بوونەوەرێکی سەمەرە*!

Thursday, 26/11/2020, 0:40

2323 بینراوە


- ئاساییە بەلایەوە شکەنجە بدرێت، زیندانی بکرێت، ڕۆژانە کەرامەتی بشکێنرێت لەلایەن موسوڵمانە سەرکوتکەرەکانەوە، بەڵام ڕازی نابێت بە وشەیەکیش ڕخنەیەکی ڕاسگۆیانە لە ئاینەکەی بگیرێت!
- ئاساییە بەلایەوە ژنێکی بەتەمەن بڕفێندرێت و لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا موسوڵمان بکرێت، بەڵام ڕازی نابێت ، کەسێك ئازادانە واز لە ئاینەکەی بهێنێت و فتوای کوشتنی دەدات!
- ئاساییە "سیسی " بڵێت ئیسلام لە قەیراندایە، بەڵام ڕازی نابێت " ماکرۆن" وا بڵێت!
- ئاساییە بەلایەوە ڕۆژانە دژی ئاینەکانی تر جنێو بدات، دژایەتی و سوکایەتی بە لایەنگرانیان بکات، کەچی شێتگیر دەبێت گەر کەسێك ڕخنەیەکی بابەتی لە ئاینەکەی بگرێت!
- ئاساییە دەستدرێژی بکاتە سەر ئافرەتانی ئەوانی تر ، بەڵام ژنەکانی خۆیی بە ناموسی خۆی و خێزانەکەی دەزانیت!
- لە زەلکاوی دوای دواوەی مرۆڤایەتیدا دەژی ، کەچی پێیوایە لەهەموان بەرزترە و باشترین نەوەی سەرزەمینە!
- خوازیاری جێبەجێکردنی شەریعەتە، شعر و شانامە بەسەر لێبوردەیی و دادوەریەکەیدا هەڵدەدات، کەچی لەو وڵاتانە هەڵدێ کە شەریعەتی تێدا جێبەجێ دەکرێت!
- خوازیارە ئیسلام تاکە ئاینی فەرمی دەوڵەت بێت ، کەچی لە دەوڵەتانی سۆماڵ، ئەفگانستان و پاکستان  کە ئەم خواستەی جێبەجێ دەکەن ، بێزارە! 
- واخۆی نیشاندەدات کە لەسەر چەوسانەوەی ئاینی لە وڵاتەکەی خۆیدا هەڵهاتووە، کەچی سوکایەتی و جنێو بە ئاینی ئەو وڵاتە دەدات کە پەنایداوە و نان و ئازادی بۆ فەراهەم کردووە!
- واخۆی نیشاندەدات کە ڕێبوارێکی ڕێگەی ئازادیە، بەڵام کە ئازادی بۆ فەراهەمکراوە ، هەوڵدەدات ئەو ژینگەیە وێرانکات!
- بە چاوێکی سوك تەماشایی وڵاتانی خۆرئاوا دەکات، بەڵام ئامادەیە لە بەلەمە قاچاغەکاندا ڕێگەی هاتوو نەهات بگرێتەبەر و لە دەریادا بخنکێت، بەشکم بگاتە ئەو وڵاتانە!
- خوازیاری بایکۆدی کاڵای خۆرئاوایەکانە ، کەچی هەموو بەرهەمەکانی ئەوان، لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکار دەهێنێت!
- پێی شەرم نیە وڵاتەکەی لە لایەن موسوڵمانانەوە داگیر بکرێت، بەڵام توشی هێستریا  دەبێت گەر داگیرکارەکە خۆرئاوایی بوو!
- جەنگ و هەڵمەتی خاچ پەرستەکان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات، بەڵام شانازی بە "غەزا " و " فتوحات"ەوە دەکات!
- پێیوایە تیرۆریستەکان نوێنەرایەتی ئیسلام ناکەن ،  هاوکات شانازی بە کار و کردەوە دڕندانەکانیانەوە دەکات!
- دەزانێ و دەبینێ کە زۆرترین گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژی خێزانی ، زۆرترین بینەرانی فلیمە پۆڕنەکان لە وڵاتانی ئیسلامیدایە ، کەچی دەوێت دنیا باوەڕکات وڵاتانی ئیسلامی پاکترین سەرزەمینە کە مرڤ دەبێت لێیەوە فێری ڕەوشت بێت! 
- ئاساییە بەلایەوە ژن بکرێتە کۆیلە و کەنیزە، لە جەنگدا وەك مەڕوماڵات تاڵان و لاقە بکرێت، بەڵام نابێت تەوقە لەگەڵ ئامۆزاکەی خۆیدا بکات، ئاخر تەوقەکردن لەگەڵ ژندا حەرامە!
- دەڵێت ئاینەکەی فێری بەزەیی و جوانترین ڕەوشتی کردووە، کەچی بۆ بەرگری لەو ئاینەی ،مرۆڤ سەردەبڕێت، بەکاڵی جگەرەکەی دەخوات و گەر بۆشی نەلوا بە ناشیرینترین شێوە جنێو بارانیان دەکات.
- دەڵێت ئاینەکەم ئاینی ئاشتیە ، کەچی شانازی بە پەلاماردا، کوشتن، ڕفاندن ، تاڵانی ، لاقەکردن و کۆیلەکردنی مرۆڤ بە زەبری شمشێرەوە دەکات و خەو بە "فەتح"ی ڤاتیکانەوە دەبینێت!
- بە کوشتاری مرۆڤ دەڵێت "جیهاد". بە کۆیلە و کەنزەکردنی ژن و مناڵی خەڵکی دەڵێت "غەنیمە" . بە داگیرکردن و تاڵانی کردنی وڵاتان دەڵێ "فەتح"..... کەچی پێستی ڕووی هێندە قایمە قبوڵی نیە پێی بڵێیت ، ئەم پێوەرانەی تۆ بۆ ئەم سەردەمە ناشێن.
- ئەو قوربانی بە تاوانبار دەبینێت ، بکوژ بە پاڵەوان و شەهید. وشە  و کاریکاتێر لای ئەو خەتی سورە، بەڵام لەناوبردنی خودی مرۆڤ و پیرۆزی ژیانی، ئاساییە!
- لە تاو سەرکوت و زیندان هەڵدێ بۆ وڵاتانی خۆرئاوا ، کەچی دەیەوێت ئەوێش بگۆڕێت بۆ ئەو دەولەتە شکستخواردووەی لێوەی هەڵهاتووە! 
- پەلاماردەدات، تەقنەوە ئەنجامدەدات، سەردەپەڕێنێت، وێرانی دەخوڵقێنێت، کەچی پێی وایە هەرکەسێت دژی ئەم تیرۆرە دڕندانەی ئەو بێت ، ئەوە ڕەگەزپەرستە و نەخۆشی فۆبیایی هەیە!
- کریستیان و جوەکان بە کافر، گومڕا ، سەرلێشێواو ، ڕێگەونکەر و .... پێناسە دەکات و لە ڕیزی مەڕ، مەیمون و بەرازدا دایان دەنێت ! گەر کەسێك ئەم سوکایەتیەی ئەوی قبوڵ نەبێت،  بە دژایەتیکردنی ئاینەکەی تاوانباری دەکات و سەنگەری لێدەگرێت!
- بڕوای وایە کە خودایەکی بەهێزی هەیە، هاوکات خوداکەی پێویستی بەمە تا بەگری لێبکات و خەڵکی ناچاربن بیپەرستن و لێی هەڵنەیەن! 
- پێیوایە جیهان بەهۆی خوادنەوەی کحولەوە نوقمی بێ ڕەوشتی بووە ، کەچی خەون بە بەهەشتێکەوە دەبینێت تا کحولی وەك پاداشت پێ بدەن!
- پێوایە موی سەری ژن "عەورە"یە  و دەرکەوتنی تاوانە، بەڵام ئاساییە بەلایەوە  باسی حۆریەکان لە کتێبە فقیەکاندا بخوێنێتەوە کە هێندە ناسك و جوانن مۆخی ئێسقانیان لەژێر گۆشتەکەدا ، دیارە!
- گەرچی بە چاوێکی سوکەوە دەڕوانێتە ژن ، کەچی گەورەترین ئومێدی ئەوەیە وەك پاداشت لە جیهانێکی تردا  چەند ژنی بەرکەوێت!
- پێی ئاساییە لەژێر پەرچەمەی ئیسلامدا هەزاران تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێت، کیژۆڵەی نۆ ساڵە لاقە بکرێت، سەری مرۆڤ وەك قچکە پیاز بپەڕێنرێت ، ماڵ و موڵکی خەڵکی تاڵان بکرێت، ئەو هیچ هەڵوێستێك نیشان نادات . بەڵام گەر کەسێك بە کێشانی کاریکاتێرێك گۆشەیەکی ئەو دڕندایەتیە بخاتە ڕوو، ئەم بەلەسە دەبێت و دەیەوێت شار وێرانکات و کاریکاتێریست و ڕۆژنامەوان خەڵتانی خوێنکات!

لە کۆتایدا دەبێت بڵێم : قورسە بۆ کەسانێكی ئەشکەوتنشین کە نوقم بووی نێو تاریکین  ، بە ئاسانی بێنە جیهانی پڕ لە ڕوناکی و لەزەت لە جوانیەکانی ژیان ببینن.
.....
*
ئەمە وتارێکی نوسەری ناسراوی ئەمەریکی بە ڕەگەز میسری  مەجدی خەلیلە ، من بە دەسکاریەوە کردم بە کوردی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە