سەرچاوەی ناکۆکیەکانمان چییە؟

Saturday, 28/11/2020, 12:56

2945 بینراوە


"لە جیاتی بێزاری لەباوەڕیان، پێویستە زیاتر فێربیت لەبارەی سەرچاوەی باوەڕەکانیان "

لەزەمەنێکدا دەژین کە بەڕاستی زەمەنی زۆربڵێی و چەنەبازییە.وەک دەڵێن ئەقڵمان بۆتە ئاردی ناودرک و کۆنابێتەوە. بیروبۆچونەکان بەڕادەیەک لێک دورن کە ڕێگای لێک تێگەیشتنی ئاستەنگکردوە. حەزو ئارەزوو و خەونو ئاواتەکانمان بەڕادەیەک جیاوازن کە هەرکەسە یان هەرگروپە بەجیا و سەربەخۆ هەوڵدەدەن دونیایەک چێبکەن کە ئەویتر هەست دەکات بۆئەو دەبێتە جەهەننەم.
بەهایەکی گشتی نییە کە لێکمان نزیک بکاتەوە ،دەمارگیری بەجۆرێک تەشەنەی کردووە، کە هەوڵی سڕینەوە و دژایەتی هەستی خۆشەویستی و یەکتر قبوڵکردنی گرتۆتەوە.لەکاتێکدا هەموان بانگەشەی کۆمەڵێک بەهادەکەن ،کە هاوبەشە لەنێوانماندا، بەڵام دەبینین کەسانێک کە بانگەشەی ئازادیخوازی دەکەن، لەناو هێزێکی کۆنە پارێزدا جێدەگرن. هەموانیش پێیان وایە لەسەر حەقن!نەک هەر ئەوە هەموان پاساویان هەیە بۆ دونیابینی و بیروباوەڕەکانی خۆیان تەنانەت ئەگەر ئەو بیرو باوەڕانە ئەفسانەیی و دۆگما و سەرەتاییترین بیروباوەڕ بن،یاخود ئەگەر بیروباوەڕو بۆچون و دونیا بینی مۆدێرن بن. 

چۆن لێک تێبگەین بەبێ لەناوبردنی جیاوازیەکان جیاوازیەکان"کەمەحاڵە" و،بتوانین پێکڤە کاربکەین

هەریەکێک لەئێمە ڕۆژانە کۆمەڵێک قسەو بیروبۆچونی بەرگوێ دەکەوێت،کە سەرمان دەسوڕمێت. چۆن دەکرێت کەسێک ئاوابیربکاتەوە؟چۆندەکرێت کەسێک تائەو ئاستە دۆگمابێت؟ هەندێجار لەو بیروبۆچونانە بێزار دەبین و هەندێجار پێکەنینمان پێیان دێت ،هەندێک جاریش وامان لێدەکات هەستی مەزنتربون لە ئەوانیر وامان لێبکات لەدژایەتیدا بێرەحم بین. من بانگەشەی یەکسانی لەنێوان بیروبۆچونەکان داناکەم ،بەڵام بەوەڕم بەو ەهەیە کە دەبێت ئەوانەی زیرەکترن هاوکاری ئەوانیتر بکەن هەر وەک بریتا بولەر دەڵێت: کاتێک باوکم بردومی بۆ تاقیکردنەوەی زیرەکی ئاستم سەرو ئاستی زیرەکی ئاسایبو،بەڵام باوکم ئامۆژگاری کردم و فێریکردم وەک چۆن دەبێت ئەوانەی سامانیان زۆرترە دەبێت هاوکاری ئەوانیتربکەن،ئاواش دەبێت هاوکاری کەسانێک بکەین کە ئاستی زیرەکییان لەئێمە نزمترە،نەک بیانخەینە خزمەت خۆمانەوە. 
بەر لەهەرشتێک دەبێت ئەوە بزانین کە هەرتاکێک بگریت بیروبۆچونەکانی خۆی پێڕاستن،خوڕافەپەرستترین کەس گاڵتە ی بەبیرو بۆچونی ڕۆشنگەرترین کەس دێت بەپێچەوانەشەوە.لێرەدا ئێمە ئەو دو ئاڕاستەیە هاوسەنگ ناکەین و هەوڵنادەین بەدوای ڕێژەی حەقیقەت دابگەڕێین،یان ئاستی لۆژیکی بوون .بەڵکو ئەوەی ئاشکرایە کە زهنی هەریەکێک لەئێمە بەگوێرەی ئاست و شێوازی مەعریفەکەی حەقیقەت بەرهەم دێنێت. منێک کە باکگراوندێکی مەعریفی دینیم هەبێت ناتوانم لۆژیکیانە پاساوی بیروباوەڕەکانم بدەم.پێوەرەکانم لە جۆری مەعریفەکەمەوە سەرچاوە دەگرێت .ئەلبێر کامۆ لەوبارەیەوە دەڵێت:من ڕۆژگارێک پێم وابو زۆر ژیرم ،بەڵام بەلامەوە گرنگ نەبو،چونکە دەمزانی گەمژەکانیش هەمان هەستیان هەیە! بەڵێ هەریەکێک لە ئێمە دەکرێت ئەو هەستەی هەبێت کە ژیرترینەو داوەری لەبارەی هەموشتێکەوە بکات .بەچاوپۆشین لەوەی کە بێگومان دونیابینی پیاوێکی دینی و ئاینشتاین یەکسان نین.بەڵام چ پیاوێکی دینی هەیە ئاینشتاین و فرۆید بە گومڕا نەزانێت!
کەواتا لێرەدا واز لەوە دێنین کێ ڕاستە و کێ هەڵە. هەتا ئەگەر سەرنج بدەینە ئاستی پەرۆشی هەرتاکێک بۆ بیرو باوەڕەکانی لەوانەیە ئەوە بەدیبکەین هەرتاکێک ئەگەر گەمژەترین تاکیش بێت ،هێزی بدەیتێ ویستی خۆی دەکاتە دەستوری وڵات . بەڵام هێز گەرچی حەقیقەتی هەیە بەڵام حەقیقەت نییە .هێز کوێرە و نالۆژیکییە. 

چۆن لێک نزیک ببینەوە و بتوانین پێکەوە کاربکەین؟

ڕەنگە پێکەنیناتان بەوەبێت،کەبڵێم بیرو باوەڕ کاریگەری لەسەر لەزەتیش هەیە! ئێمە دەبینین بیروباوەڕ هەستەکانیشمان دەگۆڕێت کاریگەری هەیە لەسەر ئارەزوکردنی جۆری مۆسیقا ، خوێندنەوە ، فیلم و..تاد .
کەسێک کە گوێ لەقورئان دەگرێت لەوانەیە فرمێسک لەچاوەکانی بێت،کەسێکیتر بە پێچەوانەوە. دەبێت ئەوڕاستیە بزانین کاریگەریەکە لەناوەوەیە نەک لەدەرەوە،ئەوە وڵامی دەرونی ئێمەیە بۆ ورژێنەرە دەرکیەکە،هێزە سیحریەکە لەدەرونی ئێمەدایە و پەیوەستە بە یادەوەری و ئاوات و حەزەکانمان ٫ هەربۆیە تاکێکی بڕوادار سەری دەسوڕمێت کەسێک ئارەزوی گوێگرتن لەقورئان ناکات و دڵی داناخورپێ،ئەو درک بەوەناکات کە ئەو هەستەی ئەو هەیەتی بۆ بابەتێک پەیوەستە بەبیروباوەڕی خۆی،بۆیە هیچ پێویست ناکات خۆمان تێک بدەین وبڵێین فڵان دڵڕەقەو خوا مۆری لەدڵداوە، بەڵکو لەڕاستیدا ئەوە مەعریفەو بیرو باوەڕی هەست و یادەوەری ئێمەیە وادەکات ئارەزوی چ ئاوازێک بکەین،هەر گیز زەحمەتە دوکەسمان هەمان هەستمان هەبێت بۆ ئاوازێک مەگەر ئەوکاتەی هاوفیکربین!
جان هایت دەروناسی ئەمریکایی لەکتێبی زهنی دروستکار بۆچارەسەری ئەم دۆخە دۆخی شێواوی کۆمەڵگا و پێکدادانی دونیابینیەکان پێشنیار دەکات کە لە جیاتی بێزاری و توڕەیی لە بیروباوەڕی کەسانی تر،بەدوای سەرچاوەی بیروباوەڕەکانیاندا بڕۆین،بۆئەوەی بتوانین گفتوگۆ بکەین. وەپێویستە لەسەرچاوەی بیرو باوەڕەکانی خۆشمان بکۆڵینەوە! هایت پێی وایە شەشە بەها هەیە کە هاوبەشە لەگەڵ دژەکانماندا،بەڕەچاوکردنی ئەم شەش بەهایە دەتوانین هاوکاری یەکتربکەین و لێکنزیک بینەوە و بتوانین گفوگۆ بکەین،لەجیاتی موجادەلە،چونکە ئاشکرایە بەنەزان دانان و کەمتر دانانی ئەوانیتر دەرگای گفتوگۆ دادەخرێت و مجادەلە ش ئامانجەکەی سەرکەوتن و ژێرکەوتن بردنەوە و دۆڕانە! . ئەلبێر کامۆ ش لەڕۆمانێکدا دەڵێت:هەموکەس پاساوی هەیە بۆهەر کاروبیرکردنەوەیەک بۆیە مشتومڕ کۆتایی نایەت پاساوهێنانەوە درێژە دەکێشێت ،لەوانەیە لەدۆخی ئاوادا دواین قسە بۆهێزبێت، بۆئەوەی هێز دواین قسەنەکات دەبێت ڕەچاوی ئەو شەش بەهایە بکەین ،بەبێ گۆڕینی بیروباوەڕیش دەکرێت پێکەوە بژین .چونکە وەک دەبینین هەندێجار مرۆڤ لەنێوان مەرگ گۆڕینی و بیروباوەڕ مەرگ هەڵدەبژێرێت! جا ئەوبیروباوەڕە ڕاست بێت یان هەڵە! من دیسان لێرەدا جیاوازی دادەنێم لەنێوان هەڵبژاردنی دوبیروباوەڕی جیاواز ناکرێت ئێمە مردن لەپێناو داگیرکاری و مردن لەپێناو وئازادی یەکسان ببینین،هەموشتەکان وەک یەک نین،ئەوەی حوکمی وەکیەکی لەسەر هەموشتێک بدات دەبێ کوێربێت!
شەش بەها کە پێویستە ڕەچاویان بکەین بۆ ژیان لەگەڵ ئەوانیتر ،شەش بەها کە دەرونناس جان هایت پێشنیاریان دەکات بۆ تاکەکان و پێی وایە هەموان ئەم شەش بەهایەیان قبوڵن،لەبەرامبەر هەربەهایەکیش خاڵی بەرامبەرو دژ هەیە. بەڕای هایت ئاستی گرنگی دانی ئێمە بەیەکێک لەوبەهایانە ڕەفتارمان دیاریدەکات. بێ گەڕانەوە بۆئەوەی ئاخۆ ئەم بەهایانە فیترین یان جیهانین ،ئەوەی گرنگە لێرەدا بیزانین ئەوەیە ئەم بەهایانە ڕەفتاری مرۆڤ دیاری دەکەن،ئەمەش وادەکات ئێمە بزانین تاکێک چۆن و بیرلەچی دەکاتەوە ؟ بۆچی ئەوباوەڕەی هەیە. زانینی ئەم بەهایانە وادەکات هەستی لەسەرتریمان بەرامبەر ئەوانیتر نەبێت و بتوانین گفتوگۆ بکەین.

شەش بەهاکان و خاڵی بەرامبەر/ دژ

یەکەم:
خەمخۆری / زیانگەیاندن :هەمومان یەک خێزانین پێویستە تا ئەوجێگایەی دەتوانین سەبارەت بە ئەوانی دی میهرەبان بین/ بەپێی ئیمکان هەوڵبدەین ڕەنج لەناوببەین. 
دووەم:
ئینساف و فێڵبازی:پێویستە کۆمەڵگە تێبکۆشێت بە ئینساف بێت و عەدالەت بۆهەموان بەدی بێنێت چونکە دەست خستنە ناودەستی یەک باشتره لەزوڵم/وە پێویستە کەسانی فێڵبازو ساختەکار و مفتەخۆر و ئەوانەی شتەکان دەگۆڕن بەقازانجی خۆیان سزابدرێن.
سێیەم:
وەفاداری و خیانەت :وەفاداری بۆخێزان،گروپ،کۆمەڵگا و میللەت ...تاد ،بۆهەرکەسێک شتێکی ژیانیە ،ئەو هێزەیە کە ڕێگە لەگەڕانەوە دواوە دەگرێت. 
چوارەم:
ئازادی و سوڵتە: پێویستە تاکەکان ئازادبن لە ڕەفتارو بیرکردنەوەدا /تا ئەوشوێنەی زیان بە کەسانیتر نەگەیەنن.
پێنجەم:
ڕێزلێگرتن و سوکایەتی . پێویستە تاکەکان خۆپارێز و نەرم و دلۆڤان پاکدامەن و میانڕەوبن،چونکە ئەمانە دونیای ئێمە پایەدار دەکەن/و پێویستە تاکەکان لەڕەفتاری نا ئەخلاقی خۆیان بپارێزن.
شەشەم:
دەسەڵاتخوازی و ڕوخاندن:ڕێزگرتن لەیاسا و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان پێویستە ؛چ ئەو یاسایەمان قبوڵبێت و چ قبوڵمان نەبێت،چونکە کۆمەڵگا لە سەر ڕێککەوتنی تاکەکان پێک هاتوە و پایەدارە/دەبێت یاسا ڕێزی لێبگیرێت ئەگەر خراپ بو لەناوببرێت
لەم شەش خاڵەدا ناکۆکی بەرچاو دەکەوێت. هەریەکێک لەتاکەکان بەهای زیاتر دەدات بە یەکێک لەوخاڵانە.بۆنمونە بەلای کۆنە پارێزانەوە پاکدامەنی،لەسەروی ئازادیەوە. بەلای دەسەڵاتخوازەوە دەبێت ڕێز لەیاسا بگریت هەرچۆنێک بێت!بەڵام بەلای ئازادیخوازێکەوە یاسایەک کە دەبێتە هۆی چەوساندنەوە دەبێ لەناوببرێت. هەمومان لەوەدا هاوبەشین کە وەفاداری،ڕێز ،ئازادی ، ڕێزگرتن لەیاسا،خەمخۆری پاکدامەنی و ...بەهای باشن،بەڵام ئەوەی کە ئێمە لەناو ئەوانەدا کامیان دەخەینە پێش کامیان شێوازی ڕەفتارمان دیاریدەکات. خاڵی دژ لێرەدایە کە هەموان دەڵێن حورمەت پێویستە،بەڵام بەلای کۆنەپارێزەکانەوە هاوجنسبازی دژی حورمەت و ڕێزی ئەوانە. کەواتا ئەوان گرنگی زیاتر بە پاکدامەنی دەدەن تائازادی. هیچ یەک لەم بەهایانە بە تەوای هەڵەنیە.بەڵام هەندێک لەو بەهایانە باڵاترن لەوانی دیکە. بەبڕوای هایت ئێمە گرنگی زیاتر بەچ بەهایەک دەدەین دیاریکەری ئینتیمای سیاسیمانە. بۆنمونە ئەوەی کە پاکدامەنی بەلایەوە بەرزترین بەهایە ، ئینتیمای سیاسی بۆ کۆنە پارێزەکانە.ئەوەی ئازادی بە بەرزترین بەهادادەنێت ئینتیمای سیاسی بۆ هێزە ئازادیخوازەکانە.
بۆنوسینی ئەم وتارە سودم لە وتارێکی- دیود بایرن وەرگرتوە، بەناونیشانی نقطە اشتراک کە با دوشمن 
خونی تان دارید

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە