دەستکەوتەکانی فرسەت سۆفی

Thursday, 26/11/2020, 0:30

6989 بینراوە


ئایا فریشتەیەکمان لەدەستدا؟


مردنی فرسەت سۆفی وەک زۆر ڕووداوی دیکە ڕاستی ناوەوەی زۆر کەسی دیکەی لەوانە ئاشکرا کرد کە وەک ئۆپۆزسیۆن و دژبەری سیاسەتی پارتی خۆیان نیشان دەدا.
ئەو کەسەی ئەندامی باڵای حزبێک بێت لە باشە و خراپەی ئەو حزبە بێبەری نییە، جا ئەگەر پارێزگاری شارێک بێت بەرپرسیارێکی زیاتری لە ئەستۆیە.
لەماوەی بەپارێزگاربوونی فرسەت لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٩ تا ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ واتا کاتی (نەخۆشکەوتنی !!!) هەولێر ناوشار و تەواوی پارێزگاکە بەسەربازگە کرا، زۆرترین کەسایەتی ئازادیخواز و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات دەستگیرکران، سەرکوت کران، ڕفێندران و ئەشکەنجەدران.
لەماوەی پارێزگاربوونی ئەودا زۆربەی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی لە هەولێر دەستگیرکران کەلەناویاندا ژنە چالاکی سیاسی و ئەندامی تەڤگەر سەمیرە حەمەد ئەمین خۆی و هاوسەری دەستگیرکران، پاشان لەسەر خوێندنەوەی هۆنراوەیەک هەڵۆی کوڕیشیان دەستگیرکرد و چەند مانگ لە زیندان هێشتنیانەوە تا ئێستاش کە دەکاتە ٤ مانگ ئەندامی تەڤگەر تەحسین یاسین جەعفەر ئازاد نەکراوە، هەموو ئەندامانی تەڤگەر لە زیندانەکانی پارتیدا زۆرترین ئەشکەنجە دراون.
تەنانەت ئەو منداڵە کچە حەوت ساڵانەیەی لە هەولێر لەلایەن چەند کەس دەستدرێژی کرایە سەر و بەقسەی فرسەت نێچیرڤان بۆی هاتوەتەسەرخەت، لە سەردەمی ئەودا باوکیان ناچار کرد هەولێر بەجێبهێڵێت لەترسی هەڕەشە و تیرۆر هەڵهات.
لەسەردەمی فرسەت دا کە ناڕەزایەتییەکان دژ بەدەسەڵات گەیشتبووە لوتکە، هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گربوونەوەک بەبڕیاری ڕاستەوخۆی خودی خۆی قەدەغەکرا، تەنانەت ئەو گوتی ئەوەی خۆپیشاندان بکات بەتوندترین شێوە سزای دەدەین.
لەسەردەمی پارێزگاربوونی ئەودا گەمارۆی سەر ئاوارەکانی باکوری کوردستان لە کامپی شەهید ڕۆستەمی مەخموور توندتر کرایەوە و بەهۆیەوە چەند منداڵ مردن و هەزاران کەس بێ ئیش و کار بوون و چەندین خوێندکاری کامپەکە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەولێر دەرکران، تەنانەت لە چەندین بۆنە و کۆبوونەوەی ڕۆژانامەوانیدا نکۆلێ کرد و گوتی گەمارۆ نەخراوەتە سەر کامپی مەخموور.
لەهەمووی خراپتر لەسەدەمی دەسەڵاتداری ئەودا جوغرافیایەکی فراوان لە سنوری هەولێر لە برادۆست هەتا قەزای سۆران تەسلیمی سوپای تورکیا کرا و دەیان بنکە و بارەگای سەربازیان بۆ کرایەوە هاتن و چوون و کردنەوەی ئەو بارەگایانە بەئاگاداری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فرسەت سۆفی کران.
هێشتا بیرمە لەدوای کۆمەڵکوژی ١ی ئابی ٢٠١٥ی زارگەلی بناری قەندیل بەفڕۆکەکانی تورکیا من و فرسەت سۆفی لە بەرنامەیەکی کەی ئێن ئێن دا بووین، ئەوکات ئەو پەرلەمانتار بوو، تا پێیکرا هەوڵیدا تاوانەکە و کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە ئەستۆی تورکیای داگیرکەر دابماڵێتی و بیخاتە ئەستۆی پەکەکە.
دوای هەموو ئەو ڕاستیانە دەکرێت بڵێن فریشتەیەک بەجێیهێشتین؟.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە