ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

(لینا)ی سیروان بارزانی و خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانی شەڕی داعش

Tuesday, 11.17.2020, 20:24

3413 بینراوە


گەر هەرێمێک لە لایەن کۆمەڵێک چەتەو مافیاو دزو تاڵانچیەوە بەڕێوە ببرێت ،هەر بەو جۆرە دەبێت کە ئێستا هەیە.ئەوانەی هەرێم دەبەن بەڕێوە لەهەموو بەها و خەسڵەت و پرەنسیپەکانی ئینسانی،ویژدانی ،ئەخلاقی،بەزەیی ،دادپەروەری داماڵراون. ئەوەی ئەمانەی ڕاگرتوە کۆڵەکەو ڕایەڵەکانی پارەو دەستکەوتە. ئامادەن لە پێناو بەدەستهێنانیدا هەموو کارێکی ناشەرعی،نایاسایی ،نا ئەخلاقی ئەنجام بدەن.
گەر لەبەردەم مایکدا،لە ڕووبەری شاشەکاندا، لە کۆڕوو کۆبوونەوەکاندا،لە بەرەی درۆی جەنگدا ، لە ڕیزی پێشەوەی مەراسیمی بۆنەویادەکاندا ، یەکێک لەم مرۆڤانەتان لەو شوێنانەدا دی و قسەی کرد، و باسی خۆشەویستی خاک و نیشتمان و پیرۆزی شەهیدانی کرد،ئەوە تەواو دڵنیابە کە درۆدەکات و قسەکانی هەنگاوێک بڕناکەن ،وە خودی خۆیشی بڕوای پێیان نیە .خۆگەر کەسێکیش بڕوای بەوقسانە هێنا ،ئەوە با دەست لە ئەقڵی خۆی بشوات.
ئەوەتی ئەم سیاسیە فاشیلانە دەستیان گرتوە بەسەر موقەدەراتی وڵاتدا ، هەربوارێکیان بۆ ڕەخسابێت، بۆخۆ خۆشەویستکردن ،بەقسەی جوان و جۆرەها پێناسەی سەنگین ،باسی پیرۆزی خوێنی شەهیدی پێشمەرگەو هاوکاری زیاتری خانەوادەکانیان کردوە،لەوانەیە هەندێک جار فرمێسکی درۆزنانەشیان ڕشتبێت.دیارە قسەکردن ئاسانە و باجی لەسەر نیە وە لەسەریان نابێت بەماڵ.

لە واقیع و پراکتیکدا هەردەم پێچەوانەی بەڵێن و قسە سواوەکانی ئەو سیاسیە شکستخواردوانە پەیڕەو کراوە. شاراوە نیە کە هەردوو حیزب بە ئەنقەست سوکایەتی بەخانەوادەی پێشمەرگەی شەهید دەکەن.ئەو دووحیزبە هێندە پێویستیان بە پێشمەرگە هەیە تالەژیاندا شەڕیان بۆ بکات و دەستەڵاتەکەیان بپارێزێت ،ئیدی کە شەهیدبوو لە لیستی خۆیاندا دەیسڕنەوە و خانەوادەکەشی پشتگوێ دەخەن..
بیستومەو جێگەی بڕوایە کە هەندێک لە سەرکردە شەهوەتبازەکانی هەردوو حیزب بەناوی هاوکاری و ئیمتیازاتەوە داوای پەیوەندی سۆزداریان لە هەندێک له هاوسەری پێشمەرگە شەهیدەکان کردوە،بەتایبەت لە ژنە گەنج و جوانەکان.
سوکایەتی و بێ ڕێزی دەسەڵاتی مافیا بە خانەوادەی پێشمەرگەی شەهید، هەموو سنوورێکی بەزاندوە ،بەجۆرێک پێگەو ڕێزی ناپاکێک،سەرۆک جاشێک،کۆنە بەعسیەک زیاترە لە خانەوادەی پێشمەرگەیەکی شەهید.
نوێترین سوکایەتی ڕووداوەکەی هەولێربوو ،کە بەناوی هاوکاریەوە ژمارەیەک خێزانی شەهیدانی دەستی داعشیان بابگهێشتکردبوو بۆ بەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە.
هەموو دیتمان بەو هاوکاریە بێ نرخ و بێ بایەخانە چ سوکایەتیەکیان بە خانەوادانەی شەهیدان کرد و چ ڕسواییەکیش بوو بۆ دەسەڵات.
ئەوانەی بەوکارە هەستان دەیانویست بە جلە کۆنە و نەعڵ و دایبی ڕازیان بکەن،دزیەکیش بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و پاشان ڕاپۆرتێکی پڕ لەدرۆ بەرزبکەنەوە بەناوی[هاوکاریکردنی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان ئەنجامدرا ] .
ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو هەڵوێستی بوێرانەی ئەو خێزانانە بوو کە بە چەندین گوزارشتی تووند و زبر ،سەرانی پارتیان شەرمەزارکرد و هەر لەوێشدا دیاریەکانیان سوتاند و بێ ڕێزیەکەیان قەبوڵ نەکرد.
دەبوو پاش ئەو ڕووداوە وەزیری پێشمەرگە داوای لێبووردنی لەو خێزانانە بکردایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی وشەی لێبوردن لە فەرهەنگی کاربەدەست و سیاسیەکاندا ئەو شتە ڕووینەدا .هەروەها ئەو لایەنەی ئەو کەلوپەلانەی بۆ خێزانەکان کڕی بوو ،دەبوو لە بەردەم میدیاکاندا داوای لێبووردنی بکردایە ،لەوە زیاتریش دەبوو پێڵاوی ئەو خانەوادانەیان ماچ بکردایە کە ئەو سوکایەتیەیان پێکرا.
ئەمانە هیچی نەکرا ،چونکە بێگومان وەزیری پێشمەرگە دەڵێت ئاگام لەو کارەنیە ، ڕاستیش دەکات [لەبەر ئەوەی پارتی زۆر کاری سەربەخۆی بەناوی وەزارەت و دامەزراوەکانەوە کردوە].
ئەولایەنەش کە پارەی لە ڕێکخراوە ئەمریکیەکە وەرگرتووە ،لەبری پێدانی پارەکە ،جلە کۆنەی بەناوی هاوکاریەوە داوە پێیان، وەک هیچ ڕووینەدابێت بێ لێپرسینەوە و سزا دەربازدەبن،چونکە پشتیان قایمە و بەجۆرێک لە جۆرەکان لینکیان لەگەڵ حیزب هەیە.
دۆخی ژیانی سەخت و ناهەمواری خانەوادەی شەهیدان لە هەرێم ،بەو جۆرەیە کە ئاماژەم پێدا،لەبەرامبەردا خێزانی سیاسیە فاشلەکان لە کوڕو کچ و کەسەنزیکەکانیان لەسەر حسابی خوێنی ئەو شەهیدانە ژیانێکی شاهانە دەژین. لەهیچ کەمیان نیە ،بێ کێشە سەفەری وڵاتان دەکەن، لەگرانترین بازاڕەکانی جیهان پێداویستیەکانیان دەکڕن، لە ناوەوە دەرەوەی وڵات خاوەنی ڤێلاو مەزرەعەو کۆمپانیای جۆراوجۆرن،لە باشترین زانکۆکانی جیهان دەخوێنن.
خێزانی شەهیدانیش نە دەتوانن سەفەر بکەن،نە پارەدارن،نە خاوەنی کۆمپانیان ،نە منداڵەکانیان لەزانکۆ ئەهلی و جیهانیەکاندا دەخوێنن ،بەکوورتی و کوردی لەهەموو پێداویستی و خۆشیەکانی ژیان بێبەشن ،تەنها هەوڵیان ئەوەیە پاروە نانێک بە کەرامەتەوە بخۆن .
گەر کیژەکەی[ماریشاڵ]سیروان بارزانی بزنس مان و خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک بەنمونە بهێنمەوە ،بە ئاسانی ئەو ناعەدالەتی و ناهەقیەمان بۆ دەردەکەوێت.
ئەم کچە کە ناوی [لینا]یە تەمەنی ٢٦ساڵە ،تەنها بەهۆی باوکیەوە دنیایەک پارەی دزراوی خراوەتە بەردەست تا بازرگانی پێوە بکات.
ئەو پارانەی لەبەردەستی ئەم کیژەدایە کە وەک سەرمایە بازرگانی پێوەدەکات، هێندە زۆرە کە بە داهاتی هەموو خێزانی شەهیدانی شەڕی شۆڕشەکانی کورد لەسەرەتاوە تا ئێستا، ناگاتە نیو نرخی یەکێک لە هۆتێلەکانی لینا.

لینا سیروان بارزانی ساڵی ١٩٩٤ لەدایک بووە.لە ئەمەریکا زانکۆی [جۆرج واشنتۆن]ی تەواو کردوە.
خاوەنی کۆپانیای [هارد ڕۆک]ە ،کە سەرمایەکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارە،ئەم کۆمپانیایە ٢٠٠ لقی لە جیهاندا هەیە . بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکەی لینا لە ئەمریکایە ،کە ٢٦ کۆمپانیای بچوکتر،١٤ هۆتێل،٦ کارگە،٢٨٦ قاوەخانە، ٥٤٠ ئەپارتمەن،٤٨ ڕێستوڕانت،٧ سەنتەری هەمەجۆر،دوو پڕۆژەی گەشتیاری،نەخۆشخانەیەک و بانکێک لە خۆ دەگرێت..
گەر ئەم زانیاریانە هەمووی ڕاس نەبن، ئەوە بێگومان نیوەی هەر ڕاستە ، بۆیە جێگەی خۆیەتی بپرسین گەر بە دزی نەبێت کچێک بەم تەمەنە کەمەوە چۆن توانی ببێت بە خاوەنی ئەو گشت سەرمایە؟ دەچێتە ئەقڵەوە لە ماوەی یەکدووساڵی دوای زانکۆ ئەم گشت قازانجە کۆبکاتەوە؟
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە لە هەرێم دوو جیهانی جیاوازو دوور لەیەک هەن،جیهانێک هەموو خۆشیەکانی ژیانی تێدا فەراهەم کراوە ،لەم جیهانەدا شتێک بوونی نیە بەناوی کێشەو ئاستەنگی و نەبوونی ،ژیان وەک ئاو بێ وەستان دەڕوات .
ژیانەکەی تریش پڕیەتی لە ئاستەنگی ،نەبوونی ،هەژاری کوێرەوەری، ڕاکەڕاکە بەدوای پێداویستیەکاندا،بێ ئومێدی و خۆکووشتن.
جیهانی یەکەم کە [لینای سیروان بارزانی] نمونەیەکی زیندوویەتی ،لەسەر حساب و تەزحیاتی جیهانی دووەم بوونیات نراوە .
جیهانی دووەمیش کە خانەوادەی شەهیدان نمونەیانن ،ئەمانیش بەهۆی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی و نا هۆشیاری خۆیان و خۆشباوەڕیان بە بەڵێنی درۆزنەی نوێنەرانی جیهانی یەکەم درووست بووە.
کەواتە تا ئەم دووجیهانە بوونی هەبێت ،نادادپەروەری و چەوساندنەوە هەر بەردەوام دەبێت.

کلیک لەسەر بابەتی هاوشێوە بکە:






(دەنگدراوە: 11 . زۆرباشە: 4.5/5)