پارتی بە تەنهایە

Sunday, 08/11/2020, 17:40

4191 بینراوە


یەکێک لە خەسڵەتە خراپەکان کە پارتی پێ ناسراوە، دژایەتیکردنی هەرلایەنێکە گەر لەگەڵ سیاسەت و بۆچوونەکانیدا نەبێت.
ئەم سیاسەتە چەوت ومەترسیدارەی پارتی دۆخێکی وای درووستکردوە دەمێک کێشەیەک قەیرانێک بەرۆکی هەرێم دەگرێت دەبێ لایەنەکان هەزارویەک حساب بۆ پارتی بکەن بەوەی کە چۆن لە هەڵوێستەکانیان دەڕوانێت ،قەبوڵیان دەکات یا دژیان دەبێت.
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە پارتی خۆی بەخاوەنی ڕەهای کوردستان دەزانێت ئەوانی دیکە بە پاشکۆ ،وە پێیشی وایە کۆتا بڕیار بۆ هەر دۆسیەیەک لای ئەوە.
ڕاکێشانی لایەنەکان بۆ پشتگیری و هاوبۆچوونیان لەتەک خۆی جۆرەها فۆرمی وەرگرتووە ،لەوانە پێدانی ئیمتیازات و پۆست و پارە،ناوهێنانی وەک هێزێکی نیشتمانی و دڵسۆز، فشار و هەڕەشە.خۆگەر ئەم هەوڵانە بێ ئەنجام بوون ئەوە دواچەک بەکاردەهێنن ،ئەویش بوختانی ئەخلاقی بۆ چەند سەرکردەیەکی ئەو حیزبە سەرکێشە، ناوزەند کردنی بە ناپاک و نا نیشتمانی و داردەستی دەرەوە ،ئەوجا خستنەگەڕی شاڵاوی ڕاگەیاندن لەدژی .لەمەدا نەک هەر ڕۆبۆتەکان کەناوی خۆیان ناوە نووسەر و میدیاکار بەڵکو هەندێک جار ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەش بەشداری تێدا دەکەن بە نمونەی نەجات حەسەن ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، کە ڕەخنەی لە حیزبی شیوعی گرتوە،تەنها بەهۆی ئەوەی لە بەیاننامەکەیدا سەرکۆنەی پارتی کرێکارانی نەکردوە و داوای هێوەکردنەوەی دۆخەکەی کردوە. یاخود [ناشیەکیان] بەنێوی سوورە مەرگەیی زۆر بێ مۆراڵ و دوور لە ئەتەکیەتی نووسین دابەزیوەتە سەر هاوڕێ ئەبو کاروان و حیزبی شیوعی ،چونکە هاوڕێ ئەبو کاروان پرسیویەتی لە پارتی[گەر پێ کاکا داگیرکەرە ،ئەی ئەو هێزانەی تورکیا لە خاکی هەرێم چین؟
سەیر لەوەدایە زۆر جار پارتی بۆ شەرعیەت دان بە سیاسەتە مەترسیدارەکانی [بەتایبەت گەر حیزبەکان نەچنە ژێر ڕکێفی] ئەوە پەنا بۆ دامەزراوە فەرمیەکان دەبات و بەناویانەوە هەڵوێست دەردەبڕێت.
لە ئێستا بارگرژیەک لەنێوان پارتی و پارتی کرێکاراندا هەیە کە بۆنی جەنگی لێدێت.
سەرجەم هێزو لایەن و کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاولاتیان بە جۆرەها چالاکی لەهەوڵدان کە دۆخەکە هێور بکەنەوە ،چونکە دەزانن ڕوودانی جەنگ چ کارەساتێکی لێدەکەوێتەوە.
یەکێتی و گۆڕان کە بەشداری حکومەتن بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندوە کە لەگەڵ شەڕدانین و بەشداری تێدا ناکەن. حیزب و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش هەموو دژی شەڕن و هەڵوێستیان دەربڕیوە ،کەواتە تاکە لایەن کە دەخوازێت کێشەکە بەشەر یەکاڵا بکاتەوە تەنها پارتیە. ئەوەی شاراوەنیە پارتی لەژێر فشارو داوای ئەردۆغاندا دەیەوێت جەنگ هەڵگیرسێنێت، مەرام و ئامانجی ئەردۆغانیش لەمەدا ڕوونە و پێویست بە باسکردن ناکات..
پارتی زۆر هەوڵیدا بەلای کەمەوە یەکێتی قەناعەت پێ بکات بۆ هاوشانی خۆی ،بەوەی خاوەن هێزی چەکداریە لە هێزەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە ،هاوکات وەزیری پێشمەرگەش سەر بەخۆیانە، لێ وەک ئاماژەم پێدا تا ئێستا یەکێتی نەچوەتە ژێر باری ئەو فشارەی پارتی ، لەوەش ناچێت لە ئایندەدا نەرمم ببێت ،چونکە سەرکردایەتی باش دەزانن کە زۆرینەی قاعیدی یەکێتی جۆرە هاوسۆزیەکیان بۆ پارتی کرێکاران هەیە.
گۆڕانیش کە لە حکومەتدا بەشدارن هیچ جۆرە ڕەزامەندیەکیان نیشان نەداوە کە جەنگ بەناوی حکومەتەوە بکرێت.ئەمەش پارتی زیاتر دەیری[تووڕە] کردوە .پارتیش بۆ تۆڵەکردنەوە و ئیحراجکردنی یەکێتی و گۆڕان ،بێ پرس کردن یا گەڕانەوە بۆیان بەناوی حکومەتی هەرێم،وەزارەتی پێشمەرگە و ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بەیاننامەو بڕیار دەردەکات.ئەمەش ئەوپەڕی بێڕێزی و بێ نرخکردنی دامەزراوە حکومیەکانە،هاوکات سوکایەتیە بە یەکێتی و گؤڕان و قەبوڵکردنی جێگەی شەرمەزاریە.
بەڕوونی دەردەکەوێت پارتی لەم دۆسیەیەدا دۆسیەی خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگ لەگەڵ گەریلادا تەواو تەنهایە.
ئومێدەوارم ئەم تەنیایی و کەنارخستنەی پارتی ببێتە پەندو وانەو تێبگەن چیتر ناتوانن تاکڕەوانە بڕیار بدەن ،بەتایبەتی لەو دۆسیانەدا کە هەستیار و مەترسیدارن ، چونکە کوردستان موڵک و خاکی هەموانەو لەسەر پارتی تاپۆ نەکراوە.
گەرەکە پارتی لەوەش تێبگات کە مادام حیزب و ئایدۆلۆجیای جیاواز هەیە ،کەواتە بیروبۆچوون و هەڵوێستی جیاوازیش هەیە، بۆیە ناکرێ و لۆژیکیش قوبوڵی ناکات ئەو حیزبانە لە هەموو هەنگاوێکدا بە پارتی بڵێن ئامین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە