نیشان داوە کە ئاگای لە دزرانی تەرمی بارزانی نیە. پاشانیش هەڵاتوە و چوتە لای مەسعود بارزانی و ئێستاش کە ئێستایە لە باوەشی خۆیان گرتوە نەیان هێشتوە بێتەوە شنۆیە کە تەحقیقی لێ بکرێ.
بەڵام ڕووداوەکانی دواتر هێندی شتی تازەشیان دەرخست. جاری دەرکەوت کە کوڕانی بارزانی بۆ بردنە پێشی پیلانی دژی گەلی خۆیان زۆریان لەو ڕووداوە کەڵکی خراپ وەرگرتوە. ئەوان هێندی لە کوردە پەنابەرە عێراقی یەکانیان بەو جۆرە لە دەوری خۆیان کۆکردوەتەوە و لەدژی خەڵکی کوردستانی ئێران و بە تایبەتی حیزبی ئێمە هانیان داون.
... نەخشەی هێرش بۆ سەر ناوچەکانی مەرگەور و تەرگەورە و دە.... و شنۆیان کێشاوە. ئەوە بوو کە بەکەڵک وەرگرتن لە دڵپاکی ئێمە و بە ئاگاداری لەو ڕاستی یە کە پێشمەرگە خۆی بۆ شەڕێکی وا ئامادە نەکردوە پێش جاش و پاسدار و ئەرتەشی ئێران و بە کوشتدانی دەیان کەس لە کوردە- هەڵخەڵەتاوەکانی عێراق لە پشتەوە خەنجەریان لە گەلی کور دا. ناوچەی مەرگەوەر و شنۆیان لەدەستی پێشمەرگە دەرهێنا و دیانە دەستی دوژمنی فاشیست و کۆنەپەرستی گەلی کورد.
بەڵام دوای ئەو خیانەتەی قیادە لە هێندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراوی نێو خۆیانەوە چەند گۆشەیەکی دیکەی مەسەلەکەش ڕوون بوونەوە. دەرکەوت کە هەشت مانگ بووە ڕیژێمی خومەینی جاشانەکەی نەداوە بە قیادە. بەڵام بە دەست خۆشانەی ئەو خیانەتە بێجگە لە چەک و تەقەمەنی جاشانەی هەشت مانگیان لەسەریەک دوانێ. کە ئەگەر زیادی نەکردبێ. دەکاتە هەشتا میلیون تمەن...

- https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=80774
- https://ruwange.blogspot.com/2010/04/blog-post_22.html
١/٤- مەلا ڕەسوڵ پێشنماز لە جوابی درۆ و بوختانەکانی هەژار دەرحەق بە سلێمان موعینی :
ئەو نەزەرانە لە سەر کاک سولەیمانی شەهید بۆ نموونە یەکدانەشیان ڕاست نییە و لە بوغز و کینە و خۆشیرن کردن بەولاوە چی تری تێدا نییە. چونکە کاک سولەیمان خۆی نەکردووەتە جێنیشینی ئەحمەد تۆفیق،بەڵکە هەر لە کۆنگرەی دووهەمەوە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دەعەمەلدا نەفەری دووهەمی حیزب بووە.باسی داوێن پیسی و پووڵ پەرستی و ترسەنۆکی دەکا.کەسێکی هەژاری لە نیزیکەوە نەناسیبێ ڕەنگە وا بیر بکاتەوە لەوبارانەوە بێچووە مەلائیکە بووە. ئەوانەی ماون و لەگەڵ ئێمە بوون دەزانن من و کاک سولەیمان یەکجار زۆرمان یەکتر خۆشدەویست و بەشی هەرە زۆری ئەو چەند ساڵەش هەتا پێش شەهید بوونی هەر بە یەکەوە بووین و لە تەواوی سەفەرەکانی کە بۆ وڵات کردوومانە، لێک دانەبڕاوین و شەوانەش چ لە ئاوەدانیان و چ لە چۆلیان لە نیزیک یەک نووستووین، قەتم عەمەلێکی وا پێوە نەدیوە دوور بێ لە ئەخلاقی پێشمەرگانە و شۆڕشگێڕانە.
بۆ مەسەلەی گیرفان و فەرق و جیاوازی لە گەڵ هەواڵەکانی،ئێمە ئەو کات هیچمان گیرفانێکمان نەبوو تا فەرق و جیاوازی تێدا هەبێ،ماڵم هەقە لەو بارانەشەوە سولەیمانی موعینی پووڵ و کای لە لا وەک یەک بوو، تەنانەت لە سەر ئەو مەسەلانە لە گەڵ بابی خۆشی نێوانی زۆر خۆش نەبوو.
لە سەر ترسەنۆکی، ئەگەر ئەو ئینسانە وەکی هەژار دەڵێ ئاوا با، چۆن بوو لێکدا لێکدا سەفەری وڵاتی دەکردەوە و دوو مانگ و سێ مانگ دە زەمانی "شا"ی دا بەو هەموو ژاندارم و پاسگا و دەسەڵاتەوە، لە ناوچەکانی سەردەشت و پیرانشار و مەهاباد و بۆکان دەخولایەوە و پیتاکی بۆ شۆڕشی ئەیلوول و بارزانییەکان کۆ دەکردەوە و تەشکیلات و حەوزە و شانەی بۆ حیزبی دێمۆکڕات پێک دێنا؟ چۆنە ئێمە کە لە گەڵی بووین هەستمان پێ نەکردووە، بەڵام هەژار لە بەغدا ڕا زانیویە کە سولەیمانی موعینی ترسەنۆکە!
.... بە بۆچوونی من، هەژار ئەو قسانەی هەموو بۆ ئەوە ساز کردووە کە وابنوێنێ سولەیمانی موعینی کە لە لایەن بارەگای بارزانییەوە شەهید کراوە و داویانەتەوە بە ئێران،ئینسانێکی دژی بارزانی و شۆڕشەکەی بووە و ئەوان هەقیان بووە کە کووشتوویانە.دە حاڵێکدا بۆخۆیان بۆیان ڕوون بۆتەوە کارێکی خراپ و هەڵەیەکی مێژووییان کردووە و هیچ بەڵگەیەکیان بە دەستەوە نییە کە سولەیمانی موعینی و هاواڵەکانی چکۆڵەترین هەڵەیەکی دژی شۆڕش و بارزانیان کرد بێ. ئەوەش بە جێگای خۆی، "مونتەقیمی قازی" چی کردبوو، لە گەڵاڵە و لە بن دەستی بارەگای بارزانی درایەوە بە ڕێژیمی شا؛ "مەلا ڕەحیمی وێردی" چی کردبوو، عەبدولوەهابی ئەترووشی خۆفرۆش کوشتی و تەحویلی ئێرانی دایەوە؛ "خاڵە ئەسکەندەری هەورامی" و پێنج هاواڵەکانی چیان کردبوو، تەسلیمی ئێرانیان کردنەوە؟ مەگەر " ساڵح لاجانی" و ڕەفیقەکانی خۆیان تەسلیمی شۆڕش نەکردەوە، کەچی بە بۆچوونی من هەژار بە هێنانە گۆڕی ئەو باسانە هەم شەخسییەتی خۆی هێناوەتە ژێر پرسیارەوە و هەم دەردی سەریی زیاتری بۆ پارتی و بارەگای بارزانی دروست کردووە. هەر بۆیەش داوای کردووە پاش خۆی چێشتی مجێور بڵاو بکرێتەوە.
کاک هەژار دەڵێ کە " جەماعەتی ساڵح لاجانییان هێنا تەحویلیان بدەنەوە. دایک و بابی " عومەر حەوتەوانە" خۆیان دەکن هاویشتم و پاڕانەوە کە کوڕەکەیان ڕزگار کەم، چووم داوام لە بارزانی کرد و پێش درانەویان عومەریان بەرهەڵدا کرد بوو و گوتبوویان ڕای کردوە".
بە ڕاستی شت ئاوا نەڕەنگێ و هەڵنەبەسترێ تامی نابێ.ئەدی بۆچی ناڵێ عومەر جاسووسی خۆیان بوو ناردبوویانە ناو ئەوان بۆخەبەرچینی و جاسووسی. باشە ئەگەر ڕاست دەکا و هێندە قسەی لای بارزانی ڕۆیوە بۆ کارێکی وای نەکرد سولەیمان و ساڵح لاجانی و ئەوانی دیکەش لە کوشتن و تەحویل درانەوە بە ئێران ڕزگار بکا.
- https://knwe.org/?p=43285
- ه‌فیق پشده‌ری له‌کتێبه‌که‌یدا،کوردستان لاپه‌ڕه‌"35 ده‌ڵێت"یه‌که‌م پێشمه‌رگه‌"ژن"له‌شۆڕشی ئه‌یلول ساڵی 1961 خوشکه‌ مارگرێت بوو، له‌سه‌ر داوای "حه‌مایل خان" به‌ فه‌رمانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی تیرۆر کرا".
ویکی پێدیای کوردی:
مارگرێت جۆرج (بە ئینگلیزی: Margaret George) ئافرەتێکی ئاشووریی کورد بوو کە بە یەکەم ژنی پێشمەرگەی کورد ناوی لێدەبەن. مارگرێت لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە کاتێکدا کە کوردە موسوڵمانەکان پێشمەرگەبوونیان بۆ ژنان بە قەدەغە دەزانی چووە نێو ھێزەکانی پێشمەرگەکانی مەلا مستەفای بارزانی و بە ھۆی ئازایی و نەترسییەکەوە زۆر زوو بەناوبانگ بوو. وێنەکانی مارگرێت بۆ ھاندانی کوردەکان، بە گشتی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاو کرایەوە. بەڵام لە شەوی ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٦٩ لە گوندی قەڵاقومری لە بۆسەیەکدا بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا. لەدوای کوژرانی ئیتر لەنێو میدیاکانی کوردەکانەوە ناوی لێنەبرا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە