خەو هەمووی پێچەوانەیە

Friday, 27/11/2020, 1:05

3532 بینراوە


خەڵکی سلێمانی زۆر گرنگی بە خەون بینین ئەدەن لەزۆربەی کاتەکاندا ئەیگێڕنەوە و باسی ئەکەن. زۆربەی ئەو ماڵانەی پەرتووكخانەیەکی هەبێ، لانی کەم پەرتۆووکێك لەسەر خەون بین و چۆنێتی لێکدانەوەی خەون، بەدی ئەکرێ.
لەوەتی مناڵم بوم و بەبیرم بێ ، ووتویانە خەو بین یان بەشێوازی سلێمانیانە، خەو هەموو عەکسە، واتا پێچەوانەکەی ڕاستە.. بۆ نمونە گەر لەخەوتا ئاژەڵێکی دڕندە دوات کەوتبێ، ئەوا ئەڵێن یەکێك بەرەو پیرت دێ و ڕەنگە میوانێکی ناوەختە بێ، یان گەر لەخەوتا مەلەت کردبێ،ئەوا ئەڵێن ماوەیەکە خۆت نەشووتە و ئەچیتە حەمام.
من خۆم هەرگیز باوەڕم بەوە نەبوە کەوا خەو هەموو کات پێچەوانەکەی ڕاستە. پێم وابوە خەون بینین کاردانەوەی گفتۆگۆکانی ڕۆژانە و ئەو کار و ڕەفتارانەیە کە ڕۆژانە ئەیکەن. بۆ نمونە بیرکردنەوە لەشتێك زۆر بەخەستی بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەوا ڕەنگە خەونێکی لێ دروست بووبێ، یان هەستکردن بە کردنی کارێکی باش، یان خراپ ئەوا دەرئەنجامەکەی خەوێکی لێ بەرهەم هاتوە. ئەمە بەڕاستی تێڕوانینی من بوە بۆ خەو و خەوبینین .

زۆر کات هیوام خواستوە کە خەو پێچەوانەکەی ڕاست بێ. بۆ نمونە، تا ئێستا چەندین خەونم بە هەریەکە لە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیەوە بینیوە، بڕوات هەبێ بۆ تاکە جارێکیش بەبیرم نایەت هیچیان کارێکی باشیان کردبێ، یان کردەوەیەکی شیاویان لێهاتبێت، کە کردوویانە.. ئەوەی من لە خەوی ئەم دوو نالەبارە بینیومە جگە لە کاری خراپ و خەڵك کوشتن و دزی زیاترم لێ نەبینیون. هەر بۆ نمونە دوێنێ شەو لەخەوما مەسعود بەدەستی خۆی 4 کوڕی کوردی پەکەکەی لە سێدارەدا، باش بیرمە ئەیووت ناڕۆم لێرە تا نەبینم هەر چواریان هەناسەیان لێ نەبڕێ. (بڕوا بکەن ئەمە خەونی من بوو بەبێ زیاد و کەم).
پرسیاری من لێرەدا گەر خەوبینین پێچەوانەکەی ڕاست بوایە، ئەوا ئەبوو تەنها بۆ یەك جاریش مەسعود دەستی بێنایە بەسەری کوڕە هەژارێكدا، یان دژی داگیرکەرێکی وەك تورك بجەنگایە.. کەچی ڕێك ئەو خەونە ئەبینم کە مەسعود لە کاتی ئاساییدا پەیڕەوی ئەکات. جا نازانم ئەوە هەر منم ئەو جۆرە خەوانە بەو شێوەیە ئەبینم، یان ئێوەش هەروان، هیوادارم خەونی ئێوە جیاواز تر بێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە