مردنیشیان سەمەرەیە

Wednesday, 18/11/2020, 16:59

6878 بینراوە


تكایە سەرنج بدەن

كەسانێك لەڕۆژگاری فام كردنیانەوە تا دەمرن خزمەتكاری مەنزومەی ستەمكاری و حزبی داسەپاو و بنەماڵەی مافیاو چەتەگەرین.
كەسانێك لەڕۆژگاری ھەرزەكاریەوە تا دەمردن گوفتارو ڕەفتاریان تەنھا بۆ پێناوی مانەوەی زوڵم و ستەمەو كۆڵەگەی ڕاگرتنی سەقفی سێبەری بۆگەنیوی خراپەكارین.
كەسانێك لەئەوەلین ھەتنەدەرەوەیان لەماڵەوە دەبنە قوتابی فێرگەی پەروەردەكردنی ھەواڵگری و جاسوسی بەسەر كۆمەڵگە.
كەسانێك تەواوی ژیانیان تەرخان كردبێت بۆ بەڕاست وەسفكردنی ھەموو خوارو خێچی و نابوتی و ناشرینی ستەماكاران.
كەسانێك ساختەچی داسەپاو پلەو پۆستی پێبدەن و ئەویش موریدی بەڵێندەر بێت بۆیان.
ئایا دەكرێ (باش) بووبێت؟
خەڵكی مەزڵوم دوعای لەناوچوونی ئەو دەستەڵاتە ستەمكارە بكەن و ئەو كەسانەش بەھەموو قوەتی خۆیان شان بدەنە بەرمانەوەی دەستەڵات.
ئێستا دەبێ بپرسین
ئایا چۆن دەگونجێ دوعا بۆ ئەوكەسانە بكرێت؟
چۆن دەكرێ ھاوخەمیان بۆ دەربڕن؟

نمونەیەك دەھێنمەوە؛

لەشەڕی سەر عەفرین و ھێرشی داگیركاری سوپای توركیە، خەڵكی كوردستان نەفرەتی لەئەردۆگانی سەركۆماری توركیە دەكردو شەقامەكانیان پڕكردبوو لەناڕەزایەتی دژی ھێرشە دوژمنكاریەكان و كوشتن و ئاوارەكردنی خەڵك.
ھەرئەو خەڵكی كوردستانە، ھاوسۆزیان دەردەبڕی بۆ مسوڵمانانی (ئیگۆر) و ناڕەزایەتیان لەدژی دەوڵەتی چین بەرز دەكردنەوە.
مسوڵمانانی (ئیگۆر)یش پشتیوانیان دەردەبڕی بۆ دەوڵەت و سوپای توركیە لەكاتی ھێرشی داگیركاری سەر عەفرین، ئیگۆریەكان ئەردۆگانیان بەپاڵەوانی ئیسلام دەزانی و داگیركردنی عەفرینیان بەفەتح ناودەبرد.
ئێستا ھەمان شت ڕوودەدات، كابرا لەگەڵ زوڵمدایە، كەچی مەزڵوم بەپیاوچاك وەسفی دەكات و بۆی دەپاڕێتەوە كەخودا بەھەشتی بداتێ.
وەك بڵێی لێرە ئەویش مەزڵوم بوبێت و بەھۆی سوڵتەی پیسەوە لەجەھەننەمدا ژیابێت.
ھەمان بەزمە....
ئاخر ناكرێ ئینسان بەدووسەر بڕوات
گەرئەو شین و دادو فیغانەش بێ مەبەست بێت، بەجددی ناكرێ ئەوەندەش بێ ئاگابن.
حەقیقەتەن بەشێكی دوای پەتەكە دەكەوێت
بەشێكیش ماسكەكەی لابرد
بەشەكەیتریش بێ ئاگایانە بەدوای ھەڵڵایەكە دەكەوێت.
دەی ئەوانەی فیغانیان بۆ دەكەن ئەستوندەكەی ئەو سوڵتەیەبوون.
ھەرئەوانەش پەلەمارت دەدەن كاتێ دەبیتە مەترسی بۆسەر دەستەڵاتی ستەمكارو بنەماڵە خێڵەكیە داسەپاوەكان.
چۆن دەگونجێت لەیەككاتدا، كەسەكان باش و خراپ بن؟
ئاخر خەربەندەو موریدەكانی بنەماڵەی بارزانی و دەزگای پاراستن چۆن دەكرێت ئینسانی باش بن؟
دەبوو ھەموان ئەو نەریتە خێڵەكیەی دیوەخانی بارزانی باش بزانن كە ئەوانەی لەناو پارتیدا دەبنە ڤیگەری حوكمڕانی و پۆستی گرنگ و باڵایان پێدەسپێردرێت كەسانی (دڵسۆزی) دەزگای جاسوسی پاراستن و بنەماڵەن.
ئەو كەسانە ھەمووشتێ دەكەن لەپێناو مانەوەی بنەماڵەو ڕژێمی تیرۆریستی حوكم.
دەی كەواتە چۆن دەگونجێت تۆ ئەو جۆرە كەسانەت بەلاوە باشبن.؟
ئەوانە بەزەڕڕەیەك لەفەرمانی سەرۆكی حزب و كوێخای دیوەخانی بنەماڵە لایان نەداوە.
بەزەڕڕەیەكیش ئامادەی لادان نەبوونە.
ھیچ شتێكیشیان بەبێ فەرمانی ئەوان نەكردووە، ئاوا عەبدایەتیان كردووە بۆ سەری ڕەش و دۆرێ و بلێ و بارزان.

ئیتر چۆن دەكرێت ڕەحمەت باران بكرێن؟

بەكام پێوەر بە ئینسانی باش و خاوەن پڕۆژەو مەوقیفی باش بەگەلیان دەناسێنیت؟
ئەندام و ھەوادارانی پارتی ناچارن بەفەرمانی حزب پێداھەڵگۆتن بنوسن ھەرچەندە ئەوانیش وەك ئێمە حەقیقەتەكە باش دەزانن و لەو دۆخە دروستكراوە داسەپاوە باش باش حاڵین، بەڵام یەكێ كەئەندامی ئەو مەنزومە چەتەگەریە نەبێت و دژبەرایەتی سوڵتەبكات چۆن دەكرێ بكەوێتە داوەوەو مەدح و سەنای دڵسۆزترین پیاوانی دەزگای پاراستن و بنەماڵەی بارزانی بكات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە