پەیامێک لە ئامانج کولیاییەوە بۆ خەڵک و لایەنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان

Sunday, 15/11/2020, 16:12

2990 بینراوە


"بەردەوام بێت رێگای رزگاری خەڵکی کوردستان

خەڵکی چەوساوە و ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان‌!
حزب و لایەنە مافخواز و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان!

وەک زیندانییەکی سیاسی و بە نوێنەرایەتی لە لایەن سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئەمنیەتی پارێزگای سنەوە سەرەتا ئێوە لە رەوشی نالەباری زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئاگادار دەکەمەوە.
لە زیندانەکاندا و بەتایبەتی زیندانی ئیتلاعات(شبلی) و زیندانی ناوەندی سنە بێجگە لە بەڕێوەچوونی حوکمی ناڕەوا و ئەشکەنجە و ئازاری جۆراوجۆری رۆحی و جەستەیی، پیلانی جۆراوجۆر دژ بە گیراوە زوڵملێکراوەکان بەڕێوە دەچێت کە گرینگترینیان بریتین لە کوشتن و بێ سەروشوێن کردن، نەخۆش خستن، گیروودە کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، سووکایەتی پێکردن و ...هتد، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی پاییزی ساڵی رابردوو.

بەشی سیاسی - ئەمنیەتی زیندانی ناوەندی سنە(پوویشی یەک و دوو) کە راستەوخۆ لە لایەن ئیتلاعاتەوە بەڕێوەدەبردرێت، بە دانی دەسەڵاتەکەی بە دەستی خۆفرۆشەکان بووەتە گۆڕەپانی شەڕی فیزیکی و دەروونی و بەگژیەکدادانی زیندانییەکان و بە درێژایی ساڵی رابردوو چەندین پەلامار و بەگژیەکداچوونی گەورە و قورس تێیدا رووی داوە. هۆکارێکی گرینگی تری ئەم دیاردەیە تێکەڵ کردنی سیاسییەکانە لەگەڵ سەلەفییەکان و تەنانەت جاروباریش بکوژەکان کە بۆ شکاندنی حوکمەکانیان لە لایەن ئیتلاعاتەوە ئامادەن هەموو کارێک دژ بە ئێمە بکەن!(ئەوە وێڕای رۆڵی ئەو سیخۆڕ و خۆفرۆشانەیە کە بڕێکیان شان بە شانی زیندانیانی سیاسی بۆ سیخۆڕی و پیلانگێڕان بەسەر دژبەڕانی کۆماری ئیسلامی لە زینداندا دانراون و لەچاوی ئێمە شاراوە نەبوون و نین!)

ئەمن بەر لە بەربوون لە زیندانی ناوەندی سنە بە قەراری وەسیقە، تووشی کرۆنا هاتم و بۆ ماوەی دوو هەفتە لەوێ لە قەرەنتینەدا بووم و بێجگە لە خۆم تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەشم وەک باوک، دایک، نەنک، برا و براژنەکەم لە شاری قوروە تووشی کرۆنا هاتن و بەداخەوە نەنکی خۆشەویستم سیما جەعفەری کە ساڵیانی ساڵ چاوەڕوانی گەڕانەوە و دیتنم بوو، ماوەیەک بەر لە ئێستا کۆچی دووایی کرد.
پانزدە ساڵ زیندانی ناڕەوا بە تاوانی پێشمەرگایەتی وڵاتی خۆم و بەتایبەتی پێکهێنانی پارتی ئازادیی کوردستانی ئێران (PAKI) لە رابردوو، غەدرێکی گەورەی ترە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە منی کردووە، ئەمن کە دوای وازهێنان لە خەبات ماوەی نزیک بە دە ساڵ هیچ چەشنە چالاکییەکی سیاسیم نەبووە.
هەرچەند ئازادیی سیاسی و ئازادیی پێکهێنانی حزب و رێکخراوەی جۆراوجۆر مافێکی رەوا و بێ ئەم لا و ئەولای خەڵکی کوردستانە!
مافی دیاری کردنی چارەنووس و گەڕانەوەی سەرکردایەتی و رێکخستنی دەرەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و لایەن و کەسایەتییە رەسەنەکانی تر بۆ باوەشی نیشتمان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێ لایەنانە، پێکهێنانی حکوومەتێکی دیموکراتیک و گەلی هەرێمی، بە پانتایی بست بە بستی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماکۆوە هەتا ئیلام، دیاری کردنی شارێک وەکوو پێتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لەو مافانەن کە چی دیکە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێ پێشێلیان بکات و لە خەڵکی کوردستانیان بستێنێت! هاتنەسەر شەقامی ئاشتیانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێداگری کردن لەسەر مافە رەواکانیان و ئیدانەی سەرکوتی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان دەتوانێ ئێمە لەو ئاواتە پیرۆزە نزیک بکاتەوە.
هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە وا بە پێکهێنانی" کومیتەی حسن نیت " بە تەمای چارەسەری کێشەی کورد بە دیالۆگ بوو، (هەڵبەت راستگۆیانە و نە وەک پیلانی تیرۆری سەرۆک و رێبەری شەهیدی نەتەوەی کورد د. عەبدولرەحمان قاسملوو) دەنا کورد دەبێ بەردەوام بێت لەسەر بزووتنەوەی مەدەنی و خۆپیشاندانی هێمنانە و بە دور لە توندوتیژی کۆماری ئیسلامی ناچار بە کۆڵدان بە حەق و دانی مافەکانی ئێمە و تەسلیم کردنی دەسەڵاتی کوردستان بە حزبی دیموکرات، کۆمەڵە و لایەن و کەسایەتییە رەسەنەکانی تری نیشتمانەکەمان بکەن کە جێی پەسندی جەماوەرن.

لە کۆتاییدا بەر لە هاتنەوەی وەڵامی ئیعترازەکەم لە لقی 41ی دیوانی عالی لەسەر حوکمی 15ساڵ زیندانەکەم و گەڕانەوەم بۆ زیندان داوا لە سەرجەم خەڵک و حزب و لایەنە خۆشەویستەکانی کوردستان دەکەم بەرانبەر بە پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، مەحکوومیەتی ناڕەوا و سەرکوت و زیندانی ئێمە بێ هەڵوێست مەبن و خوازیاری ئازادی زیندانیانی عەقیدەتی و سیاسی بن هەم لە سنە و هەم لە پارێزگا و شارەکانی دیکەی کوردستان.

بەردەوام بێت رێگای رزگاری خەڵکی کوردستان"

لە لایەن م.ج(ئامانج کولیایی)
23 خەزەڵوەری 1399ی هەتاوی
قوروە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە