بۆچی سەرۆک بارزانی لە سەر كورسی سەرۆکایەتی بەردەوام نەبوو؟.

Saturday, 04/11/2017, 21:52

1486 بینراوە


کوردستانپۆست ئەم نووسینەی پیاوێکی پاراستن و دەسەڵاتدارێکی پارتیی دەخاتە نێو ئەرشیفەوە، تا بۆ رۆژی خۆی پارێزراو بێت.

---------------------
د. فرسەت سۆفی

دوو جۆر سەرۆک هەن, بەشێکیان ئەوانەن کە لە رێگای دەنگدان و دەنگدەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبنە سەرۆک و تێرمی خۆیان تەواو دەکەن و خانەنشین دەبن, وەک هەر فەرمانبەرێکی ئاسایی. بەشێکی دیکەیان ئەوانەن کە مێژوو دروستیان دەکات و لە چەشنی رابەر دەردەکەون, ئەم جۆرە لە سەرۆک خاوەن کاریزمایەکن نە بە وەرگرتنی کورسی بە دەست هاتووەو نە بە لە دەستدانی کورسی لە دەست دەچێت. کاریزمای ماندێلا کردەی مێژوو بوو, پێش ببێتە سەرۆکی کۆماری باشوری ئەفریقیا هەر هەی بوو, دوای جێهێشتنی پۆستەکەشی هەر بۆی مایەوە. گەر سەیری سەرۆکەکانی ئەمریکا بکەین تەنها چەند ناوێکن وەک جۆرج واشنتن و ئەبرهام لینکولن کە مێژوو کردەن و هەمیشە ناویان دووبارە دەبێتەوە, ئەوانەی دی خانەنشین بوون و وەک فەرمانبەرێک خزمەتەکەیان کۆتایی هات. تەنانەت هەندێک لە رابەرەکان هیچ پۆستێکیان هەر وەرنەگرتووە لە چەشنی مارتن لۆثەر کینگ هەر بەدرەوشاوەیی دەمێننەوە. بۆیە ئەوانەی پێیان وایە کاریزما هێز لە کورسی وەردەگرێت, لێکدانەوەیان دروست نیە, چونکە زۆر جار بە پێچەوانەوە کورسی هێزی کاریزما هەڵدەمژێت و ئەگەر کاریزما هوشیار نەبێت لەوانەیە هەر نەشی هێڵێت.

سەرۆک بارزانی سەرکردەو رابەرێکی مێژوو کردەو بەشێکی کاریزمای بارزانی لە باپیرانیەوە سەرچاوە دەگرێت, چونکە لە سەر ئاستی جیهان کەمن ئەو خانەوادانەی نەوە دوای نەوە رابەرایەتی خەباتی شۆڕشگێری بکەن و کۆڵ نەدەن, بەشەکەی دیکەی کاریزمای سەرۆک بارزانی پەیوەستە بە خودی خۆی کە هەڵگری کۆمەڵێک سیفاتی زۆر تایبەتەو تەنها لە کاریزمای بارزانی بەرجەستە دەبن. 

یەک لەو خاڵە لاوازانەی کە لە تاکی کوردی داهەبووە, هەست کردن بووە بە لاوازی بەرامبەر خەڵکی بێگانە بە تایبەتی بەرامبەر رۆژئاواییەکان, ئەمە لە سەرکردەکانیشمان رەنگی داوەتەوە, بەڵام ئەم خاڵی خۆ بەلاواز زانینە بە هیچ شێوەیەک لە سەرۆک بارزانی بەرجەستە نابێت, ئەگەر سەیری هەڵوێستەکانی بکەیت بەرامبەر تورک و فارس و عەرەب, بەرامبەر ئەمریکیەکان بە تایبەتی لە سەردەمی بریمەر بەرامبەر بە ئەوروپیەکان, زۆر بە روونی بەهێزی و باوەربەخۆ بوونی ئەم رابەرە بە دیار دەکەوێت و لە داهاتووش کاتێک سەرکردەکانی ئەم وڵاتانە یادوەریەکانی خۆیان دەنووسنەوە لەو وێستگەیەی پەیوەندی بە کورد هەیە ئەمە زیاتر دەردەکەوێت.

بارزانی هەمیشه خۆی بووەو قەت لە ژیانی نەیتوانیوە نمایش بکات, هەر بۆیەشە لە هەر دەرکەوتنێکی دا خەڵک بە ئاسانی خوێندنەوەی لە روخساری ئەو بۆ رەوشەکە کردوە, ئەمەش نیشانەی ئەو پەڕی راستگۆییە لە گوتاری سیاسی سەرۆک. ئیحساسی سەرۆک لێوان لێوە لە هەستی مرۆڤایەتی , ئەو هەستێکی تایبەتی هەیە بەرامبەر پێشمەرگەو کەس و کاری شەهیدان, جارێک گووتی زۆربەی ئێواران کە دەچمەوە پێنج تا دە خانەوادەی شەهیدان چاوەڕوانم دەکەن , گوتی چەندی شەکەت و ماندووش بم ناتوانم نەیان بینم. سەرۆک خاوەن کۆمەڵێک پرنسیپی نەگۆرەو ناتوانێت دەست بەرداریان بێت, هەمیشە باسی ئەوە دەکات کە سیاسەت بە بێ ئەخلاق موسیبەتێکی گەورەیە, هەر بۆیەشە کاتێک دوو روویی و درۆو موزایەدە لە سیاسیەکان دەبینێت ناتوانێت تورەیی خۆی بشارێتەوە. سەرۆک کە دەڵێت من پێشمەرگەم ئەمە قسەی ناخی دڵیەتی, ئەم راستگۆییە زۆر بەئاسانی لە روخساری سەرۆک, جلو بەرگەگانی, سادەیی و سروشتی خۆڕسکانەی سەرۆک هەستی پێدەکرێت. سەرۆک خاوەن زاکیرەیەکی زۆر بەهێزەو هەمیشە کە قسە دەکات بە یادوەریەکانی شۆڕش دەوڵەمەندیان دەکات و زۆر ووردە لە گێرانەوە, هەندێک جار کە یادوەریەکی شەستەکان دەگێڕێتەوە, رۆژو مانگ و تەنانەت جار هەیە کاتژمێرەکەشی دەڵێت, بۆیە سەرۆک بارزانی زۆر لەوە زیاتر دەزانێت کەدەری دەبڕێت. بارزانی کە باوەڕی ئاینی بەهێزە تەنها بۆ خۆیی و خودای خۆیەتی نەک بۆ ریایی, ئەو قەت هاوسەنگەرەکانی لە یاد ناکات, هەرچەندە ناتوانێت موجامەلە بکات, بەڵام کە لە گەڵی دادەنیشیت دڵی پڕە لە میهرەبانی, دەڵێی باوکێکی دڵسۆزەو لە ناخەوە ناتوانیت خۆشت نەوێت. ئەمانەو چەندین سیفاتی دیکە ئەو تایبەت مەندیانەن کە تایبەتن بە سەرۆک بارزانی و بوونی سەرۆک لە سەر کورسی سەرۆکایەتی یان نەبوونی لە سەر کورسی ئەمانە بە نەگۆڕی دەمێننەوەو ئەو وەک رابەرێکی گەورە خاوەن کاریزمای خۆیەتی.

سەرۆک بارزانی دەمێکە دەیەوێت کورسی سەرۆکایەتی بە جێبهێڵێت, چەند جار خۆم شایەتم ئامادەکاری تەواو کراوەو بە داخەوە دۆخێکی نەخوازراو هاتۆتە پێش, شەڕی داعش نەبووایە لە ٢٠١٥ سەرۆک کۆتایی پێهێنابوو, بەڵام زۆر بەرپرسانە بڕیاری داو خۆی فەرماندەیی شەڕی کرد, جار هەبووە دوو شەو نەخەوتووە, یان کە خەوتووە لە ناو مەتارێزی پێشمەرگە خەوتووە, یان لە ناو ئۆتۆمۆبێل خەوتووە, تا گەورەترین سەرکەوتن تۆمارکرا. چەندین جار خۆم گوێم لە جەنابی بووە, گووتوویەتی ریفراندۆم تەواو ببێت ئیتر ئەرکی من وەک سەرۆکی هەرێم تەواو دەبێت و بڕیاری خۆم داوە, چەند جارێک وتاریش ئامادەکراو تەنانەت جارێک تۆماریش کرا, بەڵام خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر دیسان بڕیارەکەی دواخست, تا لە ٢٨ ئۆکتۆبەر بڕیاری داو نامەکەی خۆی ئاراستەی پەرلەمان کرد, بەردەوام نەبوونی سەرۆک لە پۆستی سەرۆکی هەرێم لە کاتێک بوو کە دەیتوانی تا هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی شورا بەردەوام بێت, ئەگەر سەرۆک بارزانی یەک تۆزقاڵ حەزی بۆ ئەم کورسیە هەبووایە بڕیاری بەردەوام بوونی دەدا, چونکە لەم قۆناغە بەردەوام بوونی سەرۆک خواستی زۆربەی هێزە سەرەکیەکان بوو. 

سەرۆک بارزانی کە چاوی کردەوە پێشمەرگەی بینی, لەو تەمەنەی کە پێویستی بە سۆزی باوک بوو دوازدە ساڵ دابڕا, لە تەمەنی تازە لاوێتیدا ملی دایە شاخ و هەموو تەمەنی خۆی بە پێشمەرگایەتی بەخشی, سەرۆک نەیویست چێژ لە گەنجێتی خۆی وەربگرێت و وەک کوڕی سەرکردەیەک بچێتە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان بخوێنێت, ئەو بۆ میللەتەکەی ژیاوە, تا دواجار لە تەمەنی ٧١ ساڵی لە نێو ئەم هەموو گەلە گورگە رابەرایەتی پیرۆزترین و گەورەترین ئامانجی گەلەکەمانی کردو لە ٢٥ی سیبتێمبەر بومەلەرزەیەکی سیاسی گەورە هەموو جیهانی هەژاند, ئەگەرچی ئەمڕۆ وەک دۆخێکی کاتی و بە هۆی خیانەتی ناوخۆو مؤامەرەیکی هەرێمی کارەساتی ناخۆش روویان داوە, بەڵام ئەوەی سەرۆک بارزانی بە پشتیوانی گەلەکەی خۆی کردی نەوە دوای نەوە شانازی پێوە دەکەن و سەدان ساڵی تریش جورئەت و شەهامەت و بوێری سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە گەش و جوانەکانی مێژوو بە درەوشاوەیی دەخوێندرێتەوە. ئەوەی سەرۆک کردی بە قەد سەد ساڵ خوێندنی وانەی کوردایەتی , هەستی باوەڕبەخۆبوون و ئیرادەی بەهێزو هوشیاری نەتەوەیی خستە نێو هزری ئێمەو نەوەکانمان, بۆیە سەرۆک بارزانی رابەرێکی نیشتمانیەو بەجێهێشتنی کورسی سەرۆکایەتی یەک تۆزقاڵیش لە کاریزمای ئەم مرۆڤە مەزنە کەم ناکاتەوە. 

بڕیاری بەردەوام نەبوونی سەرۆک بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بڕیارێکە لە قەناعەت و باوەڕی سەرۆک سەرچاوەی گرتووە, کە نابێ سەرۆکی هەتا هەتایی هەبێت و دەبێ هەرێمەکەمان نموونەیەکی جوانی دەستاو دەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بێت, بۆیە لە دوای ئەم بڕیارو باوەڕەی سەرۆک ئیتر هیچ پەراوێزێک بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەماوەتەوە کە کاریزمای سەرۆک بارزانی تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و حزبی بکەن و دەبێ هەموومان وەک شکۆی گەلێکی ئازادیخواز لە لە سەرۆک بارزانی بڕوانین. ئەگەر دوژمنانی گەلی كوردستان پێیان وایە بەردەوام نەبوونی سەرۆك لە كورسی سەرۆكایەتی هەرێم بە مانای كۆتایی هاتنە بە كاریزماو ڕۆڵی مێژوویی ئەو لە ڕووداوە سیاسیەكان، ئەمە تێفكرینێكی زۆر كاڵفامانەیەو پێگەی گەورەی سەرۆك و مەرجەعیەت و كاریزمای ئەو لێرەوە زۆر لە جاران كاریگەرتر دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە