بیردۆزی پەرەسەندن و ئاستی پشتەوانی زانا و دامەزراوە زانستییەکانی جیهان

Tuesday, 17/11/2020, 18:13

15764 بینراوە


«بیردۆزی پەرەسەندن ئەمڕۆکە بووەتە ڕاستییەک و لای هەمووان دانی پێدا نراوە، تەنیا هەندێ لە ئاینداران نەبێ کە ئەوانیش لەبەر باوەڕدارییانە نەک لۆژیک و بەڵگە» جیمس واتسن خاوەن نۆبڵی دۆزەرەوەی  DNA م(1)

-----------------------------
بیردۆزی پەرەسەندن (Evolution)، گرینگییەکی مە‌زنی هە‌یە‌ لە‌ تە‌واوی ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران، چەندان زانستی جۆراوجۆر لێک گرێ دەدات، لەگەلەک بوارەکانی وەک: کشتوکاڵی، پیشە‌سازی و دەرمانسازی و چارەسەری نەخۆشییەکان بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە. ئەم بیردۆزە زانستییە تەواو بەندە بە چارەنووسی مرۆڤەوە، لەبەرئەوەی هەموومان لە ژیانماندا ڕووبەڕووی پەرەسەندن‌ دەبینەوە،‌ کەس نییە بەهۆی جۆرە‌ ڤایرۆسێک، یان بەکتریایەک، تووشی نەخۆشییەک نەبووبێ و پێویستی بە‌ دە‌رمان و چارەسەری نەبێت؟ چۆن دەتوانین بەرەنگاری هێرشی پە‌تایەکی کوشندە‌ی وەک ئەم کۆڕۆنایە و هاوشێوەکانی ببینەوە، ئەگەر بە‌چاکی لە تەشەنەکردن و پە‌رە‌سە‌ندنی بە‌کتریا و ڤایرۆسەکان تێ نەگەین کە گشتیان بەندن بە بنەماکانی ئەم بیردۆزە.
بیردۆزی پەرەسەندن بووەتە ڕاستییەکی زانستی گومان لێنەکراو، چونکە لەگەڵ بوونی ئەو گرینگییانەی ئاماژەمان پێیان دا، خاوەنی ڕاڤەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ بوونی ئەو هەمەجۆرییەی لە جیهانی زیندەوەراندا هەیە. ئەم بیردۆزە ئەگەر لە کۆنیشدا کێشە و گرفتی هەبووە لە کەمی ژمارەی بەڵگەکانی، بەڵام لەم چەرخەدا لە گشت بوارەکان هێندە بەڵگەی زۆرە کە بتوانێ لە زانستدا بەتەواوی بچەسپێت.
بەداخەوە دژکاران و ڕەخنەگرانی پەرەسەندن، یان ئەوانەی ناوی دەنێن بە "بیردۆزی داروین" دەڵێن، زاناکانی خۆرئاوا لەمێژە هەڵەبوونی ئەم بیردۆزەیان بۆ بەدەر کەوتووە و فەرامۆشیان کردووە، تا ئەو ڕادەیەی لە زۆربەی زانکۆکانی ئەوروپا و ئەمریکادا ناخوێندرێت. ئەم بانگەشە و چەواشەکارییانە گەلەک دیار و ناسراون لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانی. لەبەرئەوەشە لەمێژە بە چەندان شێوازی جیاجیا لە هەوڵی ئەوەن، لایەنگیری هەندێ زانا بەدەست بهێنن، بۆ ئەوەی وامان تێبگەینن کە پەرەسەندن لەگەڵ بنەماکانی زانستدا ناگونجێت. 
لێرەدا دەمانەوێ چەندان گوتە و ڕاپرسی و ئەژمار دەستنیشان بکەین بۆ ئاستی لایەنگیری و پشتەوانی زاناکان، کۆمەڵگە و ڕێکخراوە زانستییەکان، ئەکادیمیاکان، هەروەها چاکترین و مەزنترین زانکۆکانی جیهان. بۆ هەریەک لەمانەش سەرچاوەی ڕاستەقینەی خودی کەسەکان و بنگە و دامەزراوە زانستییەکان دەخەینە بەردەست.

کۆمەڵەی ئەمریکایی بۆ پێشکەوتنی زانستەکان (AAAS)

هەر لەسەرەتاوە بۆ لایەنگری بابەتی پەرەسەندن، ئاماژە دەدەین بە بیروڕای یەکێک لە کۆنترین و مەزنترین ڕێکخراوەی زانستی جیهانی، ئەویش کۆمەڵەی ئەمریکاییە بۆ پێشکەوتنی زانستەکان (American Association for the Advancement of Science). ئەم ڕكخراوە زانستییە بایەخدارە لە ساڵێ ١٨٤٨ دامەزراوە، ٢٧٥ لک و بنگەی زانستی لە وڵاتانی جیهاندا هەیە، نێزیکەی یەک ملیۆن زانا و تۆژەر تێیدا ئەندامن، گۆڤاری زانستی فرەناودار و بەناوبانگ زانست (Science) بڵاو دەکاتەوە.
لە بانگەوازێک دەربارەی دژکارانی پەرەسەندن و خوێندنی گریمانەی خەلقگەراکان (Creationism)، لە خوێندنگە و زانکۆکاندا دەڵێن: "پەرەسەندن بنەمایەکی پەسندکراوەی یەکجار بەهێز و گرینگە لە زانستی هاوچەرخدا، بنچینەی ژمارەیەکی زۆرە لە بوار و پسپۆڕی زانستییە جیاجیاکان، بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتیش دەژمێردرێت بۆ خوێندنی زانستەکان. بۆیە ئێمە لەلایەن خۆمانەوە بەتووندی دژی ئەو هێرشانە دەوستینەوە کە دەکرێنە سەر زانست و فێرکردن، چونکە ئەمە نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ خوێندنی پەرەسەندن، بگرە مەترسییە بۆ تێگەیشتنی خوێندکاری لە وانەکانی زیندەوەرزانی و فیزیا و زەویناسی. ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دانانی یاساکان ئاماژە دەدەن بە، کەموکوڕییەکانی بیردۆزی پەرەسەندن، یاخۆ ناکۆکی و مشتومڕی زاناکان. بەڵام لەڕاستیدا بیردۆزی پەرەسەندن لە نێوەند و دامەزراوە زانستییەکاندا هیچ کێشەیەکی نییە، ئەو مشتومڕی و گرفتانەش کە باسیان لێوە دەکرێن ئەکادیمی نین و لە دەروەی بوارە زانستییەکانن، چونکە کۆمەڵگەی زانستی کۆک و هاوڕان لەسەر ڕاستبوونی پەرەسەندن. بیردۆزە زانستییەکان ڕاڤەکردنێکی ڕاستەقینەن بۆ دیاردەکان و پاڵپشتن بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بەڵگە و ئەزموونی سەلمێندراو، بەهەمان شێوە دەرەنجامی کۆمەڵێک بواری زانستی جۆراوجۆر پشتەوانی لە بیردۆزی پەرەسەندن دەکەن، هەر لە تۆمارگەی هەڵکۆڵدراو و بەبەردبووەکانەوە بگرە، تا دەگاتە پێوەندییە جینەکییەکانی نێوان جۆرەکانی زیندەوەران."(2)

خەڵاتی نۆبڵی ٢٠١٨

گرینگی و بایەخی پەرەسەندن لەگەلەک بابەت و زانستی جۆراوجۆردا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پتر بەدەر دەکەوێت، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٨دا خەڵاتی نۆبڵ لە کیمیادا، درایە سێ زانا فڕانسیس ئارنۆڵد (Frances H. Arnold)، جۆرج سمیس (George P. Smith)، گریگۆری وینتەر (Gregory P. Winter)، لە بەکارهێنانی دەرنجامەکانی بیردۆزی پەرەسەندن لە بوارە جیاجیاکاندا.
ئەکادیمیای سویدی لە وتاری بەخشینی خەڵاتەکە، بابەتەکە ناو دەنێت بە (بیردۆزی داروین لە لوولەکدا)، بەوەی کە ئەم سێ زانایە بنەماکانی بیردۆزی پەرەسەندنیان هێنا و لە لوولەکی ئەزموونگەدا پێڕەویان کرد و سوودیان لێ وەرگرت. ئەمەش دەروازەیەکی واڵای کردەوە لەبەردەم چارەسەری نەخۆشییەکان و پیشەسازی و بەبەرهەمهێنانی سووتەمەنی زیندەکی پاکتر و گونجاوتر بۆ ژینگە.
لێرەدا دەشێ لە هەموو ئەوانەی دژی پەرەسەندنن بپرسین: ئایە ڕێی تێ دەچێت بیردۆزێکی هەڵەی نەگونجاو لەگەڵ زانستدا، بگاتە ئەو ئاستەی بە بەکارهێنانی بنەماکانی، نۆبڵ وەربگیرێت؟(3)

ڕێژەی گشتی زانا و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان

* ٩٧٪ی زاناکان جیهان:
لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئامۆژگەی ئەژمارەکی ناودار (Pew Research)، هەڵ دەستێت بە ڕاپرسییەک، تێیدا پرسیار لە بیروڕای زاناکان دەکات دەربارەی سەرهەڵدانی ژیان و جۆرەکانی زیندەوەران و مرۆڤ لەسەر زەوی. بەگوێرەی دەرنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە، ٩٧٪ی زاناکان لەو باوەرەدا بوون کە مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکان بە پەرەسەندنێکی دوورودرێژ تێپەڕیوون. تەنیا ٢٪یان وای بۆ دەچوون مرۆڤ و زیندەوەرەکان بە شێوەی ئێستەیان دروست کراون. ئەم ڕاپرسییە دەیسەلمێنێت، زۆربەی هەرە زۆری زاناکان هاوڕان لەسەر ڕاستییەتی پەرەسەندن و بەلاوەنانی گریمانەی ئافراندنی پێکەوەیی نازانستی.(4)
*١٠٠ دامەزراوە، ئەکادیمیا و نێوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی جیهانی:
لە ساڵی ٢٠٠٨دا بنگەی نیشتمانی بۆ فێرکردنی زانستەکان (NCSE)، لە چاپی سێیەمی نامیلەکەی دەنگدان بۆ پەرەسەندن (Voices for Evolution)، گوتەی پتر لە ١٠٠ دامەزراوە، ئەکادیمیا و تۆژینەوەی جۆراوجۆری کۆ کردەوە، لەسەر لایەنگری و پشتەوانییان بۆ پەرەسەندن. لەو ڕیزبەندییە ناوی ئەکادیمیای نیشتمانی ئەمریکا بۆ زانستەکان (National Science Academy) و کۆمەڵەی شایانەی بەریتانیا (Royal Society) هاتووە، ئەم دووانەش بە گرینگترین و مەزنترین رێکخراوەی زانستی دادەندرێن لە جیهان. سەرباری ئەمانە نامیلکەکە ئاماژەی بە ٥٥ دامەزراوەی پەروەردە و فێرکردنی دیکە داوە.(5)
* ٧٢ زانای خاوەن خەلاتی نۆبڵ لە زانستەکان:
پاش ئەوەی خەڵقگەراکانی لویزیانای ئەمریکا لە هەوڵێ ئەوەدا بوون، گریمانە نەسلمێندراوەکانیان بە هێزی یاسا لە خوێندنگەکاندا بسەپێنن، ٧٢ زانای ئەمریکایی براوەی نۆبڵ واژویان لەسەر سکاڵایەک کرد، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بیردۆزی پەرەسەندن تاکە ڕاڤەی ڕاستەقینەی زانستییە بۆ پەیدابوونی زیندەوەران، هاوکات بەتووندی دژی فێکردنی گریمانەی ئافڕاندنی ڕاستەوخۆن لە خوێندنگە گشتییەکان.(6)
* ٢٥ دامەزراوە دژ بە نەخشەسازیی ژیر (Intelligent design):
زیاتر لە ٢٥ دامەزراوە و کۆمەڵەی زانستی لە بڵاوکراوەکانیاندا، بەتووندی دژایەتی خۆیان دەردەخەن بەرانبەر بەوانەی ناویان لە خۆیان ناوەی لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر، هەوڵی زۆریشان داوە متمانەی زانستییان لێ وەربگرنەوە. هەتا بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەن کە ئەمانە، جگە لە بزوتنەوەیەکی ئایدۆلۆژی و نازانستی پتر هیچی دیکە نین.(7)
* ١٠ دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی:
لە ساڵێ ٢٠٠٦دا تۆڕی جیهانی ئەکادیمیا زانستییەکان (InterAcademy Panel – IAP)، گوتارێکی بڵاو کردەوە لەسەر پشتەوانی بیردۆزی پەرەسەندن و لایەنگریی بۆ خوێندنی پەرەسەندن لە خوێندنگە و زانکۆکانی وڵاتانی جیهان. ئەوانەی گوتارەکەیان واژو کرد، لە نێوانیاندا بەلایەنی کەمەوە ١٠ دامەزراوەی ئەکادیمی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەبوو، ئەوانیش؛
- ئەکادیمیای بەنگلادیش بۆ زانستەکان (Bangladesh Academy of Sciences).
- ئەکادیمیای تۆژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژیا، میسر (Academy of Scientific Research and Technology, Egypt).
- ئەکادیمیای ئیندۆنیسیا بۆ زانستەکان (Indonesian Academy of Sciences).
- ئەکادیمیای کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زانستەکان (Academy of Sciences of the Islamic Republic of Iran).
- ئەکادیمیای شانشینی مەغریب (Academy of the Kingdom of Morocco).
- ئەکادیمیای فەلەستین بۆ زانستەکان و تەکنەلۆژیا (Palestine Academy for Science and Technology).
- ئەکادیمیای تورکی بۆ زانستەکان (Turkish Academy of Sciences).
- ئەکادیمیای زانستەکان، کۆماری تاژیکستان (Academy of Sciences, Republic of Tajikistan).
- ئەکادیمیای پاکیستان بۆ زانستەکان (Pakistan Academy of Sciences).
- ئەکادیمیای نیشتمانی زانستەکانی کۆماری کەرگیزستان (National Academy of Sciences of the Kyrgyz Republic).(8)
* زانکۆ فرەناودارەکانی جیهان:
مەزنترین و بەناوبانگترین زانکۆ جیهانییەکان لە بواری پزیشکی و زیندەوەرزانی، هەڵساون بە دروستکردن و پێکهێنانی چەندان کۆلێژی تایبەتی، بۆ تۆژینەوە دەربارەی چەشنەکانی پەرەسەندنەکی لە جیهانی بوونەوەرە زیندووەکان. هەروەها بۆ پشتەوانی و یارمەتی و پارەپێدان لەپێناو لێکۆڵینەوە لە بابەتگەلەکانی، دەروونناسی، پزیشکی، زانستی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئاژەڵەکان، ئاشکرایە ئەمانەش هەموویان بەندن بە بنەماکانی بیردۆزی پەرەسەندن. 
زانکۆ ئەمریکاییەکان:
- هارفەرد (Harvard University)
- ستانفۆرد (Stanford University) 
- پرینستن (Princeton University)
- کالیفۆرنیا، بێرکلی (University of California, Berkely)
- یێل (Yale University)
- شیکاگۆ (University of Chicago)
زانکۆکانی کەنەدا:
- تۆرۆنتۆ (University of Toronto)
- کۆڵۆمبیای بەریتانی (University of British Columbia)
زانکۆکانی بەریتانیا:
- کامبرج (University of Cambridge)
- ئۆکسفۆرد (University of Oxford)
- کۆلیژی لەندەنی زانکۆیی (University College London)
زانکۆ و بنگەی تۆژینەوەکانی ئەوروپایی:
- ئامۆژگەی ماکس پلانک بۆ زیندەوەرزانی پەرەسەندنەکی (Max Planck Institute for Evolutionary Biology)
- میونچن (Ludwig Maximilians University Munich) 
زانکۆ ژاپۆنییەکان:
- تۆکیۆ (University of Tokyo)
- کیۆتۆ (Kyoto University)
زانکۆ ئوسترالیاییەکان
- مێلبۆرن (University of Melbourne)
- زانکۆی نیشتمانی ئوسترالیایی (National Australian University)(9)
جگە لەمانە زۆر زانکۆی دیکەی جیهانی پاڵپشتی تەواوی بیردۆزی پەرەسەندن دەکەن. لەڕاستیدا تا ئێستە نەزانراوە زانکۆیەکی باوەرپێکراو و متمانەداری جیهانی هەبێ و بیردۆزی پەرەسەندنی تێیدا نەخوێندرێت، بەوەی کە تاکە ڕاڤەی زانستییە بۆ هاتنەکایەی جۆری زیندەوەران لەسەر هەسارەی زەوی.
بۆ زانیاری پتر و ئاستی پشتەوانی بۆ بیردۆزی پەرەسەندن لە دامەزراوە زانستی و ئەکادیمیاکان، خوێنەر دەتوانێ بڕوانێتە ئەم سەرچاوانە.(10)

هەڵوێستی پاپاکانی ڤاتیکان

لە لایەکی دیکەوە خەڵقگەراکان و دژکارانی پەرەسەندن بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەم بیرۆدزە بۆ بڵاوکردنەوەی بێئاینی، نەهێشتنی ڕەوشت و داماڵێنمانە لە بەها پیرۆزەکانی کە لەسەریان پەروەردە کراوین. بەداخەوە ئەم هێرشە ئایدۆلۆژییە بەردەوامە، وای لە زۆربەی ئەو گەنجانەی زانیارییان کەمە لەسەر بابەتە زانستییەکان کردووە، سڵ لە خوێندنەوە و شارەزابوونی ئەم بیردۆزە بکەنەوە و بەمەترسییەکی گەورەی ببینن. بەڵام لەڕاستیدا هیچ بەڵگەیەک نییە، بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم بیروڕا و بۆچوونانە، چونکە بیردۆزی پەرەسەندن لە گشت چەمک و بنەماکانییەوە دژی بوونی خوایەک، یان داهێنەرێک ناوەستێت، ئەوانەشی باوەڕیان بە ڕاستبوونی پەرەسەندن هەیە، مەرج نییە بێخوا و بێئاین بن.
ئەم بیردۆزە وەک لە چەندین بابەتدا ئاماژەی پێ کراوە، لە هیچ ڕوویکەوە پێوەندی بە باوەڕنەهێنان بە خوایەک نییە، بگرە بیردۆزێکی زانستییە وەک هەموو بیردۆزەکانی دیکەی نموونەی زانستی فیزیا و کیمیا، ئەوانەی کاریان ڕاڤەکردنی هەندێ دیاردەی سروشتییە لە گەردوون. پەرەسەندن هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەو هەمەجۆرییە مەزنەی لە جیهانی زیندەوەراندا هەیە، لەسەر بنچینەی میکانیزمە سروشتیەکان، لەڕێی تۆژینەوە و شێوازە ئەزموونگەرییەکان. 
ئێستەش هەڵوێستی چەند دامەزراوەیەکی ئاینی و زانا ئایندارەکان دەربارەی پەرەسەندن دەخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە پەرەسەندن بەتەواوی بێلایەن دەوەستێت بەرانبەر بە بابەتگەلە ئاینی و بڕوادارییەکان.
سەرەتا لە بیروڕای کلێسای کاتۆلیکی دەست پێ دەکەین کە گەورەترین دامەزراوەی ئاینییە لە جیهاندا، تا بزانین خودی پاپاکان چیان گوتووە و چۆن لە بیردۆزی پەرەسەندنیان ڕوانیووە؟
 کاتی خۆی پاپا یۆحنای دووەم لە نامەیەکیدا دەبێژێت: "ڕاستییەتی نابێ دژایەتی ڕاستییەتی بکات"، ئەمەشی لە گوتەی پاپای پێشووتری خواستووە (پیوسی دوازدەیەم)، کاتێک ڕوونی کردۆتەوە کە هیچ دژایەتییەک لە نێوان بیردۆزی پەرەسەندن و ئاین و باوەڕداریدا نییە. 
لەسەر هەمان ڕێچکە، فرانسیسی پاپای ئێستە، لە وتارێکیدا لەبەردەم ئەکادیمیای پاپایەتی بۆ زانستەکان لە ڤاتیکان، ڕاستبوونی هەردوو بیردۆزی پەرەسەندن و بیگ بانگی دووپات کردەوە. لە درێژەی وتارەکە گوتی، زانست و بیردۆزەکانی دژ بە بوونی خوا نین، بگرە بەپێچەوانەوە ئەوانە بەڵگەی گرینگن بۆ بوونی، لەبەرئەوەی ئێمە ئەو دەمەی کتێبی ئافڕاندن دەخوێنینەوە، ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبینەوە، بەوەی خوا بە شێوەیەک دەبینین کە دارێکی ئەفسووناوی بەدەستەوە بێت بۆ دروستکردنی شتەکان، بەڵام ئەمە هەرگیز وا نییە. هەروەها دەڵێت، باوەڕمان بە بیگ بانگ هەیە سەرتای گەردوونە و زۆر چاک لەگەڵ چاودێری خواوەند دەگونجێت، پەرەسەندنیش دژی سروشت و شێوازی دروستکردن نییە، چونکە پەرەسەندن پێویستی بە بوونێک هەیەیە تا ڕوو بدات.(11)

زانا ئایندارەکان و لایەنگرانی نەخشەسازیی ژیر 

- زانا ئایندارەکان لە ٤٠٪یان پەرەسەندن بەڕاست دادەنێن، هاوکات باوەڕیان بەوە هەیە کە خوا خۆی چاودێری کرداری پەرەسەندن دەکات. لە ڕاپرسییەکەدا بە بەشداری ١٠٠٠ زانا ئەم ڕێژەیە بەدەرکەوت، بەرانبەر بەوانەش لە ٥٥٪ پێیان وایە پەرەسەندن ڕووی داوە، بەبێ دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی خوا. مەبەست لە دووەم رێژە ئەوەیە، ئەمانە هەرچەندە لەو باوەڕەدان خوا بەشداری ڕاستەوخۆی پەرەسەندنی نەکردووە، بەڵام دیسانەوە ئەو واتایە ناگەینێت کە بێئاین و بێخوان، بگرە بە بۆچوونی ئەوان پەرسەندن بە یاسا و ڕێسای سروشتی بەڕێوە دەچێت، بەبێ بوونی هیچ دەرئاسایەک لەلایەن خواوە. 
هەندێ لە زانا ئایندارە ناودارەکانی لایەنگرانی گریمانەی (نەخشەسازیی ژیر)، باوەڕیان بە پێشینەی هاوبەش هەیە کە بنەمایەکی هەرە سەرەکی بیردۆزی پەرەسەندنە. بۆ نموونە، زانای گەلەک بەناوبانگ مایکڵ بێهی (Michael Behe)، داکۆکیکەرێکی تووندی نەخشەسازیی ژیرە، کەچی لە کتێبەکانیدا بەڕاشکاوی دان بە بوونی پێشینەی هاوبەش دەنێت، تا ڕادەی نێوان مرۆڤ و مەیموونەکانیش.
ئەمەش ناوی چەند زانایەکی ئاینداری ناودار، ئەوانەی پەرەسەندن بەڕاست دادەنێن و بە هەموو شێوەیەک بەرگریی لە بیردۆزی پەرەسەندن دەکەن، بەرانبەر بە هێرشی ئایدیۆلۆژی خەلقگەراکان: 
- دکتۆر فرانسيس كۆڵنز (Francis Collins)، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی جینۆمی مرۆیی و بەڕێوەبەری ئامۆژگەی نیشتمانی لەشساغی لە ئەمریکا (ئایندارێکی کرستیانی ئینجیلی).
- دکتۆر کێنس میلەر (Kenneth Miller)، پڕۆفیسۆری زانستی زیندەوەرزانی تەنۆلکەیی و خانەکی لە زانکۆی بڕاونی ئەمریکایی، یەکێکە لە بەناوبانگترین داکۆکیکاری پەرەسەندن لە ئەمریکا (ئاینداری کرستیانی کاتۆلیکی).
- دکتۆر فرانيسكو ئەيالا (Francisco J. Ayala)، پڕۆفیسۆری زیندەوەرزانی و پەرەسەندن لە زانکۆی کالیفۆرنیا (کۆنە کەشەی دۆمێنیکانی پێشوو، ئاینداری کرستیانی).
- دکتۆر سایمۆن مۆریس (Simon C. Morris)، زانای زیندەوەرە دێرینەکان و هەڵکۆڵدراوەکان، دۆزەرەوەی گرینگترین شوێنی هەڵکۆڵدراوەکانە لە جیهاندا بە ناوی بورگس شێڵ ( (Burgess Shale. ئەم دکتۆرە گەلەک بەتوندی دژی لێکدانەوەیەکی ماددەگەراییە بۆ بیردۆزی پەرەسەندن، هیچ ناکۆکییەک نابێنێت لە نێوان ئەم بیردۆزە و ئاینداری و باوەڕهێنان بە خوا (ئاینداری کرستیانی). 
- دکتۆر ڕۆبرت بێری (R. J. Berry)، زانای ناوداری سروشت و پسپۆڕ لە بۆماوەزانی، باوەڕدارە و پەرەسەندن بە گشت بنەماکانییەوە بە ڕاست دادەنێت (ئاینداری کریستیان).(12)

زانا و ناودارانی ئیسلام

ئەگەر سەرنج بدەینە مێژوو دەبینین لەلای موسڵمانانیش ژمارەیەک لە زانا و بیرمەند هەبوونە، بایەخیان بە ڕووک و ئاژەڵان داوە و دەربارەی پەرەسەندنی زیندەوەران دواون وەک، ئیخوانی سە‌فا، ئیبن مسکە‌وییە،‌ جاحیز و ئیبن خە‌لدون. بۆ نموونە ئیبن مسکە‌وییە بەچاکی پەرەسەندنی جۆرەکانی زیندەوەرانی لە یەکدییەوە کردووە کە هەرچەندە بابەتێکی هەستیاریش بووە، گەلەک بوێرانە لەو سەردەمانەدا ئاماژەی بە پەرەسەندن و لێکچوونی مەیموونەکان بە مرۆڤەوە داوە. ئەمە دیسانەوەی دەیسەلمێنێت کە ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانانیش لە کۆندا باوەڕیان بە پەرەسەندن هەبووە، بەبێ ئەوەی هیچ لە ئایندارییەتیان کەم بکاتەوە. 
لەم چەرخەشدا بیرمەند و ناودارانی موسڵمانان بەڕوونی بیروڕای خۆیان لەسەر بیردۆزی پەرەسەندن دەردەبڕن، هەوڵیش دەدەن خاڵی پێکبەندی بدۆزنەوە لە ڕاڤەکردنی ئایەتەکانی قورئان سەبارەت بە پەیدابوونی مرۆڤ و زیندەوەران، بۆ گونجاندنیان لەگەڵ ئەم بیردۆزە. لە هەمووان ناسراوتر دکتۆر (عەبدولسەبور شاهین)ە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "باوکی ئادەم" دەبێژێت، مرۆڤەکان لە زیندەوەرانی دیکەوە پەرەیان سەندووە هەروەک چۆن لە بیردۆزی پەرەسەندندا هاتووە، بەڵام خوا ئادەمی لەو زنجیرەیەدا هەڵبژارد و گیانی پێ بەخشی و کردییە باوکی مرۆڤ.
دکتۆر (یوسف قەرەزاوی)ش، یەکێکە لە زانای ئاینییە بەناوبانگەکانی موسڵمانان کە کاریگەری زۆری هەیە لەم چەرخەدا، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی "سەرەتای دروستبوون و بیردۆزی پەرەسەندن" کەناڵی جەزیرە گوتی: "ئێمەی موسڵمان هیچ کێشەیەکمان نییە، لەوەی بابەتێک هەبێ دژی دەقەکانی قورئان، یان گوتەکانی پێغەمبەر بێت. خۆ ئەگەر بیردۆزی داروین لە زانستدا بچەسپێت و بەتەواوی یەکلایی ببێتەوە، ئەوا ناچارین بە گەلەک ئایەتی قورئاندا بچینەوە، یان لێکدانەوەی دیکەی بۆ بکەین، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم بیردۆزە یەک بگرنەوە.
لەپاڵ ئەمانەشدا دەبێ ئاماژە بە دکتۆر عەدنان ئیبراهیمی بانگخواز و دواندەری ڕۆشنبیری ئەم سەردەمە بدەین. ئەم دکتۆرە هاوشێوەی چەندانی دیکە دەڵێت، من وەک موسڵمانێک هیچ کێشە و گرفتێک نابینم لە باوەڕهێنان بە بیردۆزی پەرەسەندن، لەبەرئەوەی لە ئاینی ئیسلامدا گەلەک بەڵگەی ئاشکرا هەن، لەسەر ئەوەی خوا بەڕاستەوخۆ و پێکەوەیی هەموو بوونەوەرێکی زیندووی دروست نەکردووە، بگرە بە چەندان قۆناغ یەک لەدوای یەک و سات و سەردەمی جیاجیادا بووە، جیاوازیمان لەگەڵ زیندەوەرانی دیکەدا، تەنیا لەو هزر و هۆشەیە کە خوا و ئاینمان پێ دەناسێنێت. هەروەها دەبێژێت، خوا خۆی وای کردووە زیندەوەران بەم شێوازەی هەڵبژاردنی سروشتی و میکانیزمەکانی دیکەی پەرەسەندن لە یەکدییەوە پەیدا ببن، بۆیە پێویست ناکات ئێمەی موسڵمان لەڕێی ئەم بیردۆزەوە دژایەتی زانست بکەن، چونکە دەرەنجام هەر خۆمان زیانمان پێ دەگات و لەڕەوتی پێشکەوتن دوا دەکەوین. ئەوەی جێی سەرەنجە عەدنان ئیبراهیم لە زنجیرەیەکی ڤیدیۆیی دوورودرێژدا لە پەرەسەندن دەدوێت، زۆر بەچاکیش گشت چەمک و بنەماکانی بۆ موسڵمانان ڕوون دەکاتەوە، بێگومان ئەمەش شتێکی گەلەک ناوازەیە لەلای ئاینداران و بانگخوازانی ئاینی ئیسلام.(13)
دواجار دەڵێین بیروڕا و پشتەوانی ئەم هەموو دامەزراوە زانستییە و زانا مەزن و خاوەن بڕوانامە بەرزانەی جیهان بۆ بیردۆزی پەرەسەندن، بەڵگەی ئاشکرا و زەقن بۆ ئەوانەی گومانیان هەیە لە ڕاستییەتی پەرەسەندن، هاوکات وەڵامێکی ڕوونە بەرانبەر بە بۆچوونی کەسانێک کە پێیان وایە ئەم بیردۆزە زانستی نییە. دەبێ هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە بڕیاردان لەسەر ڕاستبوونی هەر بابەتێک، یاخۆ بیردۆزێک، پێویستە بڕوانینە ڕێکخراوە و بنگە زانستییە ناسراوەکان، نەک گوێ لە بیروڕای ئەم و ئەو بگرین کە نازاندرێت دژایەتیکردنەکەیان بەچی مەبەستێکە و لەپێناو چیدایە؟
.........................................

سەرچاوەکان

1-      https://www.goodreads.com/quotes/1156885-today-the-theory-of-evolution-is-an-accepted-fact-for

2-      www.aaas.org

http://real-sciences.com/%D8%B9%D9%84%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AD%DB%8C%D8%A7%D8%A1/%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%88%D8%B1-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AB%D8%A9/%D8%A8%D9%8A%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%85%D8%B9%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B1%D9%8A%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D8%AA%D9%82%D8%AF%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%84%D9%88%D9%85-2/

https://www.aaas.org/sites/default/files/s3fs-public/0219boardstatement.pdf

3-      https://www.france24.com/ar/20181003-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%88%D9%8A%D8%AF-%D8%AC%D8%A7%D8%A6%D8%B2%D8%A9-%D9%86%D9%88%D8%A8%D9%84-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%8A%D9%85%D9%8A%D8%A7%D8%A1-%D9%86%D8%B8%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%88%D8%B1-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%D9%88%D9%8A%D9%86-%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85-%D8%B9%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%A1

4-      https://www.pewresearch.org/politics/2009/07/09/section-5-evolution-climate-change-and-other-issues/

5-      https://ncse.ngo/voices-evolution-0

https://ncse.ngo/files/pub/evolution/Voices_3e.pdf

6-      http://www.talkorigins.org/faqs/edwards-v-aguillard/amicus1.html

7-      https://en.wikipedia.org/wiki/List_of_scientific_bodies_explicitly_rejecting_intelligent_design

8-      https://www.interacademies.net/10878/13901.aspx

9-      http://www.oeb.harvard.edu/

http://www.stanford.edu/group/ecoevo/

http://www.princeton.edu/eeb/

http://evolution.berkeley.edu/

http://www.eeb.yale.edu/

http://pondside.uchicago.edu/ecol-evol/

http://www.eeb.utoronto.ca/site3.aspx

http://www.zoology.ubc.ca/evolution/

http://www.biomed.cam.ac.uk/research/evol.html

http://evolve.zoo.ox.ac.uk/Evolve/Welcome.html

http://www.ucl.ac.uk/gee

http://www.mpg.de/153384/evolutionsbiologie

http://www.eeslmu.de/

http://www.biol.s.u-tokyo.ac.jp/english/eb.html

http://gcoe.biol.sci.kyoto-u.ac.jp/gcoe/

http://science.unimelb.edu.au/evolutionary-biology

http://biology.anu.edu.au/Research/era3/

10-  https://en.wikipedia.org/wiki/Level_of_support_for_evolution

http://archives.aaas.org/docs/resolutions.php?doc_id=443

11-  https://ncse.ngo/voices-evolution-0

https://ncse.ngo/files/pub/evolution/Voices_3e.pdf

https://www.independent.co.uk/news/world/europe/pope-francis-declares-evolution-and-big-bang-theory-are-right-and-god-isn-t-magician-magic-wand-9822514.html

https://ncse.ngo/many-scientists-see-gods-hand-evolution

https://ncse.ngo/do-scientists-really-reject-god

https://www.pewresearch.org/politics/2009/07/09/section-5-evolution-climate-change-and-other-issues/

12-  https://en.wikipedia.org/wiki/Michael_Behe

http://evolutioninarabic.com/articles/evolution-and-atheism/

13-  https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A3%D8%A8%D9%8A_%D8%A2%D8%AF%D9%85

 

https://www.aljazeera.net/programs/religionandlife/2009/2/25/%D8%A8%D8%AF%D8%A7%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%84%D9%82-%D9%88%D9%86%D8%B8%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%88%D8%B1

http://www.adnanibrahim.net/

چەند سەرچاوەیەکی دیکەی بابەتەکە؛

http://real-sciences.com/%D8%B9%D9%84%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AD%DB%8C%D8%A7%D8%A1/%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%88%D8%B1-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AB%D8%A9/%D8%A8%D9%8A%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%85%D8%B9%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B1%D9%8A%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D8%AA%D9%82%D8%AF%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%84%D9%88%D9%85-2/

http://real-sciences.com/%D8%B9%D9%84%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AD%DB%8C%D8%A7%D8%A1/%D9%85%D8%B3%D8%AA%D9%88%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B9%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B0%D9%8A-%D8%AA%D8%AD%D8%B8%D9%89-%D8%A8%D9%87-%D9%86%D8%B8%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%88%D8%B1-%D9%81/

http://evolutioninarabic.com/articles/evolution-and-atheism/

https://www.pewresearch.org/politics/2009/07/09/section-5-evolution-climate-change-and-other-issues/


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە