ئێوە ئەمەبوون

Tuesday, 03/11/2020, 20:22

2746 بینراوە


 یەک: دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، گروپێک بەڕێبەرایەتی کوڕەکانی ناوبراو لەبری ململانێ، کەوتنە دژایەتییەکی سەرسەخستی عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی علی.
دوو: چیاو نما دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە: ئایا تۆمەت و تەشھیر بۆ ھەردو کەسی ناوبراو و بڕیاری دەڕپەڕاندنیان، ڕاسپاردەی باوکیان بوە؟
سێ: لەنەخۆشکەوتنی نەوشیروان مستەفاوە، گروپی ھەستانەوە ناوبەناو کۆبونەوەمان دەکرد لەسەر دۆخی گۆڕان. ئەندامانی گروپەکە: زمناکۆ جەلال، علی حەمە ساڵح، ئارام شێخ محمد، یوسف محمد، وشیار عبداللە، عەدنان عوسمان و محمد علی.
چوار: بەیانیەکەی ڕۆژی پێنجشەم، ٢٠١٧/٥/١٨(یەک ڕۆژ پێش وەفاتی نەوشیروان مستەفا)، وشیار عبداللە ئاگاداری کردین کۆبونەوەیەکی زۆر تایبەت و داخراو لە ماڵی ڕزگاری حاجی کائیل لە یەکێک لە شوقەکانی پاک ستی ئەنجام دەدەین.
پێنج: کۆبونەوەکە بەئامادەبونی حەمە تەوفیق، عەدنان عوسمان، وشیار عبداللە، ڕزگاری حاجی کائیل، یوسف محمد، بەیاری ملازم عمرو بەندە بەڕێوەچو.
شەش: ئەم کۆبونەوەیە لەسەر ڕاسپاردەی حەمە تەوفیق و وشیار عبداللە بو. لەلایەن ڕێکخەرانی کۆبونەکەوە، تەکبیری چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئیعلام و نیەتی موئامەرەیەکی چنراو لەئارادابو.
حەوت: ئێوارەی ھەمان ڕۆژو دوای کۆبونەوەکە، حەمە تەوفیقمان گەیاندەوە ماڵی نەوشیروان مستەفا و ناوبراو بۆ ڕۆژی دوایی، وەفاتی کرد.
ھەشت: لەپرسەکەوە، جموجوڵەکانی ئەندامانی گروپی ھەستانەوە، جگە لە زمناکۆ جەلال و ئارامی شێخ محمد و بەندە، بەسەرکردایەتی و ئاگاداری نما و چیاو حەمە تەوفیق و ژمارەیەک گەنج و بەتەمەنی تر دەستی پێکرد. بەپیلان و پلانێکی زۆر نائەخلاقی و بەئاشکرا کەوتنە دژایەتی عوسمانی حاجی محمود و قادری حاجی علی.
نۆ: لەڕۆژی سێیەمی پرسەکە، حەمە تەوفیق داوای لێکردم، بۆ بەردەوامی کۆبونەوەکەی ڕۆژی ٢٠١٧/٥/١٨، کۆبونەوەیەکی تر ڕێکبخەین. بەتەلەفون پەیوەندیم بە وشیار عبداللەوە کرد و وتم: خۆت سەروکاری ئەو کۆبونەوانە بکەو پێم باشنیە من بیکەم.
دە: لەگەرمەی پرسەو سەرەخۆشیدا، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بیریان لای موڵک و پارەبوو، گردەکەیان خستە سەرناوی خۆیان و وردە وردە کارکرا بۆ گواستنەوەی کەی ئێن ئێن بۆ سەر کۆمپانیای وشەو دروستکردنی ماڵی نەوشیروان مستەفا وەکو پێگەو بنکەیەکی سیاسی نەوەک شوێنێکی کۆمەڵایەتی.
یازدە: ئەو ئەندامانەی سەرەوەی گروپی ھەستانەوە کە ئاماژەیان پێکرا، بونە دەمڕاست و جێبەجێکاری بەرنامە قێزەونەکەی حەمە تەوفیق و نماو چیا (دژایەتی و دەڕپەڕاندنی ھەرکەسێک مل نەدا بۆ مانەوەی موڵک و ماڵ و سەروەتی مەعنەوی نەوشیروان مستەفا بۆ کوڕەکانی-تەوریسی دارایی و سیاسی-).
دوازدە: یەکەم کاریان گواستنەوەی خاڵی کوڕەکان (شۆڕش علی) لەژوری پەیجوریەوە بۆ بەرپرسی ئیداری و دارایی کەی ئێن ئێن. لەسەر ئەم بابەتە ھەرایەک و گرژیەکی زۆر دروستبوو، کار گەیشتە ئەوەی گروپی ھەستانەوە بەئامادەبونی ھەموو ئەندامەکانی، شەوی ٢٠١٧/٦/٢٢ لە شوقەکەکەی یوسف محمد لەپاک ستی کۆبوینەوە. بەرگری کردنی یوسف محمد، علی حەمە ساڵح، عەدنان عوسمان و وشیار عبداللە لەپلانی حەمە تەوفیق و نماو چیا بۆ تەوریسی دارایی و سیاسی، دژایەتی و تۆمەت (نەوەک ململانێی شەریفانە) دژ بە قادری حاجی علی و عوسمانی حاجی محمود زۆر ئاشکراو ڕوون بوو.
سێزدە: کۆبونەوەکە بەگرژی کۆتایی ھات و ئەوەش دوا کۆبونەوە بو. لەڤایبەر گروپێکمان ھەبو، دوای ئەو بەروارە ئەویش نەما.
چواردە: دوای گواستنەوەی ھەمو ماڵ و موڵکی کۆمپانیای وشە، گواستنەوەی کەی ئێن ئێن بۆ کۆمپانیای وشەی کوڕەکان، چەندین کادری باشی ئیعلامی بەناوی تازەکردنەوەی کەی ئین ئێنەوە دەرکران، بەتایبەت ئەوانەی دژی تەوریس بون، یان "تۆمەتی" نزیکایەتیان لەقادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود بخرایەتە پاڵ.
پازدە: لەگەرمەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ڕێکخەری نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن، گروپەکەی حەمە تەوفیق و کوڕەکان فراوانتر بو. کەوتنە دژایەتیەکی زۆر ناشرین و نائەخلاقی بۆ ھەرکەسێک کەلەخۆیان نەبێت. دەیان تۆمەتی قێزەونیان بڵاوکردەوە، بەئاشکرا یوسف محمدو گروپی تەرویس ئەیانوت گرنگ نییە گۆڕان چەند کورسی ئەهێنێ، گرنگ ئەوەیە ببێت بەحیزب و لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆماندابێت.
شازدە: ھەمو ئەو ناوانەی سەرەوەو حاشیەکانی تری کوڕەکان، پشتگیری سەید عمریان کرد بۆ ڕێکخەری گشتی. ھۆکارەکە ئەوەنەبو کە سەید بەتوانایەو دەتوانێت سەرکەتوانە ئیدارەی بزوتنەوەکە بکات، بەڵکو لەبەرئەوەی پەسەندی کوڕەکان بوو، ھاوکات دەشیتوانی ببێت بەوەصیەکی باشی کۆمپانیای وشە.
حەڤدە: سەڕەڕای ئەو دژایەتیە، عوسمانی حاجی محمود ٤٥ دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەدەست ھێناو سەید عمر ٣٨ دەنگ.
ھەژدە: دواتر لەیەکێک لە کۆبونەوەکانی جڤات، داردەستی کوڕەکان، وشیار عمر، وتی "کاک نەوشیروان بەخۆمی وتوە کە سەید عمر بۆ ڕێکخەری گۆڕان باشە چونکە بزوتنەوەکە نافرۆشێت". واتە ھەرکەسێکی تر ببێت بەڕێکخەر، بزوتنەوەکە دەفرۆشێت تەبعەن بە خودی وشیار عمر خۆیشەوە.
نۆزدە: ڕوداوەکانی دواتر سەلماندیان کەکێ بزوتنەوەکەی فرۆشت بە دو مشت لە پۆست و ئیمتیازاتی حکومەت. دۆخی بزوتنەوەکەش بەجۆرێکە، کەس بەغیلی پێنابات.
بیست: دژایەتی و دوژمنایەتی بۆ کەسانێک نەک لەبەرئەوەی بۆ گۆڕان خراپن، بەڵکو نەدەبونە گوێڕایەڵی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، بەردەوام بو.
بیست و یەک: لەمانگی حەوتی ٢٠١٨، بەبێ ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکانی گۆڕان، عەلی حەمە ساڵح، یوسف محمد و مستەفای سەید قادر کەوتنە دانوستان (ڕاستتر تەسلمیکردنی گۆڕان بەپارتی). یەکەم ھەنگاویشیان ھەمواری یاسای دژە تیرۆرو ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم بەخواستی پارتی و دواتریش بردنی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ بەغداد بە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ دەنگدان بە کاندیدی پارتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق.
بیست و دوو: بەئامادەبونی چەند کەسێک، یوسف محمد وتوبوی "عوسمان و قادرو جەماعەتەکەیان چیان کردوە بۆ گۆڕان و بۆ ناڕۆن" دوای ماوەیەکی تر وتوبوی "ئینقلابی سپیمان کرد و دەرمانپەڕاندن". ئێستەش دوای ئەوەی نەبو بەوەزیر لەکابینەکەی کازمی، لەبەغداوە خۆی و وشیار عبداللە خۆیان لێکردوینەتە ئۆشۆو ناڕازی عەیارە بیست و چوار، گوایە نیگەرانن لە دۆخی بزوتنەوەکە!
بیست و سێ: بۆ سەلماندنی ھەمو ئەوانەی ناوم ھێنان، وتارەکان، نوسین، چاوپێکەوتنەکان و کۆنوسی کۆبونەوەکان باشترین بەڵگەن، هەموی ماوەو ناتوانن نکوڵی لێبکەن.
بیست و چوار: دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و پەلاماردانی گردەکە، شەھیدبونی گەنجێک و گوللەباران کردنی وێنەکەی نەوشیروان مستەفا، کوڕە بچوکە (بلیمەت و بەئەدەبەکەی) ناوبراو لە دانیشتێکدا وتوبوی " ھیچ نیە کێشەی شەخسی قادری حاجی علی و شێخ جەعفەرە". دارودەستەکەشیان هاندابو ئەو دیعایەیەیان بڵاودەکردەوە.
بیست و پێنج: ژمارەیەک ئەندامی جڤات، سەید عمر ، حەمە تۆفیق، وشیار عبداللە، ساماڵ سەردار، وشیار عمر، علی حەمە ساڵح، یوسف محمد، عدنان عوسمان، ئاکۆ حەمەکەریم، مستەفای سەید قادر، جەلال جەوھەر، جەمال محمد ....ھتد ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان ھەبو لە تەسلیمکردنی گردەکەو کەی ئێن ئێن و تاڕادەیەکی زۆریش دارایی بە کۆمپانیای وشەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا.
بیست و شەش: ئەو ناوانەو ژمارەیەکی تریش بونە ئەندازیاری وێرانکردنی گۆڕان و لەباربردنی خەونی خەڵک و تەوریسی دارایی و سیاسی و میدیایی. ھاوکات بونە داھێنەری ناشرینترین و نامەدەنیترین مۆدێلی دژایەتی بۆ بەرامبەرەکانیان.
ئێستەش لەسەروبەندی نەخۆشکەوتنی قادری حاجی علی، زۆرینەیان زۆر چەواشەکارانە خۆیان وەک ئۆشۆ و کەسانی خەمخۆری بزوتنەوەکە و خەڵک و دڵسۆز و ھاوڕێی عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی علی و ھاوڕێکانی نیشان ئەدەن.
د.محەمەد عەلی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە