ئاینشتاین و باوه‌ڕهێنان به‌ خوا

Saturday, 11.28.2020, 23:03

3703 بینراوە


له‌ رێگای مه‌نتیق و لێکۆڵینه‌وه، هه‌میشه‌ زانست هه‌وڵێکی به‌رده‌وام ده‌دا بۆ لێکدانه‌وه‌ و روونکردنه‌وه‌ی یاسا و دیارده سروشتییه‌کانی ئه‌م گێتییه‌. له‌ لێکۆڵینه‌واکانیدا هه‌رگیز پێویستی به‌ میتافیزیک و بۆچوونی فیکری (ئایدۆلۆجیا) نیه‌. 
که‌چی رابه‌ری بۆچوونه‌ فیکری و ئایدیلۆیجیاکان، به‌ به‌ر‌ده‌وام په‌نا ده‌به‌نه‌ر به‌ر زانست، به‌ جۆرێکی ناشیاو ته‌سخیری ده‌که‌ن و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن، داهێنانی زانستی و بیردۆزی نوێ، له‌گه‌ڵ بیروڕاکانی خۆیان بگونجێنن.
لێره‌دا نه‌ زانست و نه‌ زانا ڕوحمیان پێ نا‌کرێ و درۆ به‌ زمانیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌به‌سترێ. 
ئاینشتاین به‌ یه‌کێ له‌ زا‌نا زیره‌که‌کان داده‌ندرێ، یه‌کێکیشه‌ له‌و زانایانه‌ی که‌ زۆربه‌ی دانیشتوانی سه‌ر گۆی زه‌مین ده‌یناسن و به‌ بلیمه‌تێکی که‌مهاوتای داده‌نێن.
به‌م دوواییه‌ زۆر له‌ رابه‌ره‌ دینییه‌کان، به‌تایبه‌ته‌ی رابه‌ری دینه‌ ئیبراهیمییه‌کان، پرۆپاگه‌نده‌یێکی ناڕه‌وا به ئاینشتاینه‌و‌ه‌ ده‌که‌ن و وه‌ک ریکلامێ به‌کاری ده‌هێنن. له‌ میدیاکان و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان باس ده‌که‌ن که‌ گوایا‌ ئاینشتاین، ئاتایست (ملحد) نه‌بووه‌ و باوه‌ڕی به‌ خوا هه‌بووه‌.
ئه‌ڵبه‌ته‌ باوه‌ڕهێنان به‌ خوا له‌ روانگه‌ی جوله‌که‌وه‌ مانای باوه‌ڕهێنانه‌ به‌ ته‌ورات و تۆڕا، له‌ روانگه‌ی مه‌سیحییه‌کانه‌وه‌ مانای باوه‌ڕهێنان به‌ ئینجیل (العهد الجدید) و عیسای کوڕی خوا ده‌دا، موسوڵمانه‌کانیش ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر (الایمان بالله و رسوله). .
گه‌ر ‌له‌ یوتوب بنووسرێ (هل کان اینشتاین ملحدا) ئه‌وا چه‌نده‌ها کلیپ دێنه‌ سه‌ر شاشه‌. ده‌یه‌ها قه‌شه‌ی مه‌سیحی، حاخامی جوله‌که‌، ئیمام و مامۆستای دین و شه‌رعی ئیسلام به‌ حه‌ماسه‌تێکی زۆره‌وه‌ ته‌ئکید ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئاینشتاین باوه‌ڕی به‌ خوا هه‌بووه‌، ده‌شڵێن که‌ گوایا ئه‌و که‌سانه‌ی چاویان به‌ دین هه‌ڵنایه‌، راستییه‌کان ده‌شێوێنن و به‌ درۆ ده‌ڵێن که‌ ئاینشتاین کافر بووه‌. .
له‌م بابه‌ته‌مدا باس له‌ نامه‌یێکی ئاینشتاین ده‌که‌م که‌ ساڵی ۱۹٥٤، ساڵێ به‌ر له‌ مردنی، بۆ فه‌یله‌سوف ئێریک گوتکیند (Eric Gutkind)ی ناردوه‌. له‌ نامه‌که‌یدا باس له‌ بۆچوونه‌کانی خۆی ده‌کا ده‌رباره‌ی خوا و فیکری دین. 
نامه‌که‌ به‌ ئه‌ڵمانی نووسراوه‌، منیش دێر به‌ دێر وه‌رمگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی. هه‌وڵیشم داوه‌ مه‌به‌ستی ئاینشتاین، له‌ به‌ینی که‌وانه‌دا، روون بکه‌مه‌وه‌. .
پاش چاکوچۆنی نووسیویه‌تی:
Das Wort Gott ist für mich nichts als Ausdruck und Produkt menschlicher Schwächen

له‌ دیدی منه‌وه‌. وشه‌ی خوا ته‌نها ده‌ربڕین‌ (تعبیر)ێکه و ئه‌م ده‌ربڕینه‌ش به‌رهه‌می ‌لاوازی و بێتوانایی مرۆڤه‌.‌
(یان ده‌تواندرێ بنووسری "ئه‌م ده‌ربڕینه‌ش‌ له‌ ئه‌نجامی بێتوانایی و که‌مده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ، هاتۆته‌ کایه‌وه".‌)

.die Bibel eine Sammlung ehrwürdiger aber doch reichlich primitiver Legenden. Keine noch so feinsinnige Auslegung kann (für mich) etwas daran ändern.

ئینجیل به‌ هه‌ر دوو عه‌هده‌که‌یه‌وه‌، بریتیه له‌ کۆمه‌ڵێ ئه‌فسانه‌ی بیدائی و بێبنه‌ما، هه‌رچه‌ند ئه‌م ئه‌فسانانه‌ رێکوپێک خراون به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانیوه‌ هیچ کاریگه‌رێکیان بۆ سه‌ر من هه‌بێ "یان توانیبێتیان گۆڕانکاری له‌ مندا بکه‌ن".
(ده‌شتواندرێ بنووسرێ " بابه‌ته‌کانی ته‌ورات و ئینجیل بریتین له‌ ئه‌فسانه‌ی بێبنه‌ما و بیدائی، هه‌رچه‌ند ئه‌م ئه‌فسانانه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نبیره‌کانه‌وه‌، پوخت کراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌م پوختکردنه‌وه‌ش نه‌یتوانیوه‌ هیچ کاریگه‌ریێکی بۆ سه‌ر من هه‌بێ"). 
Diese verfeinerten Auslegungen sind naturgemäss höchst mannigfaltig und haben so gut wie nichts mit dem Urtext zu schaffen. Für mich ist die unverfälschte jüdische Religion wie alle anderen Religionen eine Incarnation des primitiven Aberglaubens.
ئه‌فسانه‌کان رۆژ دوای رۆژ ده‌ستکاری کراون و له‌ واقیع نزیک کراونه‌ته‌وه‌ به‌ جۆرێ که‌ جه‌وهه‌ری ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌که‌یان له‌ ده‌ستداوه‌، به‌ڵام به‌ رای من دینی یه‌هودی، هه‌روه‌ک هه‌موو دینه‌کانی دی، به‌رجسته‌کردنی خورافاته‌ توڕاهه‌ته‌کانه‌.
(ده‌شتواندرێ بنووسرێ "ئه‌م ئه‌فسانانه‌ به‌ به‌رده‌وام به‌رگی واقیعیان له‌به‌ر کراون، به‌ جۆرێ که‌ تا رادده‌یه‌ک له‌ ره‌سه‌نی خۆیان دوور که‌وتونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بۆ که‌سێکی وه‌ک من، ئه‌م خورافاتانه‌ی که‌ دینی جوله‌که‌ی لێ پێک دێ، هه‌رگیز گوم نابن و به‌ ده‌ره‌وه‌ن".)

Und das jüdische Volk, zu dem ich gerne gehöre und mit dessen Mentalität ich tief verwachsen bin, hat für mich doch keine andersartige Dignität als alle anderen Völker. Soweit meine Erfahrung reicht ist es auch um nichts besser als andere menschliche Gruppen wenn es auch durch Mangel an Macht gegen die schlimmsten Auswüchse gesichert ist. Sonst kann ich nichts 
„Auserwähltes“ an ihm wahrnehmen.“

گه‌لی جوله‌که‌ش، که‌ منێکی جوله‌که‌ش ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ عورفی ئاشنام، هیچ له‌ گه‌لانی تر به‌رزتر و باڵاتر نیه‌، تاکه‌ جیاوازی که‌ له‌م گه‌له‌‌دا ده‌یبینم بریتییه‌ له‌ بێتواناییه‌که‌‌یان که‌ بۆته‌ ئه‌نجامی مه‌حنه‌تی بۆ ئه‌م میلله‌ته‌.
( جوله‌که‌کان ده‌ڵێن،‌ خوا به‌ حه‌زره‌تی موسای گوتوه‌ که‌ گه‌لی‌ جوله‌که‌ هه‌ڵبژارده‌ی خوان له‌ناو گه‌لان "شعب الله المختار"، هه‌روه‌ها خوا به‌ڵێنی "الأرض الموعودة أو أرض الميعاد" ی پێ داون، جا لێره‌دا ئاینشتاین گومان ‌ له به‌ڵێنه‌کانی خوا ده‌کا و ده‌یه‌وێ بڵێ، گه‌ر ئه‌م میلـله‌ته‌ تا ئه‌م راده‌یه‌ لای خوا ئازیزن، ئه‌دی باشه‌ بۆ خوا به‌ درێژایی مێژوو هێزێکی نه‌داونه‌تێ تا بتوانن پارێزگاری له‌ خۆیان بکه‌ن و توشی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ نه‌بن". ئه‌و کاته‌ی ئاینشتاین ئه‌م قسه‌یه‌ی کردووه‌، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نوێ بوو و هێزێکی ئه‌وتۆشی نه‌بوو).
له‌م ماوه‌یه‌ی دوواییدا ئه‌م نامه‌یه‌ی ئاینشتاین له‌ مه‌زادێکی ئه‌مریکادا به‌ نزیکه‌ی سێ ملیۆن دۆلار فرۆشرا. 
ئیتر له‌و ‌کاته‌‌ی که‌ ده‌قی نامه‌که‌ش بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، هه‌موو رابه‌ر و ئیمامه‌ دینییه‌کان به‌ ده‌گمه‌ن باس له‌ ئاینشتاین ده‌که‌ن. 
مه‌به‌ستم له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته،‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی راستی و درووستی دینه‌کان نیه‌. ره‌گوڕیشه‌ی دین له‌ناو کۆمه‌ڵگاکاندا، زۆر قوڵه‌ و نامه‌یێکی ئانیشتاین یا قه‌ولی فه‌یله‌سوفێ، هیچ له‌ بۆچوونی ملیۆنه‌ها موئمین ناگۆڕێ.
مه‌به‌ستم لێره‌دا ئه‌و موئمینانه‌یه‌ که‌ سڵ ناکه‌ن له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر درۆ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕیان.
له‌ قورئان ۲٥۱ جار باس له‌ درۆکردن کراوه‌ و نه‌فره‌تی لێکراوه‌.
په‌یامێ له‌ ده‌ دانه‌ په‌یامه‌که‌ی حه‌زره‌تی موسا (الوصايا العشر) نه‌فره‌تکردنه‌ له‌ درۆ، له‌ ئینجیل و قوڕئانیش ئاماژه‌ به‌م په‌یامه‌ کراوه،‌ که‌چی زۆر له‌ رابه‌ره‌ دینییه‌کان.‌ بێشه‌رمانه‌‌ دیفاع له‌ درۆکانیان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن که‌ درۆ کردن له‌ پێناوی بیروباوه‌ڕی خوادا به‌ (الحسنه) حسابه‌.
تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا داگیردراوه‌، وێنه‌ی نامه‌که‌ی ئاینشتاینه‌.