ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

من تۆمەتبارت دەكەم: "راستی لە ڕەوتایە و هیچ شتێك ڕايناگرێت"

Tuesday, 11.17.2020, 17:28

1013 بینراوە


هاوکاتی تاوانبارکردنی کەسێکی دیاریکراو، پێویستە پرسیاری رونکردنەوە دەربارەی بکرێت و بپرسرێت؛ ئایا کێ کێ تاوانباردەکات؟ بۆچی تاوانباری دەکات؟ بە چ تۆمەتێك تاوانباری دەکات؟ یان بە چ مەبەستێك تاوانباری دەکات؟
ئەم پرسیارانەش پێویستە بەسەردەمی هەموانەوە بێت و ئاراستەی دەسەڵاتی کوردی بکەین لە بەرامبەر تاوانبارکردنەکان و ئەو تۆمەتانەی لە پلانیدایە بیخاتە پاڵ دەنگە ئازادەکانی بادینان.
ساڵى ١٨٩٤ دەسەڵاتی گەندەڵی فەرەنسای ئەو سەردەمە بە نارەوایی و نادادپەروەرانە و ئەنجامی رق و کینەیان بەرامبەر بە جولەکە، ئەفسەرێکی جولەکەیان بەناوی (ئەلفرێد دریفوز) نارەوا بە خیانەتکاری لە بەرژەوەندی ئەڵمانیا تاوانبارکرد. پاش دادگاییکردنێکی ڕوکەشی و ناڕەوا لە دوڕگەی شەیتان خرایە زیندانەوە. هەر وەک چۆن ئەمرۆ بە ناڕەوا چالاکوانان تاوانبار دەکرێن و بە پلانی شەیتانانە دەخرێنە زیندانی شەیتان لەدەفەری بادینان. سەرباری جیاوازی سەردەم، هەمان کردار بە ئەخلاق و شێوازی دەسەڵاتە زۆردارەکان دوبارە و چەندبارە دەبنەوە. بەرامبەر ئەو ناڕەواییەی لە دریفوز کرا، ناڕەزایەکان نەگەیشتنە ئەو ئاستەی خەڵك و شەقام بگرێتەوە، بەڵکو بووە هۆکاری بزوتنەوەیەکی لەبەرچاوی مێژویی رۆشەنبیران، ئەو روداوەش ئەو ڕاستیەیان پێشان دا کە رۆشنبیری تەنها نوسین نییە، بەڵکو هەڵوێستی بوێریە. ڕۆشنبیر ئەو مرۆڤەیە کە بەبێ بەرژەوەندی خۆی بیربکاتەوە و لێکدانەوەو هەڵوێستی وردی هەبێت بۆ دەوروبەرەکەی. بتوانێت بەشدار بێت لە پڕکردنەوەی کەموو کورتیەکان.
گەر ئاورێك لە مێژوی رۆشەنبیران بدەینەوە، دەبینین رۆشەنبیر لە هەڵوێستی دور لە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانەوە سەریهەڵداوە. کاتێک ئەو ئەفسەرە جولەکەیە بە ناڕەوا تاوانباردەکرێت، رۆژنامەنوسێک بەناوی (زولا) هەڵوێستی توند وەردەگرێت بەرامبەر ئەو زوڵمە ، کە زۆر بە قورسی لەسەر خۆی دەکەوێت. کۆمەڵێک نوسین لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکانی پاریس دژ بەدەسەڵات بڵاودەکاتەوە بە مانشێتی (من تۆمەتباردەکەم!)، وەکو پیشاندانێکی کورتی ڕووی دەسەڵات کە چۆن و بە چ شێوازێك بیانەوێ کەسانێکی دیاریکراو تۆمەتبار بکەن.
چەندین نوسەرو رۆژنامەنوس هاتنە پاڵ زولا و هەڵوێستیان وەرگرت، لەڕێگای نوسین و لێدوانەکانیەوە دژ بە نادادپەروەری ئەو سەردەمە. ئەمەش بۆتە تێڕوانینێك کە بە سەرهەڵدانی رۆشەنبیری مۆدێرن لەقەڵەم بدرێت. وەهەرەوها بە یەکەمین هەڵوێستی لەبەرچاوی رۆشەنبیران و تێگەیشتنێکی تەندروستی ڕۆشن و بەهەڵوێست لە مێژوی رۆشەنبیراندا ناسراوە، کە خۆی لە خۆیدا بە هەڵوێستی مرۆیی و ئەخلاقی پێناسە دەکرێت دژ بە نادادپەروەری ئەو سەردەمەی دەسەڵات، ئەو جۆرە نادادپەروەریەی کە ئەمڕۆی دەسەڵاتی کوردی ڕێچکەی گرتووە. زولا تەنها بەمە نەوەستایەوە، بەڵکو هەمیشە ئەم ڕستە فەرەنسیەی دوبارە دەکردەوە؛
``La vérité est en marche, et ne rien l’arrétera’ ``
"راستی لە ڕەوتایە و هیچ شتێك ڕايناگرێت"
زۆر لە رۆشەنبیرەکانی ئەو سەردەمە بە زولایان دەوت ئەوەی تۆ هەوڵی بۆ دەدەیت بە هیچ ئەنجامێك ناگات و نایەتەدی. ئەم ڕستەیەش بۆتە ڕستەی خوازراوی دەسەڵات، کە رۆژانە بەسەر دەمی زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوەیە، دەتوانین بڵێین، هەندێکیان بە هۆی ناهۆشیاریانەوە و هەندێکیان بە مەبەستی هەڵهاتن لە بەرپرسێتی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەجێهێنانی ئەرکە ئەخلاقیەکانیان . ئاستی هۆشیاری هەندێك جار یان لە هەندێك هەلومەرجا نەگاتە ئەو ئاستەی ڕاستیەکان ببینێت، بەڵام چاوەڕوانیەکان لە کەسانی ڕۆشنبیر زۆر زیاترە. چاوەڕوانی لە رۆشەنبیران بە ئەخلاقی بوونە، ئەوەش لەهەڵویستا دەردەکەوێت، هەلوێستی بوێرانەش دروستکەری رۆشەنبیرانە. رۆشەنبیر لە واقعی روداوەکاندا درووست دەبێت، بەتایبەتی لە ناوەندی واقیعە نامۆڕاڵی و نادادپەروەریەکان. ئەوە واقعی نادادپەروەری ململانێی ئاینی بوو کە فۆڵتێر بیری رۆشەن بووە وهەڵوێستی بەرامبەر بە کەیسی (کالاس) ی بە ناڕەوا تاوانبارکراو نەبەردانە دەربڕی. کاتێک کالاس بە نارەوا لەنێوان ململانێی پرۆتێستانەکان وکاتۆلیکەکان تاوانبار کرا بەوەی کورەکەی خۆی کوشتوە ،لەکاتێکدا کوڕەکەی کاڵاس بە ویست و بە دەستی خۆی ژیانی بەجێهێشتبو، کالاسیان بە نارەوا لە سێدارەدا.
فۆڵتیر وەك کاردانەوەیەکی نەبەردانە بەرامبەر ئەم تاوانە پڕ بە دەنگ هاواری دەکرد: "با لەم ڕوداوە پڕ تاوانکاری و ناڕەوایە وانەیەک وەربگرین، وانەیەك کە ئیتر هەرگیز رێگا نەدرێت نادادپەروەری بەناوی ئاین و رقەوە دەسەڵات و ناڕەواییمان بەسەردا بسەپێنێ". ئەم کەیسە و ڕوبەڕوبونەوانە کە ڕوداوەکانی رۆژانەی ئەو نوسەرانە بوو خرایە سەر گۆڤار و ڕۆژنامەکان و پەنجەیان دەخستە سەر زامەکانی تاکەکان و کۆمەڵگاکەیان. هەر ئەوەش بووە ئاوێنەیەك بۆ پیشاندان و هیوادان بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی ئازادیخوازو دادپەروەری ئەمرۆی رۆژئاوا. هەڵوێست و ئەرکەکان دروست بوونی رۆشەنبیرانمانن پیشان دەدات، کە بونە رۆشەنبیر بە چ مانایەکە و رۆشەنبیر کێیە؟. ئەرکی رۆشەنبیر ئەوەنییە کە تەنها لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەرەکان پڕ بکەنەوە و خۆیان نمایش بکەن، بەڵکو پێویستەخ خاوەنی سەرنج و هەڵوێستی بێلایەن و بوێرانە بن لەسەر روداوەکانی ناو ئەو زێدەی تیایدا دەژین. ئەرکە مۆراڵیەکانی ئەوەیە لە هەوڵدابێت لەڕێگای پێنوسەکەیەوە ئازاری سەرکوتکراوە بێدەسەڵاتەکان بگەیەنێت بە ڕای گشتی، بیکاتە هاوارێك و بە گوێی هەموانیا بدات. پێویستە رۆشەنبیرو رۆژنامەنوسان گۆڤارو رۆژنامەکان پر بکەنەوە بە روداوەکان، نوکی پێنوسەکەیان بکەن بە چاوی دەسەڵاتدارانی ناڕەوادا. هەرگیز دەرفەت نەدەن بەوەی بە زەبرو دیکتاتوریەت ماف خوراوان تاوانبار بکرێن، دەسەڵاتێک کە هیچ بەهایەکی نەهێشتوتەوە بۆ ئۆرگانەکان و دەسەڵاتەکانی دادپەروەری، ئیتر بە چ رەوت و یاسایەك دەکرێت لە سەپاندنی دادپەروەریی زمان وەردات؟. یاساکانیان تەنها وەک ئامرازی "من تۆمەتباردەکەم" بەکاردێنێت، بەناوی منم ئەو دەسەڵاتە کوردیەی کە تەنها بێکەسان و بێپشتیوان و هەژاران و کەسانی بەهەڵوێست تاوانباردەکەم.
رۆشەنبیر کەسێك نیە کە نانی دەسەڵات بخوات. مەحاڵە لەئیستای ئەوروپاش رۆشەنبیرێك بە شانوباڵی دەسەڵاتدا هەڵبدات. ئەوەی زۆر جێگای سەرنج و گاڵتە جاڕیە، هەندێك لە نوسەرانی کورد کە لە ماڵپەرەکانی دەسەڵات و ماڵپەڕە سێبەریەکان و بەناو بێلایەنەکاندا دەردەکەون و ووتار دەنوسن، گەر ککۆی وتارەکانیان کۆ بکەینەوە لە بازنەی یەک بیرۆکەدا دەخولێنەوە؛ باس کردنی نەهامەتیەکان بە شێوازێکی گشتگیری، بەبێ جورئەتی ناو هێنانی کەسانی پشت و هۆکارەکانی نەهامەتیە لە ژمارە نەهاتوەکان. بە بێ بوێری بەرگریکردن لە تاك و توێژ و چینە لاوازو ماف خوراوەکان .هەمیشە هۆکارەکان دەخەنە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی کوردی، یان لایەنێك تاوانباردەکەن کە دژ و بەربەرەکانێی لایەنەکەی خۆیانە. لە زۆر بواریشدا دەسەڵات دەیانهێنێتە پێشەوەی ماڵپەڕەکانیان، بەو مەبەستەی وا پێشان بدات کە دەسەڵاتیش دژ بە رۆشەنبیران نیە و ڕویەکی کراوەی هەیە. بەڵام هیچ سیناریۆیەك و هیچ ئەکتەرێکی بەناو ڕۆشنبیر ناتوانێت ڕویەکی پەسەند بداتە سیستەمی دەسەڵات و سیستەمی ناڕەوای دەسەڵات و نوێنەرانی دەسەڵات. یەک ریزی رۆشەنبیرانی خاوەن هەڵوێست و بوێر مەحال نییە، بەپێچەوانەوە ئەمرۆ لەهەموو سەردەمێکدا زیاتر پێویستیەکە کە دوبارە وەک سەردەمی زۆلا و فۆڵتیرو رۆژنامەنوسان و رۆشەنبیرانی ئەو سەردەمە، ئەرکێکی میژویی سەردەمە کە رۆشەنبیرانی کوردستان هەڵویستی بوێرانەیان دەرببڕن بەرامبەر بە نادادپەروەریەکانی دەسەڵات. زنجیرە هەڵوێست وەربگرن بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادی لاوازەکان و ماف خوراوان، کە زۆربەی کۆمەڵگاکەمان دەگرێتەوە. ڕوبەڕوبونەوەی تاوانبارکردنی نا ڕەوای وەک کەیسی رۆژنامەنوسانی بادینان، کە دەسەڵات بە ناڕەوا تۆمەتباریان دەکات پێویستی بە یەکدەنگی و یەك هەڵوێستیە و ئەرکێکی ئەخلاقییە.
کاتی ئەوەیە کە خاوەن هەڵوێستان دژ بە چەمکی تاوانبارکردنەکانی ئازادیخوازان ڕوبەڕوی دەسەڵاتە پێشێلکارەکەی کوردستان بوەستنەوە و ڕۆژانە ئەم دروشمە نەمرەیان بەڕودا بەرز بکەنەوە؛

"چەند بە ناڕەوایی تۆمەتباریان بکەیت! هەمیشە راستی لە ڕەوتایە و هیچ هێزێك ڕايناگرێت".





(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)