قەیڕانی موسوڵمانان لە خۆرئاوادا

Tuesday, 10/11/2020, 0:15

3895 بینراوە


ئامادەکردن و وەرگێڕانی:
کاتێك سەرەكکۆماری فەرەنسا گووتی " ئیسلام لە هەموو شوێنێکی جیهاندا لە قەیراندایە" جیهانی ئیسلامی کاردانەوەیەکی تونیدی نیشاندا. بەڵام ئایا ماکرۆن یەکەم کەسە بەم سەرەنجامە گەیشتبێت ؟ ئایا ئەمە ڕاستیەك نیە کە پێویستە هەموو موسڵمانێك هەڵوێستەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر بکات؟ بڕیارە تاکەی جیهانی ئیسلامی و بەربژێرە سیاسی و ئەکادیمیەکانی خۆیان لەو ڕاستیە تاڵە گێل بکەن ؟!
لە دنیای ئەمڕۆدا موسوڵمانان نەك هەر لە وڵاتانی خۆیاندا نوقمی کێشەی جۆراوجۆری سیاسی، ئابوری ، کۆمەڵایەتی، فکری، ژیاری و حوکمڕانین ، بەڵکە بونەتە هۆکاری بڵاوبونەوەی تیرۆر و نائارامی لە جیهاندا. زیاتر لە ٩٠٪ ئاوارە و پەنابەرانی جیهان، موسوڵمان پێکی دەهێنن. ٩٥٪ ئەو پەنابەرانەش کە ناتوانن لەنیشتمانی تازەدا جێبکەون و پابەندی یاسا و نەریتی کۆمەڵگە و دەوڵەتی پەنادەربن ، ڕەوەندی موسوڵمانانە. کاتێکیش کەسێك ڕاستگۆیانە واقعیەتەکانیان بۆ باس دەکات ، بە تیرۆر و ژاوەژاوی بایکۆد وەڵامی دەدەنەوە.
ئەحمەد عەسید شاعیر ونوسەر و بیرمەندی مەغریبی یەکێکە لەو بیرمەندانەی ڕاسگۆیانە دەست دەخاتە سەر برینەکانی جیهانی ئیسلامی و لە سەر ئەو هەرایەی ئیسلامیەکان لە دژی ووتەکانی ماکرۆن بەرپایانکرد، لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆیدا ،کرۆکی کێشەکانی موسوڵمانانی نیشتەجێی ئەوروپا بە گشتی و فەرەنسای بە تایبەتی، خستوەتە ڕوو. ئەو نوسیویەتی:*
- چیدی ئیسلام لە چوارچێوەی شارستانیەتی خۆرئاوادا، ئیسلامی میللی ، نەریتی و سۆفیانە نیە ، وەك ئەوەی لە وڵاتانی ئیسلامیدا هەیە. ئەم جۆرە ئیسلامە لەسەردەمی جیهانگیریدا، بەشێکە لە زنجیرەی هەڵمەتە کۆنەکانی ئیسلام ( غزەوات) بۆ وڵاتانی کافر. هەڵبەتە لە جیاتی ئەسپ و شمشێر و ڕمەکانی جاران ، ئەمڕۆ چەکەکانی ئەم هەڵمەتە ، تۆڕێکی فراوان و درێژخایەنی کۆمەك و پارەی داهاتی نەوتی وڵاتانی عەرەبیە.
- چیدی مزگەوت لە وڵاتانی خۆرئاوادا ، شوێنی پەرستن و جیبەجێ کردنی سروتە ئاینیەکان نیە، بەڵکە پەناگایەکە بۆ پاراستنی شوناس وپاكکردنەوەی ئایدۆلۆژیانەی موسولمانان لە دژی دەوڵەتی پەنادەر.
- ئیمامی مزگەوت لە جیاتی ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پەرستن و نوێژ، بووەتە ڕابەر و ڕێنوێنیکەری سیاسی. لە ڕاستیدا پێشنوێژی مزگەوتەکانی خۆرئاوا، کادری سیاسی ڕەوت و بزوتنەوە سیاسیە ئیسلامیەکانن.
- ڕەوەندی موسوڵمان وەك کۆمەڵێك بە تێگەیشتنە ئاینیە ئیسلامیەکەی، خۆی لە دەوڵەت و پڕۆژەکانی جیادەکاتەوە و دەبێتە باوەشێکی نانیشتمانی ڕاستەقینەی موسوڵمانان لە پەراوێزی دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا. ئەمە وا لە موسوڵمانان دەکات پابەندی هیچ پێوەر ( نەریتێکی کۆمار) نەبن، چونکە نەریتی خۆیان هەیە. کاتێکیش دەوڵەت هەوڵدەدات وەك هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی، نەریت و یاساکانی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت، ئەوان نەك هەر ملی پێنادەن ، بەڵکە بە ڕەگەزپەرست و " ئیسلامی فۆبیا" تاوانباری دەکەن!
- بەمجۆرە ڕەوەندی موسوڵمانان توشی دوو جۆر لە نامۆبوون دەبن: نامۆبوون لە نیشتمان و کولتور و ئاینی بنەرەتی خۆیان و نامۆبوون لە کۆمەڵگە و دەوڵەتی پەنادەر.
- کەش و هەوای گشتی شارە خۆرئاواییەکان بۆ موسوڵمانان ، پڕە لە توندوتیژی ڕۆژانە! جۆری جل لەبەرکردنی خەڵکی، بوونی بەهێزی ژن لەو کەشوهەوا گشتیەدا، مۆسیقا و سەما، وێنە و پەیکەری ڕووت، بوونی قاوەخانەی تێکەڵ، باڕ ، دیسکۆ و یانەکانی شەوان ، بونی سەگ و باقی ئاژەڵە ماڵیەکان لەو کەش و هەوا گشتیەدا.... هتد . هەموو ئەمانە هەستی موسوڵمانان دەڕوشێنێت و توشی بەریەكکەوتنێکی دژواریان دەکات. ئاخر موسوڵمان هیچ یەکێك لەو بەهرانەی نیە ، نە مۆسیقا و نە پەیکەرتاشین و وێنەکێشان و نە زانستێک تا کێبڕکێ ئەوانی پێ بکات. هاوکات ئەو ڕقی لە سەگە و بە چاوێکی سوکیشەوە دەڕوانێتە ژن و ڕۆڵی لە ژیانی گشتیدا! ئەو پێیوایە ئاین تاکە شوناسی ڕاستەقینەیەتی. هەر بۆیە لە کاردانەوەیدا نوێژ دێنێتە سەر شەقامەکان و هەندێك جار ڕێگەی هاتوچۆی ئوتومبێلەکانیش دەگرێت! بەمجۆرە دەیەوێت هێرشی پێچەوانە دەستپێبکات و تۆڵەی خۆی لەو کۆمەڵگەیە بکاتەوە کە هەموو ڕۆژێك پێچەوانەی باوەڕەکانی ئەم، دەجوڵێنەوە!
- بەڵام تاکی موسوڵمانی نیشتەجێی ئەوروپا، بەتوندی دەست دەگرێ بە دەسکەوتە مادیەکانەوە، بۆیە پێویستی بە " کافرەکان"ە ، بەڵام بەبێ ئەوەی دان بە جوامێری ئەوان و سەرکەوتویی ئەزمون و جۆری ڕێکخستنی ژیانیان، بنێت. هەربۆیە نەوەیەکی زۆر دەخاتەوە، تا بە وەرگرتنی پارەی منداڵەکانی بتوانێت بێ ئەوەی کارێك بکات و بەرهەمێکی هەبێت ، زۆرترین کات لە مزگەوتدا بەسەر بەرێت.
- تاکی موسوڵمان هاوڵاتیانی ناموسڵمانی کۆمەڵگە بە خەڵکێکی نامۆ بەخۆی دەزانیت، وەك دوژمن چاویان لێدەکات. بۆیە بۆیگرنگە منداڵەکانی تێکەڵاوی منداڵەکانیان نەبن ، هاتوچۆیی شوێنەکانیان نەکەن ، بەمجۆرە خۆی لەو کۆمەڵگەیە دادەبڕێت و لەنێو گەڕەکە موسوڵمان نشینەکاندا خۆی و خێزانەکەی قەتیس دەکات.
- لای موسوڵمانان خوێندن و پەروەردە لە قوتابخانەکانی وڵاتانی خۆرئاوایدا، هۆکارێکی مەترسیدارە لە سەر شوناسی منداڵی موسوڵمان! هەر بۆیە منداڵەکانیان ڕاپێچی مزگەوتەکان دەکەن تا وتاربێژە " ئیخوان و وەهابیەکان " بەناوی فێرکردنی قورئان و زمانی عەرەبیەوە، مێشکیان قانگ بدەن. هەرزوو دەردەکەوێت کە منداڵەکان ناتوانن بە ئاسانی فێری ڕێزمانی عەرەبی ببن ، بەڵام بە ئاسانی تێگەیشتن و توندڕەوی ئاینی وەردەگرن.
- خێزانە موسوڵمانەکان تەماشای ڕاگەیاندنی دەوڵەتە خۆرئاوایەکان ناکەن ، بەڵکە ڕۆژ تا ئێوارە بەدیار کەناڵە ئاسمانیە خێڵەکیەکانی نەوتی کەنداوەوە دادەنیشن. ئەو کەناڵانەی کەبە سادەترین شیواز وێنەی ئاینداریەکی خێلەکی و دەشتەکی کە پێچەوانەی ژیانی هاوڵاتیە لە دەوڵەتی مۆدرێندا، نیشان دەدەن.
- لای موسوڵمانان نیشتەجێبوون و جێکەوتن لە کۆمەڵگەی خۆرئاوایدا ، مەترسیەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی شوناس ، شوناسێك کە تەنیا بە دژایەتی کردنی نەریت و یاساکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی پەنادەر ، دەمێنێتەوە. دەرەنجامی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەکانی ڕەوەندی موسوڵمان ، ئاستی بەرهەمهێنان و داهێنانیان لە چاو بەش و پێکهاتەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا ، لە خواری خوارەوەبێت.
- بێ گومان ئەم پێناسەیە بۆ هەموو ڕەوەندی موسوڵمانی دەوڵەتانی خۆرئاوا دروست نیە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان ئەو جۆرە کێشانەیان هەیە. ئەمە هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو دەستەواژانەن لە جۆری " جوداخواز " و " دابڕانی ئیسلامی" کە سەرۆکی فەرەنسا لە وتارەکەیدا، ئاماژەی پێکردن.
..............
* https://www.facebook.com/ahmed3assed/photos/a.1374224725968462/3580158162041763/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە